جەنگی کۆریا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-15-20:10:00 - کۆدی بابەت: 7253
جەنگی کۆریا

ناوه‌ڕۆك

جەنگی نیمچەدوورگەی کۆریا

جەنگی کۆریای باشوور و کۆریای باکوور (بە ئینگلیزی: Korean War) لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ لە نیمچەدوورگەی کۆریا لە نێوان هەردوو بەرەی باکوور و باشووری کۆریا ڕوویدا، بەشی باکوور لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێتیی سۆڤیەت و بەشی باشوور لە ژێر کۆنترۆڵی لیژنەی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆریا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بوو. سەرەتای شەڕی ناوخۆی کۆریا لە ١٩٥٠/٦/٢٥ بوو کە کۆریای باکوور هێرشی کردە سەر کۆریای باشوور و دوای ئەوە جەنگەکە فراوانتر بوو و نەتەوە یەکگرتووەکان بە سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ پارێزگاری لە بەرەی باشوور هاتنە ناوەوە، لەدوای ئەوانیش چین هاتە نێو جەنگەکەوە. دوای گەیشتنی هەردوو بە ڕێککەوتن، لە ١٩٥٣/٧/٢٧ ئاگربەست ڕاگەیەندرا و جەنگ کۆتایی هات و نیمچەدوورگەکە دابەش بوو بۆ هەردوو وڵاتی کۆریای باشوور و کۆریای باکوور.

کۆریای باکوور پشتگیرییەکی بەرفراوانی لە کۆماری گەلی چین وەرگرت، هەروەها پشتگیرییەکی سنوورداری یەکێتیی سۆڤیەتیشی هەبوو لە بواری ڕاوێژکاری سەربازی و فڕۆکەوان و چەک. کۆریای باشووریش لەلایەن هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی دەکرا ،کە زۆربەیان لە هێزەکانی ئەمریکا پێکهاتبوون و لەگەڵیشیاندا چەندین وڵاتی دیکەش بە هێزەکانیانەوە بەشداری جەنگەکەیان کرد.

شکستی چین لە یەکەم جەنگی ژاپۆن و چین (١٨٩٤ - ١٨٩٥) سوپای ژاپۆنی لە بەشە ستراتیجییەکانی سنووری کۆریا هێشتەوە، لەدوای ١٠ ساڵ، ژاپۆن لە جەنگی ڕووسیا و ژاپۆندا لە (١٩٠٤ – ١٩٠٥) ڕووسیای بەزاند و لەوێشەوە ژاپۆن وەک زلهێزێکی ناوچەکە دەرکەوت، دوای ئەوە لە ئابی ١٩١٠ نیمچەدوورگەی کۆری داگیرکرد و هەتاوەکوو کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم تێیدا مایەوە.

پێش جەنگ

لە شوباتی ١٩٤٥ لە کۆنگرەی یاڵتا جۆزێف ستالین داوای کرد کە ناوچەی جیاکەرەوەی سنووریی لە هەردوو ئاسیا و ئەورووپا هەبێت بۆ جیاکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤیەت. هەروەها بەڵێنی بە هەڵگیرسانی جەنگ دژی ژاپۆن دا لە دوو بۆ سێ هەفتەی دوای خۆبەدەستەوەدانی ئەڵمانیا بەو مەرجەی هێزی سەرەکی لە چین ڕووسییەکان بن، لە ١٩٤٥/٨/٦ یەکێتیی سۆڤیەت بە فەرمی جەنگی دژی ئیمپڕاتۆرییەتی ژاپۆن هەڵگیرساند و لە بەرەی باکووری کۆریا هێرشی کردە سەر هێزەکانی ژاپۆن و ئەمریکا و هاوپەیمانانیش لە بەرەی باشوورەوە هێرشیان برد و لە هێڵی پانی ٣٨ یەکیانگرتەوە و بووە سنووری نێوان هەردوو هێزی سوپای سووری سۆڤیەت و هێزەکانی هاوپەیمانان.

سەرەڕای ئەوەی هێزەکانی سۆڤیەت دەیانتوانی هێڵەکەش تێپەڕێنن بەو هۆیەی کە زۆر زووتر لە هێزەکانی ئەمریکا گەیشتبوونە ئەوێ، بەڵام بەهۆی بەڵێنەکەیەوە ستالین هەر لەوێ وەستا.

لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٥ هەریەک لە مۆسکۆ و واشنتۆن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش ڕێککەوتن کە بە لیژنەی ئەمریکی-سۆڤیەتی هاوبەش ناودەبرا بۆ بەڕێوبردنی نیمچەدوورگەی کۆریا و دوای چوار ساڵ لە خۆبەرێوبەری ناوچەکە لەلایەن کۆرییەکانەوە ببێتە وڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ، بۆ ئەمەش هەریەک لە بەرەی باکوور سەرۆکێک و باشووریش سەرۆکێکی هەبێت.

بەڵام هەردوولا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان هەستان بە بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تایبەت بە خۆیان، کە گەلی کۆریا ئەمەیان ڕەتکردەوە و چەند جارێک کۆمەڵێک ڕاپەڕین و خۆپیشاندانی خوێناوی لە هەردوو بەرە دروستبوو،  لە بەرەی باشوور لە ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٦ پۆلیس خۆپیشاندانێکی جەماوەری سەرکوت کرد و سێ خوێندکاریان کوشت و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش بووە هۆی (ڕاپەڕینی دایگو) کە تێیدا خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگای پۆلیس و ٣٨ پۆلیسیان کوشت کە زۆرێکیان ئەو پۆلیسانەبوون لە سەردەمی داگیرکاری ژاپۆنیشدا پۆلیس بوون.

لە کۆریای باشوور گرووپێکی ڕاستڕەوی دژە پاسەوانی ناسراو بە ئەنجومەنی نوێنەرانی دیموکراتی دژایەتی هەموو ئەو ڕێککەوتنانەیان کرد کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکران، سەرەڕای ئەوەی ئەم گرووپە بە یارمەتی هێزەکانی ئەمریکا لەوێ دروست بووبوون و لەو کاتەوەی کە کۆرییەکان تامی تاڵی داگیرکاری ژاپۆنیان بۆ کۆریا کردبوو لە نێوان ساڵانی ١٩١٠ بۆ ١٩٤٥، زۆربەیان دژی سەردەمێکی دیکەی کۆنتڕۆڵی دەرەکی بوون و وایان لە ئەمریکا کرد کە واز لە ڕێککەوتنەکانی مۆسکۆ بهێنێت و ناچاربێت هەڵبژاردنێک بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدات و لیژنەی هاوبەشی ئەمریکی سۆڤیەت هەڵبوەشێنێتەوە.

هێزەکانی ئەمریکا ئاسانکارییان لە گەیشتنی زۆرێک لە کۆرییەکان بۆ دەسەڵات کردبوو و وەک بەشێک لە بەرنامەیەکی پیشەیی دایاننابوو، هەرچەندە زۆرێک لە کۆرییەکان وەک خیانەتکار سەیری ئەو کەسانەیان دەکرد بەهۆی ئەوەی هاوکاری ژاپۆنییەکان بوون، ئەنجامی کۆتایی ئەوەبوو ڕژێمێک دروستکرا کە لایەنگری زۆرینەی خەڵکی لە پشتەوە نەبوو و شەرعیەتی نەبوو. بۆیە زنجیرەیەک ئاژاوە و کودەتا و شۆڕش لە هەریەک لە دوورگەکانی جوجو و یوسۆ و ناوچەکانی تر دروست بوون و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠٠,٠٠٠ کەس لە خەڵکی کۆریا گیانیان لەدەستدا بەهۆی هێزی سەربازی حکوومەت بە هاوکاری ئەمریکییەکان.

هۆکار و دەستپێکی جەنگ

جەنگەکە لە ئەنجامی کێبەرکێی نێوان حکوومەتە کاتییەکانی هەردوو بەرەی باشوور بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بەرەی باکوور بە سەرکردایەتی یەکێتیی سۆڤیەتەوە ڕوویدا بەهۆی ئەوەی هەردوولا بەرەی کۆری دەیانویست دەست بەسەر تەواوی نیمچە دوورگەی کۆریا بگرن، و یەکێتیی سۆڤیەت بە بیری کۆمۆنیستی و بەرەی باشووریش کە لە دەست سیستمێکی سەرمایەداری ڕۆژئاواییدا بوو، حوکمیان دەکرد.

ڕی و کیم ئیل سۆنگ پێشبڕکێیان دەکرد بۆ یەکگرتنی نیمچەدوورگەی کۆری، بە درێژایی سنووری نێوانیان لە ماوەی ١٩٤٩ بۆ سەرەتای ١٩٥٠ لە هێرشی سەربازی بەردەوام بوون دژی یەکتری، بەڵام باکوور سروشتی جەنگەکەی لە جەنگی سنوورەکان گۆڕی بۆ جەنگێکی ناوخۆیی گەورە.

لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ١٩٥٠ وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا گوتی کە سنووری بەرگری ئەمەریکا لە دوورگەکانی ئێلۆچین و دوورگەکانی ڕیکیۆ و ژاپۆن و دوورگەکانی فلیپین دروست بووە و ئەمریکا لە شەڕی کۆریادا نییە و بەرپرسیارێتی بەرگری لە کۆریا دەکەوێتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٩ کیم ئیل سونگ کێشەکەی بە ستالین گەیاند و ڕوونی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە نیمچەدوورگەی کۆریا یەک بگرێت، چونکە پێویستی بە پشتیوانیی سۆڤیەتی بوو بۆ ئەوەی پلانە سەربازییە دوورمەوداکانی خۆی لە سروشتی شاخاوی ناتەواوی نیمچەدوورگەی کوریا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکات، بەڵام ستالین وەک سەرۆکی بەرەی کۆمۆنیستی جیهان و سەرچاوەی پێداویستییەکانی کیم، ڕەتیکردەوە مۆڵەتی پێبدات بەهۆی نیگەرانی خۆی لە ئامادەنەبوونی هێزەکانی کۆریای باکوور و ئەگەری دەستتێوەردانی ئەمریکا.

لە ماوەی ساڵی دواتردا، سەرکردایەتی کۆریای باکوور سوپایەکیان پێکهێنا لە شێوازی سوپای سۆڤیەت، و بە بنچینەیی لەو کۆرییانە پێکهاتبوو کە لە سوپای ئازادیخوازی چین لە سییەکانی سەدەی بیست خزمەتیان کردبوو. تا ساڵی ١٩٥٠ سوپای کۆریای باکوور بە چەکی سۆڤێتی کۆنەوە چەکدار بوو، بەڵام لە هەموو جۆرەکانی کەرەستەی سەربازی بە بەراورد بە کۆریای باشوور باڵاتربوو.

لە ١٩٥٠/٦/٣٠ لەڕێی تەلەگرافەوە ستالین کیم ئاگاداردەکاتەوە کە بە هێرشکردن و یەکخستنی نیمچەدوورگەکە ڕازییە و ساڵانە ٢٥,٠٠٠ تەن فیشەکیان بۆ دەنێرێت.

جەنگ

هێرشی کۆریای باکوور

سوپای کۆریای باکوور لە کاتژمێرەکانی پێش بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ـی حوزەیرانی ١٩٥٠ بە یارمەتی تۆپبارانی تۆپخانەکانی سوپا دەستی کرد بە تێپەڕاندنی هێڵی پانی ٣٨ و هێرشی کردە سەر کۆریای باشوور، بە هاوکاری ٢٤٢ تانک کە لە نێویاندا ١٥٠ تانکی تی-٣٤ـی ڕووسی تێدابوون. کۆریای باکوور بە ١٨٠ فڕۆکەی جەنگیەوە چووە ناو شەڕەوە کە ٤٠ فڕۆکەیان لە جۆری یاک بوون، لەگەڵ ٧٠ بۆمبهاوێژی هێرشبەر، هەروەها زۆر پێویستی بە هێزی دەریایی نەبوو، بەڵام لاوازترین خاڵی کۆریای باکوور نەبوونی سیستەمێکی لۆجیستی باوەڕپێکراو بوو بۆ گواستنەوەی پێداویستی و تەقەمەنی لەکاتی پێشڕەویکردنیی سەربازی بەرەو باشوور، لەگەڵ ئەوەشدا سوپای کۆریای باشوور بە بەراورد لەگەڵ سوپای کۆریای باکوور لاوازبوو و کۆریای باکوور ئەو خەڵکە سیڤیلەی بەکارهێنا کە دەیانویست بڕۆنە بەرەی باشوور، ئەوانی بۆ هەڵگرتنی پێداویستی و تەقەمەنی بەرەو باشوور بەکاردەهێنا و ژمارەیەکی زۆریان لە دواییدا لە هێرشی ئاسمانی کۆریای باکوور کوژران.

پلانی باشی کۆریای باکوور و هێرشەکەی بە ١٣٥,٠٠٠ سەرکەوتنێکی کتوپڕ و خێرای بەدەستهێنا، چونکە هێرشی کردبوویە سەر چەندین ناوچەی گرنگ لەوانە (جاسۆنگ و شۆنچیۆن و یوجیۆنگبۆ و وۆنگین). هێرشەکە لە بەرەبەیانیدا سوودێکی تری هەبوو؛ ئەویش ئەوەبوو زۆربەی سەربازانی کۆریای باشوور لە پشوودابوون و لەو چەند ڕۆژەشدا بەشێکی سوپا گومانیان لە سەرکردایەتی وڵاتەکەیان هەبوو و یان بە تەواوی دەکشانەوە یان بەرەو باکوور هەڵدەهاتن، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشی زەمینیش هێزی ئاسمانیی کۆریای باکوور تۆپبارانی فڕۆکەخانەی کیمبۆی نزیک سیۆلی دەکرد.

پاش نیوەڕۆی ٢٨ی حوزەیران، هێزەکانی کۆریای باکوور سیۆلی پایتەختیان داگیرکرد، بەڵام هیواکانی باکوور بۆ خۆبەدەستەوەدانێکی خێرای حکوومەتی ڕی و هەڵوەشاندنەوەی سوپای کۆریای باشوور پاش دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان هەمووی بوو بە هەڵم.

کۆریای باشوور سوپایەکی ٦٥,٠٠٠ چەکداری مەشقپێکراو و پڕچەکی هەبوو کە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ڕاهێنانیان پێ کرابوو، بەڵام کێشەیان کەمیی زرێپۆش و تۆپهاوێژ بوو. هیچ یەکەیەکی گەورەی جەنگی بیانی لەو وڵاتە نەبوو کاتێک شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد، بەڵام هێزی گەورەی ئەمەریکا لە ژاپۆن جێگیر بوون.

کاردانەوەی دەرەکی

داگیرکردنی کۆریای باشوور شتێکی سەرسوڕهێنەربوو بۆ ئەمریکا و زلهێزەکانی تری ڕۆژئاوا، لە هەفتەیەک پێش جەنگ دین ئاشیسۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە ٢٠ی حوزەیراندا لە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ ئەگەرێکی شەڕ بوونی نییە.

بڕیاری دەستتێوەردانی ئەمریکا لە ئەنجامی چەند هۆکارێک بوو، یەکێکیان ئەوەبوو هاری ترومان وەک سەرۆکی دیموکراتەکان کەوتە ژێر چەند فشارێکی ناوخۆییەوە و زۆرێک لەوانە وەک جۆزێف ماکئارثەر نوێنەری کۆمارییەکان تۆمەتباریان دەکرد بەوەی کە بە نەرمییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ کۆمۆنیزمدا دەکات، هەروەها دیموکراتەکانیان بە لەدەستدانی چین بە کۆمۆنیستەکان تۆمەتبار دەکرد.

بڕیارەکەی ئەمریکا کاریگەر بوو بەو وانانەی کە لە پەیماننامەی میونخ 1938ەوە فێری بووبوو، ئەمەش وای لێ کردن باوەڕ بکەن کە ئاگربەستی دەوڵەتە ستەمکارەکان تەنها هانیان دەدات بۆ بەردەوامبوون و فراوانکردنی دەستدرێژییەکانیان. ترومان لە جیاتی ئەوەی پاڵ بە ڕەزامەندی کۆنگرێسەوە بنێت بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ، چوو بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی ڕەزامەندی خۆی هەمووان بەدەست بهێنێت بۆ دەستتێوەردان لە کۆریا و ڕێگری لە پێشڕەوی کۆریای باکوور.

لەو ڕۆژەی کە جەنگەکە بە فەرمی دەستی پێکرد (٢٥ـی حوزەیران)، نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە ڕەشنووسی بڕیارنامەی ٨٢ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی دەرکرد، کە داوای ئەمەی خوارەوەی کرد:

  • کۆتایی بە هەموو دوژمنایەتیەکان بهێنرێت و کۆریای باکوور بکشێتەوە بۆ هێڵی پانی ٣٨
  • لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکۆریا پێکهێنراوە بۆ چاودێریکردنی بارودۆخەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش.
  • پێویستە هەموو ئەندامان پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن لە بەدیهێنانی ئەمە و خۆ بەدوور بگرن لە دابینکردنی هاوکاری کۆریای باکوور.

بڕیارەکە بە هۆی ئامادەنەبوونی کاتی یەکێتیی سۆڤیەت لە ئەنجوومەنی ئاسایش، بەبێ کۆدەنگی پەسەند کرا -ئەوکات یەکێتیی سۆڤیەت داوای دەکرد کە نوێنەری چین نوێنەری کۆمۆنیستەکان بێت کە لەسەر دەسەڵاتن نەک حکوومەتی کۆمینتانگ کە ڕووخێنراوە و لە تایوان ماونەتەوە-، بەوشێوەیەش بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێتیی سۆڤیەت و بەرزنەکردنەوەی داوای ڤیتۆ لەسەر بڕیارەکە، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ئەوانەی ناڕازی بوون لە هێرشی کۆریای باکوور پەسەندکرا.

لە ٢٧ـی حوزەیرانی ١٩٥٠ ئەمریکا بڕیارەکەی گرتە دەست و سەرکردایەتی ڕێگری لە هێرشی بەرەی باکوور دەکرد، لەگەڵیشیدا ١٥ وڵاتی دیکە بە چەکدار و پێداویستی مرۆیی و سەربازی بەشدارییان کرد کە هەریەک لە: "کەنەدا، ئوستوڕالیا، نیوزلەندا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەفریقای باشوور، تورکیا، تایلاند، یۆنان، هۆڵەندا، ئەسیوبیا، کۆڵۆمبیا، فلیپین، بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ" بوون.

سەرەڕای ئەوەی چەند وڵاتێکی دیکەش بەشدارییان کرد، بەڵام ئەمریکا %٥٠ـی هێزە زەمینییەکان و %٨٦ـی هێزی دەریایی و %٩٣ـی هێزی ئاسمانی لەئەستۆ گرت.

بەرەی باکوور بڕیارەکەی ڕەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی ئەمە جەنگی ناوخۆیە و پەیوەندی بە کارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە نییە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ترومان بەهۆی ئەوەی بڕیاری جەنگی لەلایەن کۆنگرێسەوە پێ نەدرابوو و پشتی بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەستبوو، بەمەش دەستووری ئەمریکای پێشێل کردبوو.

جەنگەکە

ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری جەنگ، جەنەڕاڵ دۆگلاس ماک کە لە ژاپۆن بوو سوپای ناردە کۆریای باشوور و هێزی ئاسمانیشی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی ئەمریکی ئەوێ بەکارهێنا، هەروەها ئەمریکا داوای لە تیمی فڕۆکەوانی بەشی حەوتەم کرد بۆ پاراستنی چیانگ کایشکی لە تایوان، ئەمەش سیاسەتێکی ئەمریکا بوو بۆ ئەوەی خۆی بەدووربگرێ لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی چین، هەروەها بەشداری حکوومەتی نیشتمانی تایوانی بۆ بەشداری لە جەنگ ڕەتکردەوە لە ترسی ئەوەی کە ئەمە هانی دەستتێوەردانی کۆماری چین بدات لە جەنگەکە.

یەکەمین شەڕی نێوان بەرەی باکوور و ئەمریکییەکان لە ڕۆژی ٥ـی تەمووز بوو کاتێک لە ناوچەی ئۆسان بەریەککەوتن و لەشکری ٢٤ـی پیادەی ئەمریکی کە لە ژاپۆنەوە هاتبوون لە شەڕەکەدا شکستێکی گەورەی خوارد، دواتر نیوەی لەشکرەکە ناچاربوون لە شاری تایگۆن بمێننەوەو دواتریش ئەوێ کەوتە دەستی بەرەی باکوور و جەنەڕاڵی ئەمریکی ویلیام ئێف دین بە دیل گیرا، کە ئەوەش گەورەترین پلەی سەربازی بوو لە جەنگەکەدا دەستگیرکرابێت.

لە مانگی ئەیلوولدا تەنیا %١٠ـی نیمچەدوورگەکە لەژێر دەستی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مابوویەوە لە ناوچەی بوسان، بەڵام بەهۆی یارمەتی و پێداویستی ئەمریکییەکان بۆ کۆرییەکانی باشوور و بۆمبارانی چڕی ئاسمانی، بەرگرییەکی بەهێز لە ناوچەی ڕووباری ناکدۆنگ کرا.

کۆبوونەوەی هێزی هاوپەیمانان

لە ئەنجامی هێرشە توندەکانی هێزەکانی کۆریای باکوور، هێزەکانی هاوپەیمانان (نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆریای باشوور) چوونە ناو شەڕێکی بێ هیواوە کە ئەمریکییەکان بە "شەڕی زەریای بوسان" ناویان دەبرد، کە تێیدا بەرەی باکوور لە گرتنی شاری بوسان شکستی هێنا، هێزی ئاسمانی ئەمریکا بە ژمارەیەکی زۆر هێزی بردە مەیدانی جەنگ و نزیکەی ٤٠ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجام دا بۆ پشتگیریکردنی شەڕی زەمینی و بە ئامانج گرتنی هێزەکانی باکوور، بەڵام هاوڵاتیانی مەدەنی و شارەکانیشی وێران کرد، هەروەها بۆمبهاوێژی ستراتیجی کە زۆربەیان فڕۆکەی بی-٢٩ بوون و پێشتر لە ژاپۆن جێگیرکرابوون، زۆربەی ڕێگا و هێڵی شەمەندەفەرەکانیان داخست و زیاتر لە ٣٢ پردیان تێکشکاند.

لە هەموو شوێنێک لە کۆریا، بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکان کۆگا و تەقەمەنی و هەروەها پاڵاوگە نەوتییەکان و بەندەرەکانی هاوردەکردنی پێداویستی سەربازییان لەناوبرد، ئەمەش بە ئامانجی برسیکردنی هێزەکانی کۆریای باکوور، ئەو وێرانکارییەی لەلایەن بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکاوە دروستبوو بووە هۆی ڕێگری لە گەیشتنی پێداویستییە پێویستەکانی سوپای کۆریای باکوور لە باشوور، هەرچەندە زۆربەی نیمچەدوورگەی کۆریا لە دەستی باکووردابوو.

هاوکات چەک و سەربازەکان لە بنکەکانی ژاپۆنەوە ڕژان و بەتالیۆنی تانکی ئەمریکایان لە سان فرانسیسکۆوە بۆ بوسان نارد، لە کۆتایی مانگی ئابدا ویلایەتە یەکگرتووەکان نزیکەی ٥٠٠ تانکی مامناوەندی هەبوو لە ئۆقیانووسی بوسان. لە سەرەتای مانگی ئەیلوول هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆریا نزیکەی ١٨٠,٠٠٠ تێپەڕاند بەرانبەر بە ١٠٠,٠٠٠ چەکداری بەرەی باکوور، بەمەش بڕیاری هێرشی پێچەوانە درا.

وەرگرتنەوەی کۆریای باشوور

لە ئەنجامی ئەو هێزە زۆرەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە کۆکرایەوە و ئەو هێرشە یەک لەدوای یەکانەی کە کرایە سەر بەرەی باکوور، هێزەکانی کۆریای باکوور تووشی کەمی ئەندام و سستی سیستمی پشتگیری لۆجستی بوون، جگە لەوەی وەک ئەمریکییەکان خاوەنی هێزی دەریایی و ئاسمانی زۆر نەبوون، جەنەراڵ ماک ئارثەر بۆ ئاسانکردنی فشارەکان بۆ سەر زەریای بوسان، گفتوگۆی لەسەر نیشتنەوەیەکی زۆر گەورە کرد لە پشت هێڵەکانی کۆریای باکوور لە ئینچیۆن. ئەم بیرۆکەیە چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکی جەنگ باسکرابوو بەڵام پنتاگۆن بەهۆی مەترسیداری هێرشەکەوە ڕەتی کردەوە، لەدوای زۆربوونی هێزەکانی هاوپەیمانان دووبارە باسکرایەوە و بڕیاری لەسەردرا.

لە ئۆپەراسیۆنێک بەناوی کرۆمایت، لەشکری "ئێکس کۆرپس" لەژێر فەرماندەیی جەنەڕاڵ ئێدوارد ئاڵمۆند لە ٩/١٥ لە پشتەوەی دوژمن بە گورزی (٧٠,٠٠٠ سەربازی لەشکری یەکەمی مارێنز و لەشکری حەوتەمی پیادە و ٨,٦٠٠ سەربازی کۆری) نیشتەوە.

بەڵام لەلایەن بەرەی باکوورەوە بەرگرییەکی کەم کرا ئەویش لە ئەنجامی زانیاری هەڵە و ڕاپرسی میلیشیایی و تۆپبارانی قورس کە پێش داگیرکردنی شارەکە ئەنجام درابوو و وایکردبوو ڕێژەیەکی کەم سەربازی کۆری لەوێ بمێننەوە، نیشتنەوە سەرکەوتووەکە سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بوو کاتێک لەشکری "ئێکس کۆرپس" توانی بەرگریکارەکانی شارەکە لەناوببات و هەڕەشەی گەمارۆدانی سوپای کۆریای باکوور کرد، ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەی سوپای کۆریای باکوور بەرەو باکووری نیمچەدوورگەکە و دوای ئەوەش جەنەڕاڵ ماک ئارثەر توانی شاری سیۆل بگرێتەوە.

داگیرکردنی باکوور

هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵیان بە سەربازەکانی کۆریای باکوورەوە نا بەرەو پشت هێڵی پانی ٣٨، بەمەش ئەمریکا توانی حکوومەتی باشوور بپارێزێت لە داگیرکاری، بەڵام سەرکەوتن و دیمەنی یەکگرتنی نیمچەدوورگەی کۆریا لە ژێر سایەی سەنگمان ڕی سەرۆکدا، هانی هێزی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ پێشڕەویکردن بۆ ناو کۆریای باکوور دا.

ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی کردە سەر دەروونی بەرەی ڕۆژهەڵاتی جیهان و کۆمۆنیستەکان، لە سەرەتاکانی ئۆکتۆبەری ١٩٥٠ هێزی هاوپەیمانان چوونە نێو کۆریای باکوور و لە ١٩ـی ئۆکتۆبەر توانییان پیۆنگ یانگی پایتەخت داگیربکەن، لە کۆتاییەکانی زۆرینەی سوپای کۆریای باکوور ڕووخان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش توانییان ١٣٥,٠٠٠ کەس بە دیل بگرن.

کۆماری گەلی چین ئەم پێشکەوتنەی بە مەترسی بۆ سەر خاکی چین زانی و بڕوای وابوو کە هاوپەیمانان لە سنووری ڕووباری یالو ناوەستن، بەڵکوو دەڕۆنە نێو چین و دەیانەوێت ئەوێش کۆنتڕۆڵ بکەن، هەرچەند ئەمە بڕوای جەنەڕاڵ ماک ئارسەر بوو بەڵام هاری ترومان و زۆرێک لە سەرکردەکانی دیکە دژی بوون.

هاتنەناوەوەی چین بۆ نێو جەنگەکە

چین ڕێبەرانی ئەمەریکای لە ڕێگەی دیپلۆماتە بێ لایەنەکانەوە ئاگادار کردەوە کە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەستوەردەدات لە شەڕدا و ترومانیش ئەو هۆشدارییەی بە هەوڵێکی ڕاشکاوانە بۆ ڕەشەکوژی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبرد و زۆر بە جدی وەری نەگرت، و پێشتریش دەزگای هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا سەرۆکی ئاگادارکردبوویەوە کە هیچ ئەگەرێکی دەستتێوەردانی چین نییە، بۆیە ترومانیش پێی وابوو هەلی دەستتێوەردانی چین کاتی ترازاوە.

لە ٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٠، ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هێلی ٣٨ تێپەڕین، ماو تسی تۆنگ فەرمانی بە پێکهێنانی سوپای خۆویستی گەلی چین کرد کە %٧٠ـی سوپاکە لە ئەندامانی سەربازی سوپای ئازادیخوازی گەل بوون و ماو فرمانی پێ کردن بە جێگیربوون لە نزیک ڕووباری یالو و پاراستنی سنووری چین.

لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٥١ چین و کۆریای باکوور قۆناغی سێیەمی هێرشەکەیان دەستپێکرد و چینیەکانیش تاکتیکی هێرشی شەوانەیان بۆ سەر پێگەکانی هاوپەیمان بەکاردەهێنا دوور لە ڕووبەڕووبوونەوە. لەگەڵ بەکارهێنانی بڵندگۆ بۆ پەیوەندی نێوان سەربازان و هێرشکردن بە ژمارەیەکی زۆر، کە توانای بەرپەرچدانەوەیان نییە، بەوەش هێزی هاوپەیمانان کشانەوە و لە ٤ـی کانوونی دووەم ناوچەی سیۆل کەوتە دەست شیوعییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان هەتاوەکوو شاری سوان کشایەوە و لەوێ هێزەکانی چین هاوکاری و پێداویستییان لێ بڕا و بە ناچاری کشانەوە بۆ کۆتا هێڵی بەرگری و هێزی هاوپەیمانان خۆیان کۆکردەوە و هێرشی پێچەوانەیان ئەنجام دا.

لە کۆتایی مانگی شوباتدا، هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چوونە ناو ڕووباری هان و هێزەکانی چینیان ناچارکرد بکشێنەوە، سەرەڕای زنجیرەیەک هێرشی پێچەوانە لەلایەن هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام چینیەکان لە نیسانی ١٩٥١ دەستیان کرد بە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ و شەڕەکەش لەنێوان زیاتر لە ٧٠٠ هەزار سەربازدا ڕوویدا، بەڵام هێرشەکە لە باکووری سیئۆل وەستا بەهۆی ئەوەی هەموو جەنگەکە بووبووە زنجیرەیەک کشانەوە و هێرش، بەڵام جەنگ هەتاوەکوو ساتی ئاگربەست بەردەوام بوو و هەردوولا هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی زۆرترین سنووریان دەدا.

شەڕەکە بە دیاریکردنی ناوچەیەکی دابڕێندراو کە دوو کۆریا جیا دەکاتەوە کۆتایی هات.

ناوی جەنگ

لە کۆریای باشوور ئەم جەنگە بە جەنگی ٢٥/٦ ناودەبرێت، کە ئەو ڕۆژەیە بە فەرمی جەنگ دەستی پێ کرد، بەڵام بە فەرمی پێی دەوترێت جەنگی کۆریا، لە کۆریای باکووریش بە جەنگی ئازادکردنی زەوی ناودەبرێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بە ناکۆکی نێوان هەردوو کۆریا ناوی برد بۆ ئەوەی ناسناوی جەنگی نەبێت، بۆ ئەوەی خۆی بەدوور بگرێت لە ڕاگەیاندنی جەنگ لەڕێی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە چینیش بە جەنگی بەرگری لە ئەمریکا و یارمەتی کۆریا ناودەبرا، هەندێک جاریش بە جەنگی لەبیرچووەوە ناودەبرا بەهۆی ئەوەی وەک جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم و ڤێتنام دەنگی نەدایەوە سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم.

ئەنجام

لە ٢٣ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥١ـەوە، دوای ساڵێک لە شەڕ و پێکدادانی چڕوپڕ، ململانێی کۆری نێوان دوو لایەن نە زاڵی هەبوو نە شکستخواردوو، چونکە نە ئەمریکییەکان توانییان شیوعییەکان لە نیمچەدوورگەکە لەناوببەن، نە چینییەکان و هاوەڵە سۆڤیەتییەکانیان توانییان دەستتێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوەستێنن و تەواوی کۆریای گەورە بکەنە شیوعی.

لەلایەن نوێنەری یەکێتیی سۆڤیەتەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەست پێشکەشکرا و ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و چین لە ٢٧ـی تەمووزی ١٩٥٣ لە گوندی پانمۆنگوم کە دەکەوێتە سەر هێلی پانی ٣٨ـی نێوان هەردوو کۆریا واژوو کرا، بەڵام سەرەڕای تەواوبوونی جەنگ بەڵام هێشتا ناکۆکی و ململانێی حیزبی و ئایدیالۆژیا و دژایەتی یەکتری بەردەوامە و هەردوولایەنی کۆری ئەوی دیکە بە داگیرکەر دەزانێت.

چەک و سەرباز و کەرەستەکان

ژمارەی ئەو هێزانەی کە شەڕی قەیرانی کۆریایان کرد بەو شێوەیە بوون:

  • ویلایەتە یەکگرتووەکان: 260,000 سەرباز
  • نەتەوە یەکگرتووەکان: 35,000 سەرباز
  • کۆریای باشوور: 340,000 سەرباز
  • کۆریای باکوور و چین 866000 سەرباز

هێزی ئاسمانی ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی بینی لە شەڕەکانی جەنگی کۆریادا بۆ یەکەم جار و دوای جەنگی جیهانی فڕۆکەی سەربازی بە بزوێنەر بەکارهات، هێزی هێرشی ئاسمانی چینیش دەرکەوت، کە ١٤٠٠ فڕۆکەی سەربازییان هەبوو و نیوەیان میگ-١٥ـی سۆڤیەتی بوون کە لەو سەردەمە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان بوو، بەڵام دوای ماوەیەک لە جەنگ ئەمریکا بە فڕۆکەی ئێف-٨٦ توانی بەسەر دژەکەیدا سەربکەوێ و ببێتە باشترین فڕۆکەی جەنگەکە.

ئەمەریکا لەم جەنگەدا تیشکی خستۆتە سەر بڕینی ڕێگاکانی دابینکردنی پێداویستی سەربازی چینی و تێکشکاندنی فڕۆکەخانەکانی کۆریای باکوور و هێڵی شەمەندەفەر و پرد و کارگەی کارەبایی و ناوەندە پیشەسازییەکان هەروەها بنکەکانی کۆریای باکوور لە کەناراوەکان بۆمباران دەکران.

جەنگی کۆریا لە هەردوو لاوە دڕندە بوو، هەریەک لە کۆریای باکوور و چین ئەمریکایان تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆجی لە دژی سەربازەکانیان و زیندانیانی جەنگ، هەروەها سەربازانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان دانیان بەوەدا نا لە زیندانی چینی و ڕووسییەکاندا سەختترین سزا دراون بەدەستی کۆمۆنیستەکان.

زیانەکان

هەردوولا بە ڕێژەی زیاتر لە ١,٢ ملیۆن کەس کوژراویان هەبوو.

چین

کوژراوە خۆویستە چینییەکان گەیشتە ١١٤,٠٠٠ کەس و ٣٤,٠٠٠ کەس بە هۆکاری ناجەنگی لە ماوەی جەنگەکە مردوون، ژمارەی برینداران ٣٤٠,٠٠٠ کەس و ونبووانیش ٧,٦٠٠ کەس دەبوو، هەروەها دوای جەنگ ٧,١١٠ کەس لە زیندانەکان ئازادکران و گەڕانەوە بۆ چین.

کۆریا

بەپێی سەرچاوەکان کۆریای باکوور ٢٩٠,٠٠٠ کەسی لەدەستداوە لە جەنگەکە، لەگەڵ ٩٠,٠٠٠ دیل، لەگەڵ ٦٠٠,٠٠٠ کوژراوی مەدەنی، ژمارەی قوربانیانی کۆریای باشووریش یەک ملیۆن کەسە کە ٣٧٣,٥٩٩ کەسیان مەدەنین، و ١٣٧,٨٩٩ کوژراوی سەربازی هەیە.

ئەمریکا

٣٣,٦٨٦ سەربازی ئەمریکی لە جەنگەکەدا کوژراون، ٢,٨٣٠ کەسیش بە هۆکاری ناسەربازی مردوون.


سەرچاوەکان



1041 بینین