چەکی ناوکی

چەکی ناوکی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-07-22-17:18:00 - کۆدی بابەت: 5999
چەکی ناوکی

ناوه‌ڕۆك

چەکی ئەتۆمی

یەکێکە لە جۆرەکانی چەک و بەهێزترینیانە لە ڕووی زیانگەیاندنەوە، بەهۆی کارلێکی ئەتۆمی کاردەکات بە کەرتبوون یان یەکگرتنی ئەتۆمەوە، بەهۆی ئەمەشەوە تەقینەوەیەک دروست دەبێت کە گەورەترە لە هەر تەقینەوەیەکی ماددەکانی دیکە چونکە دەکرێت بەهۆی یەک بۆمبی ئەتۆمییەوە شارێک بە ڕێژەی زیاتر لە %٨٠ـی وێران بکرێت.

بەهۆی ئەمانەشەوە چەکی ئەتۆمی لە لیستی چەکی کۆکوژ دانراوە، زۆرێک لە وڵاتان هەوڵ دەدەن بەدەستی بهێنن بۆ ئەوەی هێزی خۆیان لای زلهێزانی جیهان دەربخەن و بیروڕایان جێی سەرنجی جیهان بێت.

یەکەمین چەکی ئەتۆمی کە هاوێژرا ناوی "کوڕی بچووک" بوو کە لەلایەن ئەمریکاوە لە ٦/٨/١٩٤٥ بەسەر شاری هێرۆشیمای ژاپۆندا خرایە خوارەوە لەڕێی فڕۆکەیەکی بۆمبهاوێژی بی-٢٩ (ئینۆلا گای)ـوە، کە لەلایەن سەرهەنگ پۆل تیبیتسەوە فڕێدرایە خوارەوە، لە دوای سێ ڕۆژیش بۆمبێکی دیکەی ئەتۆمی لەسەر شاری ناکازاکی ژاپۆن خرایە خوارەوە بە ناوی "پیاوە قەڵەوەکە".

بابەت: وزەی ئەتۆمی

یەکەمین تاقیکردنەوە

پڕۆژەی بۆمبی ئەتۆمی بەشێک بوو لە پڕۆژەی مانهاتنی ئەمریکا لە ماوەی جەنگی جیهانی دووەم، هێزی تەقینەوەکەش لە کەرتبوونی یۆرانیۆم-٢٣٥ـەوە وەردەگیرێت.

یەکەمین جار بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دروستکرا لە ساڵانی چلەکان و بۆ یەکەمین جار لە ١٦/٧/١٩٤٥ لە بیابانی "ئەلامۆگۆردۆ" لە لۆس ئالمۆس، ویلایەتی نیومەکسیکۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاقیکرایەوە، ناوی بۆمبە ئەتۆمییەکە نرا (ئەی-بۆمب) – (A-Bomb)، کە بە تاقیکردنەوەی ترینیتی بەناوبانگە و لە کەرتبوونی پلۆتۆنیۆم سوود وەرگیرا بۆ تەقینەوەکە، لەگەڵ سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکەدا شۆڕشێکی مەترسیداری جیهانی پەیدابوو لەڕووی هێزەوە و ئەمریکا بە دەرخستنی توانا نوێیەکەی دوای سەرکەوتنی لە جەنگی جیهانی دووەم بە کەمترین زیان سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا.

بابەت: وزەی ئەتۆمی چۆن دروست دەبێت؟

هێرشەکانی ١٩٤٥ و دواتری

لە جیهاندا تا ئێستا دووجار بۆمبی ئەتۆمی تەقێنراوەتەوە بۆ مەبەستی جەنگ ئەویش لە هەردوو شاری هێرۆشیما و ناکازاکی بوون لە کۆتا ڕۆژەکانی جەنگی جیهانی، هێرشەکە زیانی ١٢٠ هەزار کوژراوی لە ژاپۆن دا و سەدان هەزاری دیکەی تووشی شێرپەنجە و کوێری و کەمئەندامی دیکە و ئاوارەیی و برینداری جیاواز کردەوە.

بەهۆی ئەم دوو هێرشەوە لە زۆرێک لە وڵاتان دەنگی ناڕەزایی بەرزبوویەوە دژی ئەمریکا بە مەبەستی کوشتنی خەڵکی سڤیل و بێتاوان، بەڵام ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمە تاکە چارەسەرە بۆ تەواوکردنی جەنگی خوێناوی جیهانی دووەم.

لەدوای ئەو دوو هێرشەوە تا ئێستا ٢٠٠٠ بۆمبی دیکە تەقێنراونەتەوە بۆ مەبەستی تاقیکردنەوە و فێرکاری لەلایەن هەشت وڵاتی جیهانەوە کە ڕایانگەیاندووە خاوەنی چەکی ئەتۆمین:

وڵات تێبینی
ڕووسیا  یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو
فەڕەنسا  
ئەمریکا  
بەریتانیا  
چین  
پاکستان  بەبێ ڕێککەوتن
هیندستان بەبێ ڕێککەوتن
کۆریای باکوور بەبێ سەلماندنی چۆنیەتی دروستکردن و بڕ و هێز و ڕێککەوتن

وڵاتی ئێران لە ژیانی ئەمڕۆماندا گەورەترین کێشەی ئەتۆمی جیهانە کە زۆرێک لە وڵاتانی زلهێز ڕایانگەیاندووە ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بەهێزە و پەرەی پێدەدات، هەر بۆیە چەندین جار تووشی گەمارۆی ئابووری و شکاندنی دراوەکەی بووەتەوە.

وزەی ئەتۆمی کە سەرچاوەی بۆمبی ئەتۆمییە بۆ چەندین مەبەستی مەدەنی سوودبەخش بەکاردێت وەک دروستکردنی کارەبا بەبێ پاشەڕۆی زیانبەخش و تێچووی زۆر، بەڵام بۆمبی ئەتۆمی زیاتر بۆ مەبەستی سیاسی و بەرگری لە وڵات و هەڕەشە بەکاردێت.

بۆمبی ئەتۆمی لە ئێستادا

هەشت وڵات لە ئێستادا خاوەنی بۆمبی ئەتۆمین، بەڵام چەند وڵاتێک هەن کە هەوڵی ژێربەژێر یاخود ئاشکرا دەدەن بۆ دەستکەوتنی بۆمبی ئەتۆمی بۆ گەورەکردنی هەژموونی خۆیان لە جیهاندا، هەریەک لە میسڕ و تورکیا و ئێران و ئیسرائیل ئەو وڵاتانەن کە گومان دەکرێت خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بن، بەڵام ڕەتی دەکەنەوە.

پێنج وڵات بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە خاوەنی بۆمبی ناوەکین کە (رووسیا و ئەمریکا و فەڕەنسا و چین و بەریتانیا)ـن و ڕێککەوتنیان کردووە لەسەر سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری چەکی ئەتۆمی، هەریەک لە هیندستان و پاکستان بە فەرمی ڕایانگەیاندووە، بەڵام لەناو ڕێککەوتنەکەدا نین، وڵاتی کۆریای باکووریش خاوەنی چەکی ئەتۆمییە بەڵام نە لەناو ڕێککەوتندایە و نە چەکەکەی سەلماندووە.

بابەت: مەترسییەکانی پاشماوەی ئەتۆمی

جۆرەکانی چەکی ئەتۆمی

چەکی ئەتۆمی کەرتبوو

چەکی کەرتبووی ئامادەکراو یەکێکە لە جۆرەکانی چەکی ئەتۆمی و هێزەکەی لەڕێی کەرتبوونی ناوکەوە بەدەست دەهێنێت، وەک یۆرانیۆمی ٢٣٥ و پلۆتۆنیۆمی ٢٣٩ کە ئەم دوو توخمە بەهۆی نیۆترۆنەوە پارچە دەبن و ئەم کردارەش بەردەوام دەبێت، هەر یەکێک لەو کەرتبوونانەش دەبێتە هۆی دروستکردنی وزەیەکی مەزنی میکانیکی، نموونەی ئەم بۆمبە وەک:

  • بۆمبی ئەندازە تەسک یان (Critical mass)
  • بۆمبی ماددەی بەپیت

بۆمبی ئەتۆمی یەکگرتوو

جۆرێکی دیکەیە لە جۆرەکانی بۆمبی ئەتۆمی و هێزەکەی لە یەکترگرتنەوە بەدەست دەهێنێت کاتێک دوو نموونەی بچووک یەکدەگرن بۆ پێکهێنانی نموونەیەکی گەورەتر وەک (دیتریۆم) و (لیثیۆم)، بەهۆی ئەم یەکگرتنە بەردەوامەش کە چەندین جار دووبارە دەبێتەوە وزەیەکی زۆری میکانیکی دروست دەبێت، بەم جۆرەی چەکی ئەتۆمیش دەوترێت چەکی هایدرۆجینی (H-Bomb) یان بۆمبی ئەتۆمی گەرمی یان بۆمبی ثێرمۆئەتۆمی، ئەم جۆرەی بۆمبی ئەتۆمی دەتوانێت هێزەکەی بگاتە ٥٠ مێگا تەن وەک بۆمبی تساری یەکێتی سۆڤیەت کە تا ئێستاش گەورەترین و بەهێزترین بۆمبی ئەتۆمییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناتوانرێت وەک کڵاوە بەکاربهێنرێت لەسەر مووشەکە بالیستیەکان و قەبارەکەی زۆر گەورەیە ئێستا سوودێکی زۆری نییە.

چەکی ئەتۆمی کۆکراوە

ئەم جۆرەیان بە دوو هەنگاو دروستدەکرێت، ئەم جۆرەیان پێیدەوترێت (سەروو بۆمبی ئەندازە تەسک  - Critical mass) و لەڕێی یەکترگرتنی دوو بۆمبی دیکەوە دروستدەکرێت، لە کاتی تەقینەوەش هێزێکی زۆری گەرمی و میکانیکی دروست دەکات، وەک:

  • Implosion Method – ئەو تەقینەوانەی سەرچاوەی فشاریان لە ناوەوەیە.

بابەت: تەکنەلۆژیای ناوکی

ڕێژەی چەکی ئەتۆمی

بەپێی داتای ساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠١٩ ڕێژەی کڵاوەی چەکی ئەتۆمی بەمشێوەیەیە:

وڵات ژمارەی کڵاوەی ئەتۆمی - داتای ساڵی ٢٠١٩ ژمارەی کڵاوەی ئەتۆمی - داتای ساڵی ٢٠٠٢
ڕووسیا ٦٥٠٠ ٧٣٠٠ 
ئەمریکا ٦١٨٥ ٦٩٧٠ 
فەڕەنسا ٣٠٠ ٣٠٠  
بەریتانیا ٢٠٠ ٢١٥
پاکستان  ١٥٠ بۆ ١٦٠ ١٢٠ بۆ ١٣٠
هیندستان ١٣٠ بۆ ١٤٠   ١١٠ بۆ ١٢٠
چین ٢٩٠ ٢٦٠
ئیسرائیل ٨٠ بۆ ٩٠ ٤٠ بۆ ٦٠
کۆریای باکوور  ٢٠ بۆ ٣٠ ٠ بۆ ١٠

ئەو وڵاتانەی پێشتر خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بوون

وڵات ژمارەی کڵاوەی ئەتۆمی تێبینی
ئۆکرانیا ٨٠  بەخشییەوە بە ڕووسیا
بیلاڕووسیا ٨١  ساڵی ١٩٩٦ وازی لێ هێنان و گوازرانەوە بۆ ڕووسیا
کازاخستان ١٤٠٠  ساڵی ١٩٩٥ گوازرانەوە بۆ ڕووسیا
باشووری ئەفریقا ٦ لە هەشتاکان لە نەوەدەکان وازی لێهێنان

ئەو وڵاتانەی دەتوانن ببنە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی

هەریەک لەم وڵاتانە ڕێککەوتننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیان واژوو کردووە و بەڵام خاوەنی وێستگە و وزەی ناوەکین و بۆ کاری مەدەنی بەکاری دێنن.

ڕێگاکانی بەکارهێنان و تەقاندنەوەی

کۆمەڵێک ڕێگا هەن بۆ بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی وەک چەکێکی کارا بۆ ئەوەی لە نزیکترین شوێنی مەبەست دابنرێت و بتەقێنرێتەوە.

بەهۆی هێزی کێشکردنی زەوی

ئەمە کۆنترین ڕێگای تەقاندنەوەی بۆمبی ئەتۆمییە و هەریەک لە هێرشەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی بەمشێوەیە بوون، بەهۆی فڕۆکەیەکەوە دەخرێنە خوارەوە و بەهۆی هێزی کێشکردنی زەوییەوە بەرەو ئامانجەکە دەڕۆن و لە نزیکیەوە یان بە پێکانی دەتەقنەوە.

مووشەکی خاوەن کڵاوەی ئەتۆمی

جۆرێک مووشەکن کە ڕێگایەک دەگرنە بەر و گەڕاندنەوەیان نییە، خێرایی مووشەکەکان ١ بۆ ١,٣ کیلۆمەترە لە چرکەیەکدا، ئەم مووشەکانەش دابەش دەکرێن بەسەر سێ جۆردا:

  • مووشەکی بچووک: ئەم جۆرەیان مەوداکەی دەگاتە ١٠٠٠ کیلۆمەتر یان کەمتر، وەک ڤی-٢ـی ئەڵمانی و مووشەکی سکۆدی سۆڤیەتی و SS-21ـی سۆڤیەتی.
  • مووشەکی مامناوەد: مەوداکەیان دەگاتە ٢٥٠٠ بۆ ٣٥٠٠ کیلۆمەتر.
  • مووشەکی کیشوەربڕ: مەوداکەی زیاترە لە ٣٥٠٠ کیلۆمەتر، زۆرینەی کات مووشەکی کیشوەربڕ و مامناوەند بۆ هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی بەکاردێن و بچووکەکانیش بۆ هێرشی ڕووبەڕوو و مووشەکی ئاسایی، لە ساڵانی حەفتاکانیشەوە دروستکردنی مووشەک هەنگاوێکی گەورەی بڕیووە و پێکانی ئامانجی وردتر بووەتەوە.

مووشەکی گەڕۆک

وەک مووشەکی PGM-109 تۆماهۆکی ئەمریکی، کە ئەم جۆرە مووشەکە ئاڕاستە دەکرێت و ئاڕاستەی دەگۆڕێت و توانای هەیە بۆ هەزاران کیلۆمەتر فڕین ئەنجام بدات، نرخی هەر یەکێکیشیان دەگاتە ٢ ملیۆن دۆلار، بۆ ئاڕاستەکەی سوود لە چەند شێوازێک وەردەگرێت، وەک ژمارەی هێڵی پانی و درێژی زەوی و سەتەلایتەکانی دەرەوەی گۆی زەوی.

مووشەکی خاوەن کڵاوەی ئەتۆمی لە کەشتییەکانەوە

لە ساڵی ١٩٥٥ یەکێتی سۆڤیەت توانی ئەم جۆرە مووشەکە بەرهەم بهێنێت لە ماوەی جەنگی سارددا، دوای چەند ساڵێکیش ئەمریکا توانی دروستی بکات.

جۆری دیکە

چەندین جۆری نزیک مەودای دیکە هەن کە بەکارهێنانیان زۆر سەرنجی ناخرێتە سەر، وەک مین و هاوەن، بەڵام هاوەنی Davy Crockett یەکێکە لە باشترین جۆرەکان کە توانای هەیە ٢٠ تەن لە تەقینەوە هەڵبگرێت کە لە ساڵانی پەنجاکان دروستکراوە و ساڵی ١٩٦٢ لە بیابانی نیڤادای ئەمریکا تاقیکراوەتەوە.

پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی

لە نێوان ساڵانی ١٩٤٥ بۆ ١٩٥٣ زیاتر لە ٥٠ تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمی لە جیهاندا هەبوون لەلایەن گەورەکانی جیهانەوە، ئەمەش وایکرد زۆڕ کەسایەتی تانە بدەن و داوای وەستاندنی ئەم جۆرە چەکە بکەن، کە دیارترینیان جەواهر لال نەهرۆی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی هیندستان بوو، بەڵام بەهۆی جەنگی سارد و پێشبڕکێی جەمسەرەکانی زەوی هیچ وەڵامێکی ئەوتۆ نەدەدرانەوە.

ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن ١٣٥ وڵاتەوە واژووی بەڵێننامەی سنووردارکردنی بەشێک لە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان کرا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام هەریەک لە چین و فەڕەنسا واژوویان نەکرد.

ساڵی ١٩٦٨ پەیماننامەی سنووردارکردنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی واژوو کرا بەڵام هەریەک لە پاکستان و هیندستان پەسەندیان نەکرد، ساڵی ٢٠٠٣ـیش کۆریای باکوور لە پەیماننامەکە پەشیمان بوویەوە.

لە ڕۆژی ١٠ـی ئەیلوولی ١٩٩٦ بەڵێننامەی سنووردارکردنی یەکجاری تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لەلایەن ٧١ وڵاتەوە واژوو کرا، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە بەڵێننامەیەکی کارپێکراو دەبێت ٤٤ وڵاتەکەی دیکەش واژووی بکەن کە هەریەک لەمانە لەخۆدەگرێت:

  • جەزائیر
  • ئەرجەنتین
  • ئوستوڕالیا
  • نەمسا
  • بەنگلادیش
  • بەلجیکا
  • بەڕازیل
  • بولگاریا
  • کەنەدا
  • چیلی
  • چین
  • کۆنگۆ
  • کۆڵۆمبیا
  • کۆریای باکوور
  • میسڕ
  • فینلەندا
  • فەڕەنسا
  • ئەڵمانیا
  • هەنگاریا
  • هیندستان
  • ئەندۆنوسیا
  • ئێران
  • ئیسرائیل
  • ئیتاڵیا
  • ژاپۆن
  • مەکسیک
  • هۆڵەندا
  • نەرویج
  • پاکستان
  • پیرۆ
  • پۆڵەندا
  • ڕۆمانیا
  • کۆریای باشوور
  • ڕووسیا
  • سلۆڤاکیا
  • باشووری ئەفریقا
  • ئیسپانیا
  • سوید
  • سویسرا
  • تورکیا
  • ئۆکرانیا
  • بەریتانیا
  • ئەمریکا
  • ڤێتنام
  • سعودیە

ئەم وڵاتانەی پێشوو هەندێکیان لەدوای ساڵی ١٩٩٦ـەوە واژووی بەڵێننامەکەیان کردووە، بەڵام باوەڕیان پێی نییە و جێبەجێی ناکەن، هەریەک لە چین و کۆڵۆمبیا و میسڕ و ئێران و ئیسرائیل و بەریتانیا و ڤێتنام و ئەندەنوسیا واژوویان کردووە بەڵام جێبەجێی ناکەن و بەدوای دەرچەیەک دەگەڕێن بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی و پەرەپێدانی زیاتری.

 


سەرچاوەکان

2461 بینین