بۆلیڤیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-09-17-15:58:00 - کۆدی بابەت: 11316
بۆلیڤیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆلیڤیا (بە ئینگلیزی: Bolivia، بە عەرەبی: بوليفيا)، بە فەرمی دەوڵەتی فرەنەتەوەیی بۆلیڤیا، وڵاتێکی بە زەوی دەورەدراوە و دەکەوێتە ڕۆژاوای ناوەڕاستی ئەمریکای باشوور. لە باکوور و ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ بەرازیل، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ پاراگوای، لە باشوورەوە لەگەڵ ئەرجەنتین، لە باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ چیلی و لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ پیرۆدا هاوسنوورە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە بە 12 ملیۆن دانیشتوو خەمڵێندراوە، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە 79ـەیەم گەورەترین وڵاتی جیهانە و شاری سوکری پایتەختی وڵاتەکەیە. بۆلیڤیا وڵاتێکی فرە نەتەوەییە و دانیشتووانەکەی بە ڕەچەڵەک هیندی ئەمریکی، مێستیزۆ، ئەورووپی، ئاسیایی و ئەفریقین. زمانی ئیسپانی زمانی فەرمی و سەرەکیی دانیشتووانی وڵاتە، بەڵام 36 زمانی ڕەسەنیش لەلایەن دانیشتووانەوە بەکاردێت کە باوترینیان بریتین لە زمانەکانی گوارانی، کێچوا، ئایمێرا.

ناو بۆلیڤیا، بە فەرمی دەوڵەتی فرەنەتەوەیی بۆلیڤیا
پایتەخت سوکری
سەرۆکی وڵات لویس ئارسی
حکوومەت کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتوو
سەربەخۆیی لە ئیسپانیا 6ـی ئابی 1825
دەستووری ئێستا 7ـی شوباتی 2009
زمانە فەرمییەکان ئیسپانی، کێچوا، ئایمێرا، گوارانی، زمانە ڕەسەنەکانی تر
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
ڕووبەری گشتی 1,098,581 كم2
ژمارەی دانیشتووان لە خەمڵاندنی ساڵی 2023 12,186,079
چڕیی دانیشتووان 10.4/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
کۆدی تەلەفۆن +591
یەکەی دراو بۆلیڤانۆ (BOB)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2022 118.8 بلیۆن دۆلار

دەوڵەتی سەربەخۆی بۆلیڤیا دەوڵەتێکی یەکگرتووی دەستوورییە و بەسەر نۆ بەشدا دابەشکراوە. جوگرافیای وڵاتەکە لە لووتکەی زنجیرە چیاکانی ئەندێز لە ڕۆژاوا تا دەگاتە ناوچە نزمەکانی ناو حەوزی ئەمازۆن لە ڕۆژهەڵات دەگۆڕێت. یەک لەسەر سێی بۆلیڤیا لە ناوچەی زنجیرە چیای ئەندێزدایە. وڵاتەکە بە ڕووبەری 1,098,581 کیلۆمەتر دووجاوە پێنجەم گەورەترین وڵاتی ئەمریکای باشوورە، لە دوای بەڕازیل، ئەرجەنتین، پیرۆ و کۆڵۆمبیا. لەگەڵ وڵاتی پاراگوای دوو وڵاتە بە زەوی دەورەدراوەکانی ئەمریکای باشوورن. بۆلیڤیا 27ـەم گەورەترین وڵاتی جیهان، گەورەترین وڵاتی بە زەوی دەورەدراو لە نیوەگۆی باشوور و حەوتەم گەورەترین وڵاتی بە زەوی دەورەدراوی جیهانە، لە دوای وڵاتەکانی کازاخستان، مەنگۆلیا، چاد، نیجەر، مالی و ئەسیوپیا.

مێژوو و گرنگی وڵاتەکە

پێش ئەوەی داگیرکەرە ئیسپانییەکان لە سەدەی 16ـدا بگەنە ناوچەکە و کۆنترۆڵی بکەن، ناوچەی ئەندێزی بۆلیڤیا بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی ئینکا، لە کاتێکدا هۆزە سەربەخۆکان لە ناوچە نزمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێبوون. ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیا لەسەر ئەو زیوە بنیادنرا کە لە کانگاکانی بۆلیڤیادا دەرهێنرا. لە ساڵی 1809ـدا بۆ یەکەمجار بۆلیڤیا بە شێوەیەکی ئاشکرا داوای سەربەخۆیی کرد، بەڵام کۆمارەکە دوای 16 ساڵ لەشەڕ و ناکۆکی بەناوی سیمۆن بۆلیڤار (Simón Bolívar)ـەوە دامەزرا، کە سەرکردەیەکی ڤەنزوێلی بوو لە شەڕی سەربەخۆیی ئەمریکای ئیسپانی.

لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، وڵاتانی دراوسێی وەک چیلی و بەڕازیل دەستیان بەسەر چەندین ناوچەی لاوەکیی بۆلیڤیادا گرت. تا ساڵی 1971 چەند حکوومەتێکی سەربازی و مەدەنیی یەک لەدوای یەک لە بۆلیڤیادا فەرمانڕەواییان کرد. بۆلیڤیای مۆدێرن ئەندامێکی چارتەری UN، IMF، NAM، OAS، ACTO،‌ بانکی باشوور، ALBA و USANـە. سەرەڕای ئەوەی ڕێژەی هەژاری دابەزاندووە و یەکێکیشە لەو وڵاتانەی ئەمریکای باشوور کە خاوەنی ئابوورییەکی خێراگەشەسەندووە (لەڕووی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆییەوە)، بۆلیڤیا بە دووەم هەژارترین وڵاتی ئەمریکای باشوور دەمێنێتەوە. بۆلیڤیا وڵاتێکی گەشەسەندووە و چالاکییە ئابوورییە سەرەکییەکانی بریتین لە کشتوکاڵ، دارستانەوانی، ماسیگرتن، کانسازی و کاڵای بەرهەمهێنان وەک چنین، جل و بەرگ، کانزای پاڵێوراو و بەردەنەوتی پاڵێوراو. ئەم وڵاتە بە کانزاکان، لەوانە تەنەکە، زیو و لیسیۆم و مس زۆر دەوڵەمەندە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی وڵاتی بۆلیڤیا لە سەرژمێری ساڵی 2001ـدا 8,274,325 کەس بوو، لە نێویاندا 4,123,850 دانیشتوویان نێر و 4,150,475 دانیشتوویان مێ بوون. ئەم ژمارەیە لە سەرژمێری دواتردا کە لە ساڵی 2012ـدا ئەنجامدرا بۆ 10,059,856 کەس بەرزبوویەوە. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی بۆلیڤیا سێ هێندە زیادی کردووە و ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەکەی گەشتووەتە 2.25%. ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی 1950-1976 و 1976-1992 نزیکەی 2.05% بوو، لە کاتێکدا لە ساڵی 1992-2001 گەیشتە 2.74%.

نزیکەی 67.49%ـی دانیشتووانی بۆلیڤیا لە ناوچە شارییەکان دەژین، لە کاتێکدا 32.51%ـی دانیشووانەکەی لە ناوچە گوندنشینەکاندا جێگیرن. وڵاتەکە خاوەنی دانیشتووانێکی گەنجە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2011 تەمەنی 59%ـی دانیشتووان لە نێوان 15 بۆ 59 ساڵی، تەمەنی 39%ـی دانیشتووان لە خوار 15 ساڵی و تەمەنی نزیکەی 60%ـی دانیشتووان لە خوار 25 ساڵیەوەیە.

گرووپە نەتەوەییەکان

زۆرینەی زۆری بۆلیڤییەکان بە ڕەچەڵەک مێستیزۆ (سپی پێست و هیندی ئەمریکیی تێکەڵ)ـن، لە خەمڵاندنێکی ساڵی 2018ـدا هاتووە کە 68%ـی دانیشتووانی وڵات مێستیزۆ، 20%ـی دانیشتووانی وڵات هاوڵاتی ڕەسەن، 5%ـی دانیشتووان سپی پێست، 2%ـی دانیشتووان مێستیزۆی مەکسیکی، 1%ـی دانیشتووان ڕەشپێست، 4%ـی دانیشتووان لە نەتەوەکانی ترن، لە کاتێکدا پێکهاتە ڕەگەزییەکانی 2%ـی دانیشتووانی وڵات دیاری نەکرابوو و 44%ـی دانیشتووان ڕەچەڵەکی خۆیان بۆ چەند گرووپێکی ڕەسەن دەگەڕێننەوە، بەزۆری پۆلە زمانەوانییەکانی کێچوا یان ئایمێرا.

لە ساڵی 2006ـدا بۆلیڤییە سپییەکان نزیکەی 14%ـی دانیشتووانی وڵاتیان پێکهێنابوو، بنەچەی سپی پێستەکان و مێستیزۆ بە ڕەچەڵەک سپی پێستەکانی ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی ئیسپانیا، ئیتالیا، ئەڵمانیا، کرواتیا، لوبنان و سووریا. لە ساڵی 2011ـدا و لە سانتا کروز دیپارتمێنت، ژمارەیەکی زۆر کۆڵۆنی مێنۆنایتە ئەڵمانیزمانەکان هەن کە کاتی خۆی لە ڕووسیاوە هاتوون و ژمارەیان نزیکەی 40 هەزار کەسە.

ئەفرۆ-بۆلیڤیاییەکان، وەچەکانی کۆیلە ئەفریقییەکان کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیادا گەیشتنە ئەم ناوچەیەی کە ئێستا بۆلیڤیایە، لە لاپاز دیپارتمێنت نیشتەجێن. جێی باسیشە کە لە ساڵی 1831ـدا کۆیلایەتی لە بۆلیڤیا هەڵوەشایەوە. هەروەها کۆمەڵگەیەکی ژاپۆنی و لوبنانی لە وڵاتدا جێگیرن کە ژمارەی کۆمەڵگەی یەکەمیان 14,000 کەس و ژمارەی کۆمەڵگەی دووەمیان 12,900 کەسە. جگە لەوانەی باسمانکرد ژمارەیەکی کەم لە هاوڵاتیانی ئەورووپی لە بۆلیڤیا نیشتەجێن کە لە بنەڕەتدا خەڵکی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا و پورتوگالن، هەروەها ژمارەیەک نیشتەجێبووی وڵات سەر بە وڵاتانی تری ئەمریکان، وەک ئەرجەنتین، بەڕازیل، چیلی، کۆڵۆمبیا، کوبا، ئیکوادۆر، ئەمریکا، پاراگوای، پیرۆ، مەکسیک و ڤەنزوێلا. بە هەمان شێوە، نزیکەی 140 هەزار مێنۆنایتی فریزلاندی، فەلەمنگی و ئەڵمانی لە بۆلیڤیا هەن.

زمان

بەهۆی فرە کولتووریی بۆلیڤیاوە هەمەجۆریی لە زمانەوانیەکەیدا هەیە. جگە لە زمانی ئیسپانی 36 زمانی فەرمی لە وڵاتەکەدا هەیە، گرنگترینیان زمانەکانی گوارانی، کێچوا، ئایمێرا. ئیسپانی تاکە زمانی فەرمییە کە لەلایەن زۆرترین دانیشتووی وڵاتەکەوە قسەی پێدەکرێت. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2001 زمانی ئیسپانی لەلایەن دوو لەسەر سێی دانیشتووانەوە بەکاردێت. هەموو بەڵگەنامە یاسایی و فەرمییەکانی وەک دەستوور، دامەزراوە سەرەکی و گشتییە سەرەکییەکان، میدیا و چالاکییە بازرگانییەکان بە زمانی ئیسپانین.

بەپێی سەرژمێریی ساڵی 2001، 21.2%ـی دانیشتووانی وڵات بە کێچوا، 14.6%ـی دانیشتووان بە ئایمێرا، 0.6%ـی دانیشتووان بە گوارانی و 0.4%ـی دانیشتووان بە زمانە ڕەسەنەکانی تر دەدوێن. هەروەها، پلاوتدیچ، کە زاراوەیەکی ئەڵمانییە، لە سانتا کروز نزیکەی 70 هەزار قسەپێکەری مێنۆنایتی هەیە. لەو ناوچانەشی کە نزیکن لە وڵاتی بەڕازیلەوە بە شێوەیەکی سەرەکی بە زمانی پورتوگالی قسە دەکەن.

ئایین

لە ساڵی 2014ـدا ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی بۆلیڤیا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • کاسۆلیک: 77%
  • پرۆتستانت: 16%
  • ئایینەکانی تر: 3%
  • بێ ئایینەکان: 4%

لەڕووی دەستوورییەوە بۆلیڤیا دەوڵەتێکی عەلمانییە و گەرەنتی ئازادی ئایینی و سەربەخۆیی حکوومەت لە ئایین دەکات. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2001، کە لەلایەن دامەزراوەی ئاماری نیشتیمانیی بۆلیڤیاوە ئەنجامدراوە، 78%ـی دانیشتووانی وڵات کاسۆلیکی ڕۆمانین، 19%ـی دانیشتووان پرۆتستانتن، هەروەها ژمارەیەکی کەمی دانیشتووانی وڵات سەر بە ئایینی ئۆرتۆدۆکس و 3%ـی دانیشتووان بێ ئایینن.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی بۆلیڤیا بەپێی ناوچە و بەرزی جیاوازە و چەند کەشوهەوایەکی جیاواز لە وڵاتەکەدا هەستیان پێ دەکرێت. کەشوهەوای دەشتەکان و ناوچە نزمەکانی ئەوپەڕی باکووری بۆلیڤیا بەنزیکەیی کەمەرەییە (بەدرێژایی ساڵ گەرمە و وەرزێکی وشکی کورتی هەیە)، کەشوهەوای ناوچەکانی ناوەڕاستی باشووری وڵات خولگەییە (وەرزێکی وشکی درێژتری هەیە و کەش ساردترە) و لە بان و لووتکەکانی زنجیرە چیای ئەندێزدا، کەشوهەوا ساردترە و بەگشتی زۆر وشکە. بەهۆی ئەوەی وڵاتەکە لە نیوەگۆی باشووردایە، وەرزەکانی بە بەراورد لەگەڵ نیوەگۆی باکوور پێچەوانە دەبنەوە.

ئەو ناوچانەی کە کەشوهەوای کەمەرەییان هەیە

باکووریترین ناوچەی بۆلیڤیا بە دارستانە باراناوییەکان داپۆشراوە و کەشوهەواکەی بەنزیکەیی کەمەرەییە. کەشی وڵات لەم ناوچەیەی وڵاتدا بەدرێژایی ساڵ گەرم و شێدارە و گۆڕانکارییەکی کەم لە پلەی گەرمیدا هەیە، پلەی گەرمیی ناوچەکە لە ساردترین مانگەکانی ساڵدا 24 پلەی سەدیە و لە گەرمترین مانگەکانی ساڵدا 27 پلەی سەدیە. جگە لەوەش، ڕێژەی بارانبارین بەرزە و ساڵانە زیاترە لە 1500 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.

کەشوهەوای دەشتی بێدار

کەشوهەوای باقی دەشتەکان و ناوچە نزمەکانی بۆلیڤیا خولگەییە، هەروەها زستانی وشکە و هاوینی باراناوییە. لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما بە چەند پلەیەکی کەم دادەبەزن، بەتایبەتی لە بەشەکانی ناوەڕاست و باشوور. تێکڕای پلەی گەرمی لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا لە نێوان 23 بۆ 16 پلەی سەدیدا دەگۆڕێت. لەم ناوچەیەدا وەرزی بەهار گەرمترین وەرزی ساڵە و پلەکانی گەرما لە مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی دووەمدا لە 37 پلەی سەدیەوە بەرزدەبنەوە بۆ 40 پلەی سەدی. هاوینی ئەم ناوچەیە گەرم و شێدارە و ڕێژەی دابارینی بارانیش لە بەشی ڕۆژئاوادا بەرزترە. هەروەها، بەشی باشووردا، کەشوهەوا وشکترە و ساڵانە کەمتر لە 1,000 مللیمەتر باران دەبارێت.

کەشوهەوای زنجیرە چیای ئەندێز

سنووری ناوچەی ئەندێز بە دوو زنجیرە چیا دیاریکراوە و لە نێوانیاندا بانێک هەیە کە دوو پایتەخت و چەند شارێکی گرنگی وڵاتی لێ هەڵکەوتوە. زنجیرە چیای بەشی ڕۆژاوا زۆر شکترە لە زنجیرە چیای بەشی ڕۆژهەڵات. بانەکەش تا ڕادەیەک وشکە و بەشی باشووری ڕۆژئاوا، لە نزیک سنووری چیلی، بیابانە. لە ناوچەی ئەندێز، زنجیرە چیای بەرزی لێیە کە بەرزییان 6,542، 6,427، 6,368 و 6,402 مەترە. زستانی ئەم زنجیرە چیا بەرزانە وشکە، بەڵام لە زستان و سەرەتای بەهاردا دەشێت سووکە بەفرێک لە سەرووی 4,000 مەترەوە ببارێت.

لا پازی پایتەخت بەرزترین پایتەختی جیهانە و بە تێکڕایی 3,600 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەڵام ناوچە جیاوازەکانی کەوتونەتە نێوان 3,200 و 4,200 مەتر لە سەرووی ئاستی دەریاوە، بۆیە پلەکانی گەرما لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە. لەو ناوچانەی کە 4,050 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن کەشیان بەدرێژایی ساڵ ساردە و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانەیان لە نێوان پێنج پلەی سەدی لە مانگی تەممووز بۆ 10 پلەی سەدی لە مانگی تشرینی دووەمدا دەگۆڕێت. هەروەها، ساڵانە 560 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت و زۆربەی ئەم بڕەش لە مانگی ئەیلوولەوە تا نیسان دەبارێت.

لە بەرزاییە نزمەکانی بەشی ناوەڕاستی شارەکەدا، کەش گەرمترە و پلەی گەرمی چەند پلەیەک بەرزترە، پلەی گەرمی لەم بەشەی شار و بە ڕۆژدا لە نێوان 17.5 بۆ 20 پلەی سەدیدا دەگۆڕێت. پلەی گەرمیی پایتەختی دووەم، سوکری، بە بەراورد بە لا پازی پایتەخت، گەرمترە و کەشی شارەکە بەدرێژایی ساڵ وەک بەهار وایە، بەڵام شەوانی زستانی ساردە و پلەکانی گەرما بۆ نزیکەی 5/6 پلەی سەدی دادەبەزن. هاوینی ئێرە باراناویترین وەرزە و ساڵانە 680 مللیمەتر بارانی لێ دەبارێت.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی بۆلیڤیا مانگی حوزەیران تا ناوەڕاستی مانگی ئابە، هەرچەندە کەشی وڵاتەکە لەم ماوەیەدا لە بەرزاییە بەرزەکاندا زۆر ساردە و لە بەرزاییە نزمەکاندا کەمتر گەرمە، بەڵام وشکترین و خۆرەتاوترین کاتە لە سەرتاسەری وڵاتدا.


سەرچاوەکان



364 بینین