بەهاری عەرەبی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-26-19:43:00 - کۆدی بابەت: 9182
بەهاری عەرەبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەهاری عەرەبی، شۆڕشە عەرەبییەکان یان شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی کە لە میدیاکاندا ناسراوە (بە ئینگلیزی: Arab Spring، بە عەرەبی: الربيع العربي)، بزووتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزایی ئاشتیخوازانەیە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ٢٠١١ لە هەندێک وڵاتی عەرەبی دەستیان پێکرد، لەژێر کاریگەری شۆڕشی توونس لە لە ئەنجامی خۆسووتاندنی محەمەد بوعەزیزی سەری هەڵدا و توانی ببێتە هۆی ڕووخاندنی ڕژێمی زەینولعابدینی سەرۆکی پێشووی توونس

هۆکارە سەرەکییەکانی بریتیبوون لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و خراپی دۆخی ئابووری و خراپی باری گوزەرانی خەڵکی، ئەمە جگە لە کۆت و بەندکردنی سیاسی و ئاسایش و هەڵبژاردنی نادادپەروەرانە لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبیدا. شۆڕشەکان لە ڕووخاندنی پێنج ڕژێم و سەرۆک سەرکەوتوو بوون، دوای شۆڕشی توونس، شۆڕشی ٢٥ی یەنایەر لە میسڕ توانی محەمەد حوسنی موبارەک لە سەرکردایەتی وڵات دوور بخاتەوە، پاشان شۆڕشی ١٧ی شوباتی لیبیا بە کوشتنی موعەممەر قەزافی و ڕووخاندنی ڕژێمەکەی کۆتایی هات. شۆڕشی یەمەن کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی ناچار کرد دەست لەکار بکێشێتەوە، پاشان شۆڕشی سوودان لە ساڵی ٢٠١٩ توانی عومەر بەشیری سەرۆکی ئەوکات بڕوخێنێت. لەگەڵیاندا بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە هەموو پارچەکانی جیهانی عەرەبی و گەورەترینیان بزووتنەوەی ناڕەزایی بوو لە سووریا کە گۆڕا بۆ شەرێکی ناوخۆی سەخت.

ئەم شۆڕشانە بە سەرهەڵدانی دروشمێکی عەرەبی تایبەتمەند بوون کە بۆ یەکەمجار لە توونس دەرکەوت و لە هەموو وڵاتانی عەرەبیدا بووە جێی بایەخ و دەوترایەوە: “خەڵک ڕووخانی ڕژێمیان دەوێت”.

شۆڕشی توونس کاتێک بوو کە گەنجێک بە ناوی محەمەد بوعەزیزی، وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە تێکچوونی بارودۆخی ژیان و ئابووری، و بێتوانایی لە دەستەبەرکردنی بژێوی بنەماڵەکەی، ئاگری لە خۆی بەردا، بەم شێوەیە شۆڕشی توونس هەڵگیرسا. لە ١٤ـی کانوونی دووەم کۆتایی هات، کاتێک زەینولعابدین کوڕی عەلی بە فڕۆکە وڵاتەکەی بەجێهێشت و بەرەو جەددەی سعوودیە بەڕێکەوت و دوای ئەویش محەمەد غەنووشی، سەروەزیرانی پێشوو دەسەڵاتی گرتە دەست.

دوای ٩ ڕۆژ شۆڕشی میسڕ لە ٢٥ـی کانوونی دووەم سەریهەڵدا و دواتر ڕۆژانی شۆڕشی یەمەن هاتە ئاراوە و لە ١١ی شوباتدا محەمەد حوسنی موبارەک دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە دەسەڵات ڕاگەیاند، دواتر بە تاوانی کوشتنی خۆپیشاندەران لە سەردەمی شۆڕشدا زیندانی و دادگایی کرا. دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشەکانی توونس و میسڕ لە ڕووخاندنی دوو ڕژێم، ناڕەزایەتی ئاشتیانە کە داوای کۆتاییهێنانی بە گەندەڵی و باشترکردنی بارودۆخی ژیان و هەندێک جار تەنانەت ڕووخاندنی ڕژێمەکانیش دەکرد، لە ناوچەکانی تری جیهانی عەرەبیدا بە خێرایی دەستی پێکرد. گەیشتە ئوردن، بەحرەین، جەزائیر، جیبۆتی، سعوودیە، سوودان، عێراق، عوممان، فەڵەستین، کوەیت، لوبنان، مەغریب و موریتانیا.

لە ١٧ی شوباتدا شۆڕشی لیبیا هەڵگیرسا، کە بەخێرایی بوو بە شۆڕشێکی چەکداری و دوای خەباتێکی درێژخایەن شۆڕشگێڕان توانیان لە کۆتایی مانگی ئابی ٢٠١١دا پایتەخت کۆنترۆڵ بکەن. موعەممەر قەزافی لە ٢٠ی تشرینی یەکەمدا لە شەڕی سێرتدا کوژرا و دوای ئەوەش ئەنجوومەنی ڕاگوزەری نیشتمانی لەو وڵاتە دەسەڵاتی گرتە دەست. شۆڕشەکە بووە هۆی مردنی زیاتر لە پەنجا هەزار کەس و بەم شێوەیە خوێناویترین شۆڕش بوو.

دوای نزیکەی مانگێک لە دەستپێکردنی شۆڕشی لیبیا، لە ١٥ی ئازاردا بزووتنەوەیەکی ناڕەزایی ئاشتیخوازانەی بەرفراوان لە سووریا سەریهەڵدا و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی باری نائاسایی ٤٨ ساڵە و هەموارکردنەوەی دەستوور. هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار کوژراوی بەجێهێشت و وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک بەشار ئەسەد بکات.

لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠١٢دا، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی یەمەن، بە پابەندبوون بە مەرجەکانی دەستپێشخەریی کەنداو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن، کە چەند مانگێک پێشتر دوای ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانە کە بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو ئەو وڵاتەی گرتەوە، واژۆی لەسەر کردبوو، دەستلەکارکێشانەوەی لە دەسەڵات ڕاگەیاند.

هۆکارەکان

ستەم و قۆرخکاری

زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پێشینەیەکی خراپیان لە بواری مافی مرۆڤدا هەیە، بەهۆی زۆرداریی دەسەڵاتداران و چەسپاندنی خۆیان بە کورسییەوە بۆ دەیان ساڵ، ئەمە جگە لە دەسەڵاتی نایاسایییان.

بۆ نموونە موعەممەر قەزافی سەرکردەی لیبیا بەتەمەنترین فەرمانڕەوای سەر زەوی بوو و لە ساڵی ١٩٦٩ بە کودەتایەکی سەربازی بە ناوی شۆڕشی "ئەلفاتح" هاتە سەر دەسەڵات، هەروەها لە سووریا بەشار ئەسەدی سەرکۆمار لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شوێنی حافزی باوکی هاتە سەر دەسەڵات لە پێشینەیەکدا کە وڵاتانی عەرەبی لە ڕژێمی کۆماریدا شاهێدی نەبوون، کە بە ١٥ خولەک دەستوور بە شێوەیەک گۆڕا تاوەکوو لەگەڵ تەمەنی بەشار ئەسەد بگونجێت.

لە میسڕ و یەمەن حوسنی موبارەک و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەیانویست دەسەڵات بگوازنەوە بۆ کوڕەکانیان، بەڵام زۆری نەخایاند شۆڕش لە میسڕ هەڵگیرسا و موبارەکی ڕووخاند و شۆڕشی یەمەنیش بەدوایدا هات. هەروەها لە پاشایەتییەکاندا پاشایەتیی ڕەها هەبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە هەندێک وڵاتی پاشایەتی وەک بەحرەین و ئوردن و مەغریب و سعوودیە و عوممان خۆپیشاندان بۆ داواکردنی پاشایەتی دەستووری و ئازادیی زیاتر بکرێت. 

هەندێک پێیان وایە بەهاری عەرەبی پیلانێکە کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی بۆ کێشانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ ئەنجامدراوە و لەلایەن بێرنارد لویسەوە نەخشەی کێشراوە.

خۆکوشتنی بوعەزیزی

محەمەد بوعەزیزی گەنجێکی توونسی بوو لە ١٧ی کانوونی دووەم لە شاری سیدی بوزید ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، چونکە لە خراپبوونی دۆخی کۆمەڵایەتی خۆی بێزار بوو، ئەمە جگە لە هەژموونی پۆلیس بەسەر هاوڵاتیان و قبوڵنەکردنی سکاڵاکان لە دژی ئەوان. خەڵکی سیدی بوزید هاوسۆزییان لەگەڵ بوعەزیزی دەربڕی و چوونە دەرەوە بۆ خۆپیشاندان بۆ داوای دادپەروەری و ئازادی، بەڵام ناڕەزایەتییەکان بەخێرایی گۆڕا بۆ شۆڕشێک کە زەینولعابدینی سەرۆکی توونسی ڕووخاند، بۆ ئەوەی ببێتە پریشکی ناڕەزایەتییەکان لە جیهانی عەرەبی، هەر لە زەریاکە تا کەنداو.

شۆڕشەکان

توونس

ڕۆژی هەینی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ بە هاوسۆزی لەگەڵ محەمەد بوعەزیزی هەڵگیرسا، کە لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠ ئاگری لە خۆی بەردا، وەک دەربڕینی توڕەیی خۆی لە بێکارییەکەی و دەستبەسەرداگرتنی ئەو عەرەبانەیەی کە لەسەری شتی دەفرۆشت. ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠.

لە ئەنجامی ئەو خۆپێشاندانانەدا کە زۆرێک لە شارەکانی توونسی گرتەوە، خۆپیشاندەرانێکی زۆر لە ئەنجامی پێکدادانەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش کوژران و بریندار بوون. زەینولعابدین کوڕی عەلی، سەرکۆماری ناچار کرد ژمارەیەک وەزیر لە کارەکانیان دووربخاتەوە، لەنێویاندا وەزیری ناوخۆ، هەروەها بەڵێن بدات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە خۆپیشاندەران داوایان کردبوو، هەروەها ڕایگەیاند کە نیازی خۆکاندیدکردنەوەی نییە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠١٤. دوای وتارەکەی، وێبگە بلۆککراوەکان لە توونس، وەک یوتیوب، دوای ٥ ساڵ لە بلۆککردن کرانەوە، هەروەها نرخی هەندێک بەرهەمی خۆراک کەمێک کەمکرایەوە.

بەڵام ڕاپەڕینەکە فراوانتر بوو و چڕی زیاتر بوو تا گەیشتە باڵەخانەکانی حکوومەت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرۆک کوڕی عەلی دەست لەکار بکێشێتەوە و لە ڕۆژی هەینی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ لەژێر پاراستنی ئاسایشی لیبیادا ئەو وڵاتە بەجێبهێڵێت بۆ سعوودیە.

هەر لەو ڕۆژەدا محەمەد غەنووشی سەروەزیران دەستبەکاربوونی کاتی خۆی لە پۆستی سەرکۆمار ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی سەرکۆمار، بەپێی ماددەی ٥٦ی دەستوور. لەگەڵ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و قەدەغەی هاتووچۆ. بەڵام دوای ڕۆژێک ئەنجوومەنی دەستوور بڕیاریدا پەنا بۆ ماددەی ٥٧ی دەستوور ببات و پۆستی سەرکۆمار بە بەتاڵ ڕابگەیەنێت، بەو پێیەش ڕۆژی شەممە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ ڕاگەیەندرا کە فوئاد موبزیعی سەرۆکی پەرلەمان بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستی سەرکۆماری دەستبەکار دەبێت تاوەکوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی. 

میسڕ

شۆڕشی ٢٥ـی کانوونی دووەم یان شۆڕشی ٢٥ی یەنایەری میسڕ کۆمەڵێک جووڵانەوە و خۆپێشاندانی جەماوەریی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوو لە وڵاتی میسڕ. ڕۆژی سێشەممەی ٢٠١١/١/٢٥ لە ڕۆژی یادی پۆلیسی میسڕدا لەلایەن گەنجان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی میسڕەوە دەستی پێکرد. بەرەی جەماوەری هەریەک لە بزووتنەوەی کفایە، بزووتنەوەی گەنجانی ٦ـی نیسان، گەنجانی ئیخوان موسلمین و چالاکوانانی فەیسبووک و تویتەری لەخۆدەگرت، بە بەشداری چالاکی پەیجی (هەموومان خالید سەعیدین - کلنا خالد سعيد) و تۆڕی هەواڵی (رصد).

خۆپێشاندانەکان دژی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری گەلی میسڕ بوو و داوای چاکسازی و هەڵوەشانەوەی دەسەڵات و دژایەتی گەندەڵییان دەکرد لە هەموو بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ماوەی سەرۆکایەتی حوسنی موبارەک. سەرەتا لە پارێزگای سوێس بوو، زیاتر لە ٢٠ گەنج تێیدا گیانیان لەدەستدا، ئەمەش وایکرد خەڵکی سوێس لە خۆپیشاندانی جەماوەریدا بچنە دەرەوە، پارێزگاکانی تریش بەخێرایی بەدوایاندا دەستیان پێکرد، خۆپیشاندانەکە لە ناڕەزایەتی دژی سەرکوتکردنی پۆلیسەوە گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە خراپی بارودۆخی ژیان و بێکاری و سیاسەت و ئابووری و جێنشینی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر گەندەڵییەکانی سەردەمی حوسنی موبارەک. 

هەندێک شۆڕشی میسڕ بە "جەستەیەکی بێ سەر" دەزانن، چونکە کەس خۆی بە بزوێنەری شۆڕش دانەدەنا، تەنانەت چالاکوان و نەیارەکانیش هیچ هۆکارێکی سەرەکی نەبوون، شۆڕش بە بڕوای زۆر کەس شۆڕشێکی خواوەندی بوو. شۆڕشی جەماوەری توونس کە زەینولعابدینی سەرۆکی توونسی لەکار لابرد، کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبوو لەسەر وروژاندنی توڕەیی جەماوەری لە میسڕ.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١١، هێزەکانی سوپا لە گۆڕەپانەکانی قاهیرە دەستیان بە دەرکەوتن کرد و کاتژمێر نیو کاتژمێر پێنج و نیو ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە پارێزگاری سەربازی قەدەغەی هاتووچۆ لە قاهیرە و ئەسکەندەرییە و سوێس ڕادەگەیەنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، خۆپیشاندەران سەرپێچی قەدەغەی هاتووچۆیان کرد. سوپای میسڕ بە فەرمانی موبارەک بۆ سەپاندنی ئاسایش ڕژانە سەر شەقامەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی پۆلیس لەبەردەم خۆپیشاندەران تێکشکان، هێزەکانی سوپا خۆیان لە بەئامانج کردنی خۆپیشاندەران بەدوور گرت، خۆپیشاندان و دانیشتنەکان لە مەیدانی تەحریر تاوەکوو ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی حوسنی موبارەک لە ١١ی شوباتی ٢٠١١ بەردەوام بوون.

کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١١ی شوباتی ٢٠١١، عومەر سلێمان جێگری سەرکۆمار لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند کە سەرکۆمار دەستبەرداری پۆستەکەی بووە و ئەنجوومەنی باڵای هێزە چەکدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات. ئەنجوومەنی سەربازی بۆ ماوەی ١٨ مانگ بەڕێوەبەرایەتی میسڕی گرتەدەست، تا ئەوکاتەی محەمەد مورسی وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرا. دەسەڵاتەکەی بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو کە دوور نەبوو لە خۆپیشاندان و مانگرتن و بەربەست، خۆپیشاندانەکانی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دژی سەرۆک مورسی هات و خۆپیشاندانی تریش بۆ لایەنگرانی سەرکۆمار ئەنجامدرا، لە ٣ی تەممووزی ٢٠١٣ وەزیری بەرگریی میسڕ عەبدولفەتاح سیسی، بە کودەتایەک محەمەد مورسی لە پۆستەکەی دوورخستەوە.

لیبیا

شۆڕشی ١٧ی شوبات، شۆڕشێکی جەماوەریی لیبیایە کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ لە شێوەی ڕاپەڕینێکی جەماوەریدا سەری هەڵدا و زۆربەی شارەکانی لیبیای گرتەوە. پێش شۆڕشەکە لە ١٤ی کانوونی دووەم لە شاری ئەلبەیزا لەسەر بارودۆخی خراپی گوزەران، ناڕەزایی بەڕێوەچوو، خۆپیشاندەران لەگەڵ پۆلیس پێکدادانیان کرد و هێرشیان کردە سەر فەرمانگەکانی حکوومەت.

ئەم شۆڕشە کاریگەریی ئەو ناڕەزایەتییە بەرفراوانە بوو کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ لە جیهانی عەرەبیدا سەریهەڵدا، بە تایبەت شۆڕشی توونس و شۆڕشی میسڕی ٢٥ی کانوونی دووەم کە زینی ئەلعابیدین کوڕی عەلی سەرۆکی توونس و حوسنی موبارەک سەرکۆماری میسڕیان ڕووخاند. ئەم شۆڕشە لەلایەن گەنجانی لیبیا سەرکردایەتی دەکرا کە داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان دەکرد. سەرەتا شۆڕش لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئاشتیانە پێکهاتبوو، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی ڕووداوەکان و بەکارهێنانی چەکی ئاگرینی قورس و بۆردمانی ئاسمانی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی بێچەک لەلایەن تیپەکانی سەر بە موعەممەر قەزافی، گۆڕا بۆ شۆڕشێکی چەکداری کە هەوڵی ڕووخاندنی موعەممەر قەزافی دەدا. 

لە ٢١ی ئابی ٢٠١١ هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی لیبیا لە گەڕەکەکانی ڕۆژاوای شارەکەوە دەستیان کرد بە ڕژان بۆ ناو تەرابلوسی پایتەخت، بەبێ ئەوەی تووشی بەرگرییەکی ئەوتۆ ببنەوە لەلایەن هێزەکانی قەزافییەوە، کە بە گوێرەی چەند ئاژانسێکی هەواڵ چەکەکانیان دانابوو و ئۆپۆزسیۆنیش سەیفولئیسلام قەزافی و محەمەد قەزافیی کوڕی موعەممەر قەزافی ڕێبەری لیبیایان دەستگیر کرد.

بەڵام سەیفولئیسلام قەزافی دووبارە لە ڤیدیۆ کلیپەکاندا دەرکەوتەوە کە لەلایەن کەناڵە تەلەڤزیۆنییە نێودەوڵەتییەکانەوە پەخشکران و چاوی بە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس کەوت کە بەشێکیان پەیامنێری ڕۆیتەرز و پەیامنێری بی بی سی بوون، دووپاتیکردەوە کە ئەو ئازادە و تەرابلوسی پایتەخت باشە و باوکی سەلامەتە، دواتر سەیفولئیسلام گاڵتەی بە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی کرد کە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتییەوە لە دژی دەرچووبوو، هەروەها ئاژانسەکانی هەواڵ باسیان لە هەڵاتنی محەمەد قەزافی کوڕی موعەممەر قەزافی سەرکردەی لیبیا لە ماڵەکەی کرد، کە لەلایەن گرووپێک لە هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی لیبیاوە دەپارێزرا.

خۆپیشاندانی جەماوەری لە شەقامەکانی پایتەخت دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ موعەممەر قەزافی و سەیفولئیسلامی کوڕی و عەبدوڵا سنووسی بەرپرسی هەواڵگری دەستی پێکرد و خەڵکی ئاهەنگیان دەگێڕا.

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆنترۆڵی بینای ڕادیۆ  و تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی لیبیایان کرد و حەلا میسڕاتییان دەستگیرکرد، کە ئۆپۆزسیۆنی لیبیا بە پێشکەشکارەکەی قەزافی ناوی دەبرد بەهۆی دڵسۆزی کوێرانەی بۆ سەرهەنگ قەزافی، دواتریش تەواوی کەناڵە لایەنگرەکانی دەوڵەتیان داخست. 

رۆژی پێنجشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١، موعەممەر قەزافی لە شاری سێرت کە دوا مۆڵگەی بوو، کۆچی دوایی کرد و دواتر تەرمەکەی لە شوێنێکی نهێنی بە خاک سپێردرا. قەزافی لە یەکێک لە ڤیدیۆ کلیپەکاندا دەرکەوتووە کە لە ژیاندا بووە و لەلایەن یاخیبووانەوە دەستبەسەر کراوە، لە کلیپێکی تریشدا بە مردوویی دەردەکەوێت و سوکایەتی پێ دەکرێت، ئەمەش بووە هۆی ئیدانەکردنی لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.

سەبارەت بە موعتەسەم قەزافی کوڕی سەرهەنگ موعەممەر قەزافی، لە هەمان ڕۆژی مردنی باوکیدا کۆچی دوایی کرد، ئەو هەواڵانەی لە ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاوکراونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە موعتەسەم قەزافی دوای دەستگیرکردنی کوژراوە، لە ڤیدیۆیەک دەردەکەوێت کە جگەرە دەکێشێت، دواتر لە ڤیدیۆیەکی تردا دەردەکەوێت کە کوژراوە.

دوای نزیکەی مانگێک لە کوژرانی سەرهەنگ قەزافی، سەیفولئیسلام قەزافی دووەم کوڕی گەورەی قەزافی دەستگیرکرا، لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا، دواتر بە فڕۆکە گواسترایەوە بۆ پایتەختی لیبیا و دەسەڵاتە نوێیەکانی لیبیا ڕایانگەیاند کە دەیانەوێت لە خاکی لیبیادا دادگایی بکەن.

یەمەن

شۆڕشی لاوانی یەمەن یان شۆڕشی گۆڕانکاریی ئاشتیانە، شۆڕشێکی جەماوەرییە کە لە ڕۆژی هەینی ١١ی شوباتی ٢٠١١ دەستی پێکرد و ناوی نرا “هەینی تووڕەیی”. شۆڕشەکە بەهۆی شۆڕشەکانی پێش خۆی بوو لە میسڕ و توونس کە لە هەمان ڕۆژی دەستپێکی حوسنی موبارەک دەستی لەکار کێشایەوە و ئەمەش بووە هۆی هاندانی گەنجانی یەمەن.

ئەم شۆڕشە لەلایەن گەنجانی یەمەن و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرکردایەتی کرا، کە داوای گۆڕانکاریی ئابووری و کۆمەڵایەتییان لە ڕژێمی سەرۆک عەلی عەبدوڵڵا ساڵح دەکرد، چونکە بۆ ماوەی ٣٣ ساڵ حوکمی وڵاتی دەکرد. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەک فەیسبووک، تا ڕادەیەکی زۆر بەشدارییەکی کاریگەریان لە شۆڕشدا هەبوو، چونکە زۆرێک لە گرووپەکانی دژبەری ڕژێمی دەسەڵاتدار سەریان هەڵدا، لە داواکارییەکانی چاکسازییەوە دەستیان پێکرد، پاشان بانی داواکارییەکان گەیشتە ڕووخاندنی ڕژێم.

ڕۆژی هەینی ١٨ـی ئازار کە بە هەینی کەرامە ناسرابوو، ڕۆژێکی گرنگ بوو لە شۆڕشی یەمەندا، دوای ئەوەی زۆرێک لە شێخەکان، سەرانی هۆزەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییان بەو شۆڕشەوە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی کۆمەڵکوژیی هەینی کەرامە ڕوویدا کە ٥٢ کەسی تێدا کوژرا و ٧٠٠ برینداری لێ کەوتەوە، دوای ڕووداوەکە سالار عەلی موحسین ئەحمەر لە ڕۆژی دووشەممەی ٢١ـی ئازاردا پەیوەندی شۆڕشەوە کرد بەهۆی ئەوەی ڕۆژی هەینی کەرامە کاریگەریی لەسەری هەبووبوو، ئەمەش جۆش و خرۆشێکی گەورەی لەنێو جەماوەر دروست کرد.

سەرەڕای ئەو ژمارە ترسناکەی دەستلەکارکێشانەوەکان کە دوای ئەوەی عەلی موحسین پەیوەندی بە شۆڕشەوە کرد کرا، بەڵام خاوبوونەوەی پێشڕەویی بەرەو کۆشکی کۆماری لەلایەن لاوانی شۆڕشەوە کاتی بە ساڵح بەخشی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی کاغەزەکانی، لەوانە پەلەکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و ڕاسپاردنی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان لە ترسی ئەوەی وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بکەن، دوای ئەوەی سێ کەسیان پێشتر لە ڕۆژی دووشەممەدا دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردبوو. مانۆڕەکان لە نێوان لاوانی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن لە لایەک و ساڵح لە لایەکی تر بەردەوام بوو و هەندێک پێکدادانی چەکداری لە نێوان دڵسۆزانی ڕژێم و چەکدارانی عەشیرەتەکاندا ڕوویدا. 

عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، ڕۆژی ٤ی حوزەیران بەرەو سعوودیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەڕێ کەوت، دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی ٣ی حوزەیران گوللەتۆپێک بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا کەوتە خوارەوە. دواتر لە ٢٠١١/٩/٢٣دا عەلی عەبدوڵڵا ساڵح گەڕایەوە بۆ یەمەن. ساڵح لە ٢٠١١/١١/٢٣ واژۆی لەسەر دەستپێشخەریی کەنداو کرد، بەپێی ئەو دەستپێشخەرییە دەسەڵاتەکانی خۆی بە جێگرەکەی، عەبد رەببە مەنسووڕ هادی ڕاسپارد. ساڵح لە ٢3ی ١ی ٢٠١٢ بەرەو شانشینی عوممان و دواتریش بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەڕێکەوت.

جێگر عەبد رەببە مەنسووڕ هادی، دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی تا هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ لە ٢١ی شوباتی ٢٠١٢ بەکارهێنا، دواتر ڕاگەیەندرا کە عەبد ڕەببە مەنسووڕ هادی کاندیدە بۆ پۆستی سەرکۆماری وڵات، لە هەڵبژاردنەکان پشتیوانییەکی بەرفراوانی لەلایەن زۆرینەی یەمەنییەکان و حیزب و هۆز و زانایانی ئایینی و گەنجانی شۆڕشی ئاشتیخوازانەی یەمەن لێ کرا.

سووریا

ڕاپەڕینی سووریا، یان شۆڕشی سووریای ئازاد، ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە کە لە ڕۆژی هەینی ١٨ی ئازاری ٢٠١١ لە دژی سەرکوت و گەندەڵی و خنکاندنی ئازادییەکان دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەستی پێکرد، شەپۆلی ناڕەزایەتی بەرفراوانی وڵاتانی تری عەرەبی کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەری هەبوو، وەک ڕووخاندنی دەسەڵاتی کوڕی عەلی و حوسنی موبارەک.

پریشکی شۆڕش کاتێک سەری هەڵدا کە منداڵانی شاری دەرعا (گەڕەکی ئەربەعین) لەژێر کاریگەریی شۆڕشە عەرەبییەکاندا دروشمی "الشعب يريد إسقاط النظام"ـیان لەسەر دیواری قوتابخانەی ئەربەعین نووسی، کە بە واتای "خەڵکی دەیەوێت ڕژێم بڕوخێت" دێت. ئاسایش منداڵەکانی دەستگیر کرد و نینۆکەکانیانی دەرهێنا و ئەشکەنجەی جەستەیی دان، ئەمەش وایکرد خەڵک داوای منداڵەکانیان بکەن، بەڵام ڕووبەڕووی وەڵامێکی ناشرین بوونەوە لەلایەن بەرپرسی ئاسایشی سیاسییەوە، بەناوی "سەرتیپ عاتف نەجیب". بۆیە خەڵکی دەرعا دەستیان کرد بە خۆپێشاندان، بەهۆیەوە مزگەوتی عومەر لەلایەن کۆپتەر و هێزی تایبەتەوە هێرشی کرایە سەر و کۆمەڵکوژییەکی ترسناک ڕوویدا، بەهۆی هەموو ئەمانەشەوە شۆڕش دەستی پێکرد.

ئەم شۆڕشە لەلایەن گەنجانی سووریەوە سەرکردایەتی دەکرا کە داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان دەکرد و دروشمی "ئازادی...ئازادی"ـیان بەرزکردەوە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگرییەکانی سووریا بە فیشەکی زیندوو ڕووبەڕوویان بوونەوە، بۆیە دروشمەکە گۆڕا بۆ "ڕووخاندنی ڕژێم".

خۆپێشاندانەکان بۆ یەکەمجار لەژێر دروشمی "هەینی شکۆمەندی" لە ٢٥ی ئازاری ٢٠١١ بە دەیان شاری سووریادا تەشەنەی کرد و دیمەشق و لادێکانی، حمس، حەما، لازقییە، دەرعا، بانیاس، قامیشلۆ و چەند ناوچەیەکی تری گرتەوە. دوای ئەوەش هەفتە لە دوای هەفتە بەردەوام بوو لە فراوانبوون و فراوانبوون، دوای سەرکوتکردنی خوێناوی ڕاپەڕینەکە لەلایەن هێزەکانی سووریاوە، سوپای ئازادی سووریا پێکهێنرا. کە دواتر پێی کێشایە جەنگێکی خوێناوی ناوخۆیی.

ناڕەزایەتی بەرفراوان

بەحرەین

هەڵمەتێکی ناڕەزایی جەماوەرییە کە لە ڕۆژی دووشەممە ١4/٢/٢٠١١ دەستی پێکرد، لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە بەرفراوانەی کە لە جیهانی عەرەبیدا سەریهەڵدا. ئەم ڕاپەڕینە ناوی شۆڕشی مرواری لێ نرا. ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن لاوانی سەربەخۆوە سەرپەرشتی کران، لەگەڵ حەوت کۆمەڵەی ئۆپۆزیسیۆنی شیعە، لیبراڵ، ناسیۆنالیست و بەعسی کە داوای ئازادی و دیموکراسییان دەکرد، کە مافێکی گەرەنتی نێونەتەوەیی و ئایینییە لەسەر خاکی بەحرەین و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە داوای چاکسازیی سیاسی دەکەن.

لە بەرانبەردا حکوومەت کەڵکی لە هێزەکانی قەڵغانی نیمچەدوورگەکە وەرگرت، کە بڕیارە هێزێک بێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان و هێرشە دەرەکییەکان بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەنجوومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو، کە بووە هۆی ڕەخنەی بەربڵاو لە حکوومەتی بەحرەین.

جەزائیر

ناڕەزایەتییەکانی جەزائیر لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکرد، بەڵام بە کردەوە سەرکەوتوو نەبوو لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ لای خۆی، کاریگەری ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییە بەرفراوانەی لەسەربوو کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ لە جیهانی عەرەبیدا سەریهەڵدا، ئەم ناڕەزایەتییانە لەلایەن پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و گەنجانی جەزائیرەوە سەرکردایەتی دەکران کە داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان دەکرد.

جیبۆتی

ئەو شۆڕشانەی کە چەندین وڵاتی عەرەبی گرتەوە، ڕوویان لە جیبۆتی کرد، کە ناوچەیەکی ستراتیجییە و دەکەوێتە کەنارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا. پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕایانگەیاند کە زیاتر لە سی هەزار کەس لە ڕۆژی هەینی ١٨ی شوباتی ٢٠١١ دژی بڕیارەکەی سەرۆک ئیسماعیل عومەر گیلێ ناڕەزایەتیان دەربڕیوە کە ساڵی ڕابردوو بڕگەیەکی دەستووری هەڵوەشاندەوە، کە ڕێگەی پێدابوو بۆ دوو خول حوکم بکات، و بۆ جاری سێیەم خۆی لە هەڵبژاردنەکانی نیسانی ٢٠١١ کاندید بکات.

عێراق

ناڕەزایەتییەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١١ هەڵمەتێکی ناڕەزایی جەماوەرییە کە لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠١١ـەوە دەستی پێکرد، لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە بەرفراوانە ناڕەزایەتییانەی کە لە جیهانی عەرەبیدا سەریهەڵدا. ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن گەنجانی سوننەوە سەرکردایەتی دەکرا کە داوای بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە بێکاران و بەتایبەت ئەوانەی خاوەن بڕوانامەی زانکۆ و جێبەجێکردنی چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بوون.

لە سەرووی هەموو داواکارییەکانەوە ئازادکردنی هەموو ئەو زیندانییە ژنانە بوو کە بەهوی تۆمەتی تیرۆری کەسوکاریانەوە دەستبەسەر کرابوون. لەگەڵ وەستاندنی هەڵکوتانە سەر و دەستگیرکردنی ناڕەوا، جگە لە ڕاگرتنی لە سێدارەدان بەبێ دادگاییکردنی ڕاستەقینە و بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەلایەن بەڵگە و شایەتحاڵەکانەوە. رۆژی ٢3ی نیسانی ٢٠١3، هێزەکانی سوات سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق هەڵیانکوتایە سەر کەمپێکی ناڕەزایی لە ناحیەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و بەهۆیەوە لانیکەم ٢٠٠ کەس کوژران.

ئوردن

ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١ی ئوردن شەپۆلێکە لە خۆپیشاندان و ڕێپێوانی ناڕەزایی کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ لە ناوچە جیاجیاکانی ئوردن دەستی پێکرد، لەژێر کاریگەری ئەو شەپۆلە بەرفراوانە ناڕەزایەتییانەی کە لە جیهانی عەرەبیدا سەریهەڵدا.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو ناڕەزایەتیانە خراپبوونی بارودۆخی ئابووری و گرانی نرخەکان و بڵاوبوونەوەی بێکاری و تەشەنەسەندنی گەندەڵی بوو. خۆپێشاندان لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ دوای نوێژی هەینی دەستیان پێکرد و لە هەفتەکانی دواتردا بەردەوام بوون. بەڵام بەهۆی چاکسازییەکانی حکوومەت هێوربوونەوە.

مەغریب

ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١١ـی مەغریب، دەرئەنجامی هەڵمەتێک بوو کە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کرا بەناوی "بزووتنەوەی ٢٠ی شوبات"، کە دواتر لەلایەن ئۆرگانەکانی مافی مرۆڤی مەغریب و بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی مەغریبەوە پشتیوانییان لێکرا. خۆپیشاندەران داوای پادشایەتییەکی پەرلەمانییان کرد کە دەسەڵاتی فراوانتر بە حیزبەکان بدات، جگە لە چاکسازی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ کە دیارترینیان سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و لێپرسینەوە لە خراپەکاران و تاڵانکارانی پارەی گشتی و کەمکردنەوەی سیاسەتی کرێی خانوو بوو.

لە ئەنجامدا دەستووری ساڵی ٢٠١١ دروست کرا کە دەسەڵاتەکانی سەروەزیران فراوانتر دەکات و کۆمەڵێک مافی مەدەنی نوێی لەخۆگرت، لەوانە گەرەنتی دەستووریی ئازادی ڕادەربڕین و یەکسانیی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری لە ١ی ئابی ٢٠١١ـەوە. 

عوممان

کۆمەڵێک خۆپێشاندان بوو لە ٢٠١١/١/١٨ دەستیان پێکرد. ئەم ناڕەزایەتیانە لەلایەن گەنجانی عومانییەوە سەرکردایەتی دەکرا کە داوای چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان دەکرد، بەهۆیەوە سوڵتان قابووس دوای ئەوەی زۆرێک لە داواکارییەکانی گەلەکەی لەبەرچاو گرت، هەندێک چاکسازی لەنێو حکوومەتدا ئەنجام دا.

خۆپێشاندانی سنووردار

سعوودیە

کۆمەڵێک خۆپێشاندانی پچڕ پچڕ لە ٣ـی ئازاری ٢٠١١ـەوە لەلایەن کۆمەڵێک لە گەنجانی سعوودیەوە دەستیان پێکرد. ڕۆژی هەینی ١٨ی ئازاری ٢٠١١، شا عەبدوڵڵا بن عەبدولعەزیز پاکێجێکی ڕاگەیاند کە بریتیبوون لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، تەرخانکردنی دارایی بە بەهای ملیارەها دۆلار بۆ بەرزکردنەوەی مووچە، دابینکردنی هەزاران هەلی کار، دروستکردنی نیو ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوون بۆ بێکاران، فەرمانبەران و خوێندکاران.

کوەیت

خۆپێشاندانەکانی کوەیت زنجیرەیەک ناڕەزایەتی جەماوەری بوو لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٠ پێش شەپۆلی ناڕەزایەتیی بەرفراوانی جیهانی عەرەبی سەریهەڵدا، یەکەم خۆپێشاندانەکان بوو کە وشەی “بڕۆ”ـی لە دژی سەروەزیران بەکارهێنا و تێیدا داوای چاکسازیی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان دەکرد. ئەم خۆپێشاندانە بە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و دەستووری ئەنجوومەنی نیشتمانی کوەیت کۆتایی هات.


سەرچاوەکان



1132 بینین