دەندی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-30-21:51:00 - کۆدی بابەت: 10079
دەندی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەندی (بە ئینگلیزی: Dundee، بە عەرەبی: دندي)،  چوارەم گەورەترین شاری سکۆتلەندا و ٥۱ـەم قەرەباڵغترین شاری شانشینی یەکگرتووە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ناوەڕاستی ساڵی ۲۰۱٦ـدا ۱٤۸٫۲۱۰ کەس بوو، هەروەها چڕی دانیشتووانەکەیشی ۲٫٤۷۸ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، بەمەش دووەم چڕترین شاری وڵاتەکەیەتی. دەندی دەکەوێتە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی سکۆتلەندا، لە باکووری ئەدینبۆرگ، لە کەنداوی تای، ئەو کەنداوەی کە ڕووباری تای تێیدا دەڕژێتە نێو دەریای باکوورەوە. ئەم شارە خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندە کە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دامەزراندنەکەی لە سەدەی ۱۱ـدا، هەروەها پیشەسازییەکان، شوێنە سەرنجڕاکێشەکان و تایبەتمەدییەکانی تری شارەکە وای لێ کردووە کە نەک هەر ببێت بە شوێنێک کە سەردان بکرێت بەڵکوو وایان لێ کردووە ببێت بە شوێنێک کە لە سکۆتلەندا و ئەولای سکۆتلەنداوە بە نیشتیمان ناوی بێنن.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

دەندی لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە چوارەم گەورەترین شاری سکۆتلەدایە، لە ساڵی ۲۰۱٦ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ۱٤۸٫۲۷۰ کەس خەمڵێندرا. هەروەها لەڕووی چڕی دانیشتووانەکەیەوە یەکێکە لە چڕترین ناوچەکانی تەواوی سکۆتلەندا. ڕووبەری ڕووی شارەکە نزیکەی ٦۰ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی نزیکەی ۲٫٤۷۸ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

زیاتر لە ۹٤٪ـی دانیشتووانی ئەم شارە لە شانشینی یەکگرتوو لەدایکبوون و زیاتر لە ۸۷٪ـیان لە وڵاتی سکۆتلەندا لەدایکبوون، هەروەها ۰٫٤۲٪ـیان لە کۆماری ئێرلەندا، ۱٫۳۳٪ـیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و ۳٫۰٪ـیان لە شوێنەکانی تری جیهان لەدایکبوون. گەورەترین گرووپی دانیشتووان کەسانی تەمەن ۳۰ بۆ ٤٤ ساڵییە کە بە ڕێژە ۲۰٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

بەپێی ئامارەکانی سەرژمێری ساڵی ۲۰۱۱، ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بریتین لە:

سپی پێست: ۹٤٪

ئاسیایی: ۳٫۹٦٪

ڕەش پێست: ۰٫۷۹٪

کاریبی: ۰٫۱۸٪

ڕەگزی تێکەڵ یان ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ۰٫٤٦٪

گەشەی دانیشتووانی دەندی

ژمارەی دانیشتووانی دەندی بەدرێژایی مێژوو بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دیووە، بەڵام، لەم ساڵانەی دواییدا، بوو بە نیشتیمانی کۆچبەرەکان، ئەم شارە خاوەنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووی خوێندکارە کە لە شارەکان و وڵاتەکانی ترەوە بۆ خوێندن هاتوونەتە شارەکەوە و ژمارەی دانیشتووانی شارەکەیان بەرزکردۆتەوە. سەرەڕای کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانەکەی لەم ساڵانەی دواییدا، چاوڕوان دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی دەندی لە ساڵانی داهاتوودا لە گەشەسەندنێکی بەردەوامدا بێت.

مێژوو

شاری دەندی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

ئەم شارە لە سەدەکانی ۱۱ و ۱۲ـدا وەکوو بەندەرێکی بچووک گەشەی کرد، تا لە سەدەی ۱٤ بوو بە یەکێک لە گرنگترین شارۆچکەکانی سکۆتلەندا، پێدەچێت ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٫۰۰۰ کەس بووبێت. لەڕێگەی ئەم بەندەرەوە شەراب و دانەوێڵە هاوردە دەکرا و پێستە و خوری هەناردە دەکرا. لە سەدەی ۱۳ـدا پێشەنگای ساڵانە لە دەندی کرایەوە و خەڵکی لە ناوچەکانی دەوروبەرەوە بەژداری پێشەنگاکەیان دەکرد، هەر لە هەمان سەدەدا ڕەبەنەکان هاتنە ناوچەکەوە و ئامۆژگاری خەڵکیان دەکرد. لە سەدەی ۱٤ـدا کڵێسای سەینت ماری دروستکرا.

دەندی لە سەدەکانی ۱٦ و ۱۷ـدا

ژمارەی دانیشتووانی دەندی لە سەدەکانی ۱٦ و ۱۷ـدا لەپڕ بەرزبوویەوە و لە ساڵی ۱٦٥۰ـدا گەشتە ۱۱٫۰۰۰ کەس. لە سەدەی ۱٦ـدا پیشەسازی خوری پێشکەوت و ڕێژەیەکی زۆریش هەناردە دەکرا، هەروەها تەختە و قیر و تلیاکیش هاوردە دەکرا. دەندیش وەکوو هەموو شارۆچکەکانی تری ئەو کاتە بەدەس بڵاوبوونەوەی پەتاکانەوە دەیناڵاند، لە ساڵی ۱٦۰۷ بۆ ۱٦۰۸ نەخۆشی تاعوون بڵاوبوویەوە و بەتووندی کاریگەری لەسەر گەشەی دانیشتووانی شارەکە هەبوو. پاشان و لە ساڵی ۱٦٥۸ـدا دەندی ڕووبەڕووی کۆسپێکی تر بوویەوە، ئەویش هەڵکردنی گەردەلوولێک بوو، کە بەهۆیەوە بەندەرەکە زیانی بەرکەوت، پیشەسازی خوری ڕووی لە کزی کرد و ژمارەی دانیشتووانەکەی کەم بوویەوە.

دەندی لە سەدەکانی ۱۸ و ۱۹ـدا

دەندی لە سەدەی ۱۸ـدا بووژایەوە، بەشێکی زۆری ئەم بووژانەوەیەش بەهۆی پیشازییەکی نوێی دروستکردنی کەتانەوە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا پیشەسازییەکانی تری ئـەم سەدەیە بریتیبوون له، چەرم، ڕاوە نەهەنگ، دروستکردنی دەزوو و مرەبای پرتەقاڵ. هەروەها چەند باڵەخانەیەکی نوێ لە شارۆچکەکەدا دروستکران. لە سەدەی ۱۹ و لە ساڵی ۱۸۰۱ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە ۲٦٫۰۰۰ کەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە، دەندی شارۆچکەیەکی گەورە و گرنک بوو. لە ساڵی ۱۸٦۱ ژمارەی دانیشتووان بۆ زیاتر لە ۹۰٫۰۰۰ کەس بەرزبوویەوە، بەشێکی بەهۆی کۆچی پەنابەرە ئێرلەندییەکانەوە بوو کە لە ناوەڕاستی سەدەی ۱۹ـدا هاتنە شارۆچکەکەوە. گەشەی دانیشتووان بەردەوام بوو

جگە لەو ساڵانەی کە پەتاکانیان تێدا بڵاوبوویەوە، لە ساڵی ۱۸۳۲، ۱۸٤۹، ۱۸٥۳ و ۱۸٦٦ـدا نەخۆشی کۆلێرا و لە ساڵی ۱۸۳۷ و ۱۸٤۷ نەخۆشی ڕەشە گرانەتا بڵاوبوویەوە کە کاریگەریان لەسەر گەشەی دانیشتووان هەبوو. لەم سەدەیەدا دەندی شارۆچکەیەکی پیس و قەرەباڵغ بوو، ئەوانەی توانای داراییان باش بوو ماڵیان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی شارۆچەکە گواستەوە.

پیشەسازییە سەرەکییەکانی دەندی لە سەدەی ۱۹ـدا بریتیبوون لە ڕاوەنەهەنگ، دروستکردنی کەشتی و گونیە.

دەندی لە سەدەکانی ۲۰ و ۲۱ـدا

دەندیش وەكوو هەموو ناوچەکانی تری سکۆتلەندا لە ساڵی ۱۹۳۰ـەکاندا بە چەند بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕی. هەریەک لە پیشەسازییەکانی دروستکردنی گونیە و کەشتی ڕوویان لە کزی کرد، بەڵام پیشەسازی دروستکردنی مرەبای پرتەقاڵ هێشتا هەر بەرەوپێش دەچوو. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا دەندی دووبارە بوژایەوە لەبەرئەوەی کەشتیگەکان بەبەردەوامی کاریان تێدا دەکرا. پیشەسازی سەرەکی لەم سەدەیەدا دیزاینکردن و دروستکردنی بینا و ئامێری بچووک بوو، لە ئێستادا پیشەسازی گرنگی شارەکە گەشتیارییە. سەرەڕای ئەوەی لە کۆتایی سەدەی ۲۰ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە کەمێک کەمبوویەوە بەڵام لە ساڵی ۲۰۲۰ـدا ژمارەی دانیشتووان ۱٤۸٫۰۰۰ کەس بوو.

کەشوهەوای دەندی

شاری دەندی کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە، مانگەکانی وەرزی زستان سارد و باراناوین و مانگەکانی وەرزی هاوین فێنکن و ئاسمانی شار هەوراوییە. زۆرجار ڕەشەبا هەڵ دەکات و لەوانەیە هەندێک جار زریاناویی بێت.

زستانی ئەم شارە لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەربەد زۆر ساردە و پلەکانی گەرما زۆر نزم نین بەڵام دەکرێت ڕەشەبا و ڕادەی شێ کەش ساردتر بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا ئاسمانی شار بەزۆری هەوراوییە و زۆربەی کات باران دەبارێت. بەفر زۆر بەدەگمەن دەبارێت و لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ ٦- و ۷- دادەبەزن، هەندێک جار بۆ نزمتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ۱۹۸۲ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی بۆ ۱۷٫۱- دابەزی.

بەهاری دەندی لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی ئایار دەخایەنێت، پلەکانی گەرما لەم وەرزەدا بە هێواشی بەرز دەبنەوە. سەرەڕای ئەوەش، لە مانگی ئایاردا هێشتا کەشی شارەکە ساردە.

وەرزی هاوین لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت. کەشی شارەکە لەم وەرزەدا فێنک و باراناوییە، بە شێوەیەکی ئاسایی پلەکانی گەرما لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا دەگەنە ۲٥ بۆ ۲٦ پلەی سەدی، بەڵام هەندێک جار بۆ بەرزتر لەو پلەیە بەرز دەبنەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە تەممووزی ۲۰۱۳ـدا ۲۹ پلەی سەدی بوو.

وەرزی پایز لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا باراناوییە و ئاسمانی شار هەوراوییە، لەگەڵ هەر هەفتەیەک تێدەپەڕێت کەشی شارەکە ساردتر دەبێت.

ساڵانە ۷٥۰ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگەکانی نیسانە ٤٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی تشرینی یەکەمە ۸٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ۱٫٤٦۰ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری دەندی وەرزی هاوینە، لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئاب، چونکە مامناوەندترین وەرزی ساڵە. سەرەڕای ئەوەش، زۆربەی کات ئاسمانی شار هەوراوییە، بای هەیە، باران دەبارێت و شەوانیش کەمێک ساردە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

۱. پردی ئاسنینی هێڵی شەمەندەنەفەری تای

۲. قەڵای گەلامیس

۳. کارگەی دروستکردنی گونیە

٤. مۆزەخانە و پێشەنگای هونەری دەندی (McManus)

٥. شارۆچکەی کۆنی دەندی

٦. مۆزەخانەی قەڵای برۆتی

۷. سەنتەری زانستی دەندی

٨. شاری پێرس


سەرچاوەکان



237 بینین