نیشانەکانی وشکبوونەوەی لەش

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-09-18:10:00 - کۆدی بابەت: 9767
نیشانەکانی وشکبوونەوەی لەش

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نیشانەکانی وشکبوونەوەی لەش (بە ئینگلیزی: Dehydration Syptoms، بە عەرەبی: أعراض الجفاف) هێشتنەوەی لەش بە شێداری بۆ بوونی لەشێکی تەندروستی گرنگە. بەبێ بوونی ئاوی پێویست، خانەکانی لەش ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە مرۆڤ تەنها چەند ڕۆژێک دەتوانێت بەبێ شلەمەنی بژی. بەداخەوە زۆربەی کەسانی پێگەیشتوو و منداڵان ڕۆژانە گرنگی بەوە نادەن کە شلەمەنی پێویست بگات بە لەشیان، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە وشکبوونەوەی لەش.
حاڵەتەکانی وەک سکچوون و ڕشانەوە و ئارەقکردنەوەی زۆر، دەکرێت ببنە هۆی تووشبوون بە وشکبوونەوەی کورتخایەن یان توند.
وشکبوونەوەی لەش دەکرێت بەشێوەیەکی نەرێنی کاربکاتە سەر زۆر لایەنی تەندروستی و لە هەندێک حاڵەتی توندیشدا دەکرێت ببێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە. کەواتە گرنگە کە نیشانە سەرەکییەکانی وشکبوونەوەی لەش لە منداڵان و پێگەیشتووندا بزانیت.

هەشت نیشانەی وشکبوونەوەی لەش

گرنگە کە بزانرێت ئەم نیشانانە دەکرێت دەرخەری هەندێک حاڵەتی تری تەندروستی بن کە پەیوەندی بە وشکبوونەوەی لەشەوە نییە. کەواتە ئەگەر ئەزموونی یەکێک لەم نیشانەنە یان زیاتر دەکەیت، گرنگە کە سەردانی پزیشکی شارەزا بکەیت تاکوو حاڵەتەکە و چارەسەری گونجاوت بۆ دیاری بکات.

ماندوویەتی

ئەگەر تووشی وشکبوونەوەی لەش ببیت، ئەوا لە کاتی ئاسایی زیاتر هەست بە ماندوویەتی دەکەت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە وشکبوونەوەی لەش کاردەکاتە سەر هەموو لایەنێکی تەندروستی و لەوانەش سوڕەکانی خەوتن و لە خەو هەستانت.
لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ٢٦٠٠٠ کەسی پێگەیشتووی چینی و ئەمریکی ئەنجامدراوە، ئەوە دەرکەوتووە کە کورتبوونەوەی ماوەی خەوتن پەیوەندی تەواوی لەگەڵ نەبوونی شێداری پێویستی لەشدا هەیە، واتە ئەو کەسانەی کە لەشیان بەپێی پێویست شێدار بووە بۆ ماوەیەکی زۆرتر خەوتوون بەبەراورد بە ئەو کەسانەی کە لەشیان بەپێی پێویست شێدار نەبووە.
هەروەها وشکبوونەوەی لەش وات لێدەکات لە کاتی وەرزشکردندا زیاتر هەست بە ماندوویەتی بکەیت.

تۆخبوونی ڕەنگی میز و کەمبوونەوەی

ئەگەر بەپێی پێویست شلەمەنییەکان نەخۆیتەوە، ئەوا ڕەنگی میزت تۆخ دەبێت و ڕێژەی میزکردنیشت کەم دەبێتەوە. لە ڕاستیدا سەیرکردنی ڕەنگی میز یەکێکە لە ڕێگە کردارییەکان بۆ زانینی وشکبوونەوەی لەش.
تۆخبوونی ڕەنگی میز کاتێک ڕوودەدات کە لەش ئاوی زیاتر دەپارێزێت و نایکات بە میز، لەبەر ئەم هۆیەش میز بە بوونی بڕێکی زیاتر لە بەرهەمە پاشماوەکانی لەشی وەک سۆدیۆم و یوریا خەستتر دەبێت.
گرنگە کە بزانیت هەندێک هۆکاری تری وەک بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان و ڤیتامینەکانی B کاردەکەنە سەر ڕەنگی میز و تۆختری دەکەن.

وشبکوونەوەی پێست و لێو و کەمبوونەوەی توندی پێست

یەکێک لە باوترین نیشانەکانی وشکبوونەوەی لەش بریتییە لە وشکبوونەوەی پێست و لێو و کەمبوونەوەی توندی پێست.
ئەگەر ئەزموونی وشکبوونەوەی پێست، دەم، لێو و زبربوونی لێوەکان دەکەیت، ئەوا دەکرێت هۆکارەکەی وشکبوونەوەی لەشت بێت.
گرنگە کە بزانیت وشکبوونەوەی لێو و پێست دەکرێت پەیوەندی بە زۆر حاڵەتی تەندروستییەوە هەبێت، کەواتە دەبێت چارەسەری گونجاو بەدەست بهێنیت، بەتایبەت کاتێک کە ئاوی پێویست دەخۆیتەوە و هەر ئەزموونی وشکبوونەوەی لێو و پێستت دەکەیت.
زۆرجار شارەزایانی بواری تەندروستی تاقیکردنەوەیەک دەکەن کە پێی دەوترێت پشکنینی گرتنی پێست (چڕنوقگرتن لە پێست)، ئامانج لە ئەم تاقیکردنەوەیە دیاریکردنی دۆخی وشکبوونەوەی لەشە.
پشکنینی گرتنی پێست بریتییە لە گرتنی بەشی ناوەوەی قۆڵ یان سک بە دوو پەنجە و بەردانی دوای چەند چرکەیەک. پێستی شێدار ڕاستەوخۆی دوای بەردانی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، لە کاتێکدا کە پێستی وشکبووەوە دوای بەردانیشی لە باری گرتنەکەیدا دەمێنێتەوە و کاتێکی زیاتری دەوێت تاکوو دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، کە ئەمەش نیشانەیە بۆ وشکبوونەوەی مامناوەند بۆ توند.

سەرئێشە

کاتێک لەشت بە بڕی پێویست شلەمەنی پێ ناگات، دەکرێت ئەزموونی سەرئێشە بکەیت، هەرچەندە کە بەتەواوی وشکبوونەوەی لەش پەیوەندی هەیە بە سەرئێشەوە، بەڵام توێژەرەوان دڵنیا نین کە چۆن وشکبوونەوەی لەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە سەرئێشە.
یەکێک لە بیردۆزەکان پێی وایە کە کەمبوونەوەی ئاوی جەستە دەبێتە هۆی کێشهاتن و تەنکبوونی لوولەکانی خوێن لە مێشکدا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە سەرئێشە.
چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان سەلماندووە کە زۆر خواردنەوەی ئاو دەکرێت نیشانەکانی سەرئێشە لەو کەسانەدا کەم بکاتەوە کە تووشی لاسەرئێشە (شەقیقە) بوون.

سەرسوڕان و بەرچاو ڕەشبوون

وشکبوونەوەی لەش دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەست بە سەرسوڕان و بەرچاو ڕەشبوون بکەیت، بەتایبەت کاتێک هەڵدەستیتەوە.

دابەزینی پەستانی خوێنی هەستانەوە (بە ئینگلیزی: Orthostatic hypotension) بۆ پێناسەکردنی ئەو حاڵەتە بەکاردێت کە کاتێک کەسێک دانیشتووە و دواتر هەڵدەستێتەوە یان پاڵکەوتووە و دواتر دادەنیشێت پەستانی خوێنی دادەبەزێت.
وشکبوونەوەی لەش دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە ئەم حاڵەتە، کە زیاتر لەناو کەسانی بەتەمەندا باوە، چونکە ئەم کەسانە ئەگەری تووشبوونیان بە وشکبوونەوەی لەش و کەمبوونەوەی قەبارەی خوێن زیاترە.
وشکبوونەوەی لەش دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەست بە سەرسوڕان و بەرچاو ڕەشبوون بکەیت کاتێک کە بەخێرایی هەڵدەستیتەوە یان دادەنیشیت. لەگەڵ ئەوەشدا وشکبوونەوەی توند دەکرێت لە هەندێک حاڵەتدا ببێتە هۆی بوورانەوە.

دڵەکوتە

وشکبوونەوەی لەش دەکرێت ببێتە هۆی نیشانەکانی دڵی وەکوو دڵەکوتە، خێرابوونی لێدانی دڵ یان ناڕێکی لێدانی دڵ. نەخواردنی بڕی پێویست لە شلەمەنی دەکرێت بەشێوەیەکی نەرێنی کاربکاتە سەر تەندروستی گشتی دڵ.
بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەک وشکبوونەوەی لەش دەکرێت بە چەندین شێواز زیان لە فەرمانەکانی دڵ بدات.

دابەزینی پەستانی خوێن

دابەزینی پەستانی خوێن نیشانەیەکی وشکبوونەوەیە کە تەنها لە ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە تووشی وشبکوونەوەیەکی زۆر بوون. هەروەک باسکرا وشکبوونەوەی لەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە فەرمانی لوولەکانی خوێن و پەستانی خوێن. وشکبوونەوە دەبێتە هۆی دابەزینی قەبارەی خوێن، واتە بڕێکی کەمی شلەمەنی لەناو موولوولەکانی خوێن و خوێنبەر و خوێنهێنەر و بەشەکانی دڵدا دەسوڕێت.
کاتێک قەبارەی خوێن کەم دەکات، لەش بە زیاکردنی لێدانی دڵ و هەناسەدان و کەمکردنەوەی پەستانی خوێن قەرەبووی دەکاتەوە.
دابەزینی پەستانی خوێن نیشانەیە بۆ وشکبوونەوەی توند، کە دەکرێت مەترسیدار بێت. وشکبوونەوەی توند دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و شۆک و تەنانەت مردنیش.

کەمیی سەرنج و گۆڕانی دۆخی دەروونی

نەخواردنەوەی بڕی پێویست لە شلەمەنی دەکرێت زیان بە مێشک بگەیەنێت و توانای سەرنجدان کەم بکاتەوە. هەندێک توێژینەوە ئەوەیان خستۆتە ڕوو کە وشکبوونەوە دەکرێت زیانگەیەنەر بێت بە بیرەوەری کورتخایەن و سەرنج و باری دەروونی.
وشکبوونەوەی توند دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە سەرلێشێوان و تووڕەیی.

نیشانەکانی وشکبوونەوە لە منداڵاندا

منداڵ یان منداڵێکی تازە لەدایکبوو کە تووشی وشکبوونەوە بووبێت دەکرێت نیشانەکانی لە کەسی پێگەیشتوو جیاواز بێت، کە ئەمەش وادەکات دیاریکردنی حاڵەتەکەی قورس بێت.
منداڵی تازە لەدایکبوو و منداڵانی تر ئەگەر تووشبوونیان بە ئەو وشکبوونەوەیەی کە هۆکارەکەی سکچوون و تا و ڕشانەوەیە زیاترە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە منداڵان ئاستی زیندەپاڵیان زیاترە و ڕۆژانە زیاتر لە کەسانی پێگەیشتوو لەشیان ئاو لەدەست دەدات.
نیشانەکانی وشکبوونەوەی توند و مامناوەند لە منداڵاندا دەکرێت بریتی بێت لە:

  • کەمبوونەوەی میزکردن (ڕۆژانە کەمتر لە شەش دایبی تەڕ دەکات).
  • کەمتر یاری دەکات.
  • کاتێک دەگری فرمێسکی کەمترە.
  • لێو و زمانی وشک دەبێتەوە.
  • تەوقی سەری کەمێک دەنیشێت.
  • سکچوون یان قەبزی، کە ئەم دوو حاڵەتە بەپێی هۆکاری وشکبوونەوەکە دەردەکەون.

لەگەڵ ئەو نیشانانەی سەرەوەدا ئەگەر منداڵێک تووشی وشکبوونەوەی توند ببێت، ئەم نیشانانەی تێدا دەردەکەوێت:

  • بێتاقەتی زۆر
  • ماندوویەتی زۆر
  • چاوی بەقووڵدا دەچێت
  • دەست و پێی سارد دەبێت و ڕەنگیان دەپەڕێت
  • پێستی زبر دەبێت
  • زۆر کەم میز دەکات (ڕۆژانە کەمتر لە دوو جار)
  • دابەزینی پەستانی خوێن
  • خێرابوونی لێدانی دڵ
  • گۆڕانی دۆخی دەروونی

وشکبوونەوەی توند و مامناوەند لەناو ئەو منداڵانەی کە نەخۆشن باوە، هەر جۆرێکی وشکبوونەوە ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەکرێت، دەکرێت زۆر مەترسیدار بێت بۆ تەندروستی منداڵ. وشکبوونەوەی توند دەکرێت مەترسی بخاتە سەر ژیانی منداڵەکەت.
ئەگەر هەست دەکەیت منداڵەکەت نیشانەکانی وشکبوونەوەی تێدایە، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشکی پێ بکەیت تاکوو جۆری وشکبوونەوەکەی و چارەسەرەکەی بۆ دیاری بکات.


سەرچاوەکان



681 بینین