کوردستانی سوور

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-22-14:30:00 - کۆدی بابەت: 10336
کوردستانی سوور

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆماری کوردستانی سوور یان کوردستانسکی ئویەزد (بە ئینگلیزی: Kurdistansky Uyezd، بە کورمانجی: kurdistana sor) یەکەیەکی خۆبەڕێوەبەری سۆڤیەت بوو کە بۆ ماوەی شەش ساڵ لە ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٢٩ بوونی هەبوو و قەزاکانی کەلبەجار و لاچین و قوبادلی و بەشێک لە جەبرایلی لەخۆ گرتبوو. بەشێک بوو لە ئازەربایجانی سۆڤیەتی و پایتەختەکەی شاری لاچین بوو. زمانی سەرەکی ناوچەکە کوردیی کورمانجی بووە. زۆرجار وەک پێنجەم پارچەی کوردستانی دابەشکراو سەیر دەکرێت.

پایتەخت لاچین
زمانەکان کوردی
ئازەربایجانی
حکوومەت یەکەیەکی کارگێڕیی سۆڤیەت
• دروستبوون
١٩٢٣
• هەڵوەشانەوە
١٩٢٩
دراو ڕۆبڵی سۆڤیەت (SUR)

مێژوو

کوردستانی سوور لە ٧ی تەممووزی ١٩٢٣ دامەزرا، زۆرینەی کوردەکانی ناوچەکە شیعە بوون، بە پێچەوانەی کوردە سوننەکانی ناخیچێڤانسکی ئویەزد و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە سەرژمێریی سۆڤیەت ساڵی ١٩٢٦ ژمارەی دانیشتوانی ٥١ هەزار و ٤٢٦ کەس بووە، کە کوردەکان ٧٢.٣% یان ٣٧ هەزار و ١٨٢ کەس پێکدەهێنن. بەپێی هەمان سەرژمێری ٩٢.٥٪ی دانیشتوانی ئویەزدەکان زمانی ئازەربایجانییان وەک زمانی زگماکی خۆیان هێناوە.

لە ٨ی نیسانی ١٩٢٩ كۆنگرەی شەشەمی ئازەربایجانی سۆڤیەت، چاكسازی لە پێكهاتەی کارگێڕی پەسەند كرد و هەموو ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکانیان هەڵوەشاندەوە، بە کوردستانیشەوە. لە ٣٠ی ئایاری ١٩٣٠ لە شوێنی ئەودا، کوردستان ئۆکرۆگ دامەزرا. ئۆکرۆگەکە خاکی ئویەزدەکانی پێشووی گرتەوە و هەروەها تەواوی ناحیەی زەنگیلان و بەشێک لە ناحیەی جەبرایلی گرتبووەوە. ئۆکرۆگ لەلایەن دەسەڵاتدارانی سۆڤیەتەوە دروستکرا بۆ ئەوەی هاوسۆزی کوردانی دراوسێی ئێران و تورکیا ڕابکێشێت و سوود لە بزووتنەوە ناسیۆنالیستی کورد لەو وڵاتانە وەربگرێت. بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی سۆڤیەت کە نیگەرانی ئەوە بوو کە پشتیوانی ئاشکرای ناسیۆنالیزمی کورد زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئێران بگەیەنێت، ئۆکرۆگ لە ٢٣ی تەممووزی ١٩٣٠دا هەڵوەشایەوە.

لە کۆتاییەکانی سییەکانی سەدەی بیستەم دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت زۆربەی دانیشتوانی کوردی ئازەربایجان و ئەرمینیایان دیپۆرتی کازاخستان کرد و کوردی جۆرجیاش لە ساڵی ١٩٤٤دا بوونە قوربانی پاکتاوکارییەکانی ستالین. هەرچەند ساڵی ١٩٦١ بە سەرکردایەتی مێهمەت بابایێڤ هەوڵێک بۆ سەندنەوەی مافەکان درا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

ساڵی ١٩٩٢ و دوای گرتنی لاچین لەلایەن هێزەکانی ئەرمینیا لە کاتی جەنگی یەکەمی قەرەباغدا، کۆماری کوردی لاچین لە ئەرمینیا لەلایەن کۆمەڵێک کوردەوە بە سەرۆکایەتی وەکیل مستەفایێڤ ڕاگەیەندرا. بەڵام بەو پێیەی زۆربەی دانیشتووانی کوردی ناوچەکە لەگەڵ گەلی نەتەوەیی ئازەربایجان هەڵاتبوون و پەنایان بۆ ناوچەکانی دیکەی ئازەربایجان هێنابوو، ئەم هەوڵە شکستی هێنا. دواتر مستەفایڤ پەنای بۆ ئیتاڵیا برد.


سەرچاوەکان



1147 بینین