هەستیاری بە خۆراک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-24-17:54:00 - کۆدی بابەت: 8773
هەستیاری بە خۆراک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەستیاریی خۆراک (بە ئینگلیزی: Food allergy) بریتییە لە کاردانەوەی سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤ لە نزیکترین ماوەدا لەدوای خواردنی جۆرێکی تایبەتی خۆراک. تەنانەت دەکرێت خواردنی بڕێکی کەمی ئەو خۆراکەی کە هۆکاری هەستیارییەکەیە ببێتە هۆی هاندانی نیشانەکانی هەستیاریی وەک کێشەکانی هەرسکردن یان لیرووی پێست یان هەڵئاوسانی بۆری هەوا. لە هەندێک کەسدا هەستیاریی خۆراک دەکرێت ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی توند و تەنانەت دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە کە ئەم حاڵەتە بە زێدە هەستیاری ( بە ئینگلیزی: anaphylaxis) ناسراوە.
هەستیاری بە خۆراک بە نزیکەیی کاردەکاتە سەر ٨٪ ئەو منداڵانەی گە تەمەنیان لە ٥ ساڵ کەمترە، هەروەها کاردەکاتە سەر زیاتر لە ٤٪ پێگەیشتووان.
زۆرجار هەستیاری بە خۆراک لەگەڵ بەرگەنەگرتنی خواردن (بە ئینگلیزی: food intolerance) تێکەڵ دەکرێت، لە کاتێکدا کە ئەم دوو کاردانەوەیە وەک یەک دەردەکەون، بەڵام بەرگەنەگرتنی خۆراک حاڵەتێکی کەمتر جدییە و پەیوەندی بە سیستمی بەرگری لەشی مرۆڤەوە نییە.

نیشانەکان

بۆ هەندێک کەس کاردانەوەی هەستیاری بە جۆرێکی خۆراک دەکرێت نائاسوودەی بکات، بەڵام توند نییە و بێزاری ناکات. بۆ هەندێک کەسی تریش کاردانەوەی هەستیاری بۆ خۆراکێکی دیاریکراو دەکرێت توند و ترسێنەر بێت و تەنانەت مەترسی بخاتە سەر ژیانی. نیشانەکانی هەستیاری بە خۆراک ئاساییانە لەماوەی چەند خولەکێک تاکوو دوو کاتژمێر لەدوای خواردنی خۆراکەکەوە دەردەکەون، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا نیشانەکان لەدوای چەند کاتژمێرێک دوای خواردنی خۆراکەکە دەردەکەون.
باوترین نیشانە و دەرکەوتەکانی هەستیاری بە خۆراک بریتیین لە:

  • زبربوون و کزانەوەی زمان
  • لیروو، خورانی پێست یان ئەگزیما
  • هەڵئاوسانی لێو و ڕووخسار و زمان و قوڕگ یان بەشەکانی تری جەستە
  • خیزەی سنگ، هەڵئاوسانی لووت یان کێشەی هەناسەدان
  • ئازاری سک، سکچوون، دڵتێکچوون یان ڕشانەوە
  • بەرچاو ڕەشبوون، سەرقورسبوون یان بوورانەوە

زێدە هەستیاری

لە هەندێک کەسدا هەستیاری بە خۆراک دەکرێت ببێتە هۆی هاندانی کاردانەوەیەکی توند کە بە زێدە هەستیاری ناسراوە. کە ئەمەش دەبێتەهۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی کەسەکە. وەک:

  • تەسکبوونەوە و توندبوونی بۆری هەوا
  • هەڵئاوسانی قوڕگ یان هەستی گیرانی قوڕگ کە هەناسەدان قوورس دەکات
  • تاسان لەگەڵ کەمێک دابەزینی پەستانی خوێن
  • خێرابوونی لێدانی دڵ
  • بەرچاو ڕەشبوون، سەرقورسبوون یان لەدەستدانی هاوسەنگی
  • ئەو کەسەی کە تووشی زێدە هەستیاری دەبێت، پێویستە بەخێرایی چارەسەر بکرێت. دەکرێت

زێدە هەستیاری چارەسەر نەکراو، ببێتە هۆی لەهۆش خۆچوون و تەنانەت مردنیش.

هۆکاری بایۆلۆجی

کاتێک کەسێک تووشبووی هەستیارییە، سیستمی بەرگری لەشی بە هەڵە جۆرێکی تایبەتی خۆراک یان ماددەیەکی ناو خۆراکەکە وەک شێتکی زیانبەخش لێکدەداتەوە، لە بەرانبەردا سیستمی بەرگری هانی خانەکان دەدات تاکوو دژەتەنەکان دەربدەن کە بە ئیمیونۆگڵۆبوڵین ئی (IgE) ناسراون، مەبەست لە دەردانی ئەم دژەتەنانەش هاوسەنگکردنی خۆراکی یان ماددەی هەستیارکەرە.
بۆ جاری دواتر کە لەشی کەسەکە تەنانەت بڕێکی زۆر کەمیش لە ئەو خۆراکەی پێدەگات، دژەتەنەکانی IgE دەیناسنەوە و شەپۆل دەنێرن بۆ سیستمی بەرگری بۆ دەردانی ماددەیەکی کیمیایی بەناوی هیستامین و هەندێک ماددەی کیمیایی تر بۆ ناو ڕێڕەوی خوێن. ئەم ماددە کیمیاییانە دەبنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری.

خۆراکە هەستیارکەرەکان

زۆربەی تووشبوونەکانی هەستیاری بەهۆی خۆراکەوە هۆکارەکەی بوونی هەندێک جۆری پڕۆتینە لە ئەو خۆراکەدا، خۆراکەکان وەک:

کۆنیشانەی هەستیاریی خۆراکی هەڵاڵە

ئەم حاڵەتە بە کۆنیشانەی هەستیاری زارەکیش ناسراوە، ئەم حاڵەتە کاردەکاتە سەر زۆربەی ئەو کەسانەی کە تووشبووی پووشەتان. لە ئەم حاڵەتەدا هەندێک جۆری دیاریکراوی میوە و سەوزەی تازە یان چەرەسات و بەهارات هانی کاردانەوەیەکی هەستیاری دەدەن لە لەشدا، کە دەبێتە هۆی زبربوون و کزانەوەی زمان و ناودەم. لە حاڵەتە مەترسیدارەکانی ئەم هەستیارییەدا ئەنجامی کاردانەوەکە هەڵئاوسانی قوڕگ و تەنانەت زێدە هەستیاریش دەبێت.
هۆکاری ئەوەی ئەم جۆرە پڕۆتینانە دەبنە هۆی هەستیاری ئەوەیە کە وەک ئەو پڕۆتینە هەستیارکەرانە وان کە لە هەڵاڵەدا بوونیان هەیە.
نیشانەکانی ئەم هەستیارییە بەشێوەیەکی سەرەکی لەدوای خواردنی خۆراکە هەستیارکەرەکانە بە تازەیی و لێنەنراوی و بە کاڵی. کاتێک ئەم خۆراکانە لێدەنرێن نیشانەکان کەمتر دەبنەوە.

هەستیاریی خۆراکی بە وەرزش هاندراو

هەندێک کەس کاتێک هەندێک جۆری خۆراک دەخۆن و دەست بە وەرزش دەکەن، نیشانەکانی هەستیاریی وەک سەرقوورسبوون و ئاڵۆشاوییان دەبێت. لە هەندێک حاڵەتی جدیدا ئەم کەسانە دەکرێت ئەزموونی لیروو و زێدە هەستیارییش بکەن. نەخواردنی خۆراک لەماوەی چەند کاتژمێرێکی پێش وەرزشکردندا و دووربوون لە ئەو خۆراکانەی کە هەست دەکەیت هەستیارییت پێی هەیە. یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە ئەم نیشانانە.

بەرگەنەگرتنی خۆراک و کاردانەوەی تر

بەرگەنەگرتنی خواردن یان کاردانەوەی تر بۆ ئەو خۆراکەی دەیخۆیت دەکرێت ببێتە هۆی نیشانە و دەرکەوتەی وەک نیشانەکانی هەستیاری بە خۆراک، ئەم نیشانانەش دەکرێت: دڵتێکچوون، ڕشانەوە، ئازاری سک و سکچوون بگرێتەوە. بە پشت بەستن بە جۆری ئەو خۆراکەی کەسەکە بەرگەی ناگرێت، دەکرێت کەسەکە بتوانێت بڕێکی کەم لە ئەو خواردنە بخوات بەبێ ئەوەی لەشی هیچ کاردانەوەیەکی نەخوازراوی هەبێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە بە خۆراکەکە هەستیاری هەبێت ئەوا تەنانەت بە بڕێکی کەمیش لە ئەو خواردنە دەکرێت نیشانەکانی لێ دەربکەوێت.
یەکێکی تر لە نیشانەکانی بەرگەنەگرتنی خۆراک ئەوەیە، کە هەندێک لە کەسەکان بە خواردنەکە خۆی تێکناچن، بەڵکوو بە ماددە یان پێکهاتەیەک تێکدەچن کە بۆ ئامادەکردنی ئەو خۆراکە بەکارهاتووە.
ئەو حاڵەتە باوانەی کە بە هەڵە نیشانەکانیان لەگەڵ هەستیاریی خۆراکدا تێکەڵ دەکرێت بریتیین لە:

  • نەبوونی ئەو ئەنزیمەی کە بۆ هەرسکردنی تەواوی خۆراکێک پێویستە: دەکرێت کەسێک بڕی پێویستی لە ئەو ئەنزیمانە نەبێت کە لەش بۆ هەرسکردنی جۆرێکی دیاریکراوی خۆراک بەکاریان دەهێنێت. بۆ نموونە نەبوونی بڕی پێویست لە ئەنزیمی لاکتەیز، دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی توانای کەسەکە بۆ هەرسکردنی لاکتۆز، کە شەکرێکی سەرەکییە لە بەرهەمە شیرەمەنییەکاندا. بەرگەنەگەرتنی لاکتۆز دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک: گرژبوونی سک، سکچوون، بای سک و ئاوسانی سک.
  • ژەهراوی بوون بە خۆراک: هەندێک جار ژەهراوی بوون بە خۆراک وەک هەستیاریی بە خۆراک دەردەکەوێت، ئەو بەکتریایەی کە لە هەندێک جۆری ماسییدا بوونی هەیە دەکرێت ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی تۆکسین (جۆرێکی ژەهر)، لە ئەنجامدا هانی کاردانەوەی زیانبەخشی جەستەی مرۆڤ بدات.
  • هەستیاریی بە زیادکراوە خۆراکییەکان: هەندێک کەس بەرانبەر خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ماددەی پارێزەر یان هەر جۆرە ماددەیەکی تریان بۆ زیادکراوە، تووشی کێشەی هەرسکردن و هەستیاربوون دەبنەوە. بۆ نموونە، گۆگردیت بۆ پاراستنی خواردنی وشککراو و لە قتوکراو بەکاردێت، ئەم ماددەیە دەتوانێت هانی هەناسەتوندی بدات لە ئەو کەسانەدا کە بە زیادکراوە خۆراکییەکان هەستیارن.
  • ژەهراوی بوونی هیستامین: هەندێک جۆری ماسی وەک ماسی تونا، ئەگەر بەشێوەی گونجاو لە ساردکەرەدا هەڵنەگیرێن، چونکە هەڵگری بڕێکی زۆری ئەو بەکتریایانەن کە ئاستێکی بەرزی هیستامینیان تێدایە، لە ئەنجامدا دەبنەهۆی هاندانی چەند نیشانەیەکی لێکچووی هەستیاریی خۆراک.
  • بەرگەنەگرتنی گلوتین: ئەم نەخۆشییە بە هەستیاریی گەنم ناسراوە. گلوتین پڕۆتینێکە کە لە ڕووەکی گەنم و هەندێک جۆری تری دانەوێڵەدا بوونی هەیە. لە کاتێکدا کە ئەم نەخۆشییە بەهۆی هەستیاری بە گلوتینەوەیە بەڵام نابێتەهۆی تووشبوون بە زێدە هەستیاری. هەستیاری بە گەنمیش وەکوو هەستیاری بە خۆراک کاردانەوەی سیستمی بەرگری لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەمە کاردانەوەیەکی جیاوازە و لە هەستیاری بە خۆراک ئاڵۆزترە. ئەم کێشە درێژخایەنەی هەرسکردن بەهۆی خواردنی پڕۆتینی گلوتینەوە هاندەدرێت.

ئەو هۆکارانەی مەترسی تووشبوون بە هەستیاری زیاد دەکەن

  • مێژووی خێزان: ئەگەر کەسێک لە مێژووی خێزانەکەیدا تووشبووی هەناسەتوندی، ئەگزیما یان هەر جۆرە هەستیارییەکی تر هەبێت، ئەوا مەترسی تووشبوونی بە هەستیاری زیاترە.
  • هەستیارییەکانی تر: ئەگەر کەسێک بە جۆرە خواردنێک هەستیاربێت، ئەوا مەترسی تووشبوونی بە هەستیاری بە جۆرێکی تری خۆراک زیاد دەکات.
  • تەمەن: هەستیاریی خۆراک زیاتر لە منداڵاندا باوە، بەتایبەت منداڵی بچووک و ساوا. کاتێک ئەم منداڵە گەورە دەبێت، کۆئەندامی بەرگری پێدەگات، بەم شێوەیەش لەشی کەمتر ئەو خۆراک و ماددانە هەڵدەمژێت کە هانی هەستیاری دەدەن.
  • هەناسەتوندی: بەشێوەیەکی باو هەستیاریی خۆراک و هەناسەتوندی بەیەکەوە تووشی کەسەکان دەبن، کاتێکیش ئەمە ڕوودەدات نیشانەکانی هەردوو حاڵەتەکە توندتر دەبن.

ئەو هۆکارانەی کە مەترسی کاردانەوە زێدە هەستیاری زیاد دەکەن:

  • تووشبووی هەناسەتوندی
  • گەشتنە تەمەنی هەرزەکاری و تازە پێگەیشتن
  • درەنگ کەوتن لە بەکارهێنانی دەرمانی (epinephrine) بۆ چارەسەری نیشانەکانی هەستیاریی خۆراک
  • نەبوونی لیروو یان نیشانەی تری پێست

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر کەسەکە لەماوەیەکی کورتی دوای خواردنی جۆرێکی دیاریکراوی خۆراکدا نیشانەکانی هەستیاری بە خۆراکی تێدا دەرکەوت، ئەوا کاتێک کە نیشانەکانی تێدا دەردەکەوێت باشترە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشکی تایبەت بکات.

دیاریکردن

ئەو کەسەی کە هەستیاری بە جۆرێکی تایبەتی خۆراک هەیە، ئەوا هەرجارێک کە ئەو خۆراکە دەخوات هەمان نیشانەی هەستیاری تێدا دەردەکەوێت. پزیشک بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتە بناسێتەوە، ئەم پرسیارانە لە کەسی تووشبوو دەکات:

  • دەرکەوتنی نیشانەکان چەندێک دەخایەنێت؟
  • چیت خواردووە و چەندێکت لێ‌خواردووە؟
  • چی نیشانەیەکت لێدەرکەوتووە و ئەم نیشانانە بۆ ماوەی چەندێک ماونەتەوە؟

ڕێگریکردن

ناسراوترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە هەستیاریی لە کەسانی پێگەیشتوودا، بریتییە لە پێدانی شیری دایک لەدوای لەدایکبوون تاکوو شەش مانگی، کە ئەمەش دەتوانێت ڕێگربێت لە ئەوەی ئەم منداڵە لە داهاتوودا هەستیاری بە شیر هەبێت. هەروەها زیادکردنی خۆراکەکانی وەک چەرەسات و هێلکە لەدوای تەمەنی یەک ساڵییەوە بۆ ژەمە خۆراکەکانی، بە هەمان شێوە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە هەستیاری. بەڵام هەمیشە پرس بە پزیشکی شارەزا بکە.

چارەسەر

کاتێک دەزانیت کە بە چی خواردنێک هەستیاریت، ئەوا باشترین چارەسەر نەخواردنی ئەو خۆراکەیە. 

پزیشک بەپێی کاردانەوە و نیشانەکانی هەستیارییت دەرمانی تایبەتت بۆ دەنووسێت، ئەم دەرمانانەش بریتیین لە:

  • ئیپینفرینی دەرزی خودکار - epinephrine autoinjectors: چارەسەرێکی خێرای ژیان‌ڕزگارکەرە کە بە خێرایی نیشانەکانی زێدە هەستیاریی پێچەوانە دەکاتەوە.
  • دژەهیستامین – Antihistamines: چارەسەرێکە کە خوران و هەڵئاوسان کەم دەکاتەوە.
  • کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان – Corticosteroids: ئەگەر کەسەکە نیشانەی توندی هەستیاری هەبێت، ئەوا ئەم چارەسەرە بۆ کەمکردنەوەی هەڵئاوسان بەکاردێت.

ئەم دەرمانانە وەک چارەسەرێکی پزیشکی خێرا بەکاردێن، ئەگەر ئەم دەرمانانەت هەبوو ئەوا بەخێرایی لەدوای خواردنی خۆراکی هەستیارکەر بەکاریان بهێنە. گرنگە کە لەدوای بەکارهێنانی سەربەخۆی هەریەک لە ئەم دەرمانانە ڕاستەخۆ سەردانی پزیشک بکەیت.


سەرچاوەکان



1047 بینین