عەرەب

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-23-17:56:00 - کۆدی بابەت: 8758
عەرەب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەرەبەکان (بە عەرەبی: العرب، بە ئینگلیزی: Arabs) لقێکن لە گەلە سامییەکان کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە جیهانی عەرەبیدا لە هەردوو بەشی ئاسیا و ئەفریقا چڕبوونەتەوە، جگە لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا. هەروەها بە شێوەی کەمینە لە ئێران و تورکیا بوونیان هەیە، یان نەوەی ئەو کەسانەن فەتحی وڵاتانیان کردووە وەک لە وڵاتانی (کازاخستان، هیندستان، پاکستان، ئەندەنووسیا). لەڕووی ڕامیارییەوە عەرەب هەر کەسێکە کە زمانی دایکی عەرەبی بێت. کەمینە عەرەبەکان بە ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەمریکا و ئەورووپا و ئێران و تورکیادا هەن.

واژەی عەرەب

بە پێی نەریتە ئیبراهیمییەکان، بنچینەی عەرەبەکان دەگەڕێندرێتەوە بۆ پێغەمبەر ئیسماعیل و بە گوێرەی هەندێک لە مێژوونووسانیش دەگەڕێنەوە بۆ یەعرووب. هەردوو بۆچوونەکە لە ڕووی مێژووییەوە ناتوانرێت بسەلمێنرێن. لە مێژوودا کۆنترین ئاماژە بە وشەی عەرەب دەگەڕێتەوە بۆ دەقێکی ئاشووری سەدەی نۆیەمی پێش زایین، کە بەپێی تیۆری زۆربەی لێکۆڵەران لەو زمانە و ژمارەیەکی تری زمانە سامییەکاندا بە واتای خەڵکی بیابان دێت. ئەو بیابانەی کە مەبەست لێیەتی بیابانی شامە لە باشووری هیلالی بەپیت، کە تەواوی نیمچەدوورگەی عەرەبی دەگرێتەوە و لە سەردەمی یۆنانەوە بە ناوی عەرەبستان ناوبراوە، بە واتای وڵاتی عەرەبنشین. کۆنترین شانشینی عەرەبی شارستانی (شانشینی لیحیان)ـە لە سەدەی چوارەمی پێش زایین و (شانشینی کەنەدە) لە سەدەی دووەمی پێش زایین. لە سەردەمی بووژانەوەی هزری لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسیدا، فەرهەنگەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەی عەرەب بە واتای خەڵکی بیابان نایەت، چونکە خەڵکی بیابان بە بەدەوی ناودەبرێن.

مێژوونووسانی عەرەب مێژووی عەرەبیان بۆ دوو بەش دابەش کردووە، پێش سەردەمی ئیسلامی و دوای ئیسلام. لەدوای ئیسلام، عەرەبەکان گۆڕانکارییەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینی و بوونە خاوەنی چەندین ئیمپڕاتۆریەتی گەورەی جوگرافیافراوان. بە تایبەت لە سەردەمی ئومەوییەکان چ لە دیمەشق بێت یان ئەندەلووس، هەروەها سەردەمی عەباسیەکان بە تایبەت یەکەم سەردەمی عەباسی و بەغدادی ئێستا، ئەمانە کۆمەڵێک شێوەی کولتووریی شارستانی دەوڵەمەندیان بەرهەم هێنا. 

بنەچە

بنەچەی عەرەبەکان بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ نیمچەدوورگەی عەرەبی، لەم ڕۆژگارەشدا لە نیمچە دوورگەی عەرەبی و شام و عێراق و دۆڵی نیل و مەغریب نیشتەجێن. کەمایەتی عەرەب لە ناوچە سنوورییەکان هەیە کە لکێنراون بە وڵاتانی دراوسێی وەک ئەهواز (لە ئێران) و باشووری تورکیا (عەرەبی تورکیا). هەروەها کەمینەیەکی بەرچاو لە ئێریتریا و چاد هەن و جگە لەوەش ژمارەیەکی بەرچاو لە عەرەب لە وڵاتانی دەرەوە هەن کە کۆچیان کردووە، بە تایبەت ئەمریکای لاتین. هەندێک لە توێژەران پێیان وایە عەرەب و سامییەکان بەگشتی لەنێو ئەو گەلانەدان کە لە ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە سەریان هەڵداوە، بە تایبەتی لە ناوچەی حەوزی گەورەی نیشتنی عەرەبی پێش ئەوەی ببێتە کەنداو. لە کاتێکدا توێژینەوەکانی دیکە دەڵێن سامییەکان نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش زایین لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە سەریان هەڵداوە. دواتر کۆچیان کردووە بۆ نیمچەدوورگەی عەرەبی و ئەسیوبیا. ئیبن خەلدوون لە کتێبەکەیدا “مێژووی ئیبن خەلدوون” کاتێک باسی عەرەبە کۆنەکان دەکات، دەڵێت: “لە بابلەوە ڕوویان لە نیمچەدوورگەی عەرەبی کرد کاتێک نەوەی حام هاتنە ئەوێ، بۆیە لە بیابانەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا نیشتەجێ بوون و هەر یەکێکیان بوونە خاوەنی پاشا و شوێنی تایبەتی خۆیان“، هەروەها دەڵێت: (عاد، ثەمود، زەبەلاحەکان، ئومەیم، جاسم، عەبیل، جەدیس و تەسم عەرەبن).

دانیشتوان

جیهانی عەرەبی ٤٠٢,٠٠٠,٠٠٠
بەڕازیل  ١٥,٠٠٠,٠٠٠ بۆ ١٧,٠٠٠,٠٠٠
ئەرجەنتین ١,٣٠٠,٠٠٠ بۆ ٣,٣٠٠,٠٠٠
ئەمریکا ٢,٤٦٦,٨٧٤
فەڕەنسا ١,٥٠٠,٠٠٠ بۆ ٢,٠٠٠,٠٠٠
ئێران ٧٠٠,٠٠٠  بۆ ٢,٠٠٠,٠٠٠
ئیسرائیل ١,٥٠٠,٠٠٠
مەکسیک ١,١٠٠,٠٠٠
ئیسپانیا ٨٠٠,٠٠٠
تورکیا ٥٠٠,٠٠٠
ئوستوڕالیا ٣٧٥,٠٠٠

مێژووی هاوچەرخ

لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیدا ژمارەیەک ناوچەی عەرەبی بوونە قوربانیی داگیرکاری ئەورووپا، فەڕەنسا لە ساڵی ١٨٣٠دا دەستی بەسەر جەزائیردا گرت و دواتر لە ساڵی ١٨٨١دا دەستی بەسەر توونسدا گرت. بەریتانیا لە ساڵی ١٨٨٢ میسڕی داگیرکرد، پاشان میسڕی لکاند بە سوودانەوە، ئیتاڵیەکانیش لە ساڵی ١٩١١ لیبیایان داگیر کرد. لەم ماوەیەدا پەیوەندییەکانی تورکیا و عەرەب تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بوو، دوای ئەوەی پارتی یەکیەتی و پێشکەوتن (الاتحاد والترقي) سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمیان لە پۆستەکەی لابرد. داوای گۆڕینی دەوڵەت بۆ کارەکتەری تورکی و تورککردنی هەموو نەتەوەکانی عوسمانییان کرد کە تورک نین، عەرەبەکان بەرەنگاری ئەم بزووتنەوەیە بوون و گەنجە خوێندەوارەکان یانە و کۆمەڵە و حیزبیان دامەزراند و دەستکرا بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو نیشتمانی عەرەبیدا. بەڵام یەکیەتیخوازەکان ئەم بزووتنەوانەیان سەرکوت کرد و سووکایەتییان بە شوێنکەوتووانیان دەکرد و ئەوەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی گەورەی عەرەبی لە ساڵی ١٩١٦ بە سەرکردایەتی شەریف حسێن بن عەلی هاشمی کە سەرکەوتوو بوو لە دەرکردنی سوپای عوسمانی لە تەواوی بەشی ڕۆژهەڵاتی جیهانی عەرەبی، بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا. شەریف حسێن چاوەڕێی ئەوە بوو، لە ئەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی عەرەبی و سەرکەوتنی هاوپەیمانان لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، بتوانێت بە هاوکاری بەریتانیا دەوڵەتێکی سەربەخۆی عەرەبی دابمەزرێنێت کە لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و هیلالی بەپیت پێکهاتبێت لە عێراق و شام. و کە ئەو لەم حاڵەتەدا دەبێت "پاشای عەرەبەکان" و "خەلیفەی موسڵمانان" و منداڵەکانیشی دەبنە جێگرەوەی. بەڵام شۆڕشی عەرەبی تەنیا کۆمەڵێک لە ئامانجەکانی بەدەست هێنا، لەوانە سەربەخۆییی حیجاز و دەستبەکاربوونی شەریف حسێن وەک پاشا و دانپێدانانی لەلایەن هاوپەیمانانەوە.

هاوپەیمانان پلانیان دانابوو کە هیلالی بەپیت وەک یەکێک لە "زەوییە داگیرکراوەکانی دوژمن" لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن، بەپێی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ کەناراوەکانی شام و باشووری ئەنادۆڵ خرایە ژێر کۆنتڕۆڵی فەڕەنسا، هەروەها عێراق بۆ بەریتانیا و فەڵەستین لەژێر دەسەڵاتی تایبەتی نێودەوڵەتیدا مانەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ جێبەجێکردنی جاڕنامەی بلفۆر کە لەلایەن حکوومەتی بەریتانیاوە بۆ بزووتنەوەی زایۆنیستی جیهانی، بۆ ئەوەی فەڵەستین بکاتە ماڵێکی نیشتمانی بۆ جوولەکەکانی جیهان. 

ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ بەهۆی کشانەوەی ڕووسیا لە بەرەی هاوپەیمانان چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردا هات، بۆیە فەڕەنسا پشکی خۆی لە ئەنادۆڵ ڕادەستی دەوڵەتی تورکی نوێ کرد، و لوبنان و سووریای لە شوێنی داگیرکرد. بەریتانیا فەڵەستین و ئوردن و تەواوی عێراقی خستە ژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی خۆیەوە و دەرگای کۆچکردنی بۆ جوولەکەکان کردەوە بۆ ئەوەی بچنە فەڵەستین، بۆیە بەشێکی زۆری جوولەکەکانی جیهانی عەرەبی و ئەورووپای ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد بۆ ئەوێ.

دەسەڵاتی فەڕەنسا و بەریتانیا لە شام و عێراق نزیکەی دوو دەیە بەردەوام بوو و دواجار سوپاکانی ئەورووپا لەو وڵاتانە کشانەوە. لەو قۆناغەدا عەرەبەکان سوپاکانیان کۆکردەوە بۆ شەڕی جوولەکەکان لە فەڵەستین دوای ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلیان ڕاگەیاند لە ١٩٤٨. عەرەبەکان سەرەتا سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بەڵام جوولەکەکان گەڕانەوە و لە ساڵی ١٩٤٨دا سوپای عەرەبییان تێک شکاند، دوای ئەوەی ئەورووپا یارمەتی پێ بەخشین. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کە عەرەب و ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ شەڕی یەکتر. لە جەنگی ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل سەرکەوتنی بەسەر عەرەبەکاندا هێنا و لە چەند ساڵی داهاتوودا چەند بەشێکی وڵاتانی دراوسێی داگیرکرد، وەک نیمچەدوورگەی سینا و بەرزاییەکانی جۆلان و باشووری لوبنان، بەڵام لە شەڕەکانی دواتردا وردە وردە دەستیان بەسەردا گرتەوە و زۆربەی لەدەستدا. 

دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم و دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم بە فرەیی کێشەی نێودەوڵەتی تایبەتمەند بوون، کە جیهانی عەرەبی پشکێکی زۆری هەبوو تێیدا، عێراق و ئێران جەنگێکی هەشت ساڵییان دروست کرد، دواتر هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر کوەیت و تا دوای شەڕێکی تێچووی زۆر بەجێیان نەهێشت، هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٣ بە بیانووی گەڕان بەدوای چەکی کۆکوژ کە لەلایەن رژێمی دەسەڵاتدارەوە هەڵگیرابوو، هێرشیان کردە سەر عێراق

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠١١ بەهۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپیی ڕەوتی ئابووری و باری گوزەران و کۆت و بەندکردنی سیاسی و بارودۆخی خراپی وڵات، شەپۆلێکی گەورەی شۆڕش و ناڕەزایەتی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهانی عەرەبی سەری هەڵدا، کە لە محەمەد بوعەزیزی و شۆڕشی توونسەوە دەستی پێکرد، زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبیدا پریشکی لێکەوتەوە و ئەو قۆناغەیش بە بەهاری عەرەبی ناسرا.

شۆرشەکانی عەرەبی بوونە هۆی ڕووخانی چەند ڕژێمێک لە چوار وڵاتی عەرەبی: توونس، لیبیا، میسڕ و یەمەن، بەڵام لە سووریا ململانێیەکی خوێناوی لە نێوان ڕژێمی دەسەڵاتدار و تیپە هەڵهاتووەکانی سوپا کە بە سوپای ئازادی سووریا ناسراوە دروست بوو و دواتریش چەندین یەکەی سەربازی و گرووپی تیرۆرستی جیهانی لە ناوچەکەدا سەریان هەڵدا و چالاکییەکانی خۆیان ئەنجام دا.

زمان

لە کۆندا عەرەبەکان بە زۆر زمان قسەیان کردووە و بەشێکی کەمیان کە نووسراون ماونەتەوە، لەنێو بەناوبانگترین زمانەکانی عەرەبی باشوور بریتین لە: حەمیری، مەعینییە، سەبەئی و قەتبانی. هەروەها زمانە عەرەبییەکانی باکوور بریتین لە: ثەمودی، لیحیانی، سەفائی و دیدانی.

زمانی عەرەبی

زمانی عەرەبی مۆدێرن بەدرێژایی سەدان ساڵ پەرەی سەندووە و زمانە کۆنەکانی عەرەبی باکووری نەهێشتووە و جێگەیان گرتوونەتەوە، لە کاتێکدا زمانی کۆنی عەرەبیی باشوور بە زمانی حەمیر دەناسرا بەهۆی پەیوەندی بە گەورەترین شانشینەکانی یەمەن لەو سەردەمەدا. لە نیوەی یەکەمی هەزارەی یەکەمی زایینی زمانێک بۆ قوڕەیش، یەکێک بۆ ڕەبیعە، یەکێک بۆ قەزاعە هەبوون. ئەمانە پێیان دەوترێت زمان هەرچەندە لەو قۆناغە هێشتا زاراوەن. دابەزینی قورئان لەو قۆناغەدا ئەو ڕووداوە گەورەیە بوو کە یەکێک لە زمانە عەرەبییەکانی لەو سەردەمەدا نەمر کرد، ئەو زمانەی کە پێی دابەزیبوو زمانی قوڕەیشییەکان بوو. لەو کاتەوە زمانی قوڕەییش بە عەرەبی ستاندارد ناوزەد کراوە و بووەتە یەکێک لە زمانە پیرۆزەکان.

عەرەبەکان ئەمڕۆ بە زمانی قوڕەیشی قسە دەکەن و پێی دەڵێن زمانی الضاد بەهۆی تایبەتمەندی زمانەکە بەو پیتە. ئەلفبێی عەرەبی لە ٢٨ پیت پێکهاتووە و زۆرێکیان لەگەڵ کوردی هاوبەشن. زمانی عەرەبی یەکێکە لە کۆنترین زمانە زیندووەکانی ئەمڕۆ و بەسەر حەوت بۆ دە زاراوەی ستاندارددا دابەش کراوە کە قورئانی پیرۆزی پێ دەخوێنرێتەوە.

گەلی عەرەبی هاوچەرخ بە عەرەبی ستاندارد و جۆرەها شێوەزاری قسە دەکەن کە جیاوازن بەڵام نزیکن، لەوانە: زاراوەی کەنداو کە دانیشتوانی حەوزی کەنداوی عەرەبی بەکاری دەهێنن، هەروەها شێوەزاری میسڕیی دانیشتوانی میسڕ و شێوەزاری شامیی تایبەت بە خەڵکی شام. هەریەک لە شێوەزارەکانیش بەسەر چەند شێوەزارێکی تر دابەش دەبن.

ئایین

عەرەبەکان لە سەرەتای سەردەمی خۆیاندا ئایینی جۆراوجۆریان لە باوەش گرتبوو، وەک فرەخوایی و ڕۆحپەرستی و بتپەرستی. ئەمڕۆ زۆربەی عەرەبەکان بەپێی ڕێبازی سوننە و شیعە پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن، کۆمەڵێکی کەمیش شوێنکەوتووی ڕێبازەکانی ئیسماعیلی و ئیباضی کەوتوون. ئایینی مەسیحی دووەم باوترین ئایینە لە نێو عەرەبەکاندا و شوێنکەوتووانی بە شێوەیەکی سەرەکی لە شام و میسڕدا بڵاوبوونەتەوە، بەشێوەیەکی کەمیش لە عێراق و مەغریب. زۆربەیان شوێن کڵێساکانی ڕۆژهەڵات دەکەون، وەک کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی قبتی، کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی، کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیک و کڵێسا جۆراوجۆرەکانی سریانی.

جگە لەوەش، ئایینگەلێکی کەمتر لە نێو عەرەبەکاندا هەیە، کە لایەنگرانی کەمینەیەکی بچووک پێکدەهێنن، وەک: جوولەکە، سابیئی مەندائی و بەهایی.

ئابووری

هەڵکەوتەی نیمچەدوورگەی عەرەبی لە نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقادا ڕێگەی بە عەرەبەکان داوە لە کۆندا پێگەیەکی پێشکەوتووی بازرگانی نێودەوڵەتی داگیر بکەن. عەرەبەکان لە ڕێگەی کاروانەوە کەلوپەلیان دەگواستەوە و دیارترین شتەکانی بازرگانییان دەکرد بریتی بوون لە: بۆن، بخور، چەسپ، کوندور، بەهارات، خورما، عاج، ڕەشەدار، موروو، چەرم، قوماشی ئاوریشم و چەک.

هەروەها لە کۆندا عەرەبەکان بازاڕی بەناوبانگیان هەبووە، وەک: عوکاز، مەجەنە، ذو المجاز، عەدەن، مەککە، بەدر، حەجر یەمامە، هەجەر بەحرەین. 

ئابووری عەرەب لە ئێستادا زۆر سەرنجی لەسەر هەناردەکردنە بەتایبەتی نەوت و گاز و خورما. هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی پشت بە پیشەسازی بەرهەمهێنان و چەند پیشەسازییەکی قورس دەبەستن، هەروەها داهاتی پەڕینەوەی کەشتیوانی. گەشتوگوزار یەکێکە لە گرنگترین توخمەکانی ئابووری لە جیهانی عەرەبیدا، لە هەندێک وڵاتدا پایەیەکی سەرەکییە لە کەرتی خزمەتگوزاریدا، کە لە بەرامبەردا بڕبڕەی پشتی ئابووری ناوخۆیی پێکدەهێنێت، ئەم وڵاتانە بریتین لە: میسڕ، لوبنان، مەغریب، سووریا و ئوردن. کەرتی کشتوکاڵ لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بە یەکێک لە کەرتە ئابوورییە فەرامۆشکراوەکان دادەنرێت، بەو پێیەی زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی بەرهەمەکانیان بە مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بەرهەم دەهێنن.

ڕامیاری

کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رێکخراوێکە کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لەخۆدەگرێت و ئەندامەکانی وڵاتانی عەرەبیین، لە بەیاننامەکەیدا هەماهەنگی نێوان وڵاتانی ئەندام لە کاروباری ئابووریدا دیاری کراوە، لەگەڵ پەیوەندییە بازرگانییەکان، پەیوەندییە کولتوورییەکان، ڕەگەزەکان و بەڵگەنامە و مۆڵەتی گەشتکردن، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لایەنی تەندروستی. بارەگای هەمیشەیی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی بریتییە لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ. کۆی ڕووبەری وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی نێودەوڵەتی ١٣,٩٥٣,٠٤١ کیلۆمەتر دووجایە و هەربۆیە کۆی ڕووبەری جیهانی عەرەبی لە دوای ڕووسیا لە پلەی دووەمدایە لە جیهاندا. لە ئێستادا عەرەبەکان لە ٢٢ وڵاتدا دابەشبوون کە جیهانی عەرەبی پێکدەهێنن و بەشێک لەو وڵاتانە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دراوسێ لەسەر سنوورەکان لە ململانێدان، وەک مەغریب و جەزائیر، لوبنان و سووریایش سەبارەت بە کێڵگەکانی شەبعا. عەرەبەکان پەیوەندی ئاسایی خۆیان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان دەپارێزن. جگە لە میسڕ و ئوردن، زۆرینەی ڕەهای وڵاتانی عەرەبی بایکۆتی ئیسرائیل دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە بەهیچ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکەن تاوەکوو کێشەی فەڵەستین چارەسەر دەبێت.

هەروەها عەرەبەکان بەدەست چەندین کێشەی سەروەری و ناوچەیی لەگەڵ ئێران دەناڵێنن، چونکە ئێران بە بیانووی پەیوەستبوونی مێژوویی و سروشتییان بە وڵاتی فارسەوە چەند دوورگەیەکی لە کەنداوی فارس کۆنترۆڵ کردووە، لە کاتێکدا ئیمارات دەڵێت خاوەندارێتی ئەو دوورگانە دەکات، چونکە دەکەونە سنوورە ئاوییەکانییەوە. 

زانست

ئەستێرەی عەرەبی لە سەردەمی عەباسییەکاندا بە تایبەتی لە بواری زانستدا سەری هەڵدا، چونکە لەو کاتەدا زۆرێک لە زانایانی عەرەب داهێنانی گەورەیان داهێنا کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەکار دەهاتن، وەک ئیسترلاب. هەروەها چەندین تیۆریان پێشنیار کرد، کە زۆربەیان ڕاستن، وەک گۆیی شێوەی زەوی و قەبارە و ڕووبەرەکەی، هەروەها لەنێو ژمارەکاندا سفریان دانا.

لەنێو عەرەبەکاندا چەندین پزیشکی بەناوبانگی جیهانی دەرکەوتوون، وەک حارثی کوڕی کەلدە و ئیبن نەفیسی دۆزەرەوە سوڕی بچووکی خوێن، زانایانی عەرەب لە سەردەمی عەباسیدا بە داهێنانی شێوازی تاقیکاری جیاکراونەتەوە، بە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونانەی لە ژیان و ژینگە و بارودۆخی کەشوهەوا بەدەستیان هێناوە. حەز و ئارەزووی فەرمانڕەوا عەرەبەکان بۆ زانست و زانایان لە سەردەمی زێڕینیاندا ئەوەندە چڕ بووە کە چەندین زانکۆی گرنگیان لە شارە گەورەکان دامەزراند، وەک بەغداد، قاهیرە، قوڕتوبە، قەیرەوان، مەراکیش و دیمەشق. 

لە ئێستادا زۆربەی دەستکەوتە زانستییەکانی عەرەب دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا، ئەمەش بەهۆی لاوازی ئەگەرەکانی پشتگیریکردنی توێژینەوە لە وڵاتەکان و نەبوونی گرنگی پێدان بە زانست. لە دیارترین زانایانی عەرەبی هاوچەرخ: ئەحمەد زوەیل، حەسەن کامیل سەباح، عەلی موستەفا مشرەفە، سەمیرە مووسا و شارل عەشی.


سەرچاوەکان



1930 بینین