سزای لەسێدارەدان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-12-01:31:00 - کۆدی بابەت: 8983
سزای لەسێدارەدان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سزای لەسێدارەدان یان سێدارە (بە عەرەبی: عقوبة الٲعدام، بە ئینگلیزی: The death penalty) بریتییە لە سزای کوشتن و کۆتایی هێنان بە ژیانی کەسێک کە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانێکی گەورەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە لەسەر کەسەکە جێبەجێ دەکرێت، دیاریکردنی ئەو تاوانانەی کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دانرەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بەپێی یاسا و ڕێسای دەستووری وڵات جیاوازە و جێگیر نییە.
مەرجی جێبەجێ کردنی لەسێدارەدان بریتییە لە ئەنجامدانی دادگاییەکی دادپەروەرانە، پێویستە بڕیاری سزاکە لە دادگایەکی باوەڕپێکراوی وڵاتەوە لەلایەن دادوەرەوە دەربکرێت، هەروەها سزاکە بەپێی یاسای سزادانی ئەو وڵاتەی کە دادگاییەکەی تێدایە جێبەجی بکرێت.

مێژووی سزای لەسێدارەدان

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سزای لەسێدارەدان بە کۆنترین سزاکانی جیهان دادەنرێت. شوێنەوار و بەڵگەی بوونی ئەم سزایە لەنێو شارستانییە کۆنەکانی مێژوو دۆزراوەتەوە، نموونەی شارستانییەتەکانی دۆڵی دوو ڕووبار و فیرعەونەکانی میسر و یۆنانییە کۆنەکان، لەو شارستانیانەدا پڕۆسەی لەسێدارەدان بە شێوەیەکی دڕندانە و دوور لە مرۆڤایەتییەوە ئەنجامدراوه.
لە شارستانییەت و ئایینی ئیسلامیش ئەم سزایە بوونی هەیە، بەڵام چەندان کۆت و بەند و ڕێکار هەن کە سزای سێدارە و کوشتنی کەسەکان بەهۆی تاوانی دونیاییەوە سنووردار کراوە.

جۆرەکانی سزای لەسێدارەدان

ـ خنکاندن و هەڵواسین

کۆنترین جۆری سزای کوشتنە، پەتێکی تایبەت و دیاریکراو و لە ملی کەسی تاوانبار دەکرێت و  دەست و چاوی دەبەسترێتەوە، یان لەلایەن بەرزکەرەوەیەک بەرزدەکرێتەوە و ڕادەکێشرێت تا دەخنکێت یاخود لەسەر تەختەیەک دادەنرێت و پەتەکە لە ملی دەکرێت، تەختەکە دەکرێتەوە و لەشی کەسەکە بەرەو خوارەوە دەکەوێت و دەخنکێت.
لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەم ڕێگەیە زۆر باوە، لە هەریەک لە سووریا، عێراق، ئێران، سوودان، میسر و سعوودیە جێبەجێ دەکرێت.

ـ گولـلەبارانکردن

باوترین جۆری لەسێدارەدانە، دەکرێت بە تەقاندنی یەک گولـلە لەسەر سەری کەسەکە کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت، یان بە ڕێوڕەسمێکی سەربازی لەلایەن چەند سەربازێکەوە یەک کەس گولـلەباران بکەن، لە ڕابردوودا لە فەڕەنسا و ئەڵمانیای نازی و ڕووسیا ئەم سزایە جێبەجێ کراوە.
لە ئێستادا ئەم جۆرەی سێدارە لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و چین و ڤێتنام جێبەجێ دەکرێت.

ـ ڕەجمکردن یاخود بەردبارانکردن

بریتییە لە بەردبارانکردنی تاوانبار تاکوو ئەو کاتەی گیان لەدەست دەدات، ئەم سزایە مۆرکی ئایینی پێوەیە، لە هەردوو ئایینی ئیسلام و مەسیحیدا لە چەند بارودۆخێکی دیاریکراودا بەسەر تاوانبار جێبەجێ دەکرێت.
هەریەک لە وڵاتانی ئێران، سوودان، ئەفغانستان، یەمەن و چەند ویلایەتێکی باکووری نەیجیریا ئەم سزایە جێبەجێ دەکەن.

ـ مل پەڕاندن

مل پەڕاندن یان سەربڕین سزایەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەڵگیرسانی شۆڕشی فەڕەنسی، لە ڕێگەی ئامێرێکی تایبەت بە ناوی"المقصلة/ ئاڵووبڕە" کە ئامێرێک بوو لە ڕێگەی بڕینی ئاڵووەکانی قوڕگ ملی دەپەڕاند.
لە فەڕەنسا لە ماوەی هەڵگیرسانی شۆڕشی فەڕەنسی ئامێرێکی گەورەی لە پاریس لێ دانرا، کە نزیکەی 300 هەزار لایەنگیری پادشایەتیان پێ لەسێدارەدا. هەتاکوو ساڵی 1981 ئەم سزایە لە فەڕەنسا جێبەجێ دەکرا.
تاکە وڵات کە تاکوو ئێستا سزای مل پەڕاندن جێبەجێ دەکات وڵاتی سعوودیەیە.

ـ کوشتن بە کورسی کارەبایی

مێژووی ئەم جۆرە سزایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1880 بە دیاریکراوی تەنها لە ئەمریکا جێبەجێ دەکرا. تاوانبار لەسەر کورسییەکی دار دەبەسترایەوە و چەند تەلێکی کارەبایی لەسەر لەشی دادەنرا، دواتر بە بەکارهێنانی بڕی کارەبای بەرز و لەدوایەکە خێرا کۆتایی بە ژیانی کەسەکان دەهێنرا.

ـ دەرزیی ژەهراوی یان ژەهرخواردکردنی زۆرەملێ

لە ڕابردوودا ژەهرخواردکردنی زۆرەملێی تاوانباران لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زۆر باو بووە، بە تایبەت لە کۆریا و ژاپۆن، کەسی تاوانبار بەزۆر ژەهرخوارد دەکرا و کۆتایی بە ژیانی دەهێنرا.
دەرزی ژەهراویش بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1982 لە ئەمریکا وەکوو جێگرەوەی چەند جۆرێکی تری سزای لەسێدارەدان جێبەجێ کرا.

ـ بەکارهێنانی ژووری گاز

ئەم جۆرەی سزادان لە ئەڵمانیا لەلایەن هیتلەر و نازییەکانەوە لەسەر جووەکانی ئەڵمانیا جێبەکێ کرا، بە زیندانی کردنی کەسەکە لە ژوورێکی داخراوی پڕ ژەهر کۆتایی بە ژیانی دەهێنرا.
ئەمریکا سوودی لەم شێوازە وەرگرتووە و لەسەر تاوانبارەکانی جێبەجێی کردووە، بەڵام لە ئێستادا بەکارهێنانی سنووردار کراوە.

هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی سزای لەسێداردان

هەوڵەکانی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژئاواوە دەستی پێکرد، بە دیاریکراوی لە کۆتایی سەدەکانی حەڤدەهەمەوە چەند کۆمەڵە و بزووتنەوەیەک دامەزران و دژایەتی سزای سێدارە و کوشتنی تاوانبارانیان دەکرد، چونکە بە چەمکێکی دژی ژیانی مرۆڤایەتی دادەنرا.

ناودارترین ئەو فەیلەسووفانەی کە لەو سەردەمەدا ڕابەری بزووتنەوەکانی دژی سزای لەسێدارەدان بوون بریتی بوون لە فەیلەسووفی فەڕەنسی "مۆنتیسکیۆ" و فەیلەسووفە هاوڕێ ئینگلیزەکەی "تۆماس هۆبز"، ئەوان دژی بڕیاری لەسێدارەدان بوون چونکە کڵێساکانی ئەو سەردەمە بەجێگەیاندنی سزاکەیان پەیوەست کردبوو بە پاکژبوونەوەی ڕۆح لە تاوان.
لە سەدەی هەژدەهەم لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبێک بە ناوی"سزاکان" لەلایەن فەیلەسووفی ئیتاڵی "سیزار بیکاریا" کە تێیدا دژی سزای لەسێدارەدان بوو، ڕێچکەی بیرکردنەوەی گۆڕی و بووە هۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا ناوچەی تۆسکان کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆی ئیتاڵیا بوو، ببێت بە یەکەمین شوێن کە سزای لەسێدارەدان هەڵبووەشێنێتەوە، پاشان بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە هەموو ئەورووپا بڵاوبووەوە و پەرەی زیاتری پێدرا.
وڵاتی پورتوگال یەکەم وڵات بوو کە لە سەدەی نۆزدەهەم لە ساڵی 1849 کۆتا سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ کرا.
لە سەدەی بیستەم و لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا سزاکەیان هەڵوەشاندەوە، جگە لە فەڕەنسا و بەریتانیا کە تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانیان بەسەر تۆمەتبارانی جەنگی جهانیی دووەم جێبەجێ دەکرد.
لە سەدەی بیست و یەکەوە جێبەجێکردنی سزاکە بە تەواوی کەم کرایەوە، لە ساڵی 2014 لە کۆی 97 وڵات کە یاسای لەسێدارەدان لە یاساکانیان هەبوو، تەنها 22 وڵات پابەندی جێبەجێ کرنی سزای لە سێدارەدان بوون.
هاوکات زیاتر لە 160 وڵات لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندووەتەوە.
وڵاتی تورکیا لە ساڵی 1984ـەوە سزای لەسێدارەدانی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام بە پاساوی کودەتای 2016ـی تورکیا، سەرۆکی وڵات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەوڵی تەواوی داوە کە یاسای پەیڕەوکردنی سزاکە کاری پێ بکرێتەوە و نووسراوی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی بەرزکردووەتەوە.
هەریەک لە وڵاتانی ڕووسیا، ئەمریکا، چین سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن.
هەروەها زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی کار بە سزاکە دەکەن، وڵاتی عێراق و میسر دوو زۆرترین وڵاتی عەرەبین کە ساڵانە بڕیاری لەسێدارەدان جێبەجی دەکەن، تەنها لە ماوەی حەوت مانگی ساڵی 2016 عێراق 45 سزای لەسێدارەدانی جێبەجێ کردبوو.
وڵاتانی چین و ئێران دوو وڵاتی کیشوەری ئاسیان کە لە جیهاندا زۆرترین ڕێژەی سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکەن.

ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەی کە لە ساڵی 2021 زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدا ئەنجام دراوە:

چین  1000 سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکردووە
ئێران 314 سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکردووە
میسر 83 سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکردووە
سعوودییە 65 سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکردووە
سووریا 24 سزای لەسێدارەدانی جێبەجێکردووە


سەرچاوەکان



2123 بینین