ماوتسی تۆنگ

ماوتسی تۆنگ

له‌لایه‌ن: ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-13-23:04:00 - کۆدی بابەت: 2232
ماوتسی تۆنگ

ناوه‌ڕۆك

ماوتسی تۆنگ

١٨٩٣ز - ١٩٧٦ز 

ماوتسی تونگ پێشڕەوی پارتی کۆمۆنستی چینی کرد. بە لێهاتوویی توانی خۆی بگەیەنێتە دەسەڵات و ٢٧ ساڵیش سەرۆکاری گۆڕانکاری بکات لە ووڵاتدا.
ساڵی ١٨٩٣ز لە گوندی (شوهان)ی سەر بە هەرێمی (هاتان) هاتۆتە جیهانەوە. باوکی جووتیارێکی خۆش گوزەران بووە. ساڵی ١٩١١ز ماو لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بوو کە شۆڕش بەرپابوو لە دژی بنەماڵەی پاشای (بنەماڵەی شنگ) کە هەر لە سەردەمی حەڤدەهەمەوە دەسەڵاتی داکوتابوو. لە چەند مانگێکدا تەخت و تاراجی پاشا ڕوخێنرا و ڕژێمی کۆماری کاروباری ووڵاتی دەبرد بەڕێوە. بەڵام لە بەدبەختی شۆڕشەکە سەرکردەکانی ئەوەندە جەربەزە و کارامە نەبوون تا بتوانن بنچینەیەکی پتەوو دەسەڵاتێکی چەسپاو و یەکگرتوو دابمەزرێنن لە چیندا. ئیتر هەر لەو ساڵانەوە تاکو ساڵی ١٩٤٩ز پڕ بوو لە ئاژاوە و بێ ئارامی و جەنگی گەلی. 
ماو، کە وەک لاوێکی چەپڕەو لە بیرە سیاسیەکانیدا خۆی دەبینیەوە، لە ساڵی ١٩٢١ز دا بووە یەکێ لە دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی پارتی کۆمۆنستی چین. زۆر بە سستی و هێواشی گەیشتە پلەی سەرکردایەتی، ئەویش لە ساڵی ١٩٣٥دا ڕوویدا. لەو دەمانەیشدا پارت خەریک و جەنجاڵ بوو بە بەرنامەی چۆنیەتی هەنگاو نان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام تووشی چەند شکستێک بوو، شیرازەی تێکچوو تا نزیکەی ساڵی ١٩٢٧ز. لە ساڵی ١٩٣٢ز یەوە بەرەبەرە ڕێکخراوی پارت بەهێز و گەشندەبوو، توانی زاڵبێت بەسەر ئەو کۆسپە ناهەموارانەدا. هەر لە سەرەتای ١٩٣٥ز وە کە ماو جڵەوی سەرکردایەتی پارتی کەوتە دەست ئیتر ئەوەندەیتر هێزو توانای پەیدا کردو بێباکانە کەوتە بەربەرەکانی دەوڵەت. 
ساڵی ١٩٤٧ز پارت خۆی گورج کردەوە و گوڕی دایە خۆی بۆ جەنگ لە دژی دەسەڵاتی نیشتمانی کرد (شان کای شیک) بەڕێوەی دەبرد. ساڵی ١٩٤٩ز سوپاکانی گەل تەواو سەرکەوتنیان بەدەست هێناو دەسەڵاتی خۆیان داکوتا لە خاکی چیندا.

لەو دەمەی کە ماو دەسەڵاتی گرتە ئەستۆ، چین لە بارێکی زۆر ناهەمواردا بوو. جەنگی گەلی نزیکەی ٣٥ ساڵی خایاند، ووڵاتی خستبووە هەژاری و دواکەوتوییەوە. زۆربەی گەل نەخوێندەوار بوو.

چین ئابەم چەشنە دەچەرخا و گوزەرانی دەکرد. ئەوکاتەی کە ماو دەسەڵاتی لەدەستا بوو تەمەنی ٥٦ ساڵ بوو، زۆر سڵی دەکردەوە لەوەی کە نەتوانێت بەسەر ئەو کۆسپانەدا زاڵ بێت. بەڵام بەهێمنی و کۆڵنەدانی توانی ئەو کۆسپانە ببڕێت، بایەخ و پەروادانێکی بێ پایان بۆ خوێندن و چارەسەرکردنی باری تەندروستی. ئەم کارانەی وەنەبێت بۆ چینی دواکەوتوو ئیتر بەس بێت بەڵکو چاوەڕوانی هەنگاوی دووەمی لێ دەکرا ئەویش گۆڕینی باری ئابووری لە ڕژێمێکی سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیستی، گۆڕینی باری سیاسی ووڵات بۆ بارێکی دیکتاتۆرانە. هەروەها توانی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بسازێنێت.

هەوڵی ئەوەی دەدا کە باری خێزانی چینی بگۆڕێت بە چەشنێک کە هەرکێ لە ئەندامانی خێزان هەست بە خۆبەستنەوەی بکات بە دەوڵەتەوە زیاتر وەک بە خاوخێزانەوە. ئەم هەنگاوەی کارێکی زۆر گەورەی کردە سەر چین، چونکە چین نەرێت و ژینگارییان ناسراوە بو خۆبەستنەوەیان بە خێزانەوە. سەرەڕای ئەوەیش بانگەوازێکی پڕوپاگەندەی لە دژی ئامۆژگاریەکانی کۆنفۆشیۆس بڵاو کردەوە. ئەم گەڵمەتەی تا ڕادەیەک سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

ماو کەڵەمیرێکی چین بوو لە ساڵەکانی ١٩٤٩ز - ١٩٧٦ز دا. یەکێ لە پڕۆژەکانی کە لە ساڵی ١٩٥٠ز دا دەستی پێکرد ناسرابوو بە (زلەبازێک بۆ پێشەوە)، زۆر لە لێکۆڵەران و چاودێران سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیان خستبووە گومانەوە چونکە بریتیی بوو لە بەکار هێنانی توندڕەوی لە شێوەکانی ڕێگەی بەرهەم لە گونددا ئەگەرچیش ئەم پڕۆژەیە لابرا لە بەرنامەی شۆڕشدا. پرۆژەی دووەمی بریتیی بوو لە شۆڕشی ڕۆشنبیری کە ئەمەیش لە ساڵی ١٩٦٠ز وە دەستی پێکرد ئەم شۆڕشە جەنگێکی گەلی بوو دژ بە ڕەفتاری بیرۆکراتی لە نێو ڕیزەکانی پارتدا. سەیر ئەوەیە کە ماو لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بوو کە بڕیاری ئەم پڕۆژەیەی دەرکرد کەچی لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا خرایە گەڕ، هەروەها لە تەمەنی نزیکە ٨٠ ساڵیدا نزیک بوونەوەی سازاند لەگەڵ ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا.

ماو لەو بڕوایەدا بوو کە کرێکارانی پیشەسازی لە شارەکاندا بنکەیەکی بەهێز و پتەو پێکدەهێنن بۆ پشتگیری و ڕاگرتنی دەسەڵاتی پارت، بەڵام ئەو ڕێبازەی گۆڕی و هێزی جووتیارانی خستەبری و پەروایەکی تەواویدا بە گۆڕانکاری گەشتیاری و ژیانی گوندەکی.

لێرەدا دەبێت ئاوڕێک لە مێژوو و پەیوەندی بە شۆڕشی چین بدەینەوە، ئەویش کە مەبەستمانە بیخەینە ڕوو ئەوەیە کە دامەزرێنەری کۆمۆنستی لە ڕووسیادا (لینین، لەبەر ئەوە دەبێت ئەو ڕاستیە وون نەکەین کە ڕێبازی لینین زۆر کاریگەر و ڕێخۆشکەرێک بوو بۆ دامەزراندنی کۆمۆنستی لە چیندا.

جا لە ڕاستیدا پۆلاندنی کەسێکی هاوچەرخی وەک ماو زۆر گرانە چونکە نازانین ئەنجامی کاردانەوەکانی بۆ گەلی چین لە پاشەڕۆژدا چۆن دەبێت؟ بەڵام هەرچۆن بێت دەتوانرێت لەگەڵ (شی گوانگ تی) بەرواوورد بکرێت، چونکە هەرکامێکیان بگرین سەیردەکەین بۆ زنجیرە گۆڕانێکی شۆڕشگێری تێکۆشاوە لە چیندا. جا هۆی دانانی شی هوانگ تی لە ئاستێکی بڵندتر لە (ماو) ئەوەیە کە (شی) نزیکەی ٢٢ سەدەیەک کەریگەربووە لە چیندا، بەڵام دەسەڵات و کاریگەری ماو جارێ نازانرێت تاکەی بڕدەکات.


سەرچاوەکان

218 بینین