کەمیی توخمەڕژێنەکان

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-07-27-17:12:00 - کۆدی بابەت: 9571
کەمیی توخمەڕژێنەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەمیی بەرهەمهێنانی توخمەڕژێنەکان یان کەمیی بەرهەمهێنانی ڕژێنەکانی زاوزێ (بە ئینگلیزی: Hypogonadism، بە عەرەبی: قصور الغدد التناسلية)، حاڵەتێکە لە هەردوو ڕەگەزدا ڕوودەدات، ڕێژەی بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن لەلایەن گونەکانەوە لە نێرینەدا و هێلکەدان لە مێینەدا کەم دەبێتەوە یان دەوەستێنرێت، واتە ڕژێنەکانی زاوزێ ناتوانن ئەرکی سەرەکی خۆیان جێبەجێ بکەن. دەکرێت کەسەکە لە لەدایکبوونەوە ئەم حاڵەتەی لەگەڵدا بێت یان لە قۆناغەکانی تری تەمەندا بەهۆی برینداربوون یان تووشبوون بە بەکتریایەکەوە تووشی ببێت.

هۆڕمۆنەکان و ڕژێنەکانی زاوزێ کامانەن؟

یەکێک لە ڕژێنەکان بریتییە لە گونەکان لە کۆئەندامی زاوزێی نێرینەدا، کە هۆڕمۆنی تێستێسترۆن بەرهەم دەهێنن، هایپۆگۆنادیزم لە پیاواندا بەهۆی کەمی تێستێسترۆن ڕوودەدات. ڕژێنەکەی تر بریتییە لە هێلکەدان لە کۆئەندامی زاوزێی مێینەدا، بەرپرسیارە لە دروستکردنی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین، پڕۆجیسترۆن و تێستێسترۆن. هایپۆگۆنادیزم لە خانماندا بەهۆی کەمی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن ڕوودەدات.

جۆرەکانی هایپۆگۆنادیزم 

ئەم حاڵەتە دوو جۆری جیاواز دەگرێتەوە: 

جۆری سەرەتایی

لەم جۆرەدا کەسەکە بڕی پێویستی لە هۆڕمۆنەکانی زاوزێ نییە، بەهۆی هەبوونی کێشە یان ناتەواوییەک لە ڕژێنەکاندا. هەروەها ڕژێنەکان لەلایەن مێشکەوە نیشانەیان پێ دەگات، بەڵام توانای ئەوەیان نییە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، واتە ناتوانن هۆڕمۆن بەپێی پێویست دروست بکەن. 

جۆری دووەم

لەم جۆرەیاندا کێشەکە لەلایەن مێشکەوەیە، ژێرلانک و ژێرمێشکەڕژێن کە دوو بەشن لە مێشکدا و بەرپرسن لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕژێنەکان، ناتوانن بەتەواوی کار بکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی هۆڕمۆنەکان دەبێت.

هۆکارەکانی تووشبوون

بەشێوەیەکی گشتی لەدوای تەمەنی ٤٠ ساڵییەوە، هۆڕمۆنەکانی زاوزێ ڕوو لە کەمبوون دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی. ئەم گۆڕانکارییانە ئاسایین و دەکرێت هایپۆگۆنادیزم نەبێت, هۆکاری ئەم حاڵەتە بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت. 
ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە جۆری سەرەتایی زیاد دەکەن بریتیین لە:
 • تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە، ئەم حاڵەتە لە ٢٥٪ ئەو کەسانەدا دۆزراوەتەوە کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەبووە. 
 • نەخۆشییەکانی جگەر و گورچیلە، ئەو کەسانەی نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی جگەریان هەیە، بەرهەمهێنانی تێستێسترۆن بە ڕێژەی لە ٩٠٪ تیایاندا کەم دەبێتەوە، هەتا قۆناغی نەخۆشییەکە بەرەو خراپتر بڕوات ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە کەمتر دەبێتەوە.  
 • بەرزی ڕێژەی ئاسن، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گونەکان و تێکچوونی ژێرمێشکەڕژێن، بەمەش کێشە لە درووستبوونی تێستێسترۆندا دروست دەبێت. 
 • ئەنجامدانی نەشتەرکاری بۆ ئەندامەکانی زاوزێ.
 • نەخۆشییە بۆماوەییەکان.
 • زیانگەیاندن بە گونەکان.
 • کریپتۆرکیسزم (cryptorchidism)، لەماوەی دووگیانیدا گونەکانی کۆرپەلە لە سکدا دروست دەبن و پێش لەدایکبوون بۆ ناو پەردەی گون شۆڕدەبنەوە، بەڵام ئەم حاڵەتە بریتییە لە شۆڕنەبوونەوەی گونەکان بۆ ناو تورەگەی گون پێش لەدایکبوون. دەکرێت لەدوای لەدایکبوون بەبێ نەشتەرکاری ئەم حاڵەتە چارەسەر بکرێت، بەڵام چارەسەرنەکردنی بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گونەکان، ئەمەش کێشە لە بەرهەمهێنانی هۆڕمۆن دروست دەکات. 
 • تەمەن، کەسانی بەتەمەن ڕێژەی تێستێسترۆنیان کەمترە بە بەراورد بە ئەو کەسانەی تەمەنیان کەمترە (گەنجان)، لەگەڵ زیادبوونی تەمەندا ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنەش کەم دەکات.

ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە جۆری دووەم زیاد دەکەن بریتیین لە:
 • دابەزینی کێش لە ماوەیەکی کەمدا.
 • ئەنجامدانی نەشتەرکاریی مێشک.
 • هەبوونی گرێ لە ژێرمێشکەڕژێندا. هەبوونی گرێ لە ژێرمێشکەڕژێندا یان هەر بەشێکی تری مێشک کە نزیک ژێرمێشکەڕژێن بێت، ئەگەری تووشبوون بە هایپۆگۆنادیزم زیاد دەکات. 
 • زیانگەیاندن بە ژێرلانک یان ژێرمێشکەڕژێن.
 • وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە وەک چارەسەر بە تیشک یان چارەسەری کیمیایی. نەخۆشیی شێرپەنجە و چارەسەرەکانی دەبنە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی کەسەکەدا، یەکێك لەوانە بریتییە لە ناڕێکی یان نەمانی سوڕی مانگانە، بەهۆی کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی سەرەکی لە لەشی مێینەدا، واتە ڕێژەی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆن کەم دەبێتەوە، کە ڕۆڵی سەرەکییان لە ڕێکخستنی سوڕی مانگانەدا هەیە.

نیشانەکان

نیشانەکانی پەیوەستە بە هۆکاری نەخۆشیەکە و هەروەها ئەو ڕەگەزەی تووشبووە. نیشانەکانی وەک نەبوونی سوڕی مانگانە، گەورە نەبوونی مەمکەکان، هەڵوەرینی مووی جەستە، کەمبوونەوە یان نەمانی ئارەزووی سێکسی و دەردانی شیر لە مەمکەکانەوە دەکرێت لە خانماندا دەربکەوێت.

نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە پیاواندا بریتییە لە کەمبوونەوەی قەبارەی ماسولکەکان، گەورەبوونی مەمکەکان بەشێوەیەکی نائاسایی، کێشەی سەرنجدان، بچووک بوونەوەی گونەکان، کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی و هەستکردن بە ماندوویەتی.

چۆن هایپۆگۆنادیزم دەستنیشان دەکرێت؟

پشکنینی هۆڕمۆنەکان 

بۆ دڵنیابوونەوە، لە سەرەتادا پزیشک پشکنین بۆ ئاستی هۆڕمۆنەکانی زاوزێ دەکات، لە مێینەدا سەیری ڕێژەی ئیسترۆجین دەکرێت، لە نێرینەدا سەیری ڕێژەی تێستێسترۆن دەکرێت. ئەم پشکنینانە بە زۆری لە بەیانیاندا ئەنجام دەدرێت، چونکە لە بەیانیاندا ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنانە بەرزە. لە نێرینەدا، پشکنین بۆ ڕێژەی سپێرمەکانیش دەکرێت، لەبەرئەوەی هایپۆگۆنادیزم دەبێتە هۆی کەمبوونەوەیان. 
ڕێژەی ئاسن کاردەکاتە سەر هۆڕمۆنەکانی زاوزێ، بەرزی ئاسن لە خوێندا یەکێکە لە نیشانەکانی هەبوونی هایپۆگۆنادیزم. 
هەروەها دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە پشکنینی ئاستی پڕۆلاکتین ئەنجام بدرێت، پڕۆلاکتین هۆڕمۆنێکە بەشداری لە گەورەبوون و گەشەکردنی مەمکەکان دەکات و هەروەها ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بەرهەمهێنانی شیر لە خانماندا. پشکنینی تری وەک ڕژێنەکان دەتوانرێت ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوونەوە. 

سۆنەر 

لە مێینەدا، سۆنەر ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کەسەکە کیسی هێلکەدان یان فرەکیسی هێلکەدانی هەیە یان نا. هەورەها تیشکی لەرەلەری موگناتیسی (MRI) بۆ دیاریکردنی گرێ لە ژێرمێشکەڕژێن بەکاردەهێنرێت.

چارەسەر

چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە لە مێینەدا بریتییە لە زیادکردنی ڕێژەی هۆڕمۆنەکانی زاوزێی تایبەت بە مێینە. ئیسترۆجین یەکەم ڕێگایە کە بۆ چارەسەر بەکاردەهێنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆجیسترۆنیش وەردەگیرێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانی شێرپەنجە بکرێت، کە ئەگەری هەیە بەهۆی بەرزی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین ڕووبدات. هەروەها دەکرێت چارەسەری تر بەکاربهێنرێت بەپێی ئەو نیشانانەی لە کەسەکەدا هەیە، بۆ نموونە ئەگەر کەسەکە دووچاری نەمانی ئارەزووی سێکسی بووبێت، ئەوا پزیشک پێشنیاری هۆڕمۆنی تێستێسترۆن دەکات بە بڕێکی زۆر کەم.

چارەسەرکردنی هایپۆگۆنادیزم لە نێرینەدا، تێستێسترۆن هۆڕمۆنێکی زاوزێی سەرەکییە لە لەشی نێرینەدا، وەرگرتنی ئەم هۆڕمۆنە یەکێکە لە چارەسەرە هەرە باوەکان لە نێرینەدا. 
لەکاتی هەبوونی گرێ لە ژێرمێشکەڕژێندا، دەکرێت چارەسەرەکانی تری وەک نەشتەرکاری، بەکارهێنانی تیشک و دەرمانەکان بۆ کەسێکی تووشبوو بە هایپۆگۆنادیزم بەکاربهێنرێت بۆ بچووککردنەوە و لابردنی گرێیەکە لە هەردوو ڕەگەزدا.


سەرچاوەکان



405 بینین