ناپۆلی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-22-22:30:00 - کۆدی بابەت: 10755
ناپۆلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناپۆلی (بە ئینگلیزی: Naples، بە عەرەبی: نابولي، بە ئیتالی: Napoli)، پایتەختی کامپانیایە و لە دوای ڕۆما و میلان سێیەم گەورەترین شاری ئیتاڵیایە. ژمارەی دانیشتووانی سنووری ئیداری شارەکە لە ساڵی ٢٠١٧ـدا بە ٩٦٧٫٠٦٩ کەس خەمڵێندرا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەری شارەکە ١١٧٫٢٧ کیلۆمەتر دووجایە.

مێژوو و گرنگی شارەکە

ناپۆلی لەلایەن یۆنانییەکان لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین دامەزراوە، یەکێکە لە کۆنترین ناوچە شارییەکانی جیهان کە بەردەوام دانیشتووی لێ نیشتەجێیە. لە سەدەی هەشتەمی پێش زایین، کۆلۆنییەک لەسەر گردی پیزۆفاڵکۆن دامەزرا. شارەکە بەشێکی گرنگی ماگنا گریشیا بوو کە ناوچە کەنارییەکانی باشووری ئیتاڵیا دەگرێتەوە، هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی لە تێکەڵکردنی کۆمەڵگەی یۆنانی و ڕۆمانیدا هەبوو و لەژێر فەرمانڕەوایی ڕۆمەکاندا ناوەندێکی کولتووری بەرچاو بووە. ئەم شاره چەند جارێک وەک پایتەخت خزمەتی کردووە و ناوەندێکی گرنگی مرۆڤگەری و ڕۆشنگەری بووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ بۆ ١٩٣٦، ناپۆلی فراوانکرا و بەرەوپێش چوو. لە ساڵانی دواتری جەنگی جیهانی دووەمدا، زیانێکی زۆری بەرکەوت و لە دوای ساڵی ١٩٤٥ـەوە ئاوەدانکرایەوە.

لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە، ئابووریی ناپۆلی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. سەرەڕای ئەوەش تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی شارەکە لە دوای میلان و ڕۆماوە سێیەم گەورەترین ئابووری ئیتاڵیایە و بەندەری ناپۆلی یەکێکە لە گرنگترین بەندەرەکانی ئەورو‌وپا. ناوەندی شارە مێژووییەکەی ناپۆلی گەورەترینی ئەورووپایە و وەک شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانی یوونسکۆ دەستنیشان کراوە. هەروەها ناپۆلی بە جوانییە سروشتییەکانی ناسراوە و چێشتخانەی ناپۆلی بەهۆی خواردنی پیتزا (کە لە شارەکەوە سەرچاوەی گرتووە) و چەندین خواردنی ناوخۆیی دیکەوە بەناوبانگە. سەرەڕای ئەوەش، ناپۆلی شوێنێکی سەرەکی گەشتیاری نیشتیمانی و نێودەوڵەتییە، یەکێکە لە شارە گەشتیارییە سەرەکییەکانی ئیتاڵیا و ئەورووپا. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ٣٫٧٠٠٫٠٠٠ سەردانیکەر سەردانی شارەکەیان کردووە.

ناپۆلی لەڕووی دیمۆگرافییەوە

ژمارەی دانیشتوانی ناپۆلی لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا ٩١٠٫٤٣٩ کەس بوو و چڕی دانیشتووانەکەی ٧٫٨٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی گەورەناوچەی ناپۆلی نزیکەی ٤٫٤ ملیۆن کەسە. دانیشتووانی ئەم شارە بەگشتی گەنجن ١٩٪ـی دانیشتووان تەمەنیان لە خوار ١٤ ساڵییەوەیە، لە کاتێکدا ١٣٪ـی دانیشتووان تەمەنیان لە سەرووی ٦٥ ساڵییەوەیە، بە بەراورد لەگەڵ تێکڕای نیشتمانی کە ١٤٪ و ١٩٪ـیە. لە ناپۆلیدا ڕێژەی مێینەکان زیاترە و ٥٢٫٥٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن و نێرەکان ٤٧٫٥٪ دانیشتووانن. لە ئێستادا ڕێژەی لەدایکبوون لە شاری ناپۆلیدا زیاترە لە ناوچەکانی تری ئیتاڵیا، کە ١٠٫٤٦ لەدایکبوون لە هەر ١٫٠٠٠ دانیشتوویەکدا، بە بەراورد بە تێکڕای لەدایکبوونی ئیتاڵیا کە ٩٫٤٥ـه.

ژمارەی دانیشتووانی ناپۆلی لە ساڵی ١٩٠١ تا ساڵی ١٩٧١ لە ٦٢١ هەزار کەسەوە بۆ ١٫٢٢٦ هەزار کەس بەرزبووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا بۆ ٩١٠ هەزار کەس دابەزیوە هۆکاری ئەمەش گواستنەوەی دانیشتووان بوو بۆ ناوچەکانی دەرەوەی شار. بە پێچەوانەی زۆرێک لە شارەکانی باکووری ئیتالیا، تاڕادەیەک کەم کۆچبەری بیانی لە شاری ناپۆلی هەن؛ ٩٤٫٣٪ـی دانیشتووانی شارەکە هاوڵاتی ئیتاڵیین. لە ساڵی ٢٠١٧ـدا بە شێوەیەکی گشتی ٥٨٫٢٠٣ بیانی لە شارەکەدا هەبوون؛ زۆربەیان خەڵکی سریلانکا، چین، ئۆکرانیا، پاکستان و ڕۆمانیا بوون. ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە زۆرینەی کۆچبەران لە ڕەگەزی مێ بوون؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی کۆچبەرانی نێر لە ئیتاڵیا زیاتر بەرەو ناوچە دەوڵەمەندترەکانی باکوور دەچوون.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری ناپۆلی تایبەتمەندی کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستی هەیە، کەشی شارەکە لە وەرزی زستاندا مامناوەند و باراناوییە و لە وەرزی هاویندا گەرم و خۆرەتاوە. تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە نێوان ٩ پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم تا ٢٦ پلەی سەدی لە مانگی ئابدایە. بارانبارین تا ڕادەیەک زۆرە، ساڵانە نزیکەی هەزار مللیمەتر باران دەبارێت؛ باراناویترین وەرزی ساڵ پاییزە بەتایبەتی مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و مانگەکانی وەرزی زستان. بەڵام لە هاویندا بەدەگمەن باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ٢٫٤٠٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە.

وەرزی زستان لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات بەردەوام دەبێت، کەشی شار مامناوەند و باراناوییە. لە ساردترین شەودا، پلەی گەرمی دەتوانێت بۆ خوار پلەی بەستن دابەزێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٥٫٧- پلەی سەدییە کە لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ـدا تۆمارکرا. هەروەها بەفر لە ناپۆلی زۆر بەدەگمەن دەبارێت. وەرزی بەهار، لە مانگی ئازارەوە تا ئایار دەخایەنێت، کەشی ناپۆلی لەم وەرزەدا مامناوەندە؛ وردەوردە ڕێژەی دابارین نزم دەبێتەوە و کەشوهەوای خۆشتر دەبێت. بەڵام ڕۆژانی سارد و فرەبا هێشتا لە مانگی ئازار و هەندێکجاریش لە مانگی نیساندا زۆر زۆرە.

هەروەها وەرزی هاوین، لە مانگی حوزەیران تا ئاب دەخایەنێت، کەش گەرم و خۆرەتاوە. بارانبارین زۆر دەگمەنە، بەڵام ڕەشەبای بروسکاوی ناوبەناو هەڵ دەکات. بە شێوەیەکی ئاسایی هەوا شێدارە، بەڵام شنەبای دەریایی هەڵ دەکات و گەرمی هاوین کەم دەکاتەوە. بەڵام لەناو شارەکەدا گەرما زیاتر هەست پێ دەکرێت. بەهۆی هەڵکردنی بای باشوور لە ئەفریقاوە، پلەی گەرمی بۆ ٣٥ پلەی سەدی بەرز دەبێتەوە. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٠ پلەی سەدییە کە لە مانگی ئابی ١٩٨١ـدا تۆمارکرا. وەرزی پاییز، لە مانگی ئەیلوولەوە تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت، کەشی شار لە سەرەتادا گەرمە بەتایبەتی لە مانگی ئەیلوول و نیوەی یەکەمی مانگی تشرینی یەکەم، سەرەڕای ئەوەش وەرزێکی باراناوییە. لە مانگی تشرینی دووەمدا دەشێت کەش سارد بکات.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری ناپۆلی لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە بۆ ناوەڕاستی مانگی حوزەیران و لە مانگی ئەیلوولەوە بۆ سەرەتای تشرینی یەکەمە. لە هەردوو کاتەکەدا دەبێت ڕەچاوی ئەوە بکەن کە دەشێت باران ببارێت بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی نیسان تا ناوەڕاستی مانگی ئایار و لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم.


سەرچاوەکان



222 بینین