برازاڤیل

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-16-23:30:00 - کۆدی بابەت: 10691
برازاڤیل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

برازاڤیل (بە ئینگلیزی: Brazzaville، بە عەرەبی: برازافيل)، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆماری کۆنگۆیە. ئەم شارە ناوەندی دارایی و کارگێڕی وڵاتەکەی پێک دەهێنێت، دەکەوێتە لای باکووری ڕووباری کۆنگۆ، بەرامبەر کینشاسای پایتەختی کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ (DR Congo).

ژمارەی دانیشتووانی برازاڤیلی پایتەخت بە زیاتر لە ١٫٨ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت و نزیکەی ٤٠٪ـیان لە پیشە ناکشتوکاڵییەکاندا دامەزراون. ئەم شارە لە ساڵی ١٨٨٣ـدا دامەزراوە، هەروەها لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەم و لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠ بۆ ١٩٤٢ پایتەختی فەڕەنسای ئازاد بوو. لە ساڵی ٢٠١٣ـدا شارەکە لەلایەن یونسکۆوە وەک شاری مۆسیقا دەستنیشانکرا، لەو کاتەوە ئەندامی تۆڕی شارە داهێنەرەکانە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی برازاڤیل لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠٧ـدا ١٫٣٧ ملیۆن کەس بوو و لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ژمارەی دانیشتووان گەشتە ١٫٨٣ ملیۆن کەس. ڕووبەری شارەکە ٢٦٣٫٩ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٦٫٤۰۰ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ئەم شارە ٣٢٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. هەروەها زمانی سەرەکی دانیشتووانی برازاڤیل فەڕەنسییە.

ئابووری

شوێنی جوگرافی برازاڤیل لە نزیک حەوزی ڕووباری کۆنگۆ وای لێکردووە کە وەک جێگیرگەیەکی پیشەسازی و بازرگانی و بەندەری گەشە بکات. بازرگانان لە ڕێگەی کەشتی و بەلەمەکانەوە به ڕووبارەکەدا دەپەڕینەوە و کەرەستەی خاویان دەگواستەوە. پاشان دروستکردنی هێڵی ئاسن ئاسانکاری بۆ بازرگانان کرد و توانای بازرگانانی شار زیادی کرد. تەون و پێستە خۆشکردن و بەرهەمهێنان نموونەی پیشەسازییەکانی شاری برازاڤیلن. ئەم شارە وەک بەندەرێکی سەرەکی سەر ڕووباری کۆنگۆ هێشتا کەرەستەی خاوی پێدا دەگوازرێتەوە. زۆرێک لە کۆمپانیاکان و ڕێکخراوە حکوومییەکان و ناحکومییەکان لە شارەکەدا ئۆفیسیان هەیە و دەتوانن لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتدا کار بکەن. سەرەڕای ئەوەش‌ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئۆفیسی ناوچەیی خۆی لە ئەفریقا هەیە و دەکەوێتە شاری برازاڤیلەوە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای برازاڤیل خولگەییە، وەرزی وشک لە مانگی حوزەیرانەوه دەست پێ دەکات و تا مانگی ئەیلوول دەخایەنێت و وەرزی باراناویی لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار بەردەوام دەبێت. لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئاب خۆشترین کاتی ساڵە، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە پلەکانی گەرما دەست بە بەرزبوونەوە دەکەن.

تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە ٢٣٫٦ پلەی سەدییە و تێکڕای پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی نیسانە ٢٧٫٧ پلەی سەدییە. ساڵانه لە برازاڤیل ١٫٣٤٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە وشکترین مانگدا کە مانگی تەممووزە یەک مللیەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگدا کە تشرینی دووەمە ٢٢٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٦١٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.


سەرچاوەکان



206 بینین