چەند خۆراکێک بۆ کەمکردنەوەی سترێس

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-12-16-21:16:00 - کۆدی بابەت: 10682
چەند خۆراکێک بۆ کەمکردنەوەی سترێس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەند خۆراکێک بۆ کەمکردنەوەی سترێس (بە ئینگلیزی:Some foods to reduce stress، بە عەرەبی: بعض الطعام لتقليل التوتر). سترێس کاردانەوەیەکی ئاسایی جەستەیە لە کاتی گۆڕانکاری لە جەستەدا ڕوودەدات. لە ڕاستیدا، لەشی مرۆڤ بەجۆرێکە کە ڕووبەڕووی سترێس دەبێتەوە و لە هەمان کاتدا کاردانەوەشی دەبێت، دەکرێت ئەم کاردانەوەیە جەستەیی یان دەروونی بێت. تووشبوون بە سترێس بۆ ماوەیەکی درێژخایەن مەترسیدارە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خەمۆکی زیاد دەکات. دەکرێت سترێس لە ئەنجامی خواردنی چەند خۆراکێکەوە نەهێڵرێت یان ڕێگری لێ بکرێت. 

چەند خۆراکێک بۆ کەمکردنەوەی سترێس

چای ماتچا 

چای ماتچا هاڕاوەی گەڵای چای سەوزە، کە بە ماددەی دژەئۆکسێن دەوڵەمەندە. ئەم چایە بە بەراورد بە چای سەوز پێکهاتەی ترشیی ئەمینی زیاترە، هەروەها بڕێکی باش لە پێکهاتەی ئێڵ ثیانین (L-theanine) تێدایە. لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر مرۆڤ و ئاژەڵان ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەم چایە یارمەتی کەمکردنەوەی سترێس دەدات، لەبەرئەوەی ماددەی کافایینی کەمەکە و لە هەمان کاتیشدا بە پێکهاتەی ئێڵ ثیانین دەوڵەمەندە. 

پەتاتەی شیرین

پەتاتەی شیرین خۆراکێکە بە پێکهاتەی خۆراکی جۆراوجۆر دەوڵەمەندە و یارمەتی کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ دەدات، کە بە هۆرمۆنی سترێس ناسراوە. تووشبوون بە سترێس بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەرکی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ، لە ئەنجامدا دەشێت کەسەکە دووچاری هەوکردن و ئازار ببێتەوە. پەتاتەی شیرین سەرچاوەیەکی زۆر باشی کاربۆهیدراتە، هەروەها بە چەندین پێکهاتەی خۆراکی وەک ڤیتامین C و پۆتاسیۆم دەوڵەمەندە. 

هێلکە

هێلکە بە ڤیتامین و کانزا و ترشیی ئەمینی و ماددەی دژەئۆکسێن دەوڵەمەندە، کە ئەم پێکهاتانە لە پڕۆسەی کاردانەوەکانی جەستەدا پێویستن. هەروەها پێکهاتەی کۆلین (choline) تێدایە، کە تەنها لە چەند خۆراکێکی کەمدا هەیە، کۆلین ڕۆڵێکی گرنگی لە تەندروستی مێشکدا هەیە و لەش لە تووشبوون بە سترێس دەپارێزێت. 

چەوری ماسی

چەوری ماسی بە ئۆمێگا سێ و ڤیتامین D دەوڵەمەندە، کە ئەم دوو پێکهاتەیە ڕۆڵیان لە کەمکردنەوەی سترێسدا هەیە. ئۆمێگا سێ بە تەنها بۆ تەندروستی مێشک گرنگ نییە، بەڵکوو بۆ حاڵەتی سترێسیش بەسوودە. هەروەها ڤیتامین D ڕۆڵێکی گرنگی لە تەندروستی مێشک و کەمکردنەوەی سترێسدا هەیە، تووشبوون بە کەمیی ئەم ڤیتامینە ئەگەری زیادبوونی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاد دەکات. 

کەرەوز

کەرەوز جۆرە گەڵایەکی سەوزە، کە پێکهاتەی دژەئۆکسێنی تێدایە، دژەئۆکسێن پێکهاتەیەکە هەڵدەستێت بە شیکردنەوەی ماددە زیانبەخشەکان و تەنۆلکەی سەربەست. زیادبوونی تەنۆلکەی سەربەست لە جەستەدا دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی، بۆ نموونە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ. توێژینەوەکان دەریانخستووە، پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی دەوڵەمەند بە پێکهاتەی دژەئۆکسێن ڕێگری لە تووشبوون بە سترێس و دڵەڕاوکێ دەکات. ماددەی دژەئۆکسێن یارمەتی کەمبوونەوەی هەوکردن دەدات، کە لەو کەسانەدا زۆرە کە بۆ ماوەیەکی درێژ دووچاری سترێس دەبنەوە، 

سیر

سیر پێکهاتەی سولفەری تێدایە، کە یارمەتی زیادبوونی دژەئۆکسێنی گلوتاثیۆن (glutathione) دەدات، ئەم دژەئۆکسێنە بەشێکە لە یەکەم میکانیزمی جەستە دژی تووشبوون بە سترێس. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر ئاژەڵ ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە سیر یارمەتی کەمبوونەوەی نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەدات. 

گوڵەبەڕۆژە

گوڵەبەڕۆژە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین E، ئەمە ڤیتامینێکی لە چەوریدا تواوەیە کە هەمان ئەرکی ماددەی دژەئۆکسێن ئەنجام دەدات و بۆ لایەنی تەندروستی گرنگە. وەرنەگرتنی بڕی پێویست لەو پێکهاتە خۆراکییانەی کە بۆ لەش گرنگە ئەگەری تووشبوون بە خەمۆکی و تێکچوونی لایەنی دەروونی زیاد دەکات. هەروەها پێکهاتەی تری وەک مەگنیسیۆم و مەنگەنیز و زینک و ڤیتامین B و مسی تێدایە. 

برۆکلی

برۆکلی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشی دەروونی وەک خەمۆکی کەم دەکاتەوە. دەشێت هۆکاری ئەم سوودەی بۆ هەبوونی پێکهاتەی وەک مەگنیسیۆم و ڤیتامین C و فۆلەیت بگەڕێتەوە. 

نۆک

نۆک بە هەندێک پێکهاتەی وەک مەگنیسۆم، پۆتاسیۆم، ڤیتامین B، زینک، مەنگەنیز و مس دەوڵەمەندە. هەروەها پێکهاتەی ئێڵ تریپتۆفان (L-tryptophan) تێدایە، کە دەمارەگوێزەرەوەیەکە ڕۆڵی لە ڕێکخستنی هەستی مرۆڤدا هەیە. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەو سیستمە خۆراکییانەی بە سەرچاوەی پڕۆتینی وەک نۆک دەوڵەمەندن، یارمەتی بەرەوپێشبردنی تەندروستی مێشک دەدەن و بەهێزی دەکەن. 

چای گوڵەبەیبوون

ئەم چایە وەکوو کەمکەرەوەیەکی سروشتی سترێس ناسراوە. سەلمێندراوە، ئەم چایە یارمەتی هەبوونی خەوێکی ئارام و پڕ کوالێتی دەدات، هەروەها نیشانەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ کەم دەکاتەوە.

تووەشینە 

تووەشینە میوەیەکە چەندەها سوودی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە، بە تایبەتی ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی هەست و لایەنی دەروونی کەسەکە هەیە. ئەم میوەیە ڕێژەیەکی زۆر لە دژەئۆکسێنی فلاڤینۆیدی (flavenoid) تێدایە، کە تایبەتمەندی دژەهەوکردنی هەیە. هەروەها یارمەتی کەمبوونەوەی سترێس دەدات ئەگەر پەیوەندی بە هەبوونی هەوکردنەوە هەبێت، لە هەمان کاتدا خانەکان لە زیان گەیاندن بەهۆی سترێس دەپارێزن.


سەرچاوەکان



536 بینین