ئەسیوبیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-20-22:12:00 - کۆدی بابەت: 11065
ئەسیوبیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەسیوبیا، بە فەرمی کۆماری دیموکراتیی فیدراڵی ئەسیوبیا (بە ئینگلیزی: Ethiopia، بە عەرەبی: إثيوبيا)، وڵاتێکی بێ کەنارە لە قۆڕنی ئەفریقا. لە باکوورەوە لەگەڵ ئێریتریا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ جیبۆتی، لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ سۆماڵ، لە باشوورەوە لەگەڵ کینیا، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ساوس سودان و لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ سوداندا هاوسنوورە. کۆی گشتی ڕووبەری ئەسیوبیا ١,١٠٠,٠٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا نزیکەی ١١٣.٥ ملیۆن کەس بوو. ئەمەش وایکردووە ببێتە ١٣ـەم قەرەباڵغترین وڵاتی جیهان و دووەم قەرەباڵغترین وڵاتی ئەفریقا لە دوای نێجیریا. پایتەختی نیشتیمانی و گەورەترین شاری وڵات (ئەدیس ئەبابا)ـیە.

خشت

ناو ئەسیوبیا، بە فەرمی کۆماری دیموکراتیی فیدراڵی ئەسیوبیا
پایتەخت و گەورەترین شار ئەدیس ئەبابا
سەرۆکی وڵات سەھلورق زودی
سەرۆک وەزیران ئابی ئەحمەد
زمانی فەرمی ئەمهاری
ڕووبەری گشتی ١,١٠٤,٣٠٠ كم٢
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی ٢٠٢٢ـدا ١١٣,٦٥٦,٥٩٦
چڕیی دانیشتووان ٩٢.٧/كم٢
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن +٢٥١
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
یەکەی دراو بیڕ (ETB)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠٢٢ ٣٤٨ بلیۆن دۆلار

مێژوو

ئەسیوبیا یەکێکە لە کۆنترین وڵاتانی ئەفریقا و مێژووی سەرهەڵدانی شارستانیەتی ئەسیوبیا دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ. بەهۆی کۆچکردن و فراوانبوونی ئیمپراتۆریەتەوە گەشەی کرد تا زۆرێک لە کۆمەڵگە سەرەکییە ئەفرۆ-ئاسیاییەکانی گرتەوە، لەوانە ئەمهاری، ئۆرۆمۆ، سۆمالی، تیگرای، ئافار، سیداما، گوراج، ئاگاو و هەراری. لە سەرەتای سەدەی چواردا، مەسیحیەت وەک ئایینی دەوڵەت ناسێندرا و لە ساڵی ٦١٥ـدا ئیسلام گەیشتە ناوچەکە. بەدرێژایی مێژوو چەند شانشینێک لە ناوچەکەدا دامەزران و دەسەڵاتی خۆیانیان فراوانکرد.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەسیوبیا لە بەرامبەر داگیرکارییە بیانییەکانی وەکوو میسر و ئیتاڵیا بەرگری لە خۆی دەکرد و لە سەردەمی داگیرکردن و بەشبەشکردنی ئەفریقا ئەسیوبیا و ليبيريا سەربەخۆیی خۆیانیان پاراست. لە ساڵی ١٩٣٥، ئیتالیای فاشیست ئەسیوبیای داگیرکرد و لکێندرا بە ئێریتریا و سۆمالیلاندی ئیتالییەوە. لە ساڵی ١٩٤١ و لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەلایەن سوپای بەریتانیاوە داگیرکرا و لە ساڵی ١٩٤٤ـدا سەروەری تەواوی ناوچەکە گەڕێنرایەوە. حکوومەتی سەربازی دێرگ لە ساڵی ١٩٧٤ دەسەڵاتی گرتە دەست و نزیکەی ١٧ ساڵ حکوومڕانی وڵاتەکەی کرد. دوای هەڵوەشاندنەوەی هێزی دێرگ لە ساڵی ١٩٩١، بەرەی شۆڕشگێڕی دیموکراتی گەلی ئەسیوبیا (EPRDF) بە دەستوورێکی نوێ و فێدراڵیزمی نەتەوەییەوە دەستی بەسەر وڵاتەکەدا گرت. لەو کاتەوە ئەسیوبیا تووشی پێکدادانی درێژخایەن و چارەسەرنەکراوی نێوان نەتەوەکان و ناسەقامگیری سیاسی بوو. لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، دەستە جیاخوازە ناوچەیی و نەتەوەییەکان بە بەردەوامی چەندین هێرشی چەکدارییان لە سەرتاسەری ئەسیوبیا ئەنجامدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ئەسیوپیا قەرەباڵغترین وڵاتی بێ کەناری جیهانە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ١٩٨٣ لە ٣٨.١ ملیۆن کەسەوە بۆ ١٠٩.٥ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٨ـدا گەشەی کردووە. ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە سەدەی نۆزدەهەمدا تەنها نزیکەی نۆ ملیۆن کەس بوو، ئەنجامی سەرژمێرییەکەی ساڵی ٢٠٠٧ ئەوە پیشان دەدات کە ژمارەی دانیشتوانی ئەسیوبیا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ و ٢٠٠٧ ساڵانە بە ڕێژەی ٢.٦% گەشەی کردووە. لە کاتێکدا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەکەی لە ماوەی ١٩٨٣ بۆ ١٩٩٤ـدا ٢.٨% بوو. لە ئێستادا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ئەسیوبیا لە نێو دە بەرزترین ڕێژەکانی جیهاندایە و پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی ٢٠٦٠ بۆ زیاتر لە ٢١٠ ملیۆن کەس زیاد بکات.

دانیشتووانی ئەسیوبیا زۆر هەمەچەشنە و زیاتر لە هەشتا گرووپی نەتەوەیی جیاواز لە وڵاتەکەدا نیشتەجێن، کە چوار گەورەترینیان بریتین لە ئۆرۆمۆ، ئەمهارا، سۆماڵ و تیگرایی. بەپێی سەرژمێری نیشتیمانی ئەسیوبیا لە ساڵی ٢٠٠٧، ئۆرۆمۆ گەورەترین گرووپی نەتەوەیی ئەسیوبیایە کە ٣٤.٤%ـی دانیشتووان، ئەمهارییەکان ٢٧.٠%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، لە کاتێکدا سۆماڵییەکان و تیگراییەکان بەدوای یەکدا ٦.٢% و ٦.١%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. گرو‌وپە نەتەوەییە دیارەکانی تری وڵاتەکە بریتین لە، سیداما ٤.٠%، گوراج ٢.٥%، وێلایتا ٢.٣%، ئافار ١.٧%، هادییە ١.٧%، گامۆ ١.٥% و نەتەوەکانی تر ١٢.٦%.

جگە لەوەش، ئەسیوبیا لە کاتی داگیرکاری ئیتاڵیادا خاوەنی زیاتر لە ٧٥,٠٠٠ دانیشتووی ئیتاڵی بوو، دوای سەربەخۆیی زۆرێک لە ئیتالییەکان بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە وڵاتەکەدا مانەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی ناوخۆیی ئەسیوبیا لە ساڵی ١٩٧٤، نزیکەی ٢٢ هەزار هاوڵاتی ئیتاڵی-ئەسیوبی وڵاتەکەیان بەجێهێشت. لە ساڵانی ٢٠٠٠ـدا، هەندێک لە کۆمپانیا ئیتاڵییەکان گەڕانەوە و زۆرێک لە تەکنیکاران و بەڕێوەبەرانی ئیتاڵی لەگەڵ خێزانەکانیان گەیشتنە ئەسیوبیا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە گەورەناوچەی پایتەخت نیشتەجێ بوون. پاشان و لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا، وڵاتەکە میوانداری پەنابەر و داڵدەخوازان کرد کە ژمارەیان نزیکەی ١٣٥,٢٠٠ بوو. زۆربەی ئەم پەنابەرانەش، نزیکەی ٦٤,٣٠٠ کەسیان سۆماڵی بوون، ٤١,٧٠٠ کەسیان ئەريتريای و ٢٥,٩٠٠ کەسیان سودانی بوون.

زمانەکان

بەپێی ئیتنۆلۆگ، ٩٠ زمانی جیاواز لە ئەسیوبیادا قسەیان پێ دەکرێت. زۆربەی زۆری دانیشتووانی وڵات بە زمانە ئەفریقییە-ئاسیاییەکان دەدوێن. زمانە قسەپێکراوەکانی تری دانیشتووانی وڵاتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٧ـدا بریتی بوون لە:

  • ئۆرۆمۆ: ٣٣.٨%
  • ئەمهاری: ٢٩.٣%
  • سۆماڵی: ٦.٢%
  • تیگرینی: ٥.٩%
  • سیدام: ٤.٠%
  • وێلایتا: ٢.٢%
  • گوراج: ٢.٠%
  • ئافار: ١.٧%
  • هادییە: ١.٧%
  • گامۆ: ١.٥%
  • زمانەکانی تر: ١١.٦%

ئینگلیزی بەربڵاوترین زمانی بیانیی دانیشتوونە و زمانی عەرەبیش کە سەر بە خێزانی زمانە ئەفریقی-ئاسیاییە، بە هەمان شێوە لە هەندێک ناوچەدا قسەی پێ دەکرێت.

ئایین

بەپێی سەرژمێری نیشتیمانی ئەسیوبیا لە ساڵی ٢٠٠٧، مەسیحییەکان ٦٢.٨%ـی کۆی دانیشتووانی وڵاتیان پێکهێنابوو، کە ٤٣.٥%ـیان پەیڕەوکەرانی ئۆرتۆدۆکسی ئەسیوبی و ١٩.٣%ـیان سەر بە گرووپە ئایینیەکانی تر بوون. بە دوای مەسیحیدا ئایینی ئیسلام دێت و ٣٣.٩%ـی دانیشتووانی وڵات مسوڵمانن، پاشانیش پەیڕەوکەرانی ئایینە نەریتییەکان ٢.٦%ـی دانیشتووان و ئایینەکانی تر ٠.٦%ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو. زۆری ژمارەی دانیشتووانی مسوڵمان لە ناوچەی باکووری ئافار بووەتە هۆی ئەوەی کە بزوتنەوەیەکی مسوڵمانی جوداخواز پێی بڵێن "ویلایەتی ئیسلامی ئەفریقا".

ئابووری

بەپێی ئامارەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)، ئەسیوبیا یەکێک بوو لە خێراگەشەسەندوترین ئابوورییەکانی جیهان و ڕێژەی گەشەی ئابووریی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٩ زیاتر ١٠% بوو. بەڵام لەڕووی داهاتی تاکەکانی و پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆییەوە، بە وڵاتێکی هەژاری دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی هەژاری بەرزە و ڕێژەی خوێندەواریی تەنها ٤٩%. کشتوکاڵ گەورەترین کەرتی ئابوورییە لە ئەسیوبیا و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣٦%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی پێکهێنا.

کشتوکاڵ

کەرتی کشتوکاڵ نزیکەی ٨٥%ـی هێزی کاری ئەسیوبیا پێکدەهێنێت، بەڵام کەرتی خزمەتگوزاری نوێنەرایەتی گەورەترین بەشی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) وڵات دەکات. زۆرێک لە چالاکییە ئابوورییەکانی دیکە پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن، لەوانە بەبازاڕكردن، پرۆسێسکردن و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. بەرهەمهێنانیش بەزۆری لەلایەن جووتیار و کارگە بچووکەکانەوە ئەنجام دەدرێت و بەشێکی زۆر لە هەناردەکردنی کاڵاکان لەلایەن کەرتی بچووکی کشتوکاڵییەوە دابین دەکرێت کە بە مەبەستی هەناردەکردنیان بۆ دەرەوە دەچێندرێن. بەرهەمە سەرەکییە کشتوکاڵییەکان بریتین لە قاوە، ڕووەکی پاقلەیی، دانە ڕۆن، دانەوێڵە (گەنم و جۆ)، پەتاتە، قامیشی شەکر و سەوزە. هەروەها ئەسیوبیا ناوەندێکی جۆراوجۆری ڤاڤیلۆڤە بۆ بەرهەمە ماڵییەکان، لەوانەش ئێنسەت، قاوە و تێف.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی ئەسیوبیا بەپێی بەرزی دەگۆڕێت، کەشوهەوای ناوچە نزمەکان گەرم و وشکە و کەشوهەوای بانەکە فێنکە. وڵاتەکە دەکەوێتە باکووری هێڵی ئیستوا و بەدرێژایی ساڵ گۆڕانکارییەکی کەم لە پلەی گەرمیدا ڕوو دەدات. لە مانگی حوزەیران تا مانگی ئەیلوول وەرزەبا لە باشووری ڕۆژاواوە هەڵدەکات و دەبێتە هۆی دابارینی باران، بەڵام ئەم وەرزەباش تەنها کاریگەری لەسەر هەندێک ناوچە هەیە، وەک بان و لاکانی شاخی باشووری ڕۆژاوا، لە کاتێکدا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، دوو وەرزی باراناوی هەیە، ئەوانیش بەزۆری لە مانگی ئازارەوە تا ئایار و لە مانگی تشرینی یەکەم تا تشرینی دووەمن؛ لە ناوچەی دواییدا، لە ماوەی چەند ساڵێکدا، بە هیچ شێوەیەک باران نابارێت ئەمەش دەبێتە هۆی وشکەساڵی.

بان

کەشوهەوای بانی ئەسیوبیا بەپێی بەرزی دەتوانێت فێنک، مامناوەند، یان گەرمێکی خۆش بێت. وەرزێکی هەیە کە لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا مانگی شوبات دەخایەنێت و بەوە تایبەتمەندە کە بەدەگمەن بارانی لێ ببارێت لەگەڵ وەرزێکی باراناویی کە لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول دەخایەنێت. ساڵانە لە نێوان ١,٠٠٠ بۆ ٢,٢٠٠ مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.

ناوچه بیابانییەکان

لە ناوچە بیابانی یان نیمچه بیابانییەکاندا کە دەوری بانی ئەسیوبیا دەدەن، بڕی بارانبارینی ساڵانە بۆ خوار ٨٠٠ مللیمەتر دادەبەزێت. ئەم ناوچانە بە شێوەیەکی گشتی دەکەونە ناوچە نزمترەکانەوە بە بەراورد بە بانەکە، جگە لەوەش، دەشێت کەشی ناوچەکە لە مانگی نیسان تا حوزەیران، کەمێک گەرم بێت و پلەی گەرمی بەرز نزیکەی ٢٧ بۆ ٢٨ پلەی سەدی بێت.


سەرچاوەکان



545 بینین