ئایا چای خواردنەوەیەکی تەندروستە؟

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-05-24-00:33:00 - کۆدی بابەت: 5504
ئایا چای خواردنەوەیەکی تەندروستە؟

ناوه‌ڕۆك

باس و پێناسەی چای

چای بریتییە لە دووەم شلە لە دوای ئاو لە زۆری بەکارهێنانی چونکە لەلایەن عەرەب و ئەوروپی و ئەمریکیەکان وەک شلەیەکی چالاککەرەوە و تێنوویەتی شکێن و هەرسکەر بەکاردێت بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کەوا چا کاریگەری دژە ئەکسیدی هەیە و بۆ بەرگری لە شێرپەنجە و پیربوون و نەخۆشیەکانی دڵ بەکاردێت، هەندێک خەڵک چای بە ڕووەک و گیا لە قەڵەم نادەن و پاش کوڵان لەگەڵ ئاو دەخورێتەوە.

سەرچاوەکەی ئاسیا بە گشتی و چین و هیندستان و سیلان و ژاپۆن و ئەندونیسیایە، چین یەکەم وڵاتە لە بەرهەم هێنان و ٤ ملیۆن دۆنم زەوی بەکارهێنراوە بۆ چای و لە هیندستانیش کشتوکاڵێکی گرنگە.

ئیمپڕاتۆری چینی (شیم نۆنگ) یەکەم کەس بووە چای بەکارهێناوە، گوایە لە چیرۆکی ئەفسوناویدا هاتووە کەوا (بوذا) ٧ سڵ نەخەوتووە تاوەکو بتوانێ شەو  وڕۆژ کاربکات و لە ساڵی پێنجەم خەوی هات و لەژێر سێبەری داری جای خەوت و گەڵای ئەو ڕووەکەی خوارد و توانی ئەو دوو ساڵەش بەرگەی خەو بگرێت.
ئەم ڕووەکە لە ساڵی سێیەم بەر دەگرێت و لە ساڵی پێنجەم بەرهەمەکەی زیاد دەکات و تاوەکو ٢٠ ساڵ بەردەوام دەبێت.

بەشی بەکارهاتووی چای گەڵاکەیەتی کە بەردەوام سەوزە و ناوەکانی چای سەوز و چای ڕەشن زۆر جاریش بەناوی وڵاتی بەرهەمهێنەر ناو دەنرێت.

جۆرەکانی چای

  1. چای سەوز لە ژاپۆن و چین زۆر بەکاردێت و باشترە لە چای ڕەش.
  2. چای ڕەش زیاتر بەکاردێت لە وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا و ئەوروپا.

پێکهاتەی چای

  • کۆفایین.
  • تانیک کە قەبزی دەکات.
  • زەیتی هەڵچوو.
  • پڕۆتین و شەمێ و خۆڵەمێش.
  • سیۆفلین و سۆبرۆمین.

ئایا چای خواردنەوەیەکى تەندروستە؟

گرینگترین پێکهاتەى چا (کافاین)ـە، کە دەتوانین بڵێین سوود و زیانەکانى هەر بەهۆى ئەو ماددەیەوەیە، گرینگترین کاریگەریی کافاین ئەوەیە کە چالاکیی مێشک زیاد دەکات. هەرچی زیانەکانیشیەتى بریتین لە: خەوزڕاندن، خێراکردنى لێدانى دڵ، سەرەئێشە، میز زۆر کردن، بەرز کردنەوەى پەستانى خوێن، ددان ڕەش کردن، شل کردنەوەى سەرى گەدە و بەوەش گەڕانەوەى ترشیی گەدە، کەم کردنەوەى مژینى ئاسن لە ڕیخۆڵەکان و بەوەش کەمخوێنى دروست دەبێت.

بڕى رێگەپێدراوى کافاین لە رۆژێکدا بریتییە لە 400 میللیگرام، کە ئەمەش دەکاتە نزیکەى 10 کوپ چای، بۆیە ئەوانەى کە هیچ نەخۆشی و حاڵەتێکى تەندروستییان نییە، دەتوانن ئەوەندە چای بخۆنەوە.

گرینگترین رێنماییەکان دەربارەى چا خواردنەوە

1. بەیانیان بە تۆخى و ئێواران بە کاڵى بخورێتەوە.
2. منداڵ نەیخواتەوە، هەر هیچ نەبێت سەر لە ئێواران.
3. ژنى دووگیان لە نیوە زیاترى کەسێکى ئاسایی نەیخواتەوە.
4. یەکسەر دواى نان خواردن نەخورێتەوە.
5. ئەوانەى کێشەى دڵەکوتێ و خێرا لێدانى دڵیان هەیە نەیخۆنەوە.
6. ئەوانەى پەستانى خوێنیان کۆنتڕۆڵ نییە نەیخۆنەوە.
7. ئەو ژنانەى خەریکە لە سووڕی مانگانە دەچنەوە، نەیخۆنەوە، چونکە ئەو هەستى گەرمییەی لە ناخەوە هەستى پێدەکەن، زیاد دەکات.
8. ئەو خانمانەى ئازاری مەمکیان هەیە نەیخۆنەوە.
9. ئەوانەى کێشەى کەمخوێنییان هەیە بەهۆى کەمیی ئاسنەوە، بە ڕێژەى زۆر نەیخۆنەوە یان هەر هیچ نەیخۆنەوە.

پوختە

بە شێوەیەکى گشتى چا خواردنەوەیەکى تەندروستە و خواردنەوەى باشترە لە نەخواردنەوەى، بەڵام دوو کێشە هەیە کە دەبێ ڕەچاو بکرێت:

1. بە شەکرەوە نەخورێتەوە، چونکە شەکر زیانى زۆرە. بۆیە وا باشە یان بە تاڵى یانیش بە شتى شیرینى دیکەى وەک خورما بیخورێتەوە.
2. دواى نان خواردن نەخورێتەوە، وا باشە بە لایەنی کەمەوە کاژێرێک پاش نان خواردن بخورێتەوە.


سەرچاوەکان



821 بینین