تورکمانستان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-11-28-22:52:00 - کۆدی بابەت: 10483
تورکمانستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

تورکمانستان یان تورکمانیا (بە عەرەبی: ترکمانستان، بە ئینگلیزی: Turkmenistan) وڵاتێکە دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا بە دیاریکراوی بەشی ئاسیای ناوەڕاست، پایتەختەکەی عیشق ئابادە. لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنووری ئەفغانستانە و وڵاتی ئێرانیش لە بەشی باشووری ڕۆژاواوەی نزیکە، ئۆزپاکستان دەکەوێته ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتییەوە، کازاخستان لە باکوور و باکووری ڕۆژاواوە هاوسنوورێتی، هاوکات دەریای قەزوین لە ڕۆژاواوە هاوسنووری تورکمانستانە و تاکە دەریای هاوسنووری تورکمانستانە. ڕووبەری وڵات نزیکەی نیو ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانیش پێنج ملیۆن کەسن. تورکمانستان دووەم گەورەترین وڵاتی ئاسیای ناوەڕاستە، هاوکات بەهۆی سیستمی دیکتاتۆری وڵاتەوە بە کۆریای باکووری دووەم ناوزەد دەکرێت.

زانیاری گشتی

ناوی وڵات تورکمانستان، تورکمانیا
پایتەخت عیشق ئاباد
زمانی فەرمی تورکمانی
ڕووبەر ٤٩١٢١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە
ژمارەی دانیشتووانی وڵات ٥٨٥٠٩٠١
سیستمی دەسەڵات سیستمی کۆماری و سەرۆکایەتی
ساڵی سەربەخۆیی ٢٧ـی تشرینی یەکەم ١٩٩١
کۆدی پەیوەندی +٩٩٣

واتای تورکمانستان 

زاراوەی تورکمانستان لە دوو بڕگە پێکهاتووە، "تورکمان" واتای ناوی نەتەوە یان گەل دەبەخشێت، "ستان" کە واتای هەرێم یان شوێن یاخود ناوچەیەک دەبەخشێت. تورکمانستان واتای ناوچەی تورکمان، وڵاتی تورکمانەکان یان وڵاتی تورکمانە.

مێژووی تورکمانستان

لە ڕابردوودا و لە سەدەکانی پێش مێژوو، ئارامییەکان لە خاکی تورکمانستان نیشتەجێ بوونە و خاکەکە بەشێک بووە لە خاکی فارسەکان. لە سەدەی حەوتەمی زایینی خاکەکە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرییەتی ئەخمەنی ئێرانی. لە سەدەی هەشتەمی زایینییەوە هۆزەکانی ئۆغۆز لە مەنگۆلیاوە کۆچی ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاستیان کرد، زۆرێک لەو هۆزە نیشتەجێیی خاکی تورکمانستان بوون، هاوکات زمانی فەرمییان زمانی تورکی بووە. لەدوای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام هۆزی ئۆغۆز بە ئاشتییانە ئایینی ئیسلامیان پەسەند کرد.

بەهۆی شوێنی جوگرافییەوە تورکمانستان لە ڕابردوودا وێستگەیەکی گرنگی سەر ڕێگای ئاوریشم بووە. لە سەدەی ١٣ و ١٤ـی زایینی تورکمانستان ژێردەستەی ئیمپراتۆرییەتی جەنگیزخان بوو. لە سەدەی ١٥ـی زایینی ناوچەکە کەوتە ژێرداگیرکارییەکانی تەیموورییەکان. لە سەدەی پازدەیەمەوە زۆر ناوچەی تورکمانستان کەوتنە ژێردەسەڵاتی سەفەوییەکان، لە ساڵی ١٧٤٠ سەفەوییەکان بەشێکی زۆری تورکمانستانیان داگیرکردبوو و شا نادری سەفەوی خاکەکەی بەڕێوەدەبرد.

لە ساڵی ١٨٨١ تورکمانستان لەلایەن ئیمپڕاتۆری ڕووسیاوە داگیرکرا. دوای شۆڕشی ساڵی ١٩١٧ـی ڕووسیا، تورکمانستان بووە بەشێک لە یەکێتی سۆڤییەت و لە ساڵی ١٩٢٤ بووە یەکێک لە وڵاتە کۆمارییەکانی ژێردەسەڵاتی سۆڤییەت. دوای ڕووخانی یەکێیتی سۆڤییەت، لە ٢٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩١ تورکمانستان سەربەخۆیی بەدەستهێنا و بووە وڵاتێکی سەربەخۆ.

جوگرافیای تورکمانستان

تورکمانستان لە دوای کازاخستان دووەم گەورەترین وڵاتی ناوچەی ئاسیای ناوەڕاستە. ڕووبەری وڵات نزیکەی نیو ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و زۆرێک لە خاکەکەی خاکی وشکانییە، تەنها یەک سنووری دەریایی هەیە کە بەدرێژایی ١٧٦٨ کیلۆمەتر لە ڕۆژاواوە دەریای قەزوین هاوسنووری وڵاتەکەیە. بەرزترین لوتکەی شاخ دەکەوێتە ناوچەی زنجیرە چیاکانی کۆپیداغ نزیک سنووری ئێران کە بەرزییەکی ٣١٣٩ مەترە.

تورکمانستان خاوەن چەندین ڕووبارە، ڕووباری ئاموو داریا لە گرنگترین ڕووبارەکانی وڵاتە و درێژییەکەی ٢٤٠٠ کیلۆمەترە، هاوکات تورکمانستان لەگەڵ وڵاتی ئێران کێشەی سیاسی و سنوورییان هەیە لەسەر دابەشبوونی ئەم ڕووبارە. دەرچەی گازی دەرڤازە ناسراو بە "دەرگای دۆزەخ" بریتییە لە چاڵ و دۆڵێکی هەمیشە گڕگرتوو کە گازی سروشتی تێدا دەسووتێت، تیرەی چاڵکە ٦٩ مەترە و قووڵییەکەی ٣٠ مەترە ئەو شوێنە بە ناوچەیەکی گەشتیاری هەژمار دەکرێت.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی وڵات نزیکەی پێنج ملیۆن کەسن، بنەچە و ڕەچەڵەکی نەتەوەییان جیاوازە، ٨٥٪ـی دانیشتووان لە نەتەوەی تورکمانن، ٥٪ـی دانیشتووان ڕەچەڵەکی ئۆزباکیین، ٤٪ـی دانیشتووان ڕووسیین، ٦٪ـی دانیشتووان ڕەچەڵەکی گەلی تاتار و ئۆکرانی و ئەرمەنی و ئازەری پێکدێن.

زمانی فەرمی وڵات زمانی تورکمانییە، هاوکات زمانی ڕووسی و زمانی ئۆزباکیش دوو زمانی باوی وڵاتن و قسەی پێدەکرێت، لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ زمانی ڕووسی لە وڵات قەدەغە کرا، زمانی تورکمانی بە زۆر سەپێندرا و بووە زمانی فەرمی وڵات.

زۆرێک لە دانیشتووانی وڵات پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن و ٨٩٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن کە پەیڕەوی ڕێبازی ئیسلامی سوننەی حەنەفیین، هاوکات ٩٪ـی دانیشتووان پەیڕەوی ئایینی مەسیحی ڕێبازی ئەتۆدۆکسیین، ٢٪ـی دانیشتووانیش کەمینە ئایینەکانی تر پێکدەهێنن.

ئابووری وڵات

تورکمانستان سێیەمین وڵاتە بۆ گازی سروشتی یەدەگ و نزیکەی ١٠٪ گازی سروشتی یەدەگی جیهانی پێکدەهێنێت. زێڕ، زیو، یۆرانیۆم و خوێ لەو بابەتانەن کە زۆرترین بەرهەمهێنانی ئابوورییان لێدەکرێت.

لە ڕووی کشتوکاڵەوە پەموو لە بەرهەمە سەرەکییەکانی کشتوکاڵی ئەو وڵاتەیە، پاشان گەنم و جۆ و دانەوێڵە بەرهەمهێنانی کشوکاڵییان تێدا دەکرێت، کشتوکاڵی ئەو وڵاتە بە ڕێژەی ٢٤.٤٪ داهاتی خۆماڵی دەستەبەر دەکات.

بەهۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی وڵات سنووردارە لەگەڵ ڕووسیا و ئێران و چین، ئابووریی وڵات تا ڕادەیەک سستە و بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت، ڕێژەی بێکاری گەیشتووەتە ٦٠٪، تورکمانستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی زۆر بووەتەوە، هاوکات بەهۆی ئەو سستی ئابوورییە برسێتی و نەبوونی خۆراک ڕووبەڕووی دانیشتووانی تورکمانستان بووەتەوە.

سیستمی دەسەڵات و سیاسەتی وڵات

لە ساڵی ١٩٩١ بە فەرمی تورکمانستان لە یەکێتی سۆڤییەت سەربەخۆیی بەدەستهێنا، ساڵێک دواتر دەستووری وڵات ڕاگەیەندرا. سیستمی دەسەڵات لە تورکمانستان بە دیکتاتۆری ناسراوە، هاوکات تورکمانستان وەکوو کۆریای باکووری دووەم ناوزەد دەکرێت.

سەرۆکی وڵات بیردۆف محەمەدۆڤە و خۆی بە تورکمان پاشا ناودێر دەکات کە واتای باوکی تورکمان دەبەخشێت، لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە وەکوو سەرکۆماری هەتاهەتایی تورکمانستان دیاریکراوە و پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەروەزیرانیش هەر تایبەت بە خۆیەتی. ئازادی هاونیشتمانیانی ئەو وڵاتە سنووردارە، گەشتیاری لە تورکمانستان قەدەغەیە، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر چاودێرییە و بەکارهێنانی بەجۆرێک سنووردارکراوە کە تەنها ٢٪ـی ڕێژەی دانیشتووان دەتوانن ئینتەرنێت بەکاربهێنن.

دابەشبوونە کارگێڕییەکانی وڵات

تورکمانستان بەسەر پێنج ویلایەت دابەش کراوە، هەر ویلایەتێک لەو پێنج ویلایەتە پەنجا پارێزگا و شار لەخۆ دەگرێت، پارێزگای عیشق ئاباد بە ویلایەتێکی سەرەکی دادەنرێت و پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری وڵاتە، بە جۆرێک کە دانیشتووانەکەی یەک ملیۆن کەسن.

کەشوهەوای تورکمانستان

تورکمانستان کەشێکی بیابانی وشک و گەرمی هەیە، هاوینی زۆر گەرمە و زستانیشی مامناوەندە و ڕێژەی بارانبارینی سنووردارە، بەگشتی لە ناوچە وشکەکانی وڵات ڕێژەی بارانبارینی ساڵانە نزیکەی ٨٠ ملیمە لە ساڵێکدا. بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکانی نموونەی زنجیرە چیاکانی کۆپێداغی نزیک سنووری ئێران ڕێژەی بارانبارین بەرز دەبێتەوە و دەگاتە ٣٠٠ ملیم لە ساڵێکدا.


سەرچاوەکان



536 بینین