خەردەل

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-16-23:34:00 - کۆدی بابەت: 11032
خەردەل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خەردەل (بە عەرەبی: خردل، بە ئینگلیزی: mustarad) جۆرە ڕووەکێکی گیایی سروشتییە و بەهۆی بەهێزی بۆن و تامەکەیەوە وەکوو بەهارات یان سۆسێکی تام‌ بەخشی سروشتی لە خواردنەکاندا بەکاردەهێنرێت. سوود لە گەڵا و تۆو و لقەکانی وەردەگیرێت و زەیتی خەردەل و سۆسی خەردەلی لێ دروست دەکرێت. گەڵاکەی بە کاڵی وەکوو سەوزە بەکاردەهێنرێت و تامی هاوشێوەی توورە.

مێژووی بەکارهێنانی

لە دۆزراوە مێژووییەکان سەلمێندراوە کە بۆ یەکەم جار لە چەند ناوچەیەکی هیندستان شوێنەواری ناشتنی خەردەل دۆزراوەتەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ١٨٥٠ـی پێش زایین، ئەوان دەنکی خەردەلی کوتراویان وەکوو ڕووەکێکی پیرۆز لە بواری پزیشکی بەکارهێناوە.

بەڵام چەند سەرچاوەیەکی تری مێژوویی دەریانخستووە کە ڕۆمانییەکان یەکەم شارستانییەت بوونە کە خەردەلیان وەکوو سۆس و بەهارات لە دروستکردنی خواردن بەکارهێناوە، ئەوان خەردەلی کوتراویان لەگەڵ ئاوی ترێی ترشێندراو و ئاوی جۆ تێکەڵ کردووە و چەند جۆرێک بەهارات و تامیان تێکەڵاوی ئەو گیراویە کردووە، پاشان وەکوو سۆسێک بۆ چەورکردنی گۆشتی بەراز و گۆشتی گا پێش برژاندن بەکاریان دەهێنا، هەر ڕۆمانییەکان بازرگانییان بەو سۆسەوە کردووە و لە چەند شوێنێکی جیهان بڵاویانکردووەتەوە.

لەسەدەی سیازدەیەم ناوچەکانی پاریس و دیجۆن لە فەڕەنسا ناوەندێکی سەرەکی بوون بۆ دروستکردنی سۆسی خەردەل. لەساڵی ١٣٣٦ خەردەلی دیجۆن ناودارترین خەردەل بوو و ئەوان لە دروستکردنەکەیدا خواردنەوەی کحوولی و ئاوی ترێی ترشێندراو و شەڕابی سووریان بەکاردەهێنا و لە ئاهەنگەکانیان وەکوو سۆسی برژاندن سۆسەکەیان بەکاریاندەهێنا، بۆیە ناوچەی دیجۆن بە پایتەختی دروستکردنی سۆسی خەردەل دادەنرێت و لە سەرەتای سەدەی بیستەوە یەکەمین کارگەی فەرمی دروستکردنی خەردەلیان دامەزراند. ئەمریکییەکان لە ڤیستیڤاڵ و بۆنە نیشتمانییەکانیان سۆسی خەردەل و سۆسی کەچەپیان لەگەڵ خواردنە خێراکان بەکاردەهێنا و کردیانە نەریتێک و لە جیهاندا بڵاویان کردەوە. وشەی خەردەل لە زمانی ئینگلیزیدا بە (mustarad) تۆمارکراوە کە ڕەچەڵەکی وشەکە لاتینییە و ڕۆمانییەکان بەکاریانهێناوە.

جۆرەکانی تۆو و دەنکی خەردەل

-خەردەلی سپی: ڕەنگی تۆوەکانی سپییە یان سپییەکی مەیلەو ڕەنگ زەردە، کێشی زۆر سوکە و لە دروستکردنی سۆسی خەردەل بەکاردەهێنرێت و تامەکەی مامناوەندە.
-خەردەلی قاوەیی یان خەردەلی هیندی: ئەم جۆرەی خەردەل تۆوەکەی ڕەنگی قاوەییە یان زەردێکی ڕەنگ تۆخە، تامێکی بەهێزی هەیە و بۆنی تیژە، بۆیە لە دروستکردنی گازی خەردەل بەکاردەهێنرێت.
-خەردەلی ڕەش: لە ڕووی تام و بۆنەوە خەردەلی ڕەش بەهێزترین جۆری خەردەلە و ڕەنگی تۆوەکەی ڕەشە، تامەکەی زۆر بەهێز و تیژە.

سۆسی خەردەل

سۆسی خەردەل لە ڕووەکی خەردەل بەرهەم دەهێنرێت و بە ڕەنگی سپی و زەرد و ڕەش و قاوەیی بەردەستە. تۆوی خەردەل دەهاڕدرێت و تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ئاو، سرکە، ئاوی لیمۆ، زەردێنەی هێلکە، دۆشاوی خورما، ئاردی گەنم، خوێ، تامی سروشتی یان تامی دەستکرد، بەهارات، لە هەندێک جۆری خەردەل ئاوی جۆ و ئاوی ترشێندراوی ترێ و مەی و شەڕابی سوور بەکاردەهێندرێت، هەموو ئەم پێکهاتانە بەبڕی گونجاو تێکەڵ دەکرێن، پاشان گیراوەیەکی نیمچەچڕ دروست دەبێت کە ڕەنگەکەی ڕەنگی زەردێکی کاڵە یان هەندێکجار ڕەنگی زەردێکی تۆخی مەیلەو قاوەییە. تامەکەی بەهێزە و تامی تاڵی و تفتی و ترشاوی خەردەلەکە تێکەڵ کراوە لەگەڵ تامێکی شیرین. وەکوو سۆسی برژاندن لە کاتی برژاندنی گۆشت بەکاردەهێنرێت، هەوەها لەگەڵ خواردنە خێراکان و زەڵاتە وەکوو سۆسێکی سەرەکی بەکاردەهێنرێت، لەگەڵ سۆسەکانی تری وەک مایۆنیز و کەچەپ تێکەڵ دەکرێت. لە هەندێک وڵات سۆسی خەردەل وەکوو پێکهاتەیەکی سەرەکی شۆربا بەکردێت نموونەی وڵاتی بەلجیکا و هۆڵەندا.

زەیتی خەردەل

زەیتی خەردەل گوشراوی دەنک و تۆوی خەردەلە و لە دەنکی خەردەل بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی ئەوەی چەند ماددەیەکی گرنگ لە پێکهاتەی زەیتی خەردەل بوونی هەیە یارمەتی بەهێزکردنی قژ و پاراستنی پێست دەدات، بۆیە بە گشتی زەیتی خەردەل لە بابەتەکانی جوانکاریدا سوودی لێدەبینرێت و بە تایبەتی لە دروستکردنی بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێست و قژ بەکاردەهێنرێت. گرنگترین پێکهاتەکانی بریتییە لە ماددەی بێتاکارۆتین کە سوودێکی گرنگی بۆ قژ هەیە، هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکان کە بۆ پێست باشن. 

گازی خەردەل

بابەت: گازی خەردەل

گازی خەردەل لە تۆوی خەردەل بە شێوەیەکی کیمیایی دروست دەکرێت، گازێکی بێ ڕەنگ و بێ بۆن بەرهەم دەهێنرێت بەڵام لەگەڵ ماددەی کیمیایی تردا تێکەڵ دەکرێت و ڕەنگی قاوەییەکی تۆخ و بۆنی سیر وەردەگرێت. گازی خەردەل گازێکی سووتێنەر و ژەهراوییە و لە جیهاندا قەدەغە کراوە.

سوودەکانی خەردەل

خەردەل و دەنکی خەردەلی هاڕدراو زۆر بەسوودن بۆ کرداری هەرس و گەدە و ڕیخۆڵە، هاوکات یارمەتی کرداری هەرس دەدات و هەروەها کرداری میتاپۆلیزم لە لەشدا ڕێک دەکات. پێکهاتەی خۆراکی دەنکی خەردەل دەوڵەمەندە بە ئۆمیگا سێ، پرۆتین، ڕیشاڵ، مەگنیسیۆم، فسفۆر، سیلینیۆم و چەندان ماددەی تر. خەردەل دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسێن کە بەرگری لەش زیاد دەکات و مرۆڤ لە نەخۆشی دەپارێزێت و دژە بەکتریا و میکرۆبە. سوودی بۆ کۆئەندامی هەناسە هەیە و کاریگەری و نیشانەکانی هەوکردن و کۆکە کەم دەکاتەوە.

زیانەکانی خەردەل

بەکارهێنان و خواردنی خەردەل سوودێکی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە، بەڵام زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا زیان دروست دەکات، بە تایبەتی بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە زەیتەکەی مرۆڤ دووچاری سکچوون و ئازاری سک و هەوکردنی ڕیخۆڵە دەکاتەوە. تۆو و گەڵاکانی خەردەلی کاڵ بڕێکی زۆر لە ماددەی جیترۆجینی لەخۆگرتووە کە ماددەیەکە کار لە فرمان و کارەکانی لیکەڕژێنی دەرەقی دەکات، بۆیە بۆ ئەو کەسانەی سستی و لاوازییان هەیە لە غودەدا خەردەل بۆیان گونجاو نییە و زیانی هەیە.

ئەو کەسانەی هەستیارییان بە تۆوی خەردەل هەیە بەکارهێنانی خەردەل و سۆس و زەیتەکەی بۆیان پەسەند نییە و لێیان قەدەغەیە، چونکە خواردن و بەکارهێنانی خەردەل دەبێتە هۆی سڕبوونی زمان و سووتانەوەی دەم و قوڕگ و ئاوکردنی چاویان، هەروەها دەبێتە هۆی سووربوونەوە و خنکان و هەناسەتەنگی و زیانێکی زۆریان پێدەگەیەنێت.


سەرچاوەکان



866 بینین