هاوایی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-19-23:17:00 - کۆدی بابەت: 11056
هاوایی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی هاوایی یان هاوای (بە ئینگلیزی: Hawaii، بە عەرەبی: هاواي، بە هاوایی: Hawaiʻi)، ویلایەتێکە لە ڕۆژاوای ئەمریکا و ٣,٢٠٠ کیلۆمەتر لە خاکی سەرەکی وڵاتەوە دوورە. ئەم ویلایەتە تاکە ویلایەتی ئەمریکایە کە لە دەرەوەی ئەمریکای باکوورە، تاکە ویلایەتی وڵاتە کە ئەرخەبیلە و تاکە ویلایەتە لە ناوچەی یەکسانبوونی گۆی زەویە. هاوایی لە ٢١ـی ئابی ١٩٥٩ بوو بە ٥٠ـەم ویلایەتی ئەمریکا. هاوایی لەڕووی ڕووبەرەوە هەشتەم بچووکترین ویلایەت و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ١١ـەیەم کەم قەرەباڵغترین ویلایەتی نێو هەر پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە ١,٤ ملیۆن کەسە و دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی لە (ئۆاهو) دەژین، (هۆنۆلولو)ـیش پایتەخت و گەورەترین شاری ویلایەتەکەیە.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی هاوایی ٢٨,٣١١ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١٦,٦٣٨ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ١١,٦٧٢ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٤١,٢٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٨٢,٨ کەس و لە پلەی ١٣ـەیەمی وڵاتدا بوو.

لەڕووی جوگرافییەوە

ویلایەتی هاوایی بەنزیکەی لە تەواوی گەلەدوورگەی هاوایی پێکدێت، کە ١٣٧ دوورگەی گڕکانییە و ٢,٤٠٠ کیلۆمەتر دەگرێتەوە کە لە ڕووی فیزیۆگرافی و ئێتنۆلۆجییەوە بەشێکن لە لاناوچەی پۆلینیزیای ئۆقیانووسیا. بۆ ئەوەی لەگەڵ ناوی ویلایەتەکە تێکەڵ نەبن و جیابکرێنەوە لە یەک زۆرجار بەم گەلەدوورگەیە دەوترێت "دوورگەی گەورە" یان "دوورگەی هاوایی". هەشت دوورگەی سەرەکی هاوایی هەن، حەوتیان دانیشتووی هەیه، بەڵام تەنها شەش دانەیان بە ڕووی گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکەدا کراوەن. هاوایی باشووریترین ویلایەتی ئەمریکایە و لە دوای ویلایەتی ئالاسکاوە دووەم ڕۆژاواییترین ویلایەتی وڵاتە. هاوایی هاوشێوەی ئالاسکا، لەگەڵ هیچ ویلایەتێکی تری ئەمریکا هاوسنوور نییە. تاکە ویلایەتی ئەمریکایە کە لەڕووی جوگرافییەوە لە ئەمریکای باکووردا نییە و تاکە ویلایەتە کە بەتەواوی بە ئاو دەورە دراوە. بەرزترین شاخی هاوایی ماونا کیا (Mauna Kea)ـیە کە ٤,٢٠٥ مەتر لە سەرووی ئاستی دەریاوەیە؛ خۆ ئەگەر ئەم شاخە لە بنی شاخەکەوە بپێورێت لە چیای ئێڤێرێست بەرزترە و نزیکەی ١٠,٢٠٠ مەترە.

بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و کەشوهەوا خولگەییە ناوازەکەیەوە ئابووری هاوایی پشت بە کەرتی کشتوکاڵی دەبەستێت وەک هەناردەکارێکی سەرەکی کشتوکاڵی وڵات دەمێنێتەوە. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە ئابووری ناوچەکە وردەوردە هەمەجۆر بووە و گەشتیاری و بەرگری سەربازی بوون بە دوو کەرتی سەرەکی. ئەگەرچی لاپەڕی ناوچەکە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەهای ژیان یان نرخی خواردن، شتومەک و یەکەی نیشتەجێبوونی لەنێو بەرزترینەکانی ئەمریکادا بێت، بەڵام هاوایی سێیەمی تەندروستیترین ویلایەتە. تا مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٥، ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە ٣,٢٪ بوو.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

دوای ئەوەی ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکانی بەشی کیشوەر لە سەردەمی شانشینی هاواییدا گەیشتنە ناوچەکە، تەواوی دانیشتووانی هاوایی تا ئەو کاتە تەنها لە هاواییە ڕەسەنەکان پێکهاتبوو. زۆرێک لە خەڵکی ڕەسەنی هاوایی بەهۆی نەخۆشییەکانی فەرەنگی، سووزه‌نه‌ک، سیل، ئاوڵە، سورێژە، گه‌ڕوگولی و گرانەتا گیانیان لەدەستدا. ژمارەی دانیشتووانی ناوچەکە لە ساڵانی ١٧٧٠ لە ٣٠٠ هەزار کەسەوە بۆ ٦٠ هەزار کەس لە ساڵانی ١٨٥٠ـدا دابەزی. هەروەها لە ساڵی ١٩٢٠ـدا گەشتە ٢٤ هەزار کەس. لە ساڵی ١٩٢٣ـدا ٤٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە ڕەچەڵەک ژاپۆنی، ٩٪ چینی و ١٦٪ـی دانیشتووان هاوڵاتی ڕەسەنی ناوچەکە بوون. ژمارەی دانیشتووانی هاوایی دواجار و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا بەهۆی کۆچی ئاسیاییەکان بۆ ویلایەتەکە دەستی بە بەرزبوونەوە کرد.

ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی هاوایی کە لە هەردوو سەرەوە هاوایی بن و تێکەڵ نەبن هێشتا نەگەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێشوویان کە ٣٠٠ هەزار کەس بوو. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا، تەنیا ١٥٦ هەزار کەس بە ڕەچەڵەک هاوایی ڕەسەن بوون، بەڵام ٣٧١ هەزار کەسی تر لە یەک سەرەوە هاوایی ڕەسەن بوون و سەرەکەی تر گرووپەکانی تری پۆلینیزیا، ئاسیایی یان قەوقازی بوو.

لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتی هاوایی بە ١,٤٢٠,٤٩١ کەس خەمڵاند. کە لە ساڵی پێشووەوە ٧,٠٤٧ کەس کەمی کرد و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ٤,٤٢٪ زیادیکرد. ئەمەش بەهۆی زیادبوونی سروشتی و کۆچەوە بوو، بەهۆی زیادبوونی سروشتییەوە ٤٨,١١١ کەس (کە ٩٦,٠٢٨ حاڵەتی لەدایکبوون و ٤٧,٩١٧ مردن تۆمارکرا) و بەهۆی کۆچەوە ١٦,٩٥٦ کەس ز‌یادی کرد. ناوەندی دانیشتووانی هاوایی دەکەوێتە دوورگەی ئۆاهو. ژمارەیەکی زۆر لە هاواییە ڕەسەنەکانی ویلایەتەکە ڕوویان لە لاس ڤێگاس کردووە، کە بە "دوورگەی نۆیەم"ـی هاوایی ناوزەندکراوە.

ڕەگەز و نەتەوە

بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە ١,٤٥٥,٢٧١ کەسە. لەو ژمارەیەش ٣٧,٢٪ـیان ئاسیایی؛ ٢٥,٣٪ فرەڕەگەز؛ ٢٢,٩٪ سپی پێست؛ ١٠,٨٪ هاوایی ڕەسەن و دوورگەنشینەکانی تری زەریای هێمن؛ ٩,٥٪ هیسپانی و لاتینی لە هەر ڕەگەزێک؛ ١,٦٪ ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی؛ ١,٨٪ ڕەگەزی تر و ٠,٣٪ـیان ئەمریکی ڕەسەن و خەڵکی ئالاسکا بوون.

هاوایی خاوەنی بەرزترین ڕێژەی ئەمریکییە ئاسیاییەکان و ئەمریکییە فرەڕەگەزەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا نزمترین ڕێژەی ئەمریکییە سپی پێستەکانی لێ نیشتەجێیە بە بەراورد بە هەر ویلایەتێکی تر. تاکە ویلایەتە کە تێیدا ئەمریکییە ئاسیاییەکان گەورەترین گرووپی نەتەوەیین، لە ساڵی ٢٠١٢ـدا ١٤,٥٪ـی دانیشتووانی خوار تەمەنی یەک ساڵی ویلایەتەکە سپی پێستی ناهسپانی بوو. ئاسیاییە هاواییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ١٩٨,٠٠٠ (١٤,٦٪) ئەمریکی فلیپینی، ١٨٥,٠٠٠ (١٣,٦٪) ئەمریکی ژاپۆنی، نزیکەی ٥٥,٠٠٠ (٤٪) ئەمریکی چینی و ٢٤,٠٠٠ (١,٨٪) ئەمریکی کۆری پێکدێن. زیاتر لە ٨٠,٠٠٠ هاوایی ڕەسەن لە ویلایەتەکەدا نیشتەجێن، کە ٥,٩٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. لەنێویاندا ئەمریکییە سامۆییەکان ٢,٨٪ و ئەمریکییە تۆنگەکان ٠,٦٪ـی دانیشتووانی هاوایی پێکدەهێنن.

جگە لەوەش، زیاتر لە ١٢٠,٠٠٠ (٨,٨٪ـی دانیشتووان) ئەمریکی هیسپانی و لاتین لە هاوایی دەژین. ژمارەی ئەمریکییە مەکسیکییەکان زیاتر لە ٣٥ هەزار کەسە (٢,٦٪) و ژمارەی پۆرتۆ ڕیکۆییەکانیش ٤٤ هەزار کەس (٣,٢٪)ـیان تێپەڕاندووە. ئەمریکییە فرەڕەگەزەکان نزیکەی ٢٥٪ـی دانیشتووانی هاوایی پێکدەهێنن و ژمارەیان لە ٣٢٠ هەزار کەس زیاترە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی سپی پێستە ناهیسپانییەکانی ویلایەتەکە لە دەوروبەری ٣١٠,٠٠٠ کەسدایە، کەمێک زیاتر لە ٢٠٪ـی دانیشتووان. پێنج گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییە ئەورووپییەکانی ویلایەتی هاوایی بریتین لە:

  • ئەڵمانی: ٧,٤٪
  • ئێرلەندی: ٥,٢٪
  • ئینگلیزی: ٤,٦٪
  • پورتوگالی: ٤,٣٪
  • ئیتاڵی: ٢,٧٪

نزیکەی ٨٢,٢٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ئەمریکا لەدایکبوون و نزیکەی ٧٥٪ـی ئەو دانیشتووانەشی لەدایکبووی بیانین ئاسیاین.

زمان

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ـدا، ٧٣,٤٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتی هاوایی لە ماڵەوە بە ئینگلیزی قسەیان دەکرد. هەروەها بەپێی راپرسیی کۆمەڵگەی ئەمریکی لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، ٧٤,٦٪ـی دانیشتووانی سەروو پێنج ساڵی ویلایەتەکه لە ماڵەوە تەنیا بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، ٢١٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ماڵەوە بە زمانێکی ئاسیایی، ٢,٦٪ـی دانیشتووان بە ئیسپانی، ١,٦٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تری هیندۆئەورووپی و ٠,٢٪ـی دانیشتووان بە زمانێکی تر دەدوێن.

لە دوای زمانی ئینگلیزییەوە، ئەو زمانانەی کە بە شێوەیەکی گشتی لە ویلایەتەکەدا قسەیان پێ دەکرێن بریتین لە تاگاڵۆگ، ژاپۆنی و ئیلۆکانۆ. ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەرانی ئەورووپی و نەوەکانیان بە زمانی زگماکی خۆیان قسە دەکەن؛ کە بەربڵاوترینیان زمانەکانی ئەڵمانی، پورتوگالی، ئیتاڵی و فەڕەنسییە. ٥,٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بە زمانی تاگاڵۆگ، ٥٪ـی دانیشتووان بە زمانی ژاپۆنی، ٤٪ـی دانیشتووان بە ئیلۆکانۆ، ١,٢٪ـی دانیشتووان بە زمانی چینی، ١,٧٪ بە هاوایی؛ ١,٧٪ بە زمانی ئیسپانی؛ ١,٦٪ بە زمانی کۆری و ١٪ـی دانیشتووان بە سامۆئای قسە دەکەن.

ئایین

ویلایەتی هاوایی لەڕووی ئایینییەوە لە نێو هەمەچەشنترین ویلایەتەکانی ئەمریکایە و لە هەر دە دانیشتوویەک یەکێکیان سەر بە ئایینێکی نامەسیحین. مەسیحییەت ئایینی زۆرینەی دانیشتووانە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن گرووپە جیاوازەکانی پرۆتستانت و کاسۆلیکی ڕۆمانییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. بەدوای مەسیحیدا ئایینی بوودی دێت کە لەلایەن کۆمەڵگەی ژاپۆنییەوە پەیڕەو دەکرێت و بەشێکی زۆری دانیشتووانی ویلایەتەکە پێک دەهێنن بە بەراورد بە هەر ویلایەتێکی تری وڵات. هەروەها ئەو دانیشتووانانەشی کە سەر بە هیچ گرووپێکی ئایینی نین و بێ ئایینن نزیکەی نیوەی دانیشتووان پێکدەهێنن، ئەمەش هاوایی دەکاتە یەکێک لە ویلایەتە عەلمانییەکان. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بریتی بوون لە:

  • پرۆتستانت: ٣٨٪
  • کاسۆلیکی ڕۆمانی: ٢٠٪
  • مۆرمۆن: ٣٪
  • گەواهی یهوا: ١٪
  • مەسیحییەکانی تر: ١٪
  • بێ ئایین: ٢٦٪
  • بوودی: ٨٪
  • ئایینی تر: ٢٪
  • نازانم‌باوەڕی: ١٪

کەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتی هاوایی خولگەییە. بەهۆی بای بازرگانی کە بەنزیکەیی بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵدەکات، پلەکانی گەرما و ڕێژەی شێداری کەمتر توندن. لە هاویندا، پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا بەزۆری نزیکەی ٣١ پلەی سەدییە، و بە شەودا بۆ ٢٤ پلەی سەدی دادەبەزێت. لە زستاندا، پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا بەزۆری لە دەوروبەری ٢٨ پلەی سەدیدایە، لە ناوچە بەرزاییە نزمەکاندا بەدەگمەن لە کاتەکانی شەودا بۆ خوار ١٨ پلەی سەدی دادەبەزن. زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکە تەنها دوو وەرزیان هەیە، وەرزی وشک لە مانگی ئایارەوە تا مانگی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت و وەرزی باراناوی لە مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی نیسان دەخایەنێت. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ویلایەتەکەدا ٣٨ پلەی سەدیە کە لە ٢٧ـی نیسانی ١٩٣١ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١١- پلەی سەدییە کە لە مانگی ئایاری ١٩٧٩ـدا تۆمارکراون. کەشوهەوای هەر دوورگەیەکی ئەم گەلەدوورگە زۆر جیاوازە و دەتوانرێت بەپێی نزیکی و دووریان لە شاخە بەرزەکانەوە دابەش بکرێن بەسەر ناوچەکانی بەرەو با و بە ئاڕاستەی با. ئاسمانی ئەو ناوچانەی ڕووەو بان زیاتر هەوراوین.

گەشتیاری

لەگەڵ بەویلایەتبوونی لە ساڵی ١٩٥٩ـەوە پیشەسازی گەشتیاری هاوایی دەستی بە گەشەکردن کرد. لە ئێستادا گەشتیاری بەشێکی گرنگی ئابووری هاواییە و یەک لەسەر چواری ئابووری ویلایەتەکە پێکدەهێنێت. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ١٠,٣٨٦,٦٧٣ سەردانکەر ڕوویان لە ویلایەتەکه کرد، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ٥٪ زیادیکردووە. لە هەمان ساڵدا، گەشتیاری زیاتر لە ٢١٦,٠٠٠ هەلی کاری لە سەرتاسەری ویلایەتەکەدا دابین کرد و بە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بەشداری لە داهاتی ویلایەتەکەدا کرد. کەشوهەوا مامناوەندەکەی هاوایی بەدرێژایی ساڵ گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆی ڕادەکێشێت. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا گەشتیاران لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی هاوایییان کرد و زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار لەئەمریکای ڕۆژهەڵات، نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار لە ژاپۆن و نزیکەی ٥٠٠ هەزار گەشتیار لە کەنەدا.

هەروەها گەشتیاری کاریگەری زیانبەخشی لەسەر ژینگەی ویلایەتەکە هەبووە، وەک کەمیی ئاو، قەرەباڵغی، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ڕووی دەریا و کۆبوونەوەی مایکرۆپلاستیک لە کەناراوەکان. بەهۆی پەتای کۆڤید نۆزدەوە COVID-19، گەشتکردن بۆ هاوایی ڕووی لە کەمی کرد ئەمەش بووە هۆی بوژانەوەی زەوی، ئاو و ئاژەڵەکان، بە جۆرێک چەندین جۆری گیانەوەران کە پێشتر بەهۆی گەشتیارییەوە قڕیان تێکەوتبوو دووبارە گەڕانەوە. بەپێی ڕاپرسییەکی ویلایەتەکە زیاتر لە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی هاوایی نایانەوێت گەشتیاران ڕوو لە ناوچەکە بکەن.


سەرچاوەکان



554 بینین