پێرس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-01-21:02:00 - کۆدی بابەت: 10110
پێرس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێرس یان پێرث (بە ئینگلیزی: Perth، بە عەرەبی: برث)، پایتەخت و گەورەترین شاری ئوستورالیایە. ئەم شارە چوارەم قەرەباڵغترین شاری ئوستورالیا و ئۆقیانووسیایە، ژمارەی دانیشتووانی پێرس لە ساڵی ۲۰۲۰ـدا ۲٫۱ ملیۆن کەس بوو. پێرس دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئوسترالیا (لە ویلایەتی ڕۆژئاوای ئوسترالیا) و ڕووبەری ڕووی شارەکە ٦٫٤۱۷٫۹ کیلۆمەتر دووجایە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشووانی شاری پێرس لە ساڵی ۲۰۰٦ـدا ۱٫٥۱۲٫۱۰٥ كەس بوو، گەشەی دانیشتووانی شارەکە لە ماوەی تەنها پێنج ساڵدا بە ڕێژەی ۱٤٫۳٪ گەشەی کرد و لە ساڵی ۲۰۱۱ـدا گەشتە ۱٫۷۲۸٫۸٦۷ کەس. لە ساڵی ۲۰۱۲ـدا ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە بۆ ۱٫۹ ملیۆن کەس، شارەکە لە گەشە بەردەوام بوو تا لە ساڵی ۲۰۱۳ لەناکاو ۲ ملیۆن کەسی تێپەڕاند. نوێترین خەمڵاندنی دانیشتووانی پێرس لە ساڵی ۲۰۱٦ـدا ئەوە پیشان دەدات کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ۲٫۰۲۲٫۰٤٤ کەسە. هەروەها چڕی دانیشتووانی پێرس لە ساڵی ۲۰۱۱ـدا ۲۹٥٫٥ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی پێرس

بەهۆی ئەو گەشە خێراییەی ژمارەی دانیشتووانی شارەکەوە، پێرس لەزۆر ڕووەوە لە شارەکانی تری ئوستورالیا زۆر جیاوازە.

تەنها ٥۹٫٦٪ـی دانیشتووانی پێرس لە ئوستورالیا لەدایکبوون، بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ٦۹٫۸٪ـە. هەروەها ۹٫٥٪ـی دانیشتووانی پێرس لە ئینگلتەرا لەدایکبوون، بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ٤٫۲٪ـه. گرووپە سەرەکییەکانی تری شارەکە بریتین لە، نیوزلەندیەکان ۳٫۱٪، ئەفریقای باشوور ۱٫۸٪، هیندییەکان ٫٦٪ و مەلاییەکان ۱٫٤٪. ئەم ڕێژانەش بە بەراورد بە تەواوی ناوچەکانی تری وڵاتەکەی ڕێژەیەکی بەرزتر پێک دەهێنن.

پێرس مێژوویەکی دوور و درێژی لەگەڵ ئاڵۆزی نەژادییدا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ۱۹٥۰ و ۱۹٦۰ـەکاندا لێشاوێک پەنابەری ئەورووپی لە وڵاتەکانی ئیتاڵیا، یۆنان، ئەڵمانیا و ناوچەکانی ترەوە هاتوونەتە شارەکەوە. هەروەها پێرس خاوەنی کۆمەڵگەیەکی جوولەکەی بچووکە. یەکێک لەو گۆڕانکارییانەی ئەم ساڵانەی دوایی کە بەسەر پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکەدا هات ئەو شەپۆلە بوو کە لە ئەفریقای باشوورەوە ڕوویان لە شارەکە کرد، کە نەتەوە کەمینە سپی پێستەکانیش لەخۆ دەگرێت. لە ساڵی ۲۰۰۱ـدا، ئەفریقای باشوور چوارەم گەورەترین گرووپی بیانی شارەکە بوو و پێش ئیتالیا کەوت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ساڵی ۲۰۰۷ـدا ۱٫۳٪ـی دانیشتووان لەدایکبووی ئەفریقای باشوور بوون.

ئایین

پێرس یەکێکە لەو شارانەی ئوستورالیا کە ڕێژەیەکی زۆری دانیشتووانەکەی پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن. چارەکێکی خەڵکەکەی کە ۲٥٫۱٪ـی دانیشتووان دەکات لە سەرژمێرییەکەدا خۆیان بە بێ ئایین داوە لە قەڵەم. هەروەها ۲٤٫٥٪ـی دانیشتووان سەر بە ئایینی کاسۆلیکین.

مێژوو

پێرس لە ساڵی ١٨٢٩ـدا دامەزراوە بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەر ئەوەی بەریتانییەکان ترسیان لەوە هەبوو کە فەڕەنسییەکان کۆلۆنییەک لە ڕۆژئاوای ئوسترالیا دابمەزرێنن. لە ساڵی ١٨٢٧ کاپتن جەیمس ستێرلینگ (James Stirling) (١٧٩١ بۆ ١٨٦٥) بە کەشتییەکەی بە ناوی ئێج ئێم ئێس سەکسێس (HMS Success) بەرەو ڕووباری سوان ڕۆیشت. ستێرلینگ پێیوابوو ناوچەکە بۆ نیشتەجێبوون گونجاو دەبێت. حکوومەتی بەریتانیای قایل کرد لەوێ کۆلۆنییەک دابمەزرێنێت.

کاتێک پێرس لە ساڵی ١٨٢٩ دامەزرا، شارەکە بە ناوی شوێنی لەدایکبوونی جۆرج مۆرای (George Murray) ناوی لێنرا، کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوو بۆ کۆلۆنییەکان (بەڵام مۆرای لەڕاستیدا لە شارۆچکەی پێرسی ئوسترالیا لەدایک نەبووە، بەڵکوو لە پێرسی سکۆتلەندا لەدایکبووە. سەرەڕای ئەوەش ئەم کۆلۆنییە نەدەبوو لەلایەن سزادراوانەوە کاری تێدا بکرێت و خزمەت بکرێت، بۆیە حکوومەت دەستی کرد بە فرۆشتنی زەوی بە هاوڵاتیانی ئاسایی بە نرخێکی هەرزان. (جگە لەو ئوسترالییە ڕەسەنانەی کە لەوێ دەژیان).

یەکەم کەشتی کە گەیشتە ڕێژگەی ڕووباری سوان، کەشتی ئێج ئێم ئێس چاڵێنجەر (HMS Challenger) بوو کە چارڵز فرێمانتل (١٨٠٠ بۆ ١٨٦٩) کاپتنی بوو. ستێرلینگ لە ساڵی ١٨٢٩ تا ١٨۳٢ و لە ١٨٣٤ تا ١٨٣٨ کۆلۆنی نوێی نزیک ڕووباری سوانی بەڕێوەبرد. کۆلۆنی نوێ لە دوو شوێن گەشەی کرد. یەکەمیان شارۆچکەی بەندەرەکەکە وەک ڕێزێک بۆ کاپتن ناوی فرێمانتل لێنرا. دوومیش پێرس، کە لە ١٢ـی مانگی ئابی ١٨٢٩ دامەزرا. زۆری نەخایاند ناکۆکی لە نێوان دانیشتووانی ئەورووپی و دانیشتووی ڕەسەنی ئوسترالیا دروست بوو. خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بەزۆر لە زەوییەکانیان دەرکران و زۆرێکیان کوژران، ململانێکە لە ئەنجامدا بە شەڕی پینجارا کۆتایی هات.

بەدرێژایی سەدەی نۆزدە پێرس گەشەی سەند و لە ساڵی ١٨٥٥ـدا نەخۆشخانەی ڕۆیاڵ پێرس دامەزرا، پاشان لە ساڵی ١٨٥٦ پێرس کرا بە شار. دواتر چەند باخچەیەک لە شارەکەدا دروستکران. جگە لەوەش باخچەی ئاژەڵانی پێرس لە ساڵی ١٨٩٨ کرایەوە، سکەخانەی پێرس لە ساڵی ١٨٩٩ دامەزرا. لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک بینای دیار لە شاری پێرس دروستکران. پێرس لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا بە هێواشی گەشەی کرد، لە ساڵی ١٨٥٠ـدا کەمیی هێزی کار ڕوویدا و حکوومەتی بەریتانیا دەربارەی ناردنی سزادراوەکان بۆ کۆلۆنییەکە ڕەزامەندی دەربڕی بۆ ئەوەی لەوێ کار بکەن. بەشێک لە شاری پێرس بە کرێکاری سزادراو دروستکراون. پێرس هەتا کۆتایی سەدەی نۆزدەش لە گەشەی خاوی خۆی  بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی ١٨٨١ـدا هێڵی ئاسن گەشتە شارەکە. لە سەدەی بیست و لە ساڵی ١٨٩٢ـدا زێڕ لە بەشی ڕۆژئاوای ئوسترالیا دۆزرایەوە بەم هۆیەوە پەنابەرێکی زۆر ڕوویان لە شارەکە کرد و لە ئەنجامدا ژمارەی دانیشتووانی شاری پێرس فڕی.

لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٠ـەکاندا پێرس وەک باقی جیهان بەدەست سستی ئابوورییەوە ناڵاندی. لە سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ لە هەر چوار پیاوێک لە شاری پێرس دانەیەکیان بێکار بوو. بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەمدا چەند هەلێکی کار لە شارەکەدا ڕەخسێنرا و بەجۆرێک هەر کەسێک کاری بویستایە دەستی دەکەوت. لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا چەندین بینای دیار لە پێرس دروستکران. لە سەدەی بیست و یەک و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتوانی شاری پێرس ٢ ملیۆن کەس بوو.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری پێرس تایبەتمەندی ئەو ناوچانەی هەیە کە دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان مامناوەند و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین گەرم و هەتاوییە. ئەم شارە لە نیوەگۆی باشوورە و بە بەراورد بە ئەورووپا یان ئەمریکای باکوور وەرزەکانی پێچەوانە بوونەتەوە. تێکڕای پلەی گەرمی لە ۱۳٫٥ پلەی سەدی لە مانگی تەممووز بۆ ۲٥ پلەی سەدی لە کانوونی دووەم و شوبات دەگۆڕێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت، ڕێژەیەکی زۆری ئەم ژمارەیە لە وەرزی سەرما و لە مانگی ئایار تا ئەیلوول دەبارێت. بە تێکڕایی ساڵانە زیاتر لە ٣٫٢٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

زستانی ئەم شارە، لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت، سەرەڕای ئەوەی بارانێکی زۆریش دەبارێت، بەڵام کەشی شارەکە لەم وەرزەدا مامناوەندە. بەهۆی ئەو بایە گەرمەی کە لە باکوورەوە هەڵ دەکات، دەشێت پلەی گەرمی شارەکە ٢٠ پلەی سەدی تێپەڕێنێت. بەڵام لە کاتەکانی تردا پلەکانی گەرما بۆ ٥ پلەی سەدی دادەبەزن، نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ۱۷ـی حوزەیرانی ٢٠٠٦ـدا ۰٫۷- بوو.

وەرزی بەهار لە مانگی ئەیلوولەوە تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت؛ بەزۆری کەشی شارەکە لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەمدا مامناوەند و کەمێک ناجێگیرە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری بارانبارین و هەڵکردنی با هەیە، بەڵام بە تێپەڕبوونی هەر هەفتەیەک، وردەوردە ڕێژەی دابارین کەم دەبێتەوە.

هاوینی پێرس، لە مانگی کانوونی دووەم دەست پێ دەکات تا ئازار بەردەوام دەبێت، کەشی شارەکە بە ڕۆژدا گەرم و خۆرەتاوە و لە کاتەکانی شەودا تا ڕادەیەک فێنکە. باران بەدەگمەن دەبارێت، بەڵام ڕەنگە جاروبار ڕەشەبای بروسکاوی هەڵبکات، با بە بەردەوامی لە زەریاوە هەڵ دەکات و کەشی شارەکە خۆش دەکات، پلەکانی گەرما زۆر بەرز نابنەوە و ۳۰ پلەی سەدی تێ ناپەڕێنێت. بەڵام ئەو بایەی کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هەڵ دەکات وشک و گەرمە و سەرەڕای ئەوەی ماوەکەی کورتە، بەڵام لەبەرئەوەی لە بیابانەوە دێت پلەکانی گەرما بەرز دەکاتەوە بۆ سەرووی ٤۰ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٦٫٧ پلەی سەدی بوو کە لە شوباتی ١٩٩١ـدا تۆمارکرا.

لە وەرزی پاییز و لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا پلەکانی گەرما خۆشن. بەڵام لە مانگی ئایاردا بارانبارین تاڕادەیەک زۆر دەبێت و هەندێک جار لە نیوەی دووەمی مانگەکەدا دەشێت کەشی شارەکە زۆر سارد ببێت.

باشترین کات

باشترین کاتەکان بۆ سەردانکردنی پێرس وەرزەکانی بەهار و پایزە، بەتایبەتی لە مانگەکانی نیسان تا ئایار و ئەیلول تا تشرینی یەکەم، چونکە بەم شێوەیە دەتوانیت لە هەردوو بارانبارینی زستان و شەپۆلەکانی گەرمای سووتێنەری هاوین خۆت بەدوور بگریت.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

۱. پارکی پاشاکان و باخچەی ڕووەکی.

۲. ڕووباری سوان.

۳. کەنارەکانی پێرس.

٤. شۆستەی لەنگەرگرتنی کەشتی ئەلیزابێس.

٥. سکەخانەی پێرس.

٦. پێشەنگای نیگارکێشی ڕۆژئاوای ئوسترالیا.

۷. باخچەی ئاژەڵانی پێرس.

٨. بێڵ تاوار.

۹. كاتێدراڵی سەینت ماری.

۱۰. بەندەری هیلاری.


سەرچاوەکان



365 بینین