باڵکان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-15-15:35:00 - کۆدی بابەت: 9845
باڵکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باڵکان، بالکان، بەڵکان یان بەڵقان (بە ئینگلیزی: The Balkans، بە عەرەبی: البلقان) هەروەها بە نیمچەدوورگەی باڵکان ناسراوە، ناوچەیەکی جوگرافییە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کە پێناسەی جوگرافی و مێژوویی جۆراوجۆری هەیە. ئەم ناوچەیە ناوەکەی لە چیای باڵکانەوە وەرگرتووە کە بەسەر هەموو بولگاریادا درێژ دەبێتەوە. نیمچەدوورگەی باڵکان لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ دەریای ئەدریاتیک و لە باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ دەریای ئایۆنی و لە باشوورەوە لەگەڵ دەریای ئیجە و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گەرووی تورکیا و لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ دەریای ڕەش هاوسنوورە. بەرزترین خاڵی باڵکان چیای مووسالایە کە بەرزییەکەی ٢٩٢٥ مەتر (٩٥٩٦ پێ)ـە، لە زنجیرەچیای ریلا لە بولگاریا.

چەمکی نیمچە دوورگەی باڵکان لەلایەن جوگرافیناسی ئەڵمانی ئاگۆست زیون لە ساڵی ١٨٠٨ دروستکراوە، کە بە هەڵە چیای باڵکانی بە سیستمی شاخاوی باڵادەستی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا زانی کە لە دەریای ئەدریاتیکەوە تا دەریای ڕەش دەگرێتەوە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا زاراوەی نیمچە دوورگەی باڵکان هاوواتای ڕومێلیا بوو، کە مەبەست لە پارێزگاکانی ئەورووپای ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. ئەوەش پێناسەیەکی جیۆپۆلیتیکی هەبوو نەک جوگرافی.

وشەی باڵکان لە هەموو زمانەکاندا دەبینرێت. ناوچەی باڵکان لە پێشەنگی ناوچەکانی ململانێی ئەورووپادایە، لە ئەنجامی دواکەوتن و کەم گەشەسەندنی هەندێک ناوچە تێیدا. لە کۆتاییهاتنی کۆنترۆڵی عوسمانییەکان بەسەر ناوچەکەدا، ناکۆکی و بانگەوازی دابەشکردنی باڵکان سەریهەڵدا کە ئەم پرسانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن. نزیکەی ٤٩ ملیۆن کەس لە باڵکان دەژین.

جوگرافیا

باڵکان نیمچە دوورگەیەکە بە شەش دەریا دەورە دراوە؛ دەریای ئایۆنی و دەریای ئەدریاتیک لە باشووری ڕۆژاوا، لە باشوورەوە دەریای ناوەڕاست، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە دەریای ئیجە و دەریای مارمارا و لە ڕۆژهەڵاتەوە دەریای ڕەش. سنوورەکانی باکووری لە ڕووبارەکانی دانووب و ساڤا و کوبا پێکهاتوون. سنوورەکانی کە لە باکووری ڕۆژاواوە درێژ دەبنەوە بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بە دەریا دەورە دراون؛ دەریای ئەدریاتیک، دەریای ئایۆنی، دەریای ناوەڕاست، دەریای ئیجە، دەریای مەرمارا، دەریای ڕەش، بۆسفۆر و گەرووی داردانێل.

ڕووباری دانووب کە دەکەوێتە باکوورەوە، دەڕژێتە کەنارەکانی دەریای ڕەش تا دەگاتە بەلگراد. سنوورەکانی باکووری لە ڕۆژاواوە بەرەو کەرتی سنووری کرواتیا و بۆسنە و هەرزەگۆڤین درێژ دەبێتەوە.

کۆی ڕووبەری باڵکان ٥٠٤.٨٨٤ کیلۆمەتر دووجایە. بەسەر دوو ناوچەی کاتیی جیاوازدا دابەشکراوە؛ یەکەمیان پێکهاتووە لە (کرواتیا، سلۆڤینیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، مۆنتینیگرۆ، ئەلبانیا، کۆسۆڤۆ، سڕبیا، و مەکدۆنیا) کە کاتەکانی ئەم وڵاتانە (UTC + 01:00)ـیە، لە کاتێکدا دووەمیان پێکهاتووە لە (یۆنان، بولگاریا، ڕۆمانیا و تورکیا) و کاتی ئەم وڵاتانە (UTC+02:00)ـیە.

هەرچەندە لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژاوای نیمچە دوورگەی باڵکان یەکڕیزییەکی فیکری هەیە، بەڵام سنوورەکانی باکووری ئەو وڵاتە تووشی مشتومڕ و ناکۆکی دەبنەوە. بە وتەی هەندێك لە زانایانی جوگرافی، سنووری باكووری بە ڕووبارەكانی دانووب و دراڤا كۆتایی دێت، لە كاتێكدا زانایانی تری جوگرافی پێیان وایە سنووری باكووری لە ڕۆژهەڵاتی چیای كارپاتەوە درێژ دەبێتەوە.

باڵکان بەهۆی پەیوەندییەکەی بە ژینگەی دەوروبەرەوە تووشی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەبێتەوە. کەناراوەکانی دەریای ئیجە و ئەدریاتیک کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستیان هەیە، لە کاتێکدا کەناراوەکانی دەریای ڕەش کەشوهەوای ژێر گەرمی ئۆقیانووسی شێداریان هەیە، ناوچەکانی ناوەوەش کەشوهەوایەکی کیشوەریی شێداریان هەیە. ناوچە دارستانەکانی باکووری نیمچە دوورگەی باڵکان لە زستاندا سارد و بەفراوین، لە هاویندا گەرم و وشکن. کەشوهەوای ناوچەکانی باشوور مامناوەندە. کەشوهەوای شێدار لە وڵاتەکانی سلۆڤینیا، باکووری کرواتیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، ناوەوەی ئەلبانیا، باکووری مۆنتینیگرۆ، کۆسۆڤۆ، مەقدۆنیا، بولگاریا، سڕبیا، و ڕۆمانیا زیاترە. لە کاتێکدا کەشوهەوای ئۆقیانووسی کەمەرەیی مامناوەند دەکەوێتە کەناراوەکانی دەریای ڕەشی بولگاریا و تورکیا. کەناراوەکانی سلۆڤینیا و باشووری کرواتیا و بەشی کەناری ئەلبانیا و یۆنان و باشووری مۆنتینیگرۆ و کەناراوەکانی ئیجەی تورکیا کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستیان هەیە.

سەرچاوەکان

باڵکان بەهۆی بەرزی شاخەکانی و نیمچە دوورگەیەک کە بە دەریا دەورە دراوە، سروشتێکی جوگرافی سەرنجڕاکێشی هەیە. لە ڕووباری دانووب زۆر جۆری باڵندە دەژین و ژیانی ڕووەکی لە ناوچە دەریاییەکان و تەنانەت لێوارەکانی دارستانەکانیشدا دەبینرێت. جوگرافیای باڵکان لە ڕووی جۆراوجۆری بایۆلۆجییەوە لە دوای بەربەستی گەورە لە ئوستوڕالیا و دوورگەکانی گالاپاگۆس لە ئیکوادۆر سێیەم جوگرافیای جیهانە. 

دەلتای دانووب کە دەکەوێتە وڵاتی ڕۆمانیا، دووەم گەورەترین دەلتای ئەورووپا و یەکەم پارێزبەندی ئەورووپایە. لە بولگاریا یەدەگێک هەیە بە ناوی زلاتۆ پۆل "Zlato Pole" لە دۆڵی ڕووباری ماریچ؛ دەوڵەمەندە بە ژمارەیەکی زۆر جۆری ڕووەک و ئاژەڵ کە لە مەترسی لەناوچووندان. سڕبیا ژمارەیەک تاڵاو لەخۆدەگرێت کە لە ٩ تاڵاو کەمتر نین و لە لیستی یونسکۆدا هاتووە. 

هەروەها سەرچاوەی تری ژیانی سروشتی لە زۆر ناوچەی باڵکاندا هەیە؛ لە سەرچاوە سروشتییەکانی ئەلبانیا: نەوت، گازی سروشتی، خەڵووز، بۆکسیت، کانزای ئاسن، کرۆم، مس، نیکڵ، خوێ، دار و کارەبای ئاو. 

خەڵووز، کانزای ئاسن، مس، بۆکسیت، سرکە، زینک، کرۆمیت، بۆکاڵت، مەنگەنیز، نیکڵ، جپس، گڵ، خوێ، خۆڵ، دار و وزەی ئاو سەرچاوەی سامانە سروشتییەکانی بۆسنە و هەرزەگۆڤینن. هەروەها بۆکسیت، مەنگەنیز، زینک، سرکە، خەڵووز، دار و زەوییە کشتوکاڵییەکان سەرچاوە سروشتییەکانی بولگاریا پێکدەهێنن. لە کرواتیاش سەرچاوە سروشتییەکان بریتین لە زەیتی کانزایی، کانزای ئاسنی کوالێتی نزم، سیلیکا، مایکا، گڵ، جپس، قیری سروشتی، خوێ، کالیسیۆم، کارەبای ئاو و خوێ.

وڵاتەکان

ئەلبانیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، بولگاریا، مۆنتینیگرۆ، کۆسۆڤۆ، مەقدۆنیا و یۆنان هەموویان بە تەواوی لەناو باڵکاندا هەڵکەوتوون. لە کاتێکدا ٥٤.٨% زەوییەکانی کرواتیا و ٦.٥% زەوییەکانی ڕۆمانیا و ٧٢.٢% زەوییەکانی سڕبیا و ٢٦.٧% زەوییەکانی سلۆڤینیا و ٣% زەوییەکانی تورکیا لە چوارچێوەی باڵکاندان. هەروەها ٠.١%ی خاکی ئیتاڵیا کە ڕووبەرەکەی ٣٠١,٣٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، دەکەوێتە سەر باڵکان بەڵام ئیتالیا بە خاکی باڵکان هەژمار ناکرێت.

مێژووی نوێ

دوای جەنگەکانی باڵکان (١٩١٢-١٩١٣) هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ لە باڵکان دەستی پێکرد. دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، شانشینی سرب و کرواتی و سلۆڤینی و بولگاریا و یۆنان و بەشێکی بچووکی تورکیا هەموویان لە باڵکاندا بوون. دوای جەنگ شانشینی سڕبەکان و کرواتییەکان و سلۆڤینیەکان بوونە شانشینی یووگۆسلاڤیا. 

جەنگی جیهانیی دووەم لە باڵکان دەستی پێکرد بە هەوڵەکانی ئیتاڵیا بۆ دروستکردنی ئیتالیایەکی گەورە. ئیتاڵیا لە ساڵی ١٩٣٩ ئەلبانیای داگیرکرد، لە ساڵی ١٩٤٠ ڕووی لە یۆنان کرد. جەنگی ئیتاڵیا و یۆنان لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٠ دەستی پێکرد، لە نیسانی ١٩٤١ شانشینی یووگۆسلاڤیا لەلایەن ئەڵمانیا و هەنگاریا و ئیتاڵیا و بولگاریا داگیرکرا. کرواتییەکان کە پاراستنی ئەڵمانیایان وەرگرت، دەوڵەتی سەربەخۆی کرواتیایان دامەزراند و بەرەیەکیان لە دژی سڕبەکانی ئۆرتۆدۆکس پێکهێنا و شەڕی گەریلا لەو وڵاتە هەڵگیرسا.

لە ساڵی ١٩٤٥ فەرماندە جۆسیپ برۆز تیتۆ بە پاڵپشتی یەکێتیی سۆڤیەت و ئینگلتەرا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆنترۆڵی ئەو وڵاتەی کرد. لەم نێوەندەدا یووگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٤٥ بوو بە کۆمار. دواتر لە کۆتاییەکانی هەشتاکان و سەرەتاکانی نەوەدەکان یووگۆسلاڤیا بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشکرا: سڕبیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤین، مۆنتینیگرۆ، مەکدۆنیا، کرواتیا، سلۆڤینیا، کۆسۆڤۆ.

سلۆڤینیا و کرواتیا لە ٢٥ی حوزەیرانی ١٩٩١ سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە جەنگی سەربەخۆیی کرواتیا لە کرواتیا و جەنگی دە ڕۆژە لە سلۆڤینیا ڕووبدات. لە کۆتاییدا هێزەکانی یووگۆسلاڤیا لە ساڵی ١٩٩١ لە سلۆڤینیا کشانەوە لە کاتێکدا شەڕ لە کرواتیا تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٥ بەردەوام بوو. لە دوای ئەو دووانەش مەکدۆنیا و دواتر بۆسنە و هەرزەگۆڤین هاتنە ئاراوە و بۆسنیا زۆرترین زیانی شەڕی لێکەوتەوە. جەنگەکان بوونە هۆی دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە زەمینی و ئاسمانییەکانی ناتۆ لە دژی هێزەکانی سڕب لە بۆسنە و هەرزەگۆڤین ڕێوشوێنیان گرتەبەر.

دیمۆگرافیا

دانیشتووانی ناوچەکە چەندین نەتەوە لەخۆیان دەگرن، وەک: ئەلبانییەکان، ئارۆمانیەکان، بولگارییەکان، بۆسنەییەکان، کرواتییەکان، گۆرانییەکان، یۆنانییەکان، ئەسترۆ-ڕۆمانییەکان، مەقدۆنییەکان، مێگلێنۆ-ڕۆمانییەکان، مۆنتینیگرۆییەکان، سڕبەکان، سلۆڤینییەکان، ڕۆمانییەکان، تورکەکان، و گرووپە نەتەوەییەکانی تر کە کەمینەکانن لە هەندێک وڵاتدا وەک ڕۆمانی و ئەشکالییەکان.

ئایین

ئەو ناوچانەی کە ئایینی سەرەکییان تیایدا ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتە کەمینە ئایینییەکانی ئەم ناوچانە
بولگاریا: ٥٩% ئیسلام (٨%) و ڕانەگەیەندراو (٢٧%)
یۆنان: ٨١-٩٠% (کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی) ئیسلام (٢%)، کاسۆلیکی، ئەوانی تر و ڕانەگەیەندراو
مۆنتینیگرۆ: ٧٢% (کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی سڕبیا) ئیسلام (١٩%)، کاسۆلیکی (٣%)، تر و ڕانەگەیەندراو (٥%)
مەقدۆنیای باکوور: ٦٤% (کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی مەقدۆنیا) ئیسلام (٣٣%)
ڕۆمانیا: ٨١% (کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕۆمانیا) ئایینی پرۆتستانت (٦%)، کاسۆلیکی (٥%)، ئەوانی تر و ڕانەگەیەندراو (٨%)
سڕبیا: ٨٤% (کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی سڕبیا) ئایینی کاسۆلیک (٥%)، ئیسلام (٣%)، پرۆتستانتیزم (١%)، ئەوانی تر و نەڕاگەیەندراو (٦%)
ئەو خاکانەی کە ئایینی سەرەکییان تیایدا ئایینی کاسۆلیکە کەمینە ئایینییەکانی ئەم ناوچانە
کرواتیا (٨٦%) ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات (٤%)، ئیسلام (١%)، ئەوانی تر و ڕانەگەیەندراو (٧%)
سلۆڤینیا (٥٧%) ئیسلام (٢%)، ئۆرتۆدۆکس (٢%)، تر و ڕانەگەیەندراو (٣٦%)
ئەو خاکانەی کە ئایینی سەرەکییان ئیسلامە کەمینە ئایینییەکانی ئەم ناوچانە
ئەلبانیا (٥٨%) کاسۆلیک (١٠%)، ئۆرتۆدۆکسی (٧%)، تر و ڕانەگەیەندراو (٢٤%)
بۆسنە و هەرزەگۆڤین (٥١%) ئۆرتۆدۆکسی (٣١%)، کاسۆلیکی (١٥%)، تر و ڕانەگەیەندراو (٤%)
کۆسۆڤۆ (٩٥%) کاسۆلیک (٢%)، ئۆرتۆدۆکسی (٢%)، تر و ڕانەگەیەندراو (١%)
تورکیا (٩٠-٩٩%) ئۆرتۆدۆکسی، بێ ئایین (٥%-١٠%)

زمانەکان

وڵات زۆرترین زمانی قسەکردن کەمینە زمانەوانییەکان
ئەلبانیا ٩٨% ئەلبانی ٢% هی تر
بۆسنە و هێرزۆگۆبینیا ٥٣% بۆسنی ٣١% سڕبی (فەرمی)، ١٥% کرواتی (فەرمی)، ٢%ی تر
بولگاریا ٨٦% بولگاری ٨% تورکی، ٤% ڕۆمانی، ١%ی تر، ١% دیارینەکراو
کرواتیا ٩٦% کرواتی ١% سڕبی، ٣%ی تر
یۆنان ٩٩% یۆنانی ١%ـی تر
کۆسۆڤۆ ٩٤% ئەلبانی ٢% بۆسنی، ٢% سڕبی (فەرمی)، ١% تورکی، ١%ی تر
مۆنتینیگرۆ ٤٣% سڕبی ٣٧% مۆنتنیگری (فەرمی)، ٥% ئەلبانی، ٥% بۆسنی، ٥%ی تر، ٤% دیاری نەکراوە
مەقدۆنیای باکوور ٦٧% مەقدۆنی ٢٥% ئەلبانی (فەرمی)، ٤% تورک، 2% ڕۆمانی، ١% سڕبی، ٢% ئەوانی تر
ڕۆمانیا ٨٥% ڕۆمانی ٦% هەنگاری، 1% ڕۆمانی
سڕبیا ٨٨% سڕبی ٣% هەنگاری، ٢% بۆسنی، 1% ڕۆمانی، ٣%ی تر، ٢% دیاری نەکراوە
سلۆڤینیا ٩١% سلۆڤینی ٥% سربۆ-کرواتی، ٤%ی تر
تورکیا ٨٥% تورکی ١٢% کوردی، ٣%ـی تر و دیارینەکراو

 


سەرچاوەکان



770 بینین