ئۆسلۆ

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-09-10-20:30:00 - کۆدی بابەت: 10196
ئۆسلۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆسلۆ یان کریستیانا (بە ئینگلیزی: Oslo، بە عەرەبی: أوسلو) پایتەخت و ئاوەدانترین شاری نەرویجە، ناوەندی سیاسی و ئابووری و کارگێڕی وڵاتەکەیە، دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج، بە گردەکان دەورە دراوە. ئۆسلۆ یەکێکە لە شارە جیهانییەکان لە ڕووی ئاستی بەرزی ژیانکردن.

زانیاری گشتی

ئۆسلۆ
وڵات نەرویج
پارێزگا ئۆسلۆ
دامەزراندن ١٠٤٨
سەرۆکی شارەوانی ماریان بۆرگێن
کۆی گشتی ڕووبەر ٤٨٠ کیلۆمەتری دووجا
زەوی ٤٥٤ کیلۆمەتری دووجا
ڕووبەری ئاوی  ٢٦ کیلۆمەتری دووجا
بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا ٢٣ مەتر
بەرزترین خاڵ چیای کیرکەبێرگێرت بە بەرزی ٦٢٩ مەتر
دانیشتووان ١,٠٧١,٠٠٠
چڕی ١٤٠٠ کەس بۆ هەر کیلۆمەترێک دووجا

جوگرافیای ئۆسلۆ

ئۆسلۆ لە ڕووی جوگرافییەوە لە لوتکەی ئۆسلۆفجۆرد هەڵکەوتووە، بە گرد و شاخ و دارستان دەورە دراوە، لە سنووری شارەکە و دەوروبەری نزیکەی ٤٠ دوورگە هەیە، گرنگترینیان مالمۆیایە، کە نزیکترینیانە لە ئۆسلۆفجۆردەوە.

هەروەها خاوەنی چەندین دەریاچەیە، کە نزیکەی ٣٤٣ دەریاچەیە، گەورەترینیان ماریدانسڤاڵێتە، سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی ئۆسلۆیە، هەروەها دوو ڕووبار هەن ئاکەرسێلڤا و ئالنایە، کە ئۆسلۆیان بەسەر دوو بەشدا دابەشکردووە، کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوان.

بەرزترین چیای ناوچەی ئۆسلۆ بریتییە لە کیرکەبێرگێرت بە بەرزی ٦٢٩ مەتر. ئۆسلۆ بەشێکی بەرچاوی نەرویجی داگیرکردووە، بەڵام جێگەی سەرنجە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە بەراورد بە پایتەختەکانی تری ئەورووپا زۆر کەمن.

ڕووبەری دوو بەش لە سێ بەشی ئۆسلۆ دارستانە پارێزراوەکان، دەریاچەکان، پارک و گردەکانە.

کەشوهەوا

بەهۆی کەنداوی مەکسیکەوە کە ئاوی گەرم دەهێنێت، کەشوهەوای ئۆسلۆ گەرمترە لە چاو ئەو ڕووبەرەی داگیری دەکات.

مانگەکانی هاوین لە مانگی ئایارەوە تا مانگی ئاب دەخایەنێت، کە باشترین کاتە بۆ سەردانکردنی شارەکە، ئۆسلۆ بە نزیکەی ٢٤ کاتژمێر تیشکی خۆری لێی دەدات، هەروەها دیاردەی خۆری نیوەشەو لە مانگی حوزەیران و تەممووزدا دەردەکەوێت.

وەرزی زستان لە مانگی ئەیلوولەوە تا مانگی نیسان بەردەوام دەبێت، پلەی گەرمی تا خوار -٦,٠ پلەی سیلیزی دەڕوات، زیاتر لە ٢٥ سانتیمەتر بەفر دەبارێت، لە ساڵێکدا ٣٠ ڕۆژ بەفر دەبارێت.

تێکڕای بارانبارینی ساڵانە ٧٦٣ میلیمەترە، زستان تا ڕادەیەک لە هاوین وشکترە.

مێژووی ئۆسلۆ

ئۆسلۆ یەکێکە لە شوێنە دێرینەکانی نەرویج، کۆنترین نیشتەجێبوونی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین و چاخی بڕۆنز. پێدەچێت ئۆسلۆفجۆرد شوێنێکی گرنگ بووبێت بۆ ڤایکینگەکان، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سێ کەشتی ڤایکینگەکان لە ناوچەکەدا دۆزراونەتەوە، کە لە مۆزەخانەی کەشتی ڤایکینگ نمایشکراون. یەکەم کڵێسا بە ناوی کڵێسای سانت کلیمەنتس لە ئۆسلۆ لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ دروستکراوە، تەنها شوێنەوارەکەی ماوە.

ئۆسلۆ تا ساڵی ١٠٤٩ بە فەرمی دانەمەزراوە، پاشان لە ساڵی ١٩٥٠ لەلایەن پاشا هارالد هاردرۆلەر دامەزراوە، لە ساڵی ١٢٩٩ پاشا هارالد بڕیاریدا لە بێرگنەوە بگوازێتەوە بۆ ئۆسلۆ و پایتەختەکەشی گواستەوە و ئۆسلۆ بووە پایتەخت.

لە ساڵی ١٣٥٠ هەموو شتێک گۆڕا کاتێک تاعونی ڕەش ڕووی لە ئۆسلۆ کرد، نزیکەی نیوەی دانیشتووانی شارۆچکەکە کۆچی دواییان کرد و کڵێساکان دەستیان کرد بە لەدەستدانی داهات. ئەمەش لە دەوروبەری ئەو کاتەدا بوو کە بازرگانانی هانسیاتیک هاتنە ناوچەکە تا دەست بەسەر بازرگانیدا بگرن و کڵێساکان وێران بوون.

وڵاتەکە بەهۆی تاعونەوە زۆری لەدەستدابوو بەو هۆیەوە ناچار بوو بچێتە ناو یەکێتی دانیمارکەوە، لە ساڵی ١٥٣٦ نەرویج و دانیمارک یەکیان گرت و کۆپنهاگن بووە پایتەخت و ئۆسلۆش و بە شێوەیەکی نەریتی بە ناسناوی پایتەختەوە مایەوە.

لە ساڵی ١٦٢٤ شارەکە بۆ هەمیشە گۆڕا، ئاگرێکی گەورە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو شارەکەی وێران کرد، پاش ئاگرەکە پاشا کریستیانی چوارەمی دانیمارک بڕیاریدا لە بری ئەوەی شارە کۆنەکە ئاوەدان بکاتەوە شارێکی نوێ دابمەزرێنێت و بە ناوی خۆیەوە ناوی بنێت، لە ساڵی ١٨٧٧ بە کریستیانا نووسراوە کە شوێنی ئێستای ئۆسلۆ دەگرێتەوە.

لە ساڵی ١٨١٤ کاتێک نەرویج یەکێتی دانیمارک بەجێدەهێڵێت، کریستیانا بوویەوە پایتەختی نەرویج. سەدەی ١٩ قۆناغێکی گەشەسەندنی بەرفراوان بوو بۆ کریستیانا، لەگەڵ گەڕانەوەی پێگەی خۆی چەندین دامەزراوەی دەوڵەت دامەزران لەوانە بانکی نەرویج، کۆشکی شاهانە و پەرلەمانی نەرویج.

ژمارەی دانیشتووان لە سەدەی ١٩ـیەم بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد لە ساڵی ١٨١٤ لە ١٠ هەزار کەسەوە بۆ ٢٣٠ هەزار کەس لە ساڵی ١٩٠٠.

هەروەها لە سەدەی ١٩ـیەمدا بووژانەوەی بیناسازی ڕووی لە ئۆسلۆ کرد، چەندین بینا و تەلاری سەرنجڕاکێش لە دەوری ناوەندی شارەکە دروستکران، هەروەها پیشەسازیش بەرزبوویەوە بە درێژایی ڕووباری ئاکەر، پیشەسازی جۆراوجۆر لێرە بوون بە پلەی یەکەم تەختە و قوماش.

ناوی کریستیانایان تا ساڵی ١٩٢٥ بەکارهێنا پاشان ناوەکەی گۆڕا بۆ ئۆسلۆ، بەهۆی ئەوەی دانیشتووان لایان گونجاو نەبوو شارەکە بە ناوەی پاشایەکی دانیمارکەوە بنرێت. لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا ئۆسلۆ و نەرویج لەلایەن ئەڵمانیاوە گیران.

پاش جەنگ ئابووری ئۆسلۆ گۆڕا بۆ یەکێک لە دەوڵەمەندترین و گونجاوترین شارەکانی جیهان، ئۆسلۆ لە نەرویجدا هەمەچەشنترین شارە کە ٪٤٠ـی دانیشتووانەکەی کۆچبەرن.

سیاسەت و حکوومەت

ئۆسلۆ پایتەختی نەرویجە بەوهۆیەشەوە شوێنی دانیشتنی حکوومەتی نیشتیمانی نەرویجە، ناوەندی سیاسی و ئابووری و کارگێڕی وڵاتەکەیە، زۆربەی فەرمانگەکانی حکوومەت، لە نێویاندا فەرمانگەکانی سەروەزیران لە نزیک پەرلەمانی نیشتیمانی نەرویجە.

ئابووری ئۆسلۆ

ئۆسلۆ خاوەنی ئابوورییەکی هەمەچەشن و بەهێزە، یەکێکە لە وڵاتانی خاوەن بەرزترین تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی لە ئەورووپا. بە یەکێک لە شارە پێشکەوتووەکان دادەنرێت.

ئۆسلۆ ناوەندێکی گرنگی زانیاری دەریاییە لە ئەورووپا، شوێنی نزیکەی ١٩٨٠ کۆمپانیا و ٨٥٠٠ کارمەندی ناو کەرت دەریاییە. بەندەری ئۆسلۆ گەورەترین بەندەری گشتی بارهەڵگر و گواستنەوە و سەرنشینە لە وڵاتەکە، نزیکەی ٦٠٠٠ کەشتی لە بەندەرەکاندا جێگیردەبن.

لە کەرتی دامەزراندندا، پیشەسازی خزمەتگوزاری لە ئۆسلۆدا باڵادەستە، زیاتر لە ٪٥٩ـی هەلی کارەکان پێکدەهێنێت، بوارەکانی تری دامەزراندن بریتین لە پیشەسازی گەشتیاری، میوانخانە، بازرگانی، بانکی و دەستەبەری.

پەروەردە

ئاستی پەروەردە و بەرهەمهێنان لە هێزی کار لە نەرویجدا بەرزە. نزیکەی نیوەی ئەوانەی خوێندنیان لە ئاستی باڵادا هەیە لە نەرویج لە ئۆسلۆ دەژین.

زانکۆی ئۆسلۆ گەورەترین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە نەرویج، نزیکەی ٢٨,٠٠٠ خوێندکار و ٧,٠٠٠ کارمەندی هەیە.

لە دیارترین زانکۆکانی ئۆسلۆ زانکۆی ئۆسلۆیە کە زانکۆیەکی توێژینەوەی گشتییە، خاوەنی بەرزترین پلە و دێرینترین زانکۆی نەرویجە، خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرایە لە زۆربەی بوارەکاندا.

خاوەنی چەندین زانکۆی ترە لەوانە، زانکۆی میترۆپۆلیتانی ئۆسلۆ، کۆلێژی بی ئای بازرگانی نەرویج، کۆلێژی تەکنەلۆجیای زانیاری نەوریجی، کۆلێژی وێستەرداڵس بۆ هونەر و پەیوەندی و تەکنەلۆجیا، کۆلێژی ئۆسلۆ بۆ تەلارسازی و دیزاین، کۆلێژی زانستی وەرزشی نەرویجی و ئەکادیمیای مۆسیقای نەرویج و چەندانی تر.

دانیشتووان

دانیشتووانی ئۆسلۆ ١,٠٧١,٠٠٠ کەسن، لە ٧٠٪ـی دانیشتووانی ئۆسلۆ بە ڕەگەز نەرویجین، هێشتا شارەکە کۆچبەرێکی زۆری تێدایە و زۆرێک لە نەرویجییەکان لە دایک و باوکی کۆچبەرەوە لەدایکبوون.

زۆرترین کەمینەی ئۆسلۆ خەڵکی پاکستانن پاشان خەڵکی سوید و سۆماڵ و پۆڵەندان، هەروەها کەمینەیەکی بەرچاو لە خەڵکی عێراق، ئێران، ڤێتنام، تورکیا، مەغریب، فلیپین و سریلانکا هەن.

نزیکەی ٦٣٪ـی خەڵکی ئۆسلۆ سەر بە کڵێسای نەرویجنن، موسوڵمانان ٨٪ـی پێکدەهێنن، پاشان ڕۆمانی کاسۆلیکەکان دێن.

گەشتیاری

ئۆسلۆ لە ڕووی ڕووبەرەوە یەکێکە لە گەورەترین پایتەختەکانی جیهان، بەڵام بەشێکی کەمی شارەکە ئاوەدانکراوەتەوە، ڕووبەرێکی گەورەی بە سروشتە جوانەکەیەوە ماوەتەوە، ڕووبەری دوو بەش لە سێ بەشی ئۆسلۆ دارستانە پارێزراوەکان، سەدان دەریاچە، پارک و گردەکانە.

دیارترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئۆسلۆ

پارکی پەیکەرسازی ڤیگلاند: یەکێکە لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی نەرویج، چەندین پەیکەری بە درێژایی ٨٥٣ مەتر تێدایە.

قەڵای ئاکەرشوس: قەڵایەکی بەناوبانگی شارەکەیە، لە کۆتایی سەدەی ١٣ـیەم دروستکراوە.

خانووی کێڵگەیی مێژوویی لە مۆزەخانەی فۆلکلۆری نۆرسک: مۆزەخانەیەکی ناوازەی کراوەیە، کە کۆمەڵێک پێشانگای هەمیشەیی پێشکەشدەکات، کە کولتووری ٥٠٠ ساڵی نەرویج دەگرێتەوە.

مۆزەخانەی کۆن تیکی: نمایشەکانی تایبەتن بە تۆر هێیردل کە سەرکێش و چاونەترسێکی نەرویجی بوو، بەهۆی گەشتی کۆن تیکی بەناوبانگ بوو، کە لە ساڵی ١٩٤٧ بە کەشتییەکی دەستی دروستکراو لە ئەمریکای باکوورەوە بۆ دوورگەکانی توامۆتو هەشت هەزار کیلۆمەتری بە زەریای هێمندا بڕی، جگە لە کەشتی بەناوبانگی کۆن تیکی کەشتییەکانی تریشی تێدایە کە هێیردل بەکاری هێناوە، گەشتە بەناوبانگەکەی خاوەنی فیلمێکی بەڵگەنامەییە و براوەی خەڵاتی ئۆسکارە.

سەرکڵێسای ئۆسلۆ: تایبەتمەندییەکەی بریتییە لە دەرگا سەرەکییە بڕۆنزییە ڕازاوەکەی، تابلۆی سەقفی، شووشە ڕەنگاوڕەنگەکانی، مینبەرە هونەرییەکەی و میحرابەکەی.

مۆزەخانەی مێژوویی سروشتی و باخچەی ڕووەکی: مۆزەخانەیەکی مێژوویی سروشتییە، کە پێکهاتووە لە مۆزەخانەی جیۆلۆجی، مۆزەخانەی ئاژەڵناسی و باخچەی ڕووەکی، مۆزەخانەی جیۆلۆجی ماددەی نائەندامی و کانزا بەنرخەکان و بەردە ئاسمانییەکانی تێدایە، هەروەها کۆمەڵێک پەیکەری دایناسوڕی تێدایە. ئەم باخچەیە لە ساڵی ١٨١٤ دامەزراوە، ٧٥٠٠ جۆری جیاوازی ڕووەکی لە نەرویج و ناوچەکانی تری جیهانەوە تێدایە.


سەرچاوەکان



402 بینین