پشکنینی چەوری سیانی

له‌لایه‌ن: - سارا محێدین سارا محێدین - به‌روار: 2022-06-09-20:35:00 - کۆدی بابەت: 8954
پشکنینی چەوری سیانی

ناوه‌ڕۆك

پشکنینی چەوری سیانی چییە؟

پشکنینی چەوری سیانی یان سیانەگلیسیراید (بە ئینگلیزی: Triglycerides test) کە چەوری سەر جگەریشی پێ دەگوترێت و بە (Tg) کورت دەکرێتەوە، ڕێژەی چەوری سیانی دەپێوێت لە خوێندا. چەوری سیانی جۆرێکە لە چەوری جەستە. کاتێک زیاد لە پێویستیت کالۆری دەخۆیت، کالۆرییە زیادەکان دەگۆڕێن بۆ چەوری سیانی. ئەم چەورییە سیانییانە لە چەورییە خانەکاندا خەزن دەکرێن بۆ ئەوەی لەدواتردا بەکار بهێنرێن. کاتێک لەشت پێویستی بە وزە هەیە، چەورییە سیانییەکان بەرەڵا دەکرێنە ناو تەوژمی خوێنەوە تاوەکوو سووتەمەنی بۆ کارکردنی ماسوولکەکانت دابین بکەن. ئەگەر کالۆری لەوە زیاتر بخۆیت کە دەیسووتێنیت، بەتایبەتیش کالۆری کاربۆهیدرایت و چەورییەکان، لەوانەیە تووشی بەرزبوونەوەی ئاستی چەورییە سیانییەکان ببیتەوە لە خوێنتدا. بەرزی ئاستی چەورییە سیانییەکان ڕەنگە بتخاتە بەر مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یاخود مێشکەوە.

چی کاتێک پێویستیت بەم پشکنینە هەیە؟

کەسانی پێگەیشتووی لەشساغ پێویستە گشت چوار بۆ شەش ساڵ جارێک پشکنین بۆ چەورییەکانیان بکەن، چەورییە سیانییەکانیش یەکێکە لەوان. ئەگەر تۆ هۆکارگەلێکی مەترسی دیاریکراوت هەبێت بۆ نەخۆشییەکانی دڵ ئەوا زیاتر پێویستیت بەم پشکنینە هەیە. ئەوانیش بریتیین لە:

  • مێژووی خێزانی لە نەخۆشییەکانی دڵ
  • جگەرەکێشان
  • قەڵەوی
  • خووی خواردنی ناتەندروست
  • وەرزش نەکردن
  • شەکرە
  • بەرزەپەستانی خوێن
  • تەمەن: پیاوانی سەروو ٤٥ ساڵ و ژنانی سەروو ٥٠ ساڵ زیاتر لەبەردەم مەترسی نەخۆشییەکانی دڵدان

جیاوازی چەوری سیانی و کۆلیستڕۆڵ چییە؟

چەوری سیانی و کۆلیستڕۆڵ دوو جۆری جیاوازن لە چەوری کە لە خوێندان هەن:

  • چەوری سیانی کالۆری بەکارنەهاتوو کۆگا دەکات و وزە بۆ لەشت دابین دەکات.
  • کۆلیستڕۆڵ بۆ دروستکردنی خانە و چەن جۆرێکی هۆڕمۆن سوودی لێ وەردەگیرێت.

هۆکاری بەرزی ئاستی چەوری سیانی چییە؟

هۆکارگەلێکی زۆر هەن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئەم چەورییە. هەندێکیان بەهۆی خووەکانی شێوازی ژیانەوەیە کە ئاستی چەورییە سیانییەکان بەرز دەکاتەوە. لەوانەش:

  • جگەرەکێشان
  • شێوازی ژیانی ناچالاک و کەم جووڵەیی
  • زیادەڕەوی لە خواردنەوە کحوول
  • خواردنی خۆراکی کەم پڕۆتین و دەوڵەمەند بە کاربۆهایدرات

هۆکارگەلی تەندروستیش هەن کە ئاستی ئەم چەورییە بەرز دەکەنەوە، لەوانەش:

  • بەمۆمبوونی جگەر
  • شەکرە، بەتایبەت ئەگەر باش کۆنتڕۆڵ نەکرابێت
  • هۆکاری بۆماوەیی
  • بەرزی چەوری خوێن
  • غودەی تەمەڵ
  • کۆنیشانی نیفرۆنەکان یاخود نەخۆشی گورچیلە
  • هەوکردنی پەنکریاس

چی وادەکات ئاستی چەوری سیانی کەم بێت؟

  • خۆراکی کەم چەوری
  • غودەی چالاک
  • کۆنیشانی بەدمژین (لاوازی مژینی خۆراک لەلایەن جەستەوە)
  • بەدخۆراکی

ئایا بەرزی چەوری سیانی هیچ نیشانەیەکی هەیە؟

بەگشتی، زۆرینەی ئەو کەسانەی ئاستی چەوری سیانییان بەرزە هیچ نیشانەیەکیان نییە و تەنیا ڕێگەی زانینی بەرزی ڕێژەکەی پشکنینی خوێنە. سەرەڕای ئەمەش، لە حاڵەتگەلێکی دەگمەندا، کەسێک کە چەوری سیانی زۆر بەرزی هەبێت (بەرزتر لە 1000 mg/dl) بۆ ماوەیەکی درێژ، ڕەنگە تووشی نۆبەی هەوکردنی تووندی پەنکریاس ببێتەوە. هەندێک لە نیشانەکانی بریتیین لە ئازار لە نیوەی سەرەوەی ناوچەی گەدە کە لەپڕ تووند دەبێتەوە و دواتر وردە وردە بەرەو خراپتر دەڕوات، تا، دڵتێکهەڵهاتن، ڕشانەوە و هەندێک جاریش زەردوویی. کەسێک کە ڕێژەی ئەم چەورییەی زۆر بەرز بێت لەوانەیە پەڵەیەک لەسەر پێستی دروست ببێت کە پێی دەگوترێت (زانسۆما). ئەم پەڵانە لەشێوەی بڵقی بچووک، خڕ، ڕەق و زەرد-دان بەزۆری لەسەر پشت، سنگ، سمت، شان و ڕان دەردەکەوێت.

هیچ ئامادەکارییەکت پێویستە بۆ ئەم پشکنینە؟

پێویستە ماوەی ٩ بۆ ١٢ کاتژمێر پێش ئەوەی خوێنت لێ وەربگیرێت ناشتا بیت و تەنیا ئاو بخۆیتەوە لەم ماوەیەدا. پزیشکەکەت ئەو ماوەیەت بۆ دیاری دەکات کە پێویستە پێش پشکنینەکە ناشتا بیت. هەروەها پێویستە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر پێش پشکنین خۆت لە خواردنەوە کحول بەدوور بگریت.

ڕەنگە پزیشکەکەت داوات لێ بکات بەکارهێنانی چەن دەرمانێک ڕابگریت پێش پشکنینەکە. پێویستە باسی ئەو دەرمانانە بۆ پزیشکەکەت بکەیت کە بەکاری دەهێنیت. ئەو دەمانانەی کاریگەری لەسەر پشکنینەکە دەکەن ژمارەیان زۆرە.

چۆن پشکنینەکە ئەنجام دەدرێت؟

کارمەندی تاقیگە نموونەیەکی خوێن لەڕێگەی دەرزییەکی بچووکەوە لە دەمارێکی قۆڵت وەردەگرێت. دوای ئەوەی دەرزییەکە کرایە قۆڵەوە، بڕێکی کەمی خوێن کۆدەکرێتەوە و دەکرێتە تیووبی تایبەتەوە. لەوانەیە هەست بە ئازارێکی کەم بکەیت کاتێک دەرزییەکە دەکرێتە قۆڵەوە یان دەردەهێنرێت. ئەم پڕۆسەیە بەگشتی کەمتر لە پێنج خولەک دەخایەنێت.

ئەنجامەکان چی واتایەک دەگەیەنن؟

بۆ کەسانی پێگەشتوو:

• ئاسایی: کەمتر لە 150 (mg/dL)
• سنووری بەرز: 150 بۆ 199 (mg/dL)
 • بەرز: 200 بۆ 499 (mg/dL)
• زۆر بەرز: 500 (mg/dL) یان بەرزتر

تازە لەدایکبووان تا تەمەنی 9 ساڵ:

• ئاسایی: کەمتر لە 75 (mg/dL)
• سنووری بەرز: 75 بۆ 99 (mg/dL)
• بەرز: بەرزتر لە 100 (mg/dL)

لە تەمەنی 10 بۆ 19 ساڵ:

• ئاسایی: کەمتر لە 90 (mg/dL)
• سنووری بەرز: 90 بۆ 129 (mg/dL)
• بەرز: گەورەتر لە 130 (mg/dL)

بۆ گەنجە پێگەشتووەکانی سەروو 19 ساڵ:

• ئاسایی: کەمتر 115 (mg/dL)
• سنووری بەرز: 115 بۆ 149 (mg/dL)
• بەرز: بەرزتر لە 150 (mg/dL)

تێبینی: ئەم ڕێژانە لەسەر بنەمای پشکنینە بە سکی ناشتاوە.

باشترین ڕێگە بۆ دابەزاندنی چەوری سیانی چییە؟

  • ڕاهێنانی وەرزشی بەردەوام. ڕۆژانە لانیکەم ٣٠ خوولەک چالاکی جەستەیی لە زۆربەی ڕۆژەکان یانیش هەموو ڕۆژەکانی هەفتەدا ئەنجام بدە.
  • دوور بکەوەرەوە لە شەکر و کاربۆهایدراتی پووختکراو. کاربۆهایدراتی سادە، وەکوو شەکر و ئەو خواردنانەی لە ئاردی سپی یان فرەکتۆز دروستکراون، ئاستی چەوری سیانی بەرز دەکەنەوە.
  • کێشت کەم بکەرەوە. ئەگەر ئاستی چەوری سیانیت کەمێک یان تاڕادەیەک بەرزە، سەرنج بخەسەر کەمکردنەوەی کالۆری. کالۆرییە زیادەکان دەگۆڕێن بۆ چەوری سیانی و وەک چەوری خەزن دەکرێن. کەمکردنەوەی خواردنی کالۆری ئاستی چەوری سیانیت کەم دەکاتەوە.
  • چەورییە تەندروستترەکان هەڵبژێرە. لەبری چەورییە تێرەکانی نێو گۆشت، چەورییە زیاتر تەندروستەکانی ڕووەک بەکاربهێنە، وەکوو زەیتی زەیتوون و کانولا. لەبری گۆشتی سوور، ئەو ماسییانە بخۆ کە دەوڵەمەندە بە ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا-٣.
  • خواردنەوەی کحول کەم بکەرەوە. کحوول کالۆری و شەکری زۆری تێدایە و کاریگەری زۆری لەسەر چەوری سیانی هەیە. ئەگەر ئاستی چەوری سیانیت زۆر بەرزە، بەهیچ شێوەیەک کحول مەخۆرەوە.


سەرچاوەکان



1219 بینین