دووەم ڕاپەڕینی فەلەستین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-23-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10424
دووەم ڕاپەڕینی فەلەستین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دووەم ڕاپەڕینی فەلەستین یان ڕاپەڕینی ئەقسا (بە عەرەبی: الانتفاضة الفلسطينية الثانية، بە ئینگلیزی: Second Intifada)، دووەمین ڕاپەڕینی گەلی فەلەستینە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیاندا، لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٠ سەریهەڵدا و لە ٨ی شوباتی ٢٠٠٥دا بە شێوەیەکی فەرمی وەستا دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی لوتکەی شەرم شێخ، کە مەحموود عەباس سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی فەلەستین و ئاریێل شارۆن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان کۆکردەوە. ئەم ڕاپەڕینە بە بەراورد لەگەڵ ئەم ئەوەی پێش خۆی، بە زۆری ژمارەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری و پەرەسەندنی كردە سەربازییەكانی نێوان لایەنی فەلەستین و سوپای ئیسرائیل ناسرا. نزیکەی چوار هەزار و ٤١٢ فەلەستینی کوژران و ٤٨ هەزار و ٣٢٢ کەسیش بریندار بوون، لە لایەنی ئیسرائیلیش ١٠٦٩ کەس کوژران و ٤,٥٠٠ کەس بریندار بوون و ٥٠ تانکی مێرکاڤا زیانیان پێگەیشت و ژمارەیەک جیپی سەربازی و زرێپۆشی ئیسرائیلیش تێکشکان.

ناوچەکانی کەرتی ڕۆژاوا و کەرتی غەززە چەندین لەشکرکێشی ئیسرائیلیان بەسەردا هات، لەوانە ئۆپەراسیۆنەکانی (الدرع الواقي، أمطار الصيف و الرصاص المصبوب). هۆکار و پریشکی دەستپێکی ڕاپەڕینەکە هاتنی ئاریێل شارۆن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بوو بۆ حەوشەی مزگەوتی ئەقسا بە یاوەری پاسەوانەکانی، ئەمەش وایکرد خەڵکی کۆببنەوە و هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی بدەن، هەروەها کوشتنی منداڵێکی فەلەستینی بەناوی محەمەد دوڕڕە بە هێمای ڕاپەڕینی دووەم دادەنرێت، دوای دوو ڕۆژ لە هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە پەیامنێری کەناڵێکی تەلەفزیۆنی فەرەنسی لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٠٠ گرتوویەتی، دیمەنی کوشتنی منداڵێکی ١١ ساڵانی بڵاوکردەوە لە تەنیشت باوکی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەکوژرێت لە باشووری غەززە. ڕاپەڕینی دووەم بە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی لایەنە فەلەستینییەکان و سوپای ئیسرائیل دەناسرا و بەخێرایی چالاکییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا پەرەی سەند. فراکسیۆنە فەلەستینییەکان چەندین ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی و سەربازییان لەناو شارەکانی ئیسرائیل ئەنجامدا و خاڵەکانی ئاسایش و چێشتخانە و پاسەکانیان دەکردە ئامانج و بەهۆیەوە سەدان هاوڵاتی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستدا و لە ساڵی ٢٠٠٢دا ژمارەی کوژراوان گەیشتە لوتکە و کە تێکڕا مانگانە ٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

زۆر کەس کۆبوونەوەی لوتکەی شەرم شێخ لە ٨ی شوباتی ٢٠٠٥ بە کۆتایی ڕاپەڕینی دووەم دەزانن. سەرۆکی فەلەستین مەحموود عەباس و ئاریێل شارۆن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هەموو لایەنە فەلەستینییەکان هەموو کردەوەیەکی توندوتیژی دژ بە ئیسرائیلییەکان لە هەموو شوێنێک ڕابگرن، لە بەرانبەردا ئیسرائیل هەموو چالاکییە سەربازییەکانی بەرانبەر بە فەلەستینییەکان لە هەموو شوێنێک ڕابگرێت، هەروەها پابەندبوونی خۆیان بە نەخشەڕێگای پرۆسەی ئاشتی دووپاتکردەوە. شارۆن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادکردنی ٩٠٠ زیندانی فەلەستینی لە کۆی حەوت هەزار و ٥٠٠ بەندکراو کە لەو کاتەدا دەستبەسەرکرابوون، هەروەها کشانەوە لە شارەکانی کەناری ڕۆژاوا کە لە کاتی ڕاپەڕیندا داگیرکرانەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ڕاپەڕینی دووەم کۆتایی نەهات چونکە فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان نەگەیشتنە هیچ چارەسەرێکی سیاسی و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە شارەکانی کەناری ڕۆژاوا بەردەوام بوون.

هۆکارەکانی سەرهەڵدان

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩ـەوە، هەستێکی بێزاری لەنێو فەلەستینییەکاندا زاڵ بوو چونکە ئەو ماوەیە تەواو بووبوو کە دانرابوو بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری کۆتایی بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ، هەروەها هەستێکی بێزاری بەهۆی دواخستن و چەقبەستوویی لە دانوستانەکانی نێوان فەلەستینییەکان و لایەنەکانی ئیسرائیل بەتایبەت دوای لوتکەی کەمپی دەیڤد، هەروەها شکستی ئیسرائیل لە جێبەجێکردنی زۆرێک لەو بڕیارانەی کە لە ئۆسلۆ ڕێککەوتنیان لەسەر کرا. هەروەها درێژەدانی ئیسرائیل لە سیاسەتی تیرۆر، گرتن و دەستدرێژی بۆ سەر خاکەکانی دەسەڵاتی فەلەستین و ڕەتکردنەوەی ئازادکردنی زیندانیانی فەلەستینی. جگە لە بەردەوامیی بنیاتنانی شوێنی نیشتەجێبوون و ڕێگری لە گەڕانەوەی پەنابەران و دوورخستنەوەی کشانەوە بۆ سنوورەکانی حوزەیرانی ١٩٦٧، بەمەش فەلەستینییەکان دڵنیابوون لە بێهودەیی پرۆسەی ئاشتی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی نەتەوەیی.

ڕاپەڕین

لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٠٠، ئاریێل شارۆن و ئەندامانی حیزبی لیکود لەگەڵ هەزار پاسەوانی چەکدار سەردانی مزگەوتی ئەقسایان کرد و بە حەوشەکانیدا گەشتیان کرد. لەوێ شارۆن وتی "حەرەمی قودس هەر هی ئیسرائیلە"،کە تووڕەییی نوێژخوێنانی فەلەستینی وروژاند و بووە هۆی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانی فەلەستینییەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بەم سەردانە. فەلەستینییەکان لە حەرەمی قودسییەوە دەستیان کرد بە بەردبارانکردنی پۆلیسی ئیسرائیل. کە گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکی لاستیکیان ئاراستەی جەماوەرەکە کرد و ٧ کوژراوی لێکەوتەوە و ٢٥٠ کەسیش بریندار بوون و ١٣ سەربازی ئیسرائیلیش بریندار بوون، ئەمەش بە سەرەتای ڕاپەڕینەکە دادەنرێت. لەگەڵ دەستپێكردنی ڕاپەڕینی ئەقسادا، كۆمیتەكانی بەرخۆدانی جەماوەری دروست کرا، كە باڵێكی سەربازییان پێكهێنا بە ناوی لیواكانی ناسڕ سەڵاحەدین، كە تیایدا چەندین چالاكوانی لە بەشە جیاوازەکان تێدابوو، زۆربەیان لە فەتح بوون و هەندێکیان لە حەماس و جیهادی ئیسلامی بوون.

کوشتنی محەمەد دوڕڕە

لە ڕۆژی دووەمی ڕاپەڕینی ئەقسا لە تەواوی ناوچەکانی فەلەستین ڕاپەڕین دەستی پێکرد. هاوێنەی فۆتۆگرافەرێکی فەرەنسی بەناوی چارڵز ئەندەرلین، پەیامنێری کەناڵی فەرەنسا ٢، دیمەنی جەمال دوڕڕە و کوڕە یازدە ساڵەکەی بەناوی محەمەد گرت، کە لە پشت بەرمیلێکی چیمەنتۆوە پەنایان گرتووە، ئەمەش دوای ئەوەی دەکەونە نێوان ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان سەربازانی ئیسرائیل و هێزە ئاسایشییەکانی فەلەستین. دوای دوو خولەک لە تۆمارکردنی ڕووداوەکە، محەمەد دوڕڕە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەکوژرێت.

لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠، دوو سەربازی ئیسرائیلی لە شاری ڕامەڵڵا کوژران کە بە هەڵە چووبوونە نێو شارەکە. پۆلیسی مەدەنی فەلەستین لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەریان کردبوون، بەڵام وروژمی خەڵکی بە تووڕەییەوە کە لە پرسەی لاوێکی فەلەستینیدا بوون هێرش دەکەنە سەر بنکەی پۆلیس و سەربازە دەستبەسەرکراوەکان دەکوژن. لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، منداڵێکی فەلەستینیی ١٤ ساڵ بەناوی فارس عەودە لە نزیک بازگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە، کاتێک بە بەرد ڕووبەڕووی سەربازە ئیسرائیلییەکان دەبوویەوە کوژرا. کە وێنەی منداڵەکە لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا لەلایەن وێنەگرێکەوە گیراوە.

ساڵی ٢٠٠١

دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتی فەلەستین لە ٢١ی کانوونی دووەم تا ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠١ لە تەبا لە نیمچەدوورگەی سینا دەستی پێکرد و ئامانجی دانوستانەکانی ئاشتیش گەیشتن بە دۆخی کۆتایی بوو بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین. دانوستانەکانی تەبا بە هۆی بۆشاییە گەورەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان شکستی هێنا. دوای هێرشێکی خۆکوژی لە ناتانیا لە ١٨ی ئایار، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ١٩٦٧، ئیسرائیل فڕۆکەی جەنگی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی دەسەڵاتی فەلەستین لە کەرتی ڕۆژاوا و کەرتی غەززە و بەهۆیەوە ١٢ فەلەستینی کوژران. بە گشتی لە ساڵی ٢٠٠١دا ٤٦٩ فەلەستینی و ١٩٩ ئیسرائیلی کوژران.

لەم ساڵەدا ئیسرائیل بەردەوام بوو لە تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ڕێکخراوە فەلەستینییەکان، لەنێویاندا سەڵاحەدین دروزە، کە وەڵامەکەی بریتی بوو لە ئەنجامدانی چەندین ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی لەناو شارەکانی ئیسرائیل، لەنێویاندا هێرشی چێشتخانەی سبارۆ لە پێنجشەممەی ٩ی ئابی ٢٠٠١ کە گرووپێک لە دانیشتوانی ئیسرائیلی چێشتخانەیەکی سبارۆیان لە قودس کردە ئامانج، و ئەندامێکی قەسام هێرشەکەی ئەنجامدا. دوای ماوەیەک ڕێهاڤام زێیڤی، وەزیری گەشتوگوزاری ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوەدا لەلایەن ئەندامانی بەرەی گەل بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین تیرۆرکرا، کە ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠١ لە هۆتێل هایات ڕیجێنسی لە قودس تیرۆریان کرد.

ساڵی ٢٠٠٢

ئۆپەراسیۆنە خۆکوژییەکان لە ساڵی ٢٠٠٢دا گەیشتە لوتکە و بە تێکڕا مانگانە ٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و لەم ساڵەدا یەکەمین چەکداری ژن لە ڕاپەڕینی ئەقسادا بەدی دەکرێت، وەفا ئیدریس لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٢ ئۆپەراسیۆنێکی خۆکوژی لە قودس ئەنجامدا؛ لە ئەنجامدا ئیسرائیلییەک کوژرا و ٩٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. لیواکانی عیزەدین قەسام لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کە لەلایەن محمد فەتحی فەرحاتەوە ئەنجامدرا، شەوی پێنجشەممە و بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی ئازاری ٢٠٠٢ حەوت سەربازیان کوشت. کوشندەترین هێرش لە مێژووی ئیسرائیلدا کۆمەڵکوژی جەژنی پەسح بوو، کە لە جەژنی پەسحی جوولەکەکاندا لە ٢٧ی ئازاری ٢٠٠٢ ڕوویدا، کاتێک عەبدولباست عەودەی خەڵکی تولکەرەم کە ئەندامێکی بزووتنەوەی حەماس بوو لەناو هۆتێل پارک لە شاری نەتانیا خۆی تەقاندەوە، لە هێرشەکەدا زیاتر لە ٣٠ ئیسرائیلی کوژران و ١٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون، لە ئەنجامی بۆردومانەکەدا ئاریێل شارۆن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بەرگری دەستپێکرد، کە هەموو خاکەکانی فەلەستینی گرتەوە. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٠٢ هێزەکانی سوپای ئیسرائیل دەستیان بەسەر کەشتی MV Karin Aدا گرت کە بە گوتەی سوپا کەشتییەکی بارهەڵگری فەلەستینی بوو لە دەریای سووردا و ٥٠ تۆن چەکی هەڵگرتووە کە بریتین لە موشەکی کاتیۆشای مەودای کورت و مووشەکی دژە تانک و تەقەمەنی بەهێز.

دوای ئەوەش ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بەرگری دەستپێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە ٢٩ی ئازاری ٢٠٠٢ دەستی پێکرد و لە ١٠ی ئایاری ٢٠٠٢ کۆتایی هات و ئیسرائیل نزیکەی ٣٠ هەزار سەربازی بۆ کۆکردەوە. یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کۆتاییهێنان بوو بە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆکوژی لە ناوخۆی ئیسرائیل، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو نەبوو لە کەمکردنەوەی ژمارەیان. دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل، حکوومەتی ئیسرائیل دەستی کرد بە دروستکردنی دیواری جیاکردنەوە.

هاوکات یاسر عەرەفات لەلایەن ئیدارەی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کەوتە ژێر هەڵمەتێکەوە بۆ دوورخستنەوەی لە دەسەڵات یان دوورخستنەوەی لە ناوەندی بڕیاردان تێیدا، لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٠٢، جۆرج بوش، سەرۆکی ئەمریکا داوای پێکهێنانی سەرکردایەتی نوێی فەلەستینی کرد، بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەکان و ئاستەنگبوونی ئاسۆی سیاسی، عەرەفات ناچار بوو بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بداتە دەست سەرۆک وەزیران مەحموود عەباس، بەڵام عەباس بە خێرایی دەستی لەکارکێشایەوە و ئەحمەد قەریع دەستبەکاربوو. دوای ئەوە ئیسرائیل گەمارۆی بەسەر بارەگای سەرۆکایەتی فەلەستین سەپاند کە یاسر عەرەفات سەرۆکی فەلەستین تێیدا دەمایەوە و تا کۆتایی تەمەنی لە بارەگاکەدا دەستبەسەر بوو؛ ڕێگەی پێنەدرا بچێتە دەرەوە جگە لە گەشتکردن بۆ چارەسەرکردن دوای ئەوەی ژەهراوی کرا و بەهۆیەوە لە ساڵی ٢٠٠٤ مرد.

کوشتارگەی جەنین

سوپای ئیسرائیل لە ١ تا ١١ی نیسانی ٢٠٠٢ هێرشی جەنینی ئەنجامدا، ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێک بوو لە لەشکرکێشییەکی هەمەلایەنەی کەناری ڕۆژاوا، ئامانجی ئۆپەراسیۆنی لەشکرکێشی لەناوبردنی ئەو گرووپە چەکدارە فەلەستینییانە بوو کە بەرەنگاری داگیرکاری دەبوونەوە، جەنین و شارۆچکەی نابولس گۆڕەپانی توندترین شەڕەکان بوون کە لە کاتی لەشکرکێشیدا ڕوویاندا. بۆیە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر کەمپی پەنابەرانی جەنین لە هەوڵێکدا بۆ لەناوبردنی گرووپە شەڕکەرەکان و لەوێدا بەشێکی زۆریان کوژران و دەستگیرکران و هێزەکانی ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنی سووکایەتیکردن و کوشتنیان دژی دانیشتووانی ناوچەکە ئەنجامدا. لە ٢٢ی تەممووزی ساڵی ٢٠٠٢ کە دان هالوتز فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بوو، سوپای ئیسرائیل بە ئامانجی تیرۆرکردنی یەکێک لە دامەزرێنەرانی قەسام، باڵەخانەیەکی شاری غەززەی بۆردمان کرد کە بووە هۆی کوشتنی سەڵاح شەحادە، ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەی و یەکێک لە کچەکانی، لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی دیکە کە زۆربەیان منداڵ بوون کوژرا، ئەم ڕووداوە بە کۆمەڵکوژیی گەڕەکی دەرەج ناسرا، کە یەکێکە لە گەڕەکە چڕەکانی غەززە.

گەمارۆدانی کڵێسای مەهد

لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی بەرگریی ئیسرائیل، هێزەکانی ئیسرائیل لە ٢ی نیسان تا ١٠ی ئایار بەیت لەحمیان داگیرکرد و هەوڵیاندا چالاکوانە گومانلێکراوەکانی فەلەستینی دەستگیر بکەن، بەهۆی ئەوەوە دەیان کەسیان بەرەو کڵێسای مەهد هەڵهاتن. سوپای ئیسرائیل ئەو شوێنەی گەمارۆدا و کۆمەڵێک هاووڵاتیانی مەدەنی و چەکدار و قەشە فەلەستینییەکان لەناوەوە گیریان خوارد. لە کاتی گەمارۆدانەکەدا، نیشانەشکێنەکانی ئیسرائیل ٨ چەکداریان لەناو کڵێساکەدا کوشت و زیاتر لە ٤٠ کەسیشیان بریندارکرد. فرانسیسکانەکان ڕایانگەیاند کە هیچ بارمتەیەک نەگیراوە، لەکاتێکدا سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن قەشەکان و کەسانی دیکە لەلایەن چەکدارەکانەوە بە بارمتە گیراون. دوای ٣٩ ڕۆژ ڕێککەوتنێک کرا، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چەکدارەکان خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئیسرائیل کرد و دووردەخرانەوە بۆ ئەورووپا و کەرتی غەززە.

ساڵی ٢٠٠٣

لەم ساڵەدا سوپا هێرشەکانی لەسەر ناوچەکانی غەززە و نابولس و جەنین چڕکردەوە. ئۆپەراسیۆنەکان هاوتەریب لەگەڵ دروستکردنی دیوارێکی دابڕان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە کەرتی ڕۆژاوا ئەنجام دەدرا. لە ١٦ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٣دا، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل نیزال فەرەحات، فەرماندەی سەربازی لە لیواکانی عیزەددین قەسام، لەکاتێکدا هەوڵی دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەبابیل-١ بوو تیرۆرکرد، کە نیزال بە هاوکاری تیتۆ مەسعوود وەک داهێنەری یەکەمین فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی فەلەستینی دادەنرێن.

یەکەیەکی تایبەتی ئیسرائیلی بە ناوی یەکەی یەمام لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٣دا عەبدوڵڵا قەواسمی تیرۆرکرد، کە فەرماندەیەکی سەربازی بوو لە لیواکانی قەسام و بەرپرسی زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرخۆدانی فەلەستین بوو لە دژی داگیرکاریی ئیسرائیل. ڕۆژی ١٩ی ئاب، حەماس و جیهادی ئیسلامی هێرشێکی خۆکوژییان کردە سەر پاسێکی قەرەباڵغ لە قودس کە بووە هۆی کوژرانی ٢٣ دانیشتووی ئیسرائیلی. ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆتایی بەو ئاگربەستە هێنا کە لە تەممووزی ٢٠٠٣ ڕاگەیەندرا. لە ٢١ی ئابی هەمان ساڵدا، هێزەکانی ئیسرائیل بە بۆردومانی ئۆتۆمبیلەکەی لە غەززە، ئیسماعیل ئەبو شەنەب، ڕێبەری بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی (حەماس)یان تیرۆر کرد. لە ٢١ی ئایاری هەمان ساڵدا، هێزی دەریایی ئیسرائیل دەستی بەسەر بەلەمی ماسیگرتنی ئەبو حەسەندا گرت، کە بە قاچاخ چەکی بۆ کەرتی غەززە دەهێنا.

ساڵی ٢٠٠٤

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ئازاری ٢٠٠٤، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ئەحمەد یاسین، دامەزرێنەری حەماس کرد و تیرۆر کرا، ئەمەش لەکاتێکدا بوو لە ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە مزگەوتێک لە نزیک ماڵەکەی لە گەڕەکی سەبرا لە غەززە دەگەڕایەوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاریێل شارۆن جێبەجێ کرا. چەند هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی ئیسرائیلی ٣ مووشەکیان ئاڕاستەی ئەحمەد یاسین کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو کوڕی بریندار بوون، و حەوت لە هاوەڵەکانیشی لەگەڵیدا کوژران.

دوای کوشتنی ئەحمەد یاسین، عەبدولعەزیز ڕەنتیسی لەدوای هەڵبژاردنێک جێگەی گرتەوە. کەمتر لە مانگێک سەرۆکی حەماس بوو و ماوەیەک دوای دەستبەکاربوونی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێكردنی پرسی تیرۆری كۆبووەوە و ئەمریکا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل مافی ڤیتۆی بەکار هێنا. لە ڕۆژی ١٧ی نیسانی ٢٠٠٤ ڕەنتیسی بە سێ مووشەک لەلایەن کۆپتەرێکی ئاپاچییەوە تیرۆر کرا.

دوای ئەوەش بۆ دۆزینەوەی پێگە و ڕێگەی گواستنەوەی تەقەمەنی و چەک بۆ هێزەکان، ئیسرائیل هەڵمەتێکی وێرانکردنی لە شاری ڕەفەح دەست پێکرد و زیاتر لە ٢٥٠ ماڵ تێیدا ڕووخێنران. دوای شکستی سوپای ئیسرائیل لە گەیشتن بە ئامانجەکانی لە شەڕەکانی پێشوودا، جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی زەمینی بە پشتیوانی ئاسمانی لە باکووری کەرتی غەززە لە نێوان ٢٩ی ئەیلول و ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤ دەستپێکردەوە. لە ئۆپەراسیۆنەکاندا عەدنان غۆل فەرماندەی یەکەی پیشەسازیی سەربازی لە لیواکانی قەسام تیرۆرکرا.

لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٤، یاسر عەرەفات، ئەو پیاوەی کە زۆرێک پێیان وابوو پلانی ڕاپەڕینی داڕشتووە و بۆ ماوەی چوار ساڵ بە زیندوویی هێشتوویەتیەوە کۆچی دوایی کرد. لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥دا هەڵبژاردنی فەلەستین بووە هۆی دەرچوونی مەحموود عەباس وەک سەرۆکی نوێ. مەحموود عەباس هەوڵی دا بۆ گێڕانەوەی ڕێکوپێکی و سەقامگیری لە ناوچە فەلەستینییەکان و ڕاگرتنی هێرشەکان دژی ئیسرائیل، ئەمەش وایکرد ئاریێل شارۆن هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە دانوستان بگۆڕێت؛ فەرمانی دا بە کەمکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناوچە فەلەستینییەکان، هەروەها چەندین هەنگاوی مرۆیی بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستین گرتەبەر. کە ئەمەش بووە هۆی ڕێککەوتن بۆ بەڕێوەچوونی لوتکەی شەرم شێخ بە پشتیوانی ئەمریکا و میسر و ئوردن. لەو ڕۆژەدا عەباس و شارۆن لە لوتکەی شەرم شێخ کۆبوونەوە و لەوێ بەڵێنیان دا هێرشەکان بۆ سەر یەکتری ڕابگرن و شارۆنیش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادکردنی ٩٠٠ زیندانی فەلەستینی و کشانەوە لە شارەکانی کەناری ڕۆژاوا. بەڵام حەماس و جیهادی ئیسلامی ڕەتیانکردەوە لایەنی ڕێککەوتنەکە بن. دوای پێنج ڕۆژ عەباس لەگەڵ هەردوو ڕێکخراوی ئۆپۆزسیۆن گەیشتە ڕێککەوتن بۆ پابەندبوون بە ئاگربەستەکە بەو مەرجەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بە تۆڵەسەندنەوە جێبەجێ بکرێت.

زۆرێک ٨ی شوباتی ٢٠٠٥ بە کۆتایی فەرمی ڕاپەڕینی دووەم دەزانن، هەرچەندە توندوتیژی جار جارە هەبوو، بەڵام لە مانگی تەممووزدا هێرشەکان لەنێوان هەردوولادا پەرەی سەندەوە. ئیسرائیل سیاسەتی "کوشتنی ئامانجدار"ی دەستپێکردەوە و ٧ چالاکوانی حەماسی کوشت و نزیکەی ٤ دامەزراوەی حەماسی بۆردومان کرد. حەماس و جیهادی ئیسلامییش بە بۆردمانکردن و مووشەکباران وەڵامیان دانەوە. لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٥ حکوومەتی ئیسرائیل شوێنە نیشتەجێبوونی ئیسرائیل و کەمپەکانی سوپای لە کەرتی غەززە و ٤ شوێنی نیشتەجێبوونی جیاوازی لە باکووری کەناری ڕۆژاوا چۆڵکرد.

دەرەنجامەکانی ڕاپەڕینی دووەم

لەسەر فەلەستین

  1. نەهێشتنی زۆربەی ڕیزی یەکەمی سەرکردەکانی فەلەستین وەک یاسر عەرەفات، ئەحمەد یاسین، عەبدولعەزیز ڕەنتیسی و ئەبو عەلی مستەفا.
  2. دەستگیرکردنی هەردوو سەرکردەی بزووتنەوەی فەتح، مەروان بەرغوثی و بەرەی گەل، ئەحمەد سەعدات.
  3. کۆمیسیۆنی کاروباری زیندانیان ڕایگەیاند لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی دووەمەوە نزیکەی ١٢٦ هەزار دەستگیرکردنی بەڵگەدار هەبووە و منداڵانیش لەنێو ئەو گرووپانەدا بوون کە زۆرترین ئامانجیان لەسەر بووە، هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر لە ١٨ هەزار منداڵی ژێر هەژدە ساڵانیان دەستگیرکردووە.
  4. لەناوبردنی ژێرخانی فەلەستین؛ لە ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دارایی فەلەستینەوە بڵاوکراوەتەوە و کۆی گشتی زیانەکان دەکاتە ٥,٦ ملیار دۆلار.
  5. لەناوبردنی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی فەلەستین.
  6. لەناوبردنی دەیان دۆنم لە زەوی هاووڵاتیان.
  7. کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
  8. دروستکردنی یەکەمین مووشەک لەلایەن قەسامەوە بەناوی مووشەکی قەسام، دواتریش هەریەک لە مووشەکەکانی قودس ٤ و صمود و ئەقسا ١٠٣ و ناسر لەلایەن ڕێکخراوەکانی ترەوە دروست کران.
  9. دروستکردنی دیواری ئاپارتایدی ئیسرائیل.

لەسەر ئیسرائیل

  1. نەمانی ئاسایش لە شەقامی ئیسرائیل بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی خۆکوژی.
  2. لێدانی لایەنی گەشتیاریی ئیسرائیل بەهۆی تەقینەوەی خۆکوژییەوە.
  3. تیرۆرکردنی وەزیری گەشتوگوزاری ئیسرائیل (زیڤی) لەلایەن ئەندامانی بەرەی گەل بۆ ڕزگارکردنی فەلەستین.


سەرچاوەکان



192 بینین