ئەبەردین

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-16-22:18:00 - کۆدی بابەت: 10278
ئەبەردین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەبەردین (بە ئینگلیزی: Aberdeen، بە عەرەبی: ابردين)، شارێکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سکۆتلەندا، و سێیەم قەرەباڵغترین شاری وڵاتەکەیەتی. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٩٨٫٥٩٠ کەس بوو. ئەبەردین ١٥۰ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەدینبۆرگ و ٦٤١ کیلۆمەتر لە باکووری لەندەنەوە دوورە، هەروەها باکووریترین گەورەشاری شانشینی یەکگرتووە.

لەڕووی وشەزانییەوە

پێدەچێت ناوی شارەکە ئەبەردین (Aberdeen)، لە وشەی (Aber Don)ـەوە سەرچاوەی گرتبێت کە بە واتای (ڕێژگەی ڕووبار) دێت.

گرنگی شارەکە

لە ساڵی ٢٠١٢ـدا (HSBC) ئەبەردینی وەک ناوەندێکی پێشەنگی بازرگانی و یەکێک لە هەشت 'شارە نایابەکان' ناوزەند کرد کە پێشەنگی ئابووری شانشینی یەکگرتوو بوون. شاری ئەبەردین سێیەم گەورەترین شارە لە سکۆتلەندا و ٣٧ قەرەباڵغترین ناوچەی شارستانییە لە بەریتانیا. بە شاری زیوی و لمی زێڕین یان شاری گرانیت ناسراوە، زۆرێک لە بیناکانی شارەکە لە گرانیتی خۆڵەمێشی ناوخۆیی دروستکراون، کە تیشکی خۆر بەریان دەکەوێت وەک زیو دەدرەوشێنەوە. شاری ئەبەردین دوو زانکۆی گەورەی تێدایە، هەروەها پیشەسازییە سەرەکییەکانی شارەکە بریتین لە، گاز، نەوت، گەشتیاری و زانستی زیندەوەری.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری ئەبەردین لە ساڵی ٢٠١٥دا ٢٢٩ هەزار کەس بوو، ئەم ژمارەیە لە خەمڵاندنی ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧دا کەمیکرد و گەیشتووەتە نزیکەی ٢٢٨ هەزار و ٨٠٠ کەس. هەروەها چڕیی دانیشتووانی شارەکە ١٫١٦٩ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و ڕووبەری ئەبەردین ٦٥٫١ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. دانیشتووانی ئەم شارە کەمێک بەتەمەنترن بە بەراورد بە دانیشتووانی ناوچەکانی تری سکۆتلەندا و ١٦٫٤٪ـی دانیشتووانی ئەبەردین لە خوار تەمەنی ١٦ ساڵییەوەن، لەکاتێکدا تێکڕای نیشتمانی ١٩٪ـیە. هەروەها لەم دواییانەدا شاری ئەبەردین بە بەختەوەرترین شوێن لە سکۆتلەندا ڕیزبەندی کرا، لەگەڵ ئەوەشدا کولتوورێکی دەوڵەمەندی هەیە و ڕێژەی بێکاری زۆر کەمە.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا دەرکەوتووە کە ٩٢٪ـی دانیشتووانی ئەبەردین سپی پێستن، ٨٪ـی خەڵکی ئەبەردین نەتەوەیی سپی پێست نین، لەنێویاندا ٤٫٣٪ ئاسیایی (١٫٥٪ هیندی و ١٪ـی چینی). نزیکەی ٢٫٦٪ـی دانیشتووانی ئەم شارە بە ڕەچەڵەک کاریبی یان ئەفریقین. بەنزیکەیی لە هەر چوار کەسێک لە شاری ئەبەردین یەکێکیان لە دەرەوەی سکۆتلەندا لەدایکبووە، ئەم ڕێژەیەش زیاترە لە تێکڕای نیشتیمانی کە ١٦٪یە. لەو ژمارەیەش ٧٫٦٪ـیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی شانشینی یەکگرتوون.

ئایین

ئایینی سەرەکی لە شاری ئەبەردین مەسیحییە کە لەلایەن ٣١٪ـی دانیشتووانەکەیەوە پەیڕەو دەکرێت، بە بەراورد بە تێکڕای نیشتمانی کە ٥٤٪ـە. گرووپە ئایینییە سەرەکییەکانی تر بریتین لە کڵێسای سکۆتلەندا (ئەندامی کڵێسای پرێزبیتێری) و کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیک، هەروەها چەندین گرووپی ئایینی پرۆتستانت، باپتیست، ئینجیلی و هەروەها دوو گرووپی کڵێسای (LDS)ـی تێدایە. سەرەڕای ئەوەش، ئەبەردین زۆرترین پشکی دانیشتووانی بێ ئایینی لە وڵاتەکەیدا بەرکەوتووە و نزیکەی ٤٣٪ـی دانیشتووانەکەی پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن و خۆیان بەبێ ئایین دەدەن لە قەڵەم. زۆرێک لە کڵێساکانی پێشووی شاری ئەبەردین گۆڕدراون بۆ چێشتخانە و باڕ.

زمان

٩٨٪ـی دانیشتووانی ئەبەردین بە بەردەوامی زمانی ئینگلیزی بەکاردەهێنن و دەتوانن قسەی پێ بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار زمانی سکۆتلەندی یان پۆڵەندی بەکاردەهێنن.

گەشەی دانیشتووانی ئەبەردین

ئەبەردین یەکێکە لە شارە خێرا گەشەسەندووەکانی سکۆتلەندا. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠، شارەکە بە ڕێژەی ١٫٢٪ گەشەی کردووە.

مێژوو

ئەبەردین لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

پێدەچێت ئەبەردین لە سەدەی هەشتەمی زایینیدا دامەزرابێت، بەڵام لە سەرەتای سەدەی ١٢ـدا وەکوو شارۆچکەیەک گەشەی سەند. لە ساڵی ١١٣٦ـدا ئەبەردین بەندەرێکی بچووکی قەرەباڵغ بوو، کە ماسی سوێرکراو، پێستە و خوری لێوە هەناردە دەکرا. ژمارەی دانیشتووانی ئەبەردین لە ساڵی ١٢۰۰ـدا نزیکەی ٣٫۰۰۰ کەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو کاتە شارۆچکەیەکی تاڕادەیەک گەورە بوو. هەروەها چوار شەقامی سەرەکی لە شارۆچکەکەدا هەبوون کە چوارڕێیانێکیان پێکهێنابوو.

لە سەدەی ١٢ـدا هەندێک لە دانیشتوونی ئەبەردین پەنابەری وڵاتی بەلجیکای ئێستا بوون و بە زمانی فەڕەنسی قسەیان دەکرد. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کڵێساکان زۆر کاریگەر بوون و لە هەموو شوێنێک بوونیان هەبووە، سەرەڕای ئەوەش تاکە نەخۆشخانەی ناوچەکە لەلایەن کڵێساوە بەڕێوە دەبران، کە تێیدا قەشەکان بە باشترین شێوە چاودێری کەسه گەڕ و گولەکانیان دەکرد.

پاشان، لە ساڵی ١٣٣٦ـدا ئەبەردین لەلایەن سوپایەکی ئینگلیزەوە سووتێنرا. لەوەش خراپتر، لە ساڵی ١٣٥۰ خەڵکی ناوچەکە تووشی نەخۆشی تاعوون بوو، کە پێدەچێت بەهۆیەوە نیوەی دانیشتووانەکەیی مردبن. هەروەها لە ساڵی ١٤۰١ـدا نەخۆشییەکی تر کە پێی دەوترا ‘pest’ لە شارۆچکەکەدا بڵاوبوویەوە، لەوە دڵنیانین کە چی نەخۆشییەک بوو، بەڵام پێدەچێت گرانەتا بووبێت، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کەس گیانیان لەدەستدا. سەرەڕای ئەم کۆستانە، ئەبەردین لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا گەشەی کرد و بوو بە شارۆچکەیەکی گەورە، ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٫۰۰۰ کەس بوو.

ئەبەردین لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ـدا

لە ساڵی ١٥٣٦ـدا دانیشتووانی ئەبەردین بەدەست پەتا و نەخۆشییەوە ناڵاندیان، بەڵام بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی گەشەی شارەکەی نەوەستاند. ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە سەرەتای سەدەی ١٧ـدا لە نێوان ٨٫۰۰۰ بۆ ٩٫۰۰۰ كەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە شارۆچکەیەکی گەورە و گرنگ بوو. هەروەها لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ـدا کۆمەڵێک بینای نوێ دروستکران و ئەبەردین لە بوونی وەکوو بەندەرێکی گرنگ بەردەوامبوو.

ئەبەردین لە ‌سەدەکانی ١٨ و ١٩ـدا

بەدرێژایی سەدەی ١٨ ئەبەردین پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی، لەسەر حسابی پیاوێک بەناوی ڕۆبێرت گۆردن (Robert Gordon) نەخۆشخانەیەک لە شارۆچکەکەدا بنیادنرا. دواتر قوتابخانە و ژمارەیەک شەقامی نوێ لە ئەبەردین دروستکران. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٧٤٦ـدا ئەبەردین لەلایەن سەربازانی کەمبەرلاندەوە داگیرکرا، بەڵام شارۆچکەکە لەم گەشەی خۆی بەردەوامبوو و پیشەسازییەکانی ناوچەکە بووژایەوە. لە سەدەی ١٩ و لە ساڵی ١٨۰١ـدا یەکەم سەرژمێری ئەنجامدرا و ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە ٢٧٫۰۰۰ کەس بوو. ئەبەردین شارۆچکەیەکی گەورە بوو و لەگەشەی خۆی بەردەوام بوو، ژمارەی دانیشتووانی ئەبەردین لە ساڵی ١٩١١ـدا گەشتە ١٦٤٫۰۰۰ کەس. هێڵی ئاسن لە ساڵی ١٨٥٠ـدا گەیشتە ئەبەردین و بەهۆیەوە دەتوانرا ئاژەڵ لە ئەبەردینەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵات هەناردە بکرێت.

لە سەدەی نۆزدەهەمدا چەندین بینای نوێ لە شارۆچکەکەدا دروستکران. کاتدراڵی ئەسقەفەکانی سانت ئەندرۆ لە ساڵی ١٨١٧ دروستکراوە، هۆڵی مۆسیقا لە ساڵی ١٨٢٠ دروستکراوە، کڵێسای باکوور لە ساڵی ١٨٣٠ دروستکراوە، ئێستا ناوەندێکی هونەرییە. لە هەمان سەدەدا پیشەسازی چنین (کەتان و لۆکە) لە ئەبەردین ڕووی لە کزی کرد. جگە لەوەش، چیتر ڕاوی نەهەنگ لە شارۆچکەکەدا نەکرا. لە لایەکی دیکەوە بەرهەمهێنانی گرانیت بەردەوام بوو و لە سەدەی نۆزدەهەمدا گرانیت لە ئەبەردینەوە هەناردەی ئەمریکا کرا. لەم سەدەیەدا کەشتیسازی گەشەی کرد.

ئەبەردین لە سەدەکانی ٢۰ و ٢١ـدا

لەم سەدەیەشدا شارۆچکەکە لە گەشەی خۆی بەردەوام بوو، جگە لەوەش پیشەسازی کۆنی بەرهەمهێنانی گرانیت لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەرەو کزی ڕۆیشت و لە ساڵی ١٩٧١ بەتەواوی کۆتایی پێهات. هەرچەندە پیشەسازی نوێ هاتە ئاراوە، بەڵام چارەنووسی ئەبەردین بە دۆزینەوەی نەوتی دەریای باکوور گۆڕا. دوای کونکردنی تاقیکردنەوەیی لە ساڵی ١٩٧٠، ئەنجومەن زەوی بۆ پیشەسازییە نوێیەکانی پەیوەست بە نەوت تەرخان کرد و یەکەم نەوتی دەریای باکوور لە ساڵی ١٩٧٥ گەیشتە ئەبەردین، هەر زوو نەوت بوو بە پیشەسازی سەرەکی شارەکە و خۆشگوزەرانییەکی بەرچاوی بەدوای خۆیدا هێنا. پیشەسازییەکی دیکەی نوێی شارەکە تەکنەلۆجیای زانیاری بوو کە لە ئێستادا لە گەشەکردندایە.

لە سەدەی بیستەمدا ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە و نیشتەجێبووان خانوو و باڵەخانەی نوێیان دروستکرد. پاشان لە جەنگی جیهانیی دووەمدا ئەبەردین هێندەی هەندێک لە شارەکانی بەریتانیا زەرەرمەند نەبوو، بەڵام بەهۆی بۆردومانەکەی ئەڵمانیاوە ١٧٨ کەس کوژران. لە کۆتایی سەدەی بیستدا شارۆچکەکە بەردەوامبوو لە بەرفراوانبوون و لە ساڵی ١٩٨٢ـدا بازاڕێکی ماسی لە ئەبەردین کرایەوە. لە سەدەی ٢١ـدا شارەکە گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و له ساڵی ٢۰٢٢ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە گەشتە ١٩٦٫۰۰۰ کەس.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری ئەبەردین ئۆقیانوسییە، زستانی سارد و باراناوییە و هاوینی فێنک و هەوراوییە. زۆرجار ڕەشەبا هەڵ دەکات و لەوانەیە هەندێک جار زریاناویی بێت.

زستانی ئەم شارە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت. لەم وەرزەدا کەشی شارەکە تاڕادەیەک ساردە و پلەکانی گەرما زۆر نزم نین، بەڵام دەشێت ڕەشەبا و ڕێژەی شێ کەشی شارەکە سارد بکەن. ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و بارانێکی باشی لێ دەبارێت. بەفر زۆر بەدەگمەن دەبارێت و لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ ٧- و ٨- دادەبەزن، هەندێک جار بۆ نزمتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٨٢ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی بۆ ١٩٫٣- دابەزی.

بەهاری ئەبەردین لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا بە هێواشی بەرز دەبنەوە. بەڵام لە مانگی ئایاردا هێشتا کەشی شارەکە ساردە.

وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت. کەشی شارەکە لەم وەرزەدا فێنک و باراناوییە، بە شێوەیەکی ئاسایی پلەکانی گەرما لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا دەگەنە ٢٥ بۆ ٢٦ پلەی سەدی، بەڵام هەندێک جار بۆ بەرزتر لەو پلەیە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ٢٠٠٦ـدا ٢٩٫٨ پلەی سەدی بوو.

وەرزی پاییز لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، ئاسمانی شار هەوراوییە و کەشی شارەکە لەم وەرزەدا باراناوییە، لەگەڵ هەر هەفتەیەک تێدەپەڕێت کەشی شارەکە ساردتر دەبێت.

لە کورتترین ڕۆژی ساڵدا، کە ٢١ـی کانوونی یەکەمە، کاتژمێر ٨:٤٦ـی بەیانی خۆر هەڵدێت و کاتژمێر ٣:٢٧ـی پاشنیوەڕۆ ئاوا دەبێت. دوای مانگێک لە ٢٠ـی کانوونی دووەمەوە کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی خۆر هەڵدێت و کاتژمێر ٤:٠٨ ئێوارە ئاوا دەبێت. لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا کاتژمێر ٧:٣٨ بەیانی هەڵ دێت و کاتژمێر ٥:٠٧ ئێوارە ئاوا دەبێت.

لە بەهاردا ڕۆژەکان درێژترن: لە مانگی نیساندا، خۆر دوای کاتژمێر ٨ـی ئێوارە ئاوا دەبێت و بە نزیکەیی لە ٢٥ـی ئایارەوە تا ١٨ی تەممووز، شەوە سپییەکان، واتە شەوەکان هەرگیز بەتەواوی تاریک نابن. ڕۆژی ٢١ـی حوزەیران کە درێژترین ڕۆژی ساڵە، خۆر کاتژمێر ٤:١٢ـی بەیانی هەڵدێت و کاتژمێر ١٠:٠٨ـی شەو ئاوا دەبێت. هەروەها لە پایزدا ڕۆژەکان بەخێرایی کورت دەبنەوە: خۆر لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا نزیکەی کاتژمێر ٧:٣٠ـی ئێوارە، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا نزیکەی کاتژمێر ٦:٠٥ـی ئێوارە و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمدا نزیکەی کاتژمێر ٤ـی ئێوارە ئاوا دەبێت.

ساڵانە ٨٣٥ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی ئازار و ئایاردا ٥٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی تشرینی یەکەمە ١۰۰ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٤٥۰ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری ئەبەردین وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب، چونکە مامناوەندترین وەرزی ساڵە. سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی کات ئاسمانی شار هەوراوییە، بای هەیە، باران دەبارێت و شەوانیش کەمێک ساردە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. مۆزەخانەی زیندەوەرانی دەریایی ئەبەردین

٢. باخچەکانی جۆنستۆن

٣. ئەبەردینی کۆن

٤. كاتێدراڵی سەینت ماچار

٥. پارکی هازڵهێد

٦. پێشەنگای نیگارکێشی ئەبەردین

٧. مۆزەخانەی تۆڵبوث

٨. مۆزەخانەی دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکانی گۆردن


سەرچاوەکان

49 بینین