مزگەوتە مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-18-23:24:00 - کۆدی بابەت: 11330
مزگەوتە مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ

ناوه‌ڕۆك


سەرەتا

مزگەوتە مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ (بە عەرەبی: المساجد التاريخية في اسطنبول، بە ئینگلیزی: Historical Mosques in Istanbul) شاری ئیستەنبووڵ بە مزگەوتەکانی دەناسرێتەوە کە بە بەشێک لە هونەری تەلارسازی عوسمانییەکان هەژمار دەکرێن، کە تەواوی مزگەوتەکانی جیهان هەوڵدراوە لەسەر شێوازی تەلارسازی مزگەوتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بێت. لە شارەکەدا ڕێژەیەکی زۆر مزگەوت هەن کە بوونەتە سیمای سەرنجڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی. هەندێک لەم مزگەوتانە لە پێشتردا کڵێسای مەسیحییەکان بوون لە سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمای بێزەنتی.

دیارترین مزگەوتەکانی ئیستەنبووڵ

مزگەوتی شین (سوڵتان ئەحمەد) 

لە شاری ئیستەنبووڵ مزگەوتی شین یاخود سوڵتان ئەحمەد بەناوبانگترین مزگەوتە و سیمایەکی سەرنجڕاکێشی هەیە لە زۆربەی دراما تورکییەکان وەک دیمەنی سینەماتیک نیشان دراوە. مزگەوتەکە نەوەک لە ئیستەنبووڵ بەڵکو لە هەموو وڵاتەکەدا ناوبانگی هەیە. ڕۆژانە دەیان و سەدان هەزار گەشتیار ڕووی تێدەکەن. مزگەوتەکە بە ڕەنگە شینەکەی ناسراوە کە منارە و گومەزەکەی ڕەنگێکی شینی هەیە. ساڵی ١٦١٦ لە ماوەی دەسەڵاتی سوڵتان ئەحمەد بنیادنراوە. لە مزگەوتەکەدا حوجرەیەک هەیە کە لەو سەردەمەدا شوێنی پێگەیاندنی زانا ئاینییەکان بووە و سوڵتان خودی خۆی سەردانی فێرخوازانی کردووە. هەروەها گۆڕی سوڵتان ئەحمەدیش لە هەمان مزگەوتدایە. شوێنی مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوچەی فاتیح. 

ئەیا سۆفیا 

مزگەوتی ئەیا سۆفیا لە سەرەتادا کڵێسا بووە بۆ ماوەی ١٠٠٠ گەورەتین کڵێسای جیهان بووە. بەڵام دوای ئازادکردنی شارەکە کراوەتە مزگەوت، پاش دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ مزگەوتەکە کرا بە مۆزەخانە، لەم ساتەدا کە ساڵی ٢٠٢٣یە بە بڕیاری سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دووبارە بووەتەوە مزگەوت و خەڵکی ڕووی تێ دەکەن بۆ نوێژکردن. مزگەوتەکە دەکەوێتە کۆشکی تۆپقاپی و نزیکە لە مۆزەخانەی سەربازی و بەرامبەر مزگەوتی شینە لە ناوچەی فاتیح لە ناو شاری ئیستەنبووڵ.

مزگەوتی سلێمانی 

دیزاین کراوە لەلایەن ئەندازیار سینان کە یەکێک بووە لە ناوبانگترین ئەندازیارانی تەلارسازی سەردەمی عوسمانییەکان. مزگەوتەکە لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانوونی بنیادنراوە و هەر بەناوی ئەویشەوە کراوە. ساڵی ١٥٥٧ لەسەر بەرزترین شوێنی نیمچە دوورگەی مێژوویی بنیادنراوە. 
مزگەوتەکە لەبەر گەورەیی و ڕێژەی زۆری دەروازە و باخچە لە ناویدا ڕێبەری گەشتیاری بەشێوەی دەنگ بۆ دابین کراوە  کاتێک دەچیتە هەر جێگەیەک پێت دەڵێت ئێستا تۆ لەم شوێنەیت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فڵان سەردەم. 

مزگەوتی ڕۆستەم پاشا 

ئەم مزگەوتەش لەلایەن ئەندازیاری تەلارساز میعمار سینان دیزاین کراوە، ڕۆستەم پاشا سەروەزیران بووە لە ماوەی دەسەڵاتی سوڵتان سلێمانی قانوونیدا لە هەمان کاتیشدا هاوژینی یەکێک لە کچەکانی سوڵتان سلێمان بووە. ئەوەی ئەم مزگەوتە جیا دەکاتەوە لە هەر یەکێک لە مزگەوتەکانی شارەکە، مزگەوتی ڕۆستەم پاشا لە بازاڕێکدا بنیادنراوە. ناوەوەی مزگەوتەکە بە ٨٠ جۆری جیاوازی زەخرەفە ڕازێنراوەتەوە. 

مزگەوتی میهرەما 

لە شاری ئیستەنبووڵ دوو مزگەوت بەناوی میهرەما هەن، هەردوو مزگەوتەکە لەدیزاینی تەلارساز "میعمار سینان"ن. ئەندازیار سینان ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنی زۆربەی مزگەوتەکانی شارەکە. ئەم دوو مزگەوتە لەسەر خواستی شازادەخاتوون "میهرەما سوڵتان" کچی سوڵتان سلێمان بنیادنراون. یەکێکیان لە ناوچەی ئوسکودارە و ئەوی تر لەناوچەی ئەدرنەکاپی. واتای ناوی مزگەوتەکەش بریتییە لە "خۆر و مانگ" نهێنی ئەم دوو مزگەوتەش ئەوەیە هەموو ساڵێک لە نێوان مانگی نیسان و ئایار خۆر ئاوا دەبێت لە پشت یەکێکیان و مانگیش لە پشت ئەوەی تر دەردەکەوێت! 

مزگەوتی نوێ 

ئەم مزگەوتە لەسەر خواستی هاوژینی سوڵتان مورادی سێیەم دروستکراوە. لە ساڵی ١٥٩٥ دەست بە دروستکردنی کراوە بەڵام تا ١٦٠٣ تەواو نەکرا بەهۆکاری قەیرانی ئابووری، مزگەوتەکە لە ئاگرە گەورەکەی ساڵی ١٦٦٠ دا سووتا. دووبارە لەسەر دەستی تورهان سوڵتان دایکی سوڵتان محەمەدی چوارەم دروستکراوەتەوە. 


سەرچاوەکان



1295 بینین