ئەو گوڵانەی وەک دەرمان بەکاردەهێنرێن

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-01-21:15:00 - کۆدی بابەت: 10511
ئەو گوڵانەی وەک دەرمان بەکاردەهێنرێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو گوڵانەی وەک دەرمان بەکاردەهێنرێن (بە ئینگلیزی: Flowers used as medicine، بە عەرەبی: استخدامات زهور کدواء)، بۆ چەند سەدەیەکە پزیشکان دانیان بە تایبەتمەندییە چارەسەرییەکانی هەندێک گوڵدا ناوە. جگە لەوەش، ئەم دانپیانانە زۆرێک لە کولتوورەکانی جیهانی گرتووەتەوە. یەکێک لە گەورەترین سوودەکانی ئەوەیە کە گوڵ و ڕووەک تایبەتمەندی دەرمانی تەواو سروشتی پێشکەش دەكەن، زۆربەی كات بەبێ ئەو کاریگەرییە لاوەکییە ترسناکانەی کە حەب و دەرمانی مۆدێرن هەیانە. جگە لەوەش ئەو چارەسەرانەی لە گوڵ دروست دەکرێن دەكرێت زۆر هەرزانتر بن لەو دەرمانانەی کە لەلایەن کۆمپانیاکانی دەرمانەوە دەخرێنە بازاڕەوە.

باشترین شوێنەکان بۆ بەدەستهێنانی گوڵی وشککراوە یان زەیتە سروشتییەکانیان فرۆشگایەكی تەندروستی گیاییە. ئاگاداربە لەکاتی ئامادەکردنی چونکە هەندێک گوڵ دەكرێت زۆر بەهێز بێت. بە تایبەتی دایکانی دووگیان یان شیردەر پێویستە پێش بەکارهێنانی هەر زەیتێکی سروشتی راوێژ بە پزیشکەکەیان بکەن.

ئەو گوڵانەی وەک دەرمان بەکاردەهێنرێن

گیای ئەنجێلیکا (Angelica Herb)

ئەو پارچە سەوزانەی ئەنجێلیکای شیرینکراو کە بۆ ڕازاندنەوەی کێک بەکاردەهێنرێن لە هەمان ڕووەکی گوڵی ئەنجێلیکا هاتووە. گوڵەکە وەک باقی ڕووەکەکە لەڕادەبەدەر بۆن خۆشە و کۆمەڵێک بەکارهێنانی دەرمانی هەیە لەوانە تێکچوونی کۆئەندامی هەرس و کۆکە و هەڵامەت. هەروەها دەتوانرێت وەک بەهێزکەرێك بە کەسانی بەساڵاچوو و منداڵان بدرێت.

گوڵی مرواری (Begonia)

دەكرێت گوڵی مرواری بە چەند شێوازێکی جیاواز ئامادە بکرێت. گیراوەیەك کە بە تێكەڵكردنی گوڵەکان لەگەڵ ئاوی گەرمدا دروست دەکرێت یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی سەرئێشە و ڕزگارکردنی جەستە لە ژەهرەکان. هەروەها دەتوانرێت گوڵ و گەڵاكەی ورد بكرێت و ڕاستەوخۆ بدرێت لە پێست بۆ ئەوەی یارمەتی نەهێشتنی ئازار بدات و برین یان سووتاوییەكان چاک بكاتەوە.

کۆهۆشی ڕەش (Black Cohosh)

پێویستە خانمان زۆر ئاگاداربن لەکاتی بەکارهێنانی کۆهۆشی ڕەشدا چونکە گوڵێکی زۆر بەهێزە. دەكرێت کۆهۆشی ڕەش وەک هاندەرێك بەکاربهێنرێت، واتە منداڵدان هاندەدات. ئەو ژنانەی کێشەی سوڕی مانگانەیان هەیە دەتوانن بەشێوەیەکی کاریگەر ژەمێكی کەم لەم گوڵە بەکاربهێنن بۆ یارمەتیدانی ڕێکخستنی سوڕی مانگانە و کەمکردنەوەی ئازار. لە هەمان كاتدا پێویستە ژنانی دووگیان خۆیان لێی بەدوور بگرن چونکە دەكرێت ببێتە هۆی لەبارچوون یان منداڵبوونی پێشوەختە

ڕەگی خوێن (Blood Root)

ئەم گوڵە سپییە بچووکە زۆر کاریگەرە بە بەكارهێنانی ژەمێكی کەمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆئەندامی هەناسە. دەتوانرێت بکرێت بە هەویر کاتێک تێکەڵ بە پێکهاتەی تر دەکرێت و بکرێتە سەر پێست بۆ چارەسەرکردنی پەڵە و بالۆكە و کێشە جۆراوجۆرەکانی پێست. کاتێک وەک چا یان گیراوەیەك دەخورێت، زۆر کاریگەر دەبێت لە پاککردنەوەی خوێن و دابەزاندنی تا.

لۆبێلیای شین (Blue Lobelia)

هیندییە ڕەسەنەکان لۆبێلیای شینیان وەک چارەسەرێک بۆ نەخۆشی سیفلیس و هەروەها نەخۆشییە کەمتر توندەکان بەکاردەهێنا. ئەو چایەی بەم گوڵە دروست دەکرێت یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی تا، کۆکە، هەڵامەت و کێشەکانی کۆئەندامی هەرس.

گوڵی داودی (Chrysanthemum)

گوڵێکی ترە کە چایەکی نایاب دروست دەکات کاتێک دەكرێتە ئاوی گەرمەوە. خواردنەوەی ئەم چایە یارمەتییەكی باشی ئەو کەسانە دەدات کە بەدەست تا، سەرئێشە یان هەڵامەتەوە دەناڵێنن. هەروەها دەتوانرێت شلە ساردکراوەكەی بەکاربهێنرێت بۆ ئارامکردنەوەی چاوە ماندووەکان.

گوڵە گۆچیلە یان گوڵە گەنم (Corn Flower)

ئەم گوڵە شینە ئاسمانییە لەمێژە بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەری نەخۆشەكان. چای گوڵە گەنم وەک دەرمانی ڕەوانی و وەک پاککەرەوەی دەمیش کاردەکات، هەروەها سەلامەتە گوڵەکان لە دۆخی خاودا بخورێت. هەویرێک کە لە گوڵی گەنمەشامی دروست دەکرێت بۆ ڕزگاربوون لە زیپکە و توڕەبوون و چاوی ماندوو بەكاردەهێنرێت.

باویلكە (Dandelion)

باویلكە زۆر کاریگەرە بۆ پاککردنەوەی خوێن و کەمخوێنی. هەروەها لە کولتووری ڕەسەنی ئەمریکییدا وەکوو دەرمانێكی ڕەوانی و هاندەر بۆ نەخۆشی بەکاردەهێنرا.

كاسەگوڵ (Foxglove)

بەشێوەیەکی مامناوەند بەکاردێت،  كاریگەری هەیە لە چارەسەرکردنی ئاوسانی. هەروەها وەک چایەک بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی کۆکە، هەڵامەت و برینی پێست.

گاردینیا (Gardenia)

گاردینیا لە پزیشکی چینیدا تایبەتمەندییەكی زۆری هەیە بۆ پاککردنەوەی خوێن، تێکچوون و کێشەی میزڵدان و برینداربوونی جەستەیی. هەروەها لە ئاستێکی دەروونیدا کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی و فشار و دڵەڕاوکێ و کەمخەوی و تێکچوونەكانی هاوشێوە.

یاسمین (Jasmine)

گوڵی یاسمین تەنها کوپێک چای بە تام دروست ناکات، بەڵکو یارمەتیدەرە لە کێشەکانی هەرس و برینی گەدە. خواردنی پێش خەوتن دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دوورکەوتنەوە لە کەمخەوی و دڵەڕاوکێ.

پەنجەخانم (Honeysuckle)

گوڵی پەنجەخانم سەلامەتە بە كاڵی بخورێت و دەتوانرێت وەك دژە بەكتریایەك غەرغەرەی پێبكرێت بۆ ئازاری قورگ. هەروەها بە دروستكردنی هەویرێك لە گوڵەكانی پەڵەی پێست یان هەوکردن چارەسەر دەکات.

زوفا (Hyssop)

زوفا بەناوبانگە بە بەهێزی دژی ئازاری قوڕگ، هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، گیرانی سنگ، ڕۆماتیزم و هەوکردنی جومگەکان. هەروەها دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ باشترکردنی سوڕی خوێن.

یاس (Lilac)

دەتوانرێت گوڵی یاس بكرێتە ناو ئاو بۆ كەمبوونەوەی تا و بۆ ڕزگاربوون لە مشەخۆری ناوەوە. بە دروستكردنی هەویرێك یان جێڵێك لە گوڵی یاس یارمەتیدەرە لە چاكبوونەوەی سووتانی پێست و برینەکان.

نیلوفەر (Lotus)

گوڵی نیلوفەر لە هەردوو کولتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوادا بەناوبانگە بەهۆی کاریگەرییەكانی دژی تا و سکچوون و هەروەها نەخۆشییە قورسترەکانی وەک کۆلێرا و هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە. شەربەتێک کە لە گوڵەکە دروست دەکرێت، یارمەتییەکی زۆرت دەدات بۆ کۆکە.

ڕۆز (Rose)

گوڵی ڕۆز بڕێکی باش لە ڤیتامین C تێدایە و زۆر سەلامەتە بۆ خواردن. دەتوانرێت گەڵاكەی بە کاڵی بخورێت بۆ ئەوەی سوڕی خوێن زیاد بکات، هەروەها خەمۆکی ناهێڵێت. چای ڕۆز وەک دەرمانێكی ڕەوانی سووک کاردەکات. هەویرێک یان کرێمێک کە لە گەڵاکانی دروست دەکرێت، کارێکی سەرسوڕهێنەر دەکات بۆ باشترکردنی دۆخی پێست بەتایبەتی لەسەر دەموچاو.

دەمەشێر (Snapdragon)

دەتوانرێت گوڵی دەمەشێر وەک هێورکەرەوەیەک و ئارامکەرەوەی دەروونی بەکاربهێنرێت. بەتایبەت لەکاتی تووشبوون بە کەمخەوی یان فشار بەسوودە.

گوڵەبەڕۆژە (Sunflower)

خواردنەوەی گیراوەیەك کە لە گوڵی گوڵەبەڕۆژە دروستکراوە یارمەتیدەرێکی زۆرە بۆ برینی گەدە و ناتەواوی سوڕی مانگانە. هەروەها دەتوانرێت بۆ غەرغەرەکردن لە حاڵەتەکانی ئازاری قوڕگدا بەکاربهێنرێت.

گوڵی هەڵوژە (Plum flowers)

گوڵی هەڵوژە بە پلەی یەکەم لە پزیشکی چینیدا بەکاردێت بۆ ڕزگارکردنی جەستە لە مشەخۆر و برینی جەستە. هەروەها بۆ باشتركردنی تەندروستی کۆئەندامی هەرس بەکاردەهێنرێت.

بەیبوون (Chamomile)

ئازارشکێنێکی سروشتییە کە وایکردووە لە کاتی سوڕی مانگانەدا یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی گرژبوون و ئازاری گشتی ماسولکەکان. زەیتی بەیبوون تایبەتمەندی دژە ئۆکسانی هەیە و بەسوودە بۆ هەرسکردن و پێست. توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە زەیتی بەیبوون کاریگەرە بۆ ڕزگاربوون لە سەرئێشە، دڵەڕاوکێ و ماندوێتی. بۆنی بەیبوون دەبێتە هۆی ئارامبوونەوە و ئارامگرتن و خەوتن. دەتوانیت لە ئاوی کوڵاودا گوڵی بەیبوون بکوڵێنیت و پێش خەوتن ئەم چایە بێ کافایینەیە بخۆیتەوە بۆ خەوتنێکی قووڵ و ئارام. بۆنی گوڵی بەیبوون بەسە بۆ نەهێشتنی فشار و دڵەڕاوکێ. دەتوانرێت بەیبوون وشک بکرێتەوە یان بە تازەیی بەکاربهێنرێت.

هەمیشەبەهار (Marigold)

بە تایبەتمەندی دژە بەکتریا و دژە هەوکردن و دژە کرژبوون و چەوری ناسراون. سوودێکی زۆریان هەیە بۆ مەبەستەكانی وەک باشترکردنی سوڕی خوێن، سەرئێشە، سەرمابوون، ددان ئێشە و قورگ ئێشە. خواردنی هەمیشەبەهار دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونی میزڵدان و جگەر و ژەهراویبوونی کۆئەندامی هەرس و پاراستنی لەش لە هەوکردن.


سەرچاوەکان



407 بینین