جیاوازی نێوان ئاسنی خوێن و ئاسنی کۆگاکراوی لەش

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-11-16-19:00:00 - کۆدی بابەت: 11634
جیاوازی نێوان ئاسنی خوێن و ئاسنی کۆگاکراوی لەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جیاوازی نێوان ئاسنی خوێن و ئاسنی کۆگاکراوی لەش (بە ئینگلیزی: The difference between blood iron and  ferritin in the body، بە عەرەبی: الفرق بين الحديد في الدم والفیریتین في الجسم) ئاسن بەشێکی سەرەکی خوێنە، لەبەرئەوەی هەر هیمۆگڵۆبینێکی ناو خڕۆکە سوورەکان لە چوار گەردی ئاسن پێکدێت. بەمەش ئەوە ڕووندەبێتەوە کە چۆن ئاسن پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە خوێندا. بەڵام کاتێک ئاسن لە لەشدا کۆدەکرێتەوە ناودەبرێت بە فەریتین. فەریتین پڕۆتینێکە کە ئاسن دەگرێتە خۆی و بە ئاسنی کۆگاکراوی لەش ناودەبرێت. ئەرکی فەریتین هەڵگرتنی ئاسنە لە جگەر، سپڵ، ماسولکە شانەکان و مۆخێ ئێسک. هەروەها بە شێکی ئاسنی لەش بە یارمەتی پڕۆتینی گوێزەرەوە (ترانسفێرین) بە تەواوی جەستەدا دەگوێزرێتەوە.

ئەگەر بەم دواییانە پشکنینی خوێنت کردووە بۆ پشکنینی کەمی ئاسن یان بیر لە ئەنجامدانی پشکنینی کەمی ئاسن دەکەیتەوە، لەوانەیە کەمێک سەرلێشێواو بیت دەربارەی بایۆمارکەری (نیشانەی زیندەیی) فێریتین. بۆچی ئەم زیندە ئاماژەیە بەکاردێت و چۆن جیاوازە لە ئاسن؟

جیاوازی نێوان ئاسن و فەریتین چییە؟

فێریتین پڕۆتینی خوێنە و پڕۆتینی سەرەکی خەزنکردنی ئاسنە هاوشانی هیمۆسایدرین. فێریتین ئاسن هەڵدەگرێت و دەردیدەدات کاتێک جەستە پێویستی پێیەتی. ئاسن کانزایەکە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا دەدۆزرێتەوە کە ئۆکسجین بە ناو جەستەدا دەگوازێتەوە. فێریتین ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەوەی چەند ئاسن لە جەستەدا هەڵدەگیرێت، بە ئاستێکی نزم لە فێریتین دەستنیشاڽی کەمخوێنت کەمی ئاسن دەکرێت. ئەو ئاسنەی لە هیمۆگڵۆبینی خوێندایە بە نزیکەیی ڕێژەی لە سەدا ٧٠ی ئاسنی جەستەیە، نزیکەی لە سەدا ٦ ی ئاسن بە پڕۆتینەکانی دیکەوەن لە خوێندا، هەروەها نزیکەی ڕێژەی لە سەدا ٢٤ی ئاسن بریتییە لە ئاسنی کۆگاکراوی جەستە کە لەگەڵ پڕۆتین دایە و بە فەریتین ناسراوە.

واتا نزیکەی یەک لەسەر چواری ئاسن لە لەشدا وەک فێریتین هەڵگیراوە. فێریتین ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە هەڵمژین و هەڵگرتن و دەردانی ئاسن. زۆربەی فێریتین لە جگەردا دەدۆزرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت لە سپڵ، مۆخی ئێسک و ماسولکەکانیشدا هەبێت.

فێریتین باشترین نیشاندەری کەمی ئاسنە، بۆیە پشکنینی فەریتین بۆ دەستنیشانکردنی کەمی ئاسن بەکاردێت. بە هەڵسەنگاندنی ئاستی فێریتین لە جەستەدا، دەتوانیت بە ڕوونی دیاری بکەیت کە ئایا ئەگەری کەمی ئاسنت هەیە یان تەنانەت ئاستی بەرزی ئاسنت هەیە. ئەگەر پشکنینی فێریتین گەڕایەوە و مەترسی کەمی ئاسن نیشان بدات، لەوانەیە ئەوکات پشکنینی زیاتر پێشنیار بکرێت لەلایەن پسپۆڕێکی پزیشکیەوە، لەوانە پشکنینەکانی تری ئاسن.

ئاستی ئاسایی ئاسنی کۆگاکراوی جەستە چەندە؟

ئاستی ئاسایی فێریتین واتا ئاسنی خەزنکراوی لەش بۆ ئافرەتان لە نێوان ٢٤ بۆ ٣٣٦ μg/L (مایکرۆگرام لە هەر لیترێک) و لە نێوان ١١ بۆ ٣٠٧ μg/L بۆ پیاواندایە، هەرچەندە ئەمە لەوانەیە بگۆڕێت بەپێی پشکنینەکانی تاقیگە.

تێکڕای ئەنجامی ئەو کڕیارانەی کە داوایان لێکراوە بۆ پشکنینی ئاستی فێریتینەکەیان ٧٢.٩٣ ug/L بووە لەگەڵ %٣٤ ی خەڵک کە دەکەونە چارەکی خوارەوەی مەودای ئاسایی یان خوارتر.

بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) ئاستی فێریتین لە خوار ١٥ μg/L لە کەسانی پێگەیشتوو و خوار ١٢ μg/L بۆ منداڵانی ساوا (تا تەمەنی ٥ ساڵ) بە نزم دادەنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بە شێوەیەکی گشتی، ئاستی خوار ٣٠ μg/L بە نزم دادەنرێت. ئەگەر ئاستی فێریتینەکەت ١٥ مایکڕۆگرام/ل یان نزمتر بێت، لەوانەیە ئاستی فێریتینی مەترسیدارت هەبێت. ئەمە پێی دەوترێت کەم خوێنی (ئەنیمیا) و پێویستە لەگەڵ پزیشک یان شیکار قسە بکەیت.

گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە ئاستی فێریتین دەتوانرێت بەرزببێتەوە لە هەلومەرجی دیاریکراودا، لەوانە:

  • هەوکردن
  • نەخۆشی جگەر
  • گرێی شێرپەنجەیی
  • چارەسەری تەواوکەری ئاسن
  • تێکشکانی شانە

ئاستی ئاسایی ئاسن چەندە؟

ئاسن بە پشکنینی هیمۆگلۆبین لە خوێندا پێوانە دەکرێت. لە بەریتانیا، ئاستی ئاسایی هیمۆگلۆبین لە نێوان ١٣٠ بۆ ١٧٠ گرام/لیتر بۆ پیاوان و ١٢٠ بۆ ١٦٠ گرام/لیتر بۆ ئافرەتان ئەژمارکراوە. ئاستی هیمۆگلۆبینی نزم دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ کەمخوێنی. ڕێژەی ئاسن بە شێوەیەکی جیهانی لە نێوان ٦٥ بۆ ١٧٦ mcg/dL (میکرۆگرام بەسەر دەسیلیتر) بۆ پیاوان و ٥٠ بۆ ١٧٠ mcg/dL بۆ ئافرەتان بە ئاسایی دانراوە. هەروەها لە منداڵاندا ٥٠ بۆ ١٢٠ mcg/dL و لە کۆرپەلەدا ١٠٠ بۆ ٢٥٠ مایکرۆگرام/دێسیلیتر mcg/dL.

نیشانەکانی کەمی ئاسن چین؟

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئاستی فێریتین یەکەم جار کەم دەبێتەوە (نەک ئاستی ئاسن). لەبەر ئەوەیە کە فێریتین ئاماژەیەکی باشە بۆ کەم خوێنی زوو، کە لەوانەیە بە تەنها لە ئاستی ئاسنەوە دیار نەبێت (لە سەرەتادا).

کەمی ئاسن بەگشتی و ئاسنی خەزنراوی جەستەش لەوانەیە بەهۆی پێویستی زۆری جەستەوە بێت بۆ ئۆکسجین بۆ نموونە لە کاتی دووگیانی، لەدەستدانی خوێن، سەرچاوەی خۆراکی لاواز لە ئاسن یاخود لە ماوەی سووڕی مانگانەی ئافرەتان ئاستی فەریتین نزم دەبیتەوە. ئەگەر ئاستی فێریتین نزم بێت، لەوانەیە کۆمەڵێک نیشانە دەربکەوێت لەوانە:

نزیکەی لە سەدا بیستی ئافرەتانی سوڕی مانگانە کەمی ئاسنیان هەیە و زیاتر لە لە سەدا پێنجیان کەمخوێنی ئاسنیان هەیە. لە ئافرەتاندا، دۆخی ئاسن بە شێوەیەکی زۆر پشت دەبەستێت بە لەدەستدانی خوێنی مانگانە. لە ئەوروپا، بڕی لەدەستدانی خوێن بەهۆی سوڕی مانگانەوە بە تێکڕا سی ملم لە ڕۆژێکدا، واتا رۆژانە ٠.٤٥ میلیگرام ئاسن لەدەست دەدات.

لەبەر ئەوەی کەمی ئاسن کەمی خۆراکە ماددەیە و یەکێکە لە بەربڵاوترینەکان لە ئەوروپا، دەکرێت ڕێگری لێبکرێت. کەمی ئاسن باوترین هۆکاری کەم خوێنییە لە جیهاندا. ئەگەر ئاسنت کەمە، جەستەت کێشەی ئەوەی هەیە کە ئۆکسجینی پێویست بۆ شانەکان بەدەست بهێنێت، ئەمەش وادەکات هەست بە ماندوێتی زیاتر بکەیت و ببێتە هۆی ئەوەی خێراتر ماندوو بیت. 

ئاستی ئاسن لە دوو سەرچاوەی سەرەکیەوە دەست دەکەوێت:

  • ژەمی خۆراکی (لە سەدا پێنج) 
  • دروستبوون و تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (نزیکەی لە سەدا ٩٥)

لە خۆراکەکەتدا، دوو جۆری سەرەکی ئاسن هەیە: Fe2+، کە لە گۆشت و بەرهەمە شیرییەکاندا دەدۆزرێتەوە، و Fe3+ کە لە ڕووەکدا دەدۆزرێتەوە. ئەو خواردنانەی کە لە خۆراکە ڕووەکیەکاندا هەیە قورستر و دژوارترە.

ئایا ئاستی کەمی فێریتین وا لە تۆ دەکات کەم خوێنبیت؟

لەبەرئەوەی فێریتین پڕۆتینێکی خەزنکراوە بۆ ئاسن، کەمی ئاستی پڕۆتینی فێریتین هۆکاری کەمخوێنی نییە، بەڵام نزمی ئاستی ئاسن هۆکاری کەمی ئاسن یان کەمخوێنی ئاسنە. لەگەڵ ئەوەشدا، چونکە ئاستی خوێنی فێریتین ڕاستەوخۆ هاوڕێژەیە لەگەڵ کۆگا ئاسنینەکەی لەش، فەریتین ئاماژەیەکی باشە بۆ دۆخەکە.

نیشانەکانی بەرزی ئاسن چین؟

نیشانەکانی بەرزی ئاسن هەروەها ئاسنی کۆگاکراوی لەش بەنزیکەیی هاوشێوەن و هەریەک لە نیشانەکان دەکرێت بە نیشانە بۆ بەرزی ئاسن و بەرزی فەریتین دابنرێن. پشکنینی فێریتین بەکاردێت لەگەڵ پشکنینەکانی تر بۆ پشکنینی باری ئاسن و دیاریکردنی ئاستەکەی. ئاستی بەرزی فێریتین ڕەچاو دەکرێت کاتێک ڕێژەی خوێن لە ١٥٤ μg/L زیاترە.

نیشانەکانی بەرزی ئاستی ئاسن بریتین لە:

یەکێک لە حاڵەتەکان کە دەکرێت لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئاسنەوە بێت بریتییە لە هیمۆکرۆماتۆس (haemochromatosis) کە حاڵەتێکی بۆماوەییە و چەندین ساڵ ڕوودەدات. ئاسنەکە بە هێواشی لە جەستەدا دروست دەبێت و نیشانەی ناخۆش دروست دەکات وەک:

  • هەندێک جۆری هەوکردن
  • هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی
  • زیاد دەردانی سایرۆید
  • زیاد بەکارهێنانی تەواوکەری فەریتین
  • خواردنەوە کهولییەکان
  • نەخۆشییەکانی جگەر
  • لەکارکەوتنی گورچیلە
  • نیشانەی شێرپەنجە
  • هیمۆکرۆماتۆسس (کۆنیشانەی زیادبوونی ئاسن) حاڵەتێکی زۆر کۆبوونەوەی ئاسنە بەهۆی ئەوەی جەستە نەیتوانیووە ئاسنی بەیەکسانی دابەشبکات و خەزنی بکات.
  • لاوازی ماسولکە
  • لەدەستدانی لەناکاوی کێش
  • ئازاری سک
  • لەدەستدانی مووی جەستە
  • ئازار لە جومگەکاندا
  • کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی
  • ئەو ئافرەتانەی ناڕێکی سوڕی مانگانەیان هەیە

ئەگەر چارەسەر نەکرێت، ئەم حاڵەتە لەوانەیە زیان بە جومگەکان و هەروەها ئەندامەکانی وەک دڵ و جگەر و پەنکریاس بگەیەنێت.

باشترکردنی خۆراکی ئاسن

سێ هۆکار هەن کە پێویستە ڕەچاو بکرێن بۆ باشترکردنی خۆراکی ئاسن:

  • چەندێتی ئاسن
  • چۆنیەتی ئاسن
  • پێکهاتەی ژەمی خۆراک

لەشی مرۆڤ ناتوانێت خۆی ئاسن بەرهەمبهێنێت بەڵکوو دەبێت لە ڕێگەی خواردن یاخود دەرمانەوە وەریبگرێت، کە وەریگرت بڵاوی دەکاتەوە بە هەموو لەشدا لە ڕێگەی Transferrin (پڕۆتینی گوێزەرەوەی ئاسن کە لەلایەن جگەرەوە بەرهەمدەهێنرێت).

دوو جۆری ئاسن هەیە، ئاسنی هیمی Haem iron لە بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا دەدۆزرێتەوە وەک گۆشت و ماسی و باڵندە. ئاسنی ناهیمی Non-haem iron لە بەرهەمە ڕووەکییەکان دەدۆزرێتەوە وەک گەڵای سەوز، دانەوێڵە و ڕووەک.

ئەو خواردنانەی ئاستی ئاسن بەرز دەکاتەوە

لە خۆراکێکدا کە گۆشت لەخۆ دەگرێت، بەلایەنی کەمەوە ٤٠%ی کۆی ئەو ئاسنەی کە لەلایەن جەستەوە دەمژرێت لە سەرچاوە ئاسنینەکانی هیم دێت، بەهۆی ئەوەی کە لەلایەن جەستەوە باشتر دەمژرێت وەک لە ئاسنی نا-هیم. گۆشتی سوور زیاتر لە گۆشتی سپی وەک مریشک و گۆشتی بەراز ئاسنی هیمی تێدایە و پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت کاتێک هەوڵدەدەیت باری ئاسنت باشتر بکەیت.

ئەو کەسانەی کە تەنها سەرچاوەی ئاسن ناهیمی (سەرچاوەی ڕووەکی بۆ ئاسن) دەخۆن پێویستە دڵنیابن لەوەی کە بە شێوەیەکی گونجاو خواردن دەخۆن. هەندێک پێکهاتەی خۆراکی هەیە کە دەتوانێت هەڵمژینی ئاسن باشتر بکات، وەک ڤیتامین C.

لەبەر ئەوەی ئاسنی خۆراک دەکرێت بە خراپی هەڵمژرێت، جەستە ڕێگایەکی زیرەکی هەیە بۆ پاراستنی کۆگا ئاسنەکانی. کاتێک خڕۆکە سوورەکانمان تێکدەشکێن، جەستە ئەو ئاسنە دووبارە دەکاتەوە کە لێوەی دەردەچێت بۆ بەهێزکردنی کۆگاکانی ئاسن. لەدەستدانی ئاسنی ئاسایی ڕۆژانە ١ بۆ ٢ میلیگرام بە شێوەیەکی ئاسایی پڕدەکرێتەوە بەهۆی هەڵمژینی سەرچاوەی خۆراکی لە ڕیخۆڵە باریکەدا.

فێریتین پرۆتینێکی خوێنە کە ئاسن هەڵدەگرێت و ئاماژەیەکی باشە بۆ ئەوەی چەند ئاسن لە لەشدا هەیە. بڕی ئەو ئاسنەی کە لە خوێندا هەیە ڕەنگدانەوەی تەواوی بڕی ئاسنی بەردەستە بۆ لەش بۆ بەکارهێنانی لە داهاتووا. فێریتین ئاسن بەردەست دەکات وەک ئەوەی لەش پێویستی پێیەتی بۆ زۆرێک لە کردارەکان، لەوانە بەرهەمهێنانی خڕۆکە سوورە نوێیەکان.

ئەگەر هیچ نەخۆشییەکی تەندروستی بنچینەیی نەبێت کە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی فێریتین، ئەوا باشترکردنی خۆراک دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی ئاستی ئاسن و هەڵمژینی ئاسن بدات لەلایەن جەستەوە. ئاسن پێکهاتەیەکی گرنگە کە ئێمە پێویستمان پێیەتی بۆ چەندین پرۆسەی جەستەیی جیاواز، لەوانە:

  • دروستکردنی خڕۆکەی سووری نوێ
  • هەڵگرتنی ئۆکسجین بە دەوری جەستەدا 
  • بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری

زۆربەی ئاسن لە لەشمان لە هیمۆگلۆبیندایە، کە پڕۆتینێکە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا. ڕێژەیەکی کەمتر (نزیکەی ٢٥%) وەک فێریتین هەڵدەگیرێت، کە لە خانەکاندا دەدۆزرێتەوە و لە خوێندا دەسوڕێتەوە. و ئەوە فێریتینە کە بەرپرسیارە لە کۆنترۆڵکردنی دەردانی ئاسن کاتێک ئاستەکان زۆر نزمن یان بەرزن.

نێرینەی پێگەیشتوو نزیکەی ١٠٠٠ میلیگرام ئاسنی خەزنکراویان هەیە (کە ئەمە بڕێکی بەسە بە نزیکەیی بۆ سێ ساڵ)، لە کاتێکدا ئافرەتان تەنها نزیکەی ٣٠٠ میلیگرامیان هەیە (کە ئەمە بڕێکی بەسە بە نزیکەیی بۆ شەش مانگ). کاتێک بەکارهێنانی ئاسن بە شێوەیەکی درێژخایەن کەم دەبێت، ئاسنە کۆگا کراوەکان لەوانەیە تەواو ببن، بەمەش ئاستی هیمۆگلۆبین کەم دەکەنەوە.

جیاوازی نێوان پشکنینی ئاسن و پشکنینی ئاسنی کۆگاکراوەی جەستە

لە پشکنینی ئاسندا پێوانەی ئاستی ئاسنی ناو خوێن دەکرێت، واتا تەنها ئەو ئاسنانەی بە سەربەستی لە ناو خوێندان. نە ئەوانەی خەزنکراون لە جەستەدا نە ئەوانەشی بە پرۆتینی گویزەرەوە بەستراون.

بەڵام لە پشکنینی ئاسنی کۆگاکراوی جەستەدا پێوانەی ئەو ئاسنە دەکرێت کە لە جەستەدا خەزنکراوە و لە شێوەی فەریتین لە ناو جگەر، سپڵ و مۆخی ئێسکدایە. واتا ئەو ئاسنەی لەگەڵ پڕۆتینی فێریتین دایە.

پشکنینەکانی خوێنی ئاسنی گشتیمان سەیری چەند پێوانەیەکی ئاسن دەکات (نەک تەنها ئاسن و فێریتین). بەیەکەوە، ئەم نیشانانە هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ ئەوەی چەند ئاسن لە خوێندا هەیە، بۆ دەستنیشانکردنی نزمی ئاستی ئاسن یان چاودێریکردنی کەمی ئاسن. پشکنینەکانی ئاسن لەپاڵ پشکنینی ئاسنی خوێن و پشکنینی ئاسنی کۆگاکراوی جەستە، ئەمانەش دەگرنەوە:

  • پشکنینی پڕۆتینی گویزەرەوەی ئاسن (Transferrin test) پێوانەی ئەوە دەکات جەستە چۆن ئاسن دەگوێزێتەوە لە خوێندا.
  • پشکنینی تێکڕای توانای پەیوەستی ئاسن (Total iron-binding capacity test) ئەمەش ڕێگایەکی ترە کە لە ڕێیەوە پێوانی ئەوە دەکرێت چۆن جەستە و بە چ ئاستێک ئاسن دەگوازێتەوە لە خوێنەوە.
  • پشکنینی تێربوونی پڕۆتینی گوێزەرەوەی ئاسن (Transferrin saturation test) ئەم پشکنینە لە ڕێیەوە ئەو ڕێژە سەدییە دیاریدەکرێت کە دەرخەری ئەوەیە ڕێژەی چەندی پڕۆتینی گوێزەرەوە بە ئاسنەوە بەندە.


سەرچاوەکان



405 بینین