کووبا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-17-21:15:00 - کۆدی بابەت: 10699
کووبا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کووبا (بە ئینگلیزی: Cuba، بە عەرەبی: کووبا، بە ئیسپانی: República de Cuba، بە فەرمی کۆماری کووبا)، وڵاتێکی دوورگەییە و لە کۆمەڵە دوورگەیەک پێکهاتووە. کووبا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی یوکاتان لە مەکسیک، باشووری هەردوو ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا و باهاماس، ڕۆژئاوای هیسپانیۆلا و باکووری جامایکا و دوورگەکانی کێیمەن. هاڤانا گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتەکەیە، شارە گەورەکانی دیکە بریتین لە سانتیاگۆ دێ کووبا و کاماگوای. دوورگەی سەرەکی کووبا گەورەترین دوورگەیە لە کووبا و لە کەنارەکانی کاریبی کە ڕووبەرەکەی ١٠٩٫٨٨٤ کیلۆمەتر دووجایە. کووبا دوای هایتی (Haiti) دووەم قەرەباڵغترین وڵاتە لە کەنارەکانی کاریبی کە زیاتر لە ١١ ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێیە. لەڕووی کولتوورییەوە، کووبا بە بەشێک لە ئەمریکای لاتین دادەنرێت. وڵاتێکی فرە نەتەوەییە کە خەڵک و کولتوور و دابونەریتەکانی لە بنەچەی جۆراوجۆرەوە سەرچاوەیان گرتووە.

زانیاری گشتی

ناو کووبا، کۆماری کووبا
پایتەخت هاڤانا
سیستەمی حکوومڕانی دیکتاتۆری
ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠٢٢ ١١٫٠٠٨٫١١٢ کەس
زمانی فەرمی ئیسپانی
ڕووبەری گشتی ١٠٩٫٨٨٤ کم٢
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن ٥٣+
ئایینی سەرەکی کاسۆلیکی ڕۆمانی
گرووپە ڕەگەزییەکان سپی پێست، ڕەگەزی تێکەڵ و ڕەش پێست
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی ٢٠١٥ ٢٥٤٫٨٦٥ بلیۆن دۆلار

مێژوو

کووبای کۆن

یەکەم ئەورووپی کە گەیشتە کووبا کریستۆفەر کۆڵۆمبۆس بوو لە ساڵی ١٤٩٢. لەو کاتەدا خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە لەسەر کشتوکاڵ دەژیان. شیرگیا و گەنمەشامی و یام (جۆرە پەتاتەیەکی شیرین)ـیان دەچاند و تووتنیان دەکێشا. لە ساڵی ١٥١١ـدا دیێگۆ ڤێلاسکێز دوورگەی کووبای داگیرکرد و چەندین شوێنی نیشتەجێبوونی دامەزراند لەوانە هاڤانا. خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە هیچ بەرگرییەکیان لەبەرامبەر نەخۆشییە ئەوروپییەکان نەبوو و بەهۆیەوە قڕیان تێ کەوت. لە ساڵی ١٥٢٦ـەوە ئیسپانییەکان کۆیلە ئەفریقییەکانیان هێنایە کووبا.

لە کۆتایی سەدەی ١٨ـدا کووبا بە گەشەپێدان و هەناردەکردنی شەکر بووژایەوە و ژمارەیەکی زۆر کۆیلە کاریان لەسەر کێڵگەکان دەکرد. بەڵام لە سەدەی نۆزدەهەمدا بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیی سەری هەڵدا، هەوڵدان بۆ سەربەخۆبوونی کووبا لە ساڵی ١٨٦٨ـدا دەستی پێکرد کاتێک خاوەن زەوییەک بە ناوی (کارلۆس مانوێل دو سێسپیدیس) کۆیلەکانی ئازاد کرد بەم شێوەیە شەڕی دە ساڵە دەستی پێکرد. لە ساڵی ١٨٧٨ بە شکست کۆتایی هات، پاشان لە ساڵی ١٨٨٦ کۆیلایەتی لە کووبا هەڵوەشایەوە.

جەنگی دووەمی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٨٩٥ دەستی پێکرد، لە ساڵی ١٨٩٨ جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئیسپانیادا هەڵگیرسا. هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر کووبا و دوای ماوەیەکی کەم ئیسپانیا خۆیدا بە دەستەوە. پەیمانی ئاشتی وایکرد ئیسپانیا دەستبەرداری هەموو مافە یاساییەکانی خۆی بەسەر کووباوە‌ بێت. بەڵام دوای جەنگەکە، کووبا بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵ کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا. لە ساڵی ١٩٠٢ـدا هێزەکانی ئەمریکا ناوچەکەیان جێهێشت و کووبا بە ناو سەربەخۆ بوو بەڵام لە ڕاستیدا، لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادا بوو.

کووبای مۆدێرن

لە سەرەتای سەدەی بیستەم و سەرەڕای ئەو هەوڵانەی کە بۆ مۆدێرنکردنی وڵاتەکە دران بەڵام زۆربەی خەڵکی کووبا زۆر بە هەژاری مانەوە. لە ساڵی ١٩٢٤ـدا جیراردۆ ماکادۆ بە سەرۆکی کووبا هەڵبژێردرا. دەستوور زیاتر لە خولێکی لێ قەدەغە کرد بەڵام کاتێک ماوەی سەرۆکایەتیەکەی لە ساڵی ١٩٢٨ـدا کۆتایی هات ماکادۆ دەستبەرداری دەسەڵات نەبوو تا لە ساڵی ١٩٣٣ـدا لە پێگەکەی دوورخرایەوە، دوای ماوەیەک لە نائارامی، کووبا دەستوورێکی نوێ و دیموکراتی بەدەست هێنا و هەڵبژاردن ئەنجامدرا.

لە ساڵی ١٩٥٢ فولگێنسیۆ باتیستا کودەتایەکی لە کووبا ئەنجامدا و کۆنتڕۆڵی کووبای کرد و بوو بە دیکتاتۆری ئەو وڵاتە. لەو کاتەدا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین کووبا ئاوەدان بوو و دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی تاڕادەیەک باش بوو. هەروەها ڕێژەی خوێندەواری بەرز و چاودێری تەندروستی تاڕادەیەک باش بوو. لەگەڵ ئەوەشدا خوێندن لە ئاستێکی بەرزدا بوو و وڵاتەکه بە نووسەرەکانی ناسرابوو. پاشان لە ساڵی ١٩٥٩ فیدڵ کاسترۆ سەرکردایەتی شۆڕشێکی کرد لە کووبا. بەڵام کاسترۆ ئازادی بۆ کووبا نەهێنا، بەڵکوو خۆی کردە دیکتاتۆر. کاسترۆ ڕژێمێکی کۆمۆنیستی زۆردارانەی دامەزراند. سەندیکای سەربەخۆی کرێکاران بە نایاسایی کرا و هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەرکران. ئابووری کووبا لە ماوەی ساڵانی شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە گەشەکردن وەستا.

لەم نێوەندەدا کووبا بوو بە پاشکۆیەکی یەکێتی سۆڤیەت و زۆر کەس لە کۆمۆنیزم هەڵهاتن، ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کووبایی بەرەو ئەمریکا ڕۆشتن و زۆر کەسی تریش لەو ڕێگایەدا گیانیان لەدەستدا. پەیوەندییەکانی کووبا لەگەڵ ئەمریکا تێکچوو و لە ساڵی ١٩٦١ـدا ١٫٤٠٠ کۆچبەری کووبایی کە لەلایەن سی ئای ئەی (CIA)ـەوە ڕاهێنرابوون نێردران بۆ داگیرکردنی کووبا، بەڵام بە سەرکەوتنی ئەمریکا کۆتایی هات.

جگە لەوەش کووبا لەڕووی ئابوورییەوە پشتی بە یەکێتی سۆڤیەت بەستبوو. کاتێک یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ هەڵوەشا دۆخی کووبای کۆمۆنیست خراپ بوو و بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئاسایی کووبا خراپتر بوو. هاوڵاتیان تووشی کەمیی خۆراک بوون. بۆیە کاسترۆ ناچار بوو ڕێگە بە هەندێک کاری ئازاد بدات و کووبای بەڕووی گەشتیاراندا کردەوە. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا فیدڵ کاسترۆ دەستی لەکار کێشایەوە. هاوکات لە ساڵی ١٩٩٨ پاپا بۆ یەکەمجار سەردانی کووبای کرد. ئەمڕۆش سیستەمی حکوومڕانی کووبا هێشتا دیکتاتۆرییە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ئەمریکا و کووبا پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە. ژمارەی دانیشتووانی کووبا لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١١ ملیۆن کەس بوو.

دانیشتووان

دانیشتووانی کووبا فرە نەتەوەن و هاوسەرگیری لە نێوان زۆرێک لە گرووپە جیاوازەکاندا شتێکی بەربڵاوە. بەپێی ئامارێکی پەیمانگای زانکۆی میامی ٦٢٪ـی دانیشتووانەکەی ڕەش پێستن، لە کاتێکدا لە سەرژمێری فەرمی ساڵی ٢٠٠٢ـدا ئەوە دەرکەوتووە کە ٦٥٪ـی خەڵکی ناوچەکە سپی پێستن. بەڵام توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ـدا ئەوە دەرکەوتووە کە ڕەچەڵەکی بنەچەی دانیشتووانی‌ کووبا ٧٢٪ ئەورووپی و ٢٠٪ ئەفریقی و ٨٪ ئەمریکی ڕەسەنە.

لە ساڵی ٢٠٠٢ـدا ١٩٫١٪ـی دانیشتووانی کووبا تەمەنیان لە نێوان سفر بۆ ١٤ ساڵی، ٧٠٫٣٪ـی خەڵکی کووبا لە نێوان ١٥ بۆ ٦٤ ساڵی و ١٠٫٦٪ـی دانیشتوانی کووبا تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵییەوە بوو. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانەکەی ٧٧٫٤١ ساڵی بووە، نێرەکان ٧٥٫١١ ساڵی و مێینەکان ٧٩٫٨٥ ساڵی.

گەشەی دانیشتووان

لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠، دانیشتووانی کووبا هیچ گەشەیەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی. تێکڕای گۆڕانی دانیشتووان بە ڕێژەی ٠٫٠٦-٪ بوو، لە ئەنجامدا نزیکەی ٦٫٨٦٧ كەس کەم بوونەوە. وڵاتەکە هەتا ساڵی ٢٠١٦ دانیشتووانەکەی گەشەی سەند و ژمارەی دانیشتووانەکەی گەشتە ١١٫٣٤ ملیۆن کەس، لەو کاتەوە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە هێواشی کەم دەبێتەوە. هۆکاری کەمبوونەوەی دانیشتووانی کووبا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەنجەکان وڵات جێ دەهێڵن و ڕێژەی لەدایکبوون نزمە. لە ئەنجامدا ڕێژەی بەتەمەنەکان بەرز دەبێتەوە.

ڕێژەی لەدایکبوون لە چەند دەیەیەکی ڕابردوودا زۆر دابەزیوە و لە ئێستادا کووبا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە نزمترین ڕێژەی لەدایکبوونی تێدا تۆمار دەکرێت لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا. ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ لەباربردنی بێ سنوور و بەکارهێنانی بەربڵاوی حەبی دژە دووگیانی لە نێوان دانیشتووی مێینەدا‌. ژمارەی دانیشتووانی ئێستای کووبا بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی دوایین زانیاریی نەتەوە یەکگرتووەکان ١١٫٢١١٫٢٤٦ کەسە. لە یەکی تەممووزی ٢٠٢٢ـدا نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە بە ١١٫٢١٢٫١٩١ کەس دەخەمڵێنێت. خەمڵاندنەکانی ئێستا باس لەوە دەکەن کە ژمارەی دانیشتووانی کووبا لە ساڵی ٢٠٣٠ـدا دەگاتە ١١٫٤٩٦٫٠٠٠ کەس و لە ساڵی ٢٠٤٠ ١١٫٢٦٦٫٠٧٤ کەس.

قەبارەی کووبا و چڕی دانیشتووانەکەی

وڵاتی کووبا دوورگەیەکی گەورەی کاریبی و گەلەدوورگەکانی دەوروبەریەتی، کۆی گشتی ڕووبەرەکەی ١٠٩٫٨٨٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لەڕووی قەبارەوە لە پلەی ١٠٤ـی جیهاندایە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی ١٠٢ کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا، کە لە پلەی ٧٩ـی جیهاندایە.

کۆچکردن بەدرێژایی سەدەکان ڕۆڵێکی زۆری لەسەر ژمارەی دانیشتووانی کووبادا هەبووە. لە سەدەی ١٨ تا ٢٠ شەپۆلێکی زۆر لە کۆچبەرانی کاناری، ئەندەلوسی، گالیسی، کەتەلۆنی و ئیسپانی هەبوون. دواتر زۆرێک لە کۆچبەران لە ئیتالیا، بەریتانیا، ئێرلەندا، یۆنان، پورتوگال و فەڕەنساوە ڕوویان لە دوورگەکە کرد.

ئایین

کووبا خاوەنی کۆمەڵێک ئایینە کە ڕەنگدانەوەی توخمە کولتوورییە جۆراوجۆرەکانی دوورگەکەن. ئایینی کاسۆلیکی کە لە سەرەتای سەدەی ١٦ـدا لەلایەن کۆلۆنیالیستەکانی ئیسپانیاوە هێنرایە دوورگەکە، باوترین ئایینی پەیڕەوکراوی وڵاتەکەیە. دوای شۆڕش، کووبا بەفەرمی بوو بە دەوڵەتێکی بێ ئایین و پەیڕەوکردنی ئایینی سنووردار کرد. لە دوای ساڵی ١٩٩١ـەوە، سنووردارکردنەکان سووک کرانەوە.

بەگشتی ئایینە ئەفریقییە-کووباییەکان کە تێکەڵەیەک لە ئایینە ڕەسەنەکانی ئەفریقا و ئایینی کاسۆلیکی ڕۆمانی، لە کووبا پەیڕەو دەکرێن. ئەم هەمەجۆرییە لە خەڵکی ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقاوە سەرچاوە دەگرێت کە گواسترانەوە بۆ کووبا و ئایینە ئەفریقییەکانیان داهێنایەوە. یەکێک لەو ئایینە ئەفریقییە-کووباییانە بریتییە لە سانتێریا. هەروەها ئایینی پرۆتستانت کە لە سەدەی ١٨ لە ئەمریکاوە هاتۆتە ناوچەکەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن دانیشتووانەو پەیڕەکراوە. ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی وڵاتەکە سەر بە ٥٤ ئایینی پرۆتستانتی دوورگەکەن. پێنتاکۆستالیزم لە ساڵانی ڕابردوودا بە خێرایی گەشەی کرد و بەتەنیا کۆمەڵانی خوا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زیاتر لە ١٦٧ هەزار کەس ئەندامیانن. کڵێسای ئەسقەفەکانی کووبا بانگەشەی ١٠ هەزار لایەنگری دەکات. سەرەڕای ئەمەش کووبا کۆمەڵگەیەکی بچووکی جوولەکەکان، مسوڵمانان، بوودییەکان و ئەندامانی ئایینی بەهایی هەیە.

زمان

زمانی ئیسپانی زمانی فەرمی وڵاتی کووبایە. لە نێو هەموو گۆڕانکارییە ناوچەییەکانی ئیسپانیدا، کوبی ئیسپانی هاوشێوەی ئەو زاراوەیە کە لە دوورگەکانی کاناری قسەی پێدەکرێت. ئەمەش دەرئەنجامی کۆچی کانارییەکانە کە لە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕوویان لە ناوچەکە کرد. هەروەها خەڵکی گالیسی و ئاستووریش کۆچیان کرد بۆ ناوچەکه، بەڵام بە هەمان ڕادەی کوبی ئیسپانی کاریگەرییان نەبوو. دووەم زمانی دانیشتووانی کووبا کە زۆرترین قسەی پێ دەکرێت بریتییە لە کریۆلی هایتی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن کۆچبەرانی هایتی و نەوەکانیەوە بەکاردەهێنرێت. زمانەکانی دیکەی دانیشتووانی وڵاتەکە بریتین لە زمانی ئاماژەی کووبا و زمانی ئینگلیزی کە بە شێوەیەکی باو وەک زمانێکی بیانی دەخوێندرێت.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی کووبا خولگەییە، کەشی شارەکە لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە تا ناوەڕاستی نیسان وشک و تاڕادەیەک فێنکە، لە کۆتایی مانگی نیسان تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەم باراناویی و گەرم و شێدارە‌. کەشوهەوا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر تا ڕادەیەک وەکوویەکە، بەڵام دەبێت ڕەچاوی ئەوەش بکەین کە لە هەندێک ناوچەدا جیاوازی هەیە. ساڵانە بەگشتی لە نێوان ١٫٠٠٠ بۆ ١٫٥٠٠ مللیمەتر باران دەبارێت.

وەرزی زستان لە بەشی باکووری کووبا گەرمێکی خۆشە و لە باشووریش تاڕادەیەک گەرمە، لە کانوونی یەکەم تا شوبات پلەکانی گەرما لە کاتەکانی ڕۆژدا لە دەوروبەری ٢٦ پلەی سەدییدا دەبێت و لە باشوورترین ناوچەکانیش نزیکەی ٢٨ پلەی سەدیە. هەروەها بارانێکی زۆری لێ نابارێت بەڵام ئەگەری هەیە و لە ناوچە نشێوەکانی باکووردا ئەگەری باران بارین زیاترە، ئەویش بەهۆی بەرکەوتەی بارستە هەواییە ساردەکانەوە کە لە ئەمریکاوە دێن. لە مانگی کانوونی یەکەم تا ئازار کەشوهەوای فێنکە و لە شەودا کەمێک ساردە بەتایبەتی لە بەشی باکووری ڕۆژئاوا. لە زستاندا دەتوانیت سەردانی شارەکان بکەیت و گەشت بکەیت، کەشی دەریا گەرمە بەڵام تیشکی خۆر هەمیشە نادرەوشێتەوە، هەروەها پلەی گەرمی هەوا هەمیشە ئەوەندە گەرم نییە بۆ مەلەکردن بشێت، لانیکەم بۆ ئەوانەی هەستیارن بە سەرما.

ئەگەر چی بەهۆی شنەباوە کەش مامناوەند دەبێتەوە بەڵام لە وەرزی بارانباریندا هەموو شوێنێک ئەوەندە گەرم و شێدارە کە هەندێک جار بەرگەگرتنی قورسە. گەرمترین مانگەکانی ساڵ بریتین لە مانگی تەممووز و ئاب. بەدەگمەن پلەی گەرمی ڕۆژ لە ٣٣ بۆ ٣٤ پلەی سەدی تێ دەپەڕێت، بەڵام ڕێژەی بەرزی شێ وا دەکات بەرگەی گەرماکەی نەگریت. زۆرجار باران بارین زۆرە، بەڵام زیاتر لە شێوەی لێزمە باران یان ڕەشەبای بروسکاویدایە.

نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٦ پلەی سەدی بوو کە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨١ـدا تۆمارکرا، هەروەها لە شوباتی ١٩٩٦ـدا پلەکانی گەرما بۆ ٠٫٦ پلەی سەدی دابەزی و لە کانوونی دووەمی ٢٠١٠ـدا پلەکانی گەرما بۆ ٤ پلەی سەدی دابەزی.


سەرچاوەکان



305 بینین