٢٠ بازاڕی گەشتیاری لە شاری ئیستەنبووڵ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-19-22:38:00 - کۆدی بابەت: 11338
٢٠ بازاڕی گەشتیاری لە شاری ئیستەنبووڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

٢٠ بازاڕی گەشتیاری لە شاری ئیستەنبووڵ (بە عەرەبی: ٢٠ اسواق السیاحیة في المدینة اسطنبول، بە ئینگلیزی: 20 tourism bazars in Istanbul city) شاری ئیستەنبووڵ لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەم سەردەمە بە کۆمەڵێک بابەتی دیار دەناسرێتەوە وەکو "مزگەوت، کڵێسا، بازاڕە میلییەکان، شوێنەوارە مێژووییەکان و باڵەخانە و پردە هەڵواسراوەکان" بازاڕە میلییەکان لەم سەردەمەدا بوونەتە سیمای سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران کاتێک دەگەنە کۆتا ڕۆژەکانی گەشتەکەیان لە شاری ئیستەنبووڵ بۆ کڕینی دیاری بۆ هاوڕێ و ئازیزانین سەردانی ئەم بازاڕانە دەکەن.

٢٠ گرنگترین بازاڕی گەشتیاری لە شاری ئیستەنبووڵ

بازاڕە مێژووییەکان

یەکەم: بازاڕی بەهارات (بازاڕی میسڕی)

ئەم بازاڕە بە یەکێ لە بازاڕە گرنگەکانی شارەکە دادەنرێت کە شوێنی فرۆشتنی بەهاراتە. ئەم بازاڕە لە دوای ئاگرەکەی ساڵی ١٦٦٠ دووبارە دروستکراوەتەوە. تەواوی ئەو بەهاراتانەی لەم بازاڕە دەفرۆشرێن لە وڵاتی میسڕەوە هاوردە دەکرێت هەر بۆیە لەو کاتەوەی دروستکراوە بە بازاڕی میسڕی ناسراوە تا ئەم کاتەش کولتووری میسڕی بەسەر بازاڕەکەوە دیارە. لە بازاڕەکەدا زیاتر لە ٨٥ جۆر بەهارات و تامی خواردن هەیە. لە دەورووبەری بازاڕەکە قەیسەرییەکی تر هەیە کە هەر بەشێکە لە بازاڕی میسڕی ئەویش شوێنی فرۆشتنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان و ماسی تازە.

ناونیشان: ڕۆستەم پاشا -  چوارگۆشەی ئیرزاک عەمبەری لە ناوچەی فاتیح.

دووەم: گراند بازاڕ

یاخود پێشی دەگوترێت بازاڕی داخراو. ئەم بازاڕە لە یەکێک لە چیرۆکەکانی داستانی هەزار و یەک شەوەدا ئاماژەی پێدراوە کە دەڵێت: گەورەترین و باشترین بازاڕی تەواوی مێژوو کە دەکرێت تێیدا ون ببیت! لەم بازاڕەدا ٦٠ ڕێڕەو هەیە بۆ هاتووچۆکردن و ٣٦٠٠ فرۆشگای تێدایە، لە تەواوی ساڵدا کراوەیە و بازاڕێکی هەمەچەشنە لە بەردەست خستنی کاڵا و پێداویستییەکان و زۆر گەشتیار ئەوانەی بە شێوەی خودی دێنە ئیستەنبووڵ لەبەر ئەم بازاڕە دێرینە سەردان دەکەن. لە تەواوی بازاڕە میلییەکان و گەشتیارییەکان زۆرترین ڕێژەی فرۆش بە مەبەستی دیاری هەیە کە هەندێک جار لە ڕۆژێکدا ٣ ملیۆن کاڵا بە مەبەستی دیاری دەفرۆشرێن. گەشتیاران دەڵێن: ئەستەمە سەردانی گراند بازاڕ بکەیت و کاڵایەک بۆ دیاری نەکڕیت.

ناونیشان: بایەزید - کالپەکچیلار - لە ناوچەی فاتیح.

سێیەم: بازاڕی ئاراستە

ئەم بازاڕە دەکەوێتە پشت مزگەوتی شین یاخود سوڵتان ئەحمەد. لەم بازاڕەدا زیاتر جلوبەرگ دەفرۆشرێت و هەندێک فرۆشگای خواردنی خێرا و چایخانە هەیە. بازاڕەکە تەواو میلییە و خەڵکی ئاسایی سەردانی دەکەن و نرخەکان زۆر هەرزانن، ئەوانەی نایانەوێت کاڵای گران بەها بکڕن لەم بازاڕەدا نرخەکان بۆ چینی ئاساییە.

ناونیشان: سوڵتان ئەحمەد - شەقامی ئەندازیار محەمەد ئاغا - ناوچەی فاتیح.

ڕۆژانە بازاڕەکان

یەکەم: کادیکۆی بازاڕ

دەکەوێتە بەشی ئاسیایی ئیستەنبووڵ، ئەوانەی بۆ گەشتەکانیان دێنە بەشی ئاسیایی شارەکە زۆرینە سەردانی بازاڕی کادیکۆی دەکەن. بازاڕەکە ٢٤ کاتژمێر کراوەیە، لەم بازاڕەکە سەوزە و میوەی تازە دەفرۆشرێت کە بەرهەمی وڵاتی تورکیان، لە ئیستەنبووڵ بازاڕی لەم شێوەیە زۆرە کە هەموو ڕۆژێک بەرهەمی نوێ دەهێنن لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان کە بە هەفتە بازاڕ یان ڕۆژانە بازاڕی سەوزە و میوە ناسراون کە بەراورد بە فرۆشگاکانی جێگەکانی تر نرخیان هەرزانە چونکە هەر ئەو ڕۆژە کە دەخرێنە ڕوو هیچ بەرهەمێک نامێنێتەوە. وەک گەشتیاران و سەردانکەران دەڵێن نرخەکان لێرە زۆر هەرزانترن وەک لە بەشی ئەورووپی شارەکە.

ناونیشان: شەقامی گیوشلی باهچی - بازنەی یاغلیچکی ئیسماعیل.

دووەم: بازاڕی بایەزید بۆ کتێب

لەم بازاڕەدا تەنها کتێب دەفرۆشرێت کە بە تورکی پێی دەڵێن بازاڕی سەحافلەر. کتێب لە هەموو ژانەر و بابەتێک خراونەتە ڕوو هەر فرۆشگایەک تایبەتە بە ژانەرێک بۆ نموونە بۆ بابەتی ئایین فرۆشگایەک هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ئایینی ئیسلام لە کتێبی زانا گرنگەکانی ئیسلام خراونەتە ڕوو. ئەمەش کار ئاسانییەکی زۆری کردووە بۆ خوێنەران کە کتێبی دڵخوازیان لە یەک جێگە بدۆزنەوە. بەشێکی بازاڕەکە تایبەتە بە کتێبی دەستی دووەم ئەمیش بە پێی ژانەر جیاکراونەتەوە تا ئاسان بدۆزرێنەوە.

ناونیشان: مۆڵافەناری - مەدرەسەی چک.

سێیەم: شەقامی تەختە و دار

ئەم بازاڕە زیاتر بۆ هاوڵاتیانی ناوخۆیە کە سەردانی شاری ئیستەنبووڵ دەکەن و دەیانەوێت بازاڕی بکەن. لەم بازاڕەدا کەلوپەلی جوانکاری لە تەختە خراونەتە ڕوو. کاتێک سەردانی ئەم بازاڕە دەکەیت دیمەنی چیرۆکی عەلی بابا و ٤٠ دزەکە دێت بە خەیاڵتدا چونکە ڕێکخستنی ناوبازاڕەکە زیاتر کلاسیکییە وەک لەوەی مۆدێرن بێت و کاڵاکانیش بە شێوەی کلاسیک خراونەتە ڕوو.

ناونیشان: شەقامی حەسارجیلار - شەقامی کەنتارجیلار.

چوارەم: بازاڕی فاتیح بۆ خانمان

ئەم بازاڕە بە خواردنی وشکە و بەرهەمە خۆماڵییەکان و شیرینییەکان ناسراوە بەتایبەتی هەنگوینی شاخ و پاقلاوەی تورکی و میوەی وشک کراو و گوێز و چەرەزات. لەم بازاڕەدا گۆشت فرۆشیش هەیە کە لە هەندێک جێگەدا گۆشتی بەرخ دەفرۆشن.

ناونیشان: شەقامی ئیتفایی و تازگەحچیلار لە نزیک ناوچەی فاتیحٚ

پێنجەم: بازاڕی ماسی بایۆغلو 

بازاڕەکە لە ٦ بەش پێکهاتووە کە خواردنە دەریاییەکان دەفرۆشرێن بە تایبەتی ماسی سەردین و سالمۆن و ماسی تورکی کە گشتیان بەرهەمی فرێشن، جگە لەوەی ماسی بە تازەی دەفرۆشرێت لە هەمان کاتیشدا ڕیستۆرانت و خواردنگەی خێرای دەریایی هەیە کە ماسی و گیاندارەکانی تری دەریایی دەفرۆشن چ بە شێوەی خواردنی خێرا کە دەکرێن بە لەفە یاخود بە شێوەی برژاو لەسەر خەڵووز. 

بازاڕەکە لە ناوەوەدا دابەشبووە بۆ دوو  لق (ئەڤروپا پاساجی) کە ماسی فرۆشەکانن و (چیچەک پاساجی) ئەمەش خواردنگەکانن

ناونیشان: شەقامی سەحنە لە ناوچەی ئیستقلال (تەقسیم).

بازاڕە هەفتانییەکان و بازاڕی جلوبەرگ

یەکەم: بازاڕی سێشەممان لە کادیکۆی

لقێک لە بازاڕی کادیکۆی پێی دەوترێت بازاڕی سێشەممان کە ڕۆژانی سێشەممان بە داشکاندنی گەورە دەکرێتەوە بۆ فرۆشتنی جلوبەرگ لە هەموو جۆرەکان بەڵام کوالێتییەکانیان ئەو بەرزە نییە لەچاو کۆگا و بڕاندە تورکییەکان کە لە مۆڵەکاندا کۆگایان هەیە. 

ناونیشان: حەسەن پاشا - مەندیرە.

دووەم: بازاڕی کۆمەڵگەی ئۆرتاکۆی

وەک باسی لێوە دەکرێت ئەم بازاڕە شوێنی کۆکردنەوەی دەوڵەمەند و هەژارانە، ملیۆنەرەکانی ئیستەنبووڵ لێرە کاڵا دەکڕن. لێرە کەلوپەلی جوانکاری و خشڵ و جلوبەرگی مۆدە نمایش کراون گەرچی فرۆشگاکان بە چەتر و کەپر دروستکراون بەڵام سیمایەکی جوانی بەخشیوە بە شارەکە چونکە کەسانی خانەدان و ئاساییەکانی کۆمەڵگە هەفتانە بازاڕی خۆیان دەکەن. لەم بازاڕەدا کڕیاران پارێزراون چونکە پۆلیس بڵاوەیان پێ کراوە و هیچ دەرفەتێک بۆ دزی کردن نییە.

ناونیشان: لەڤازیم - ماحالەسی چایر - ناوچەی بێشکتاش.

سێیەم: بازاڕی یەشیلکۆی

نازناوی ئەم بازاڕە نرخی کەم و کوالێتی بەرزە، هەر کاڵایەکت دەوێت لە جوانکاری خانمان، جلوبەرگ، خواردن، کلوپەلی تر گشتیان کوالێتی بەرزن و بە نرخی هەرزان خراونەتە ڕوو، زۆربەی کاڵاکان بڕاندە ناوبانگەکانن. ئەم بازاڕە لە هەفتەدا یەک ڕۆژ کراوەیە ئەویش ڕۆژانی چوارشەممە کاتژمێر ٨ی بەیانی بۆ ٨ی ئێوارە واتا ١٢ کاتژمێر کراوەیە.

ناونیشان: یەشیلکۆی ماحالەسی - حەمدوڵڵا سۆفی 

چوارەم: بازاڕی شەممان لە بێشکتاش

ئەم بازاڕە تایبەتە بەجلوبەرگ و بەتایبەتیش جلوبەرگی وەرزشی و جلوبەرگی مەلەوانی و جلوبەرگی ژێرەوە تەنها ڕۆژانی شەممە کراوەیە. خەڵکانێکی زۆر لەبەر هەمە چەشنی مۆدێل و کوالێتی قوماشی جلوبەرگەکان سەردانی دەکەن چ لە گەشتیار و چ لە خەڵکی شارەکە.

ناونیشان: بێشکتاش - دەریادل سۆکاک.

بازاڕی جووتیاران

بازاڕی جووتیاران هەفتانە بازاڕێکی گرنگە لە شاری ئیستەنبووڵ کە تەنها سەوزە و میوەی فرێشی تێدا دەخرێتە ڕوو کە زۆربەیان بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتی تورکیان.

یەکەم: بازاڕی فەریقۆی ئۆرگانی

ئەم بازاڕە ئەو میوە و سەوزانەی تێدا دەست دەکەوێت کە پزیشکان بە ڕەچەتە داوادەکەن چارەخواز بیان خوات، بەرهەمەکان تازە و ئۆرگانین بەو واتایەی ماددەی کیمیایی تێدا بەکارنەهاتووە بۆ دروست کردنی. یەکێ لەو میوانەی خواستی زۆر لەسەرە و بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکاردێت گۆزلەمەیە، کە لە تورکیا بۆ دروستکردنی کێکی میوە بەکاردێت.

ناونیشان: شەقامی جومهوریەت (کۆماری)

دووەم: بازاڕی ئینەبۆلو "تایبەت بە دێهاتەکان"

لەم بازاڕەدا هەفتانە بەرهەمی باخ و کێڵگەکانی گوندەکانی دەوروبەری ئیستەنبووڵ تێدا دەفرۆشرێت کە بە تازەیی دەهێنرێن، لەم بازاڕەدا گەشتیاران بۆ سەردان کردن و بینینی بەرهەمەکان لە نزیکەوە.

ناونیشان: قاسم پاشا - فیشەخانە - تۆپراک تابیا.

بازاڕی ئەنتیک

لە ئیستەنبووڵدا لە هەر ١٠ فرۆشگایەک دوو فرۆشگایان ئەنتیکن. بەرپرسانی شارەکە پشتگیری تەواوی ئەنتیک فرۆشەکان دەکەن.

یەکەم: فرۆشگاکانی جیهانگیر و چوقورجوما

ئەم فرۆشگایانە دەکەونە شەقامی ئاغا حەمام و شەقامی چوکور جوما و سادری ئەلیشیک و شەقامی فایەق پاشا. کەلوپەلی جۆراوجۆر و دەگمەن دەکڕن و دەفرۆشن.

دووەم: فرۆشیارانی ئەنتیکی دەریایی

پێکهاتووە لە بازاڕێکی حەوت نهۆمی و زیاتر لە ٢٠٠ فرۆشگای ئەنتیک. یەکێکە لە گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین بازاڕە ئەنتیکییەکانی جیهان. بەرهەمەکان بە یۆرۆ و دۆلار دەفرۆشرێن بۆیە گەر کەسێک خواستی کڕینی شتێک بێت پێویست ناکات پارەکەی بگۆڕێت بۆ لیرە گەر دۆلار یان یۆرۆی پێبێت. نرخی هەندێک کەلوپەل لە ٢٠ هەزار دۆلار دەست پێ دەکات

ناونیشان: ئەسکەندەر پاشا - ناوچەی فاتیح.

سێیەم: ئەنتیک فرۆشەکانی کەدیکۆی

یەکێکن لە فرۆشگا گرنگەکانی ئەنتیک لە شارەکەدا، بە گوێرەی گەشتیاران باشترین شوێنە چونکە نرخەکان گونجاو و کەمن و هەمە چەشنی بەرهەمیش هەیە لە ناویاندا.

ناونیشان: شەقامی تەڵاڵ زادە - جەعفەر ئاغا لە کەدیکۆی.

چوارەم: بازاڕی فەریقۆی بۆ ئەنتیک

ڕۆژانی یەکشەممە کراوەیە و خەڵکانێکی زۆر بۆ بینینی کەلوپەلەکان و چێژبینین لە سەیرکردنیان سەردان دەکەن.

ناونیشان: شەقامی جومهوریەت (کۆماری) - شیشیلی.


سەرچاوەکان



1255 بینین