تالین

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-19-21:37:00 - کۆدی بابەت: 9905
تالین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تالین (بە ئینگلیزی: Tallinn، بە عەرەبی: تالین) ئاوەدانترین شار و پایتەختی ئیستۆنیایە، دەکەوێتە باکووری ئیستۆنیا لەسەر کەنداوی فینلەندا لە دەریای بەڵتیک، ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٥٢.٠٠٠ کەسە، لە ڕووی ئیدارییەوە دەکەوێتە ناوچەی هارجو ماکۆند. تالین ناوەندی سەرەکی دارایی و پیشەسازی و کولتووری ئیستۆنیایە.

دەکەوێتە دووری ١٨٧ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژاوای شاری تارتو، بەڵام لە باشوورەوە تەنها ٨٠ کیلۆمەتر لە هێلسینکی پایتەختی فینلەنداوە دوورە، هەروەها بە دووری ٣٢٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژاوایەوە سان پترسبۆرگە لە ڕووسیا، لە باکوورەوە ٣٠٠ کیلۆمەتر لە ڕیگای پایتەختی لاتیڤیاوە دوورە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ٣٨٠ کیلۆمەتر لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدەوە دوورە. لە سەدەی ١٣ تا نیوەی یەکەمی سەدەی ٢٠ـەم، تالین لە جیهاندا بە ناوە مێژووییەکی تری ناسرابوو، ئەویش ڕیڤاڵ بوو.

شوێنی جوگرافی

تالین دەکەوێتە کەنارەکانی باشووری کەنداوی فینلەندا، لە باکووری ڕۆژاوای ئیستۆنیا. ڕووبەرەکەی ١٥٩.٢ کیلۆمەتری دووجایە. گەورەترین دەریاچەی تالین دەریاچەی ئولێمیستە بە ڕووبەری ٩.٤٤ کیلۆمەتر دووجا کە وەک سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیە.

دەریاچەی هارکو دووەم گەورەترین دەریاچەی تالینە، ڕووبەرەکەی ١.٦ کیلۆمەتری دووجایە، تاکە ڕووباری بەرچاو لە تالین ڕووباری پیریتایە، لە ناوچەی پیریتا.

لە ڕووی مێژووییەوە ڕووبارێکی بچووکتر هەبوو بە ناوی هارجاپیا، بە ناو شارەکەدا دەڕۆیشتە دەریا، بەڵام ڕووبارەکە لە ساڵانی ١٩٣٠ـدا گۆڕا بۆ سیستمی ئاوەڕۆی ژێر زەوی و لەو کاتەوە لە دیمەنی شارەکەدا نەماوە.

بەرزترین شوێن ٦٤ مەترە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، دەکەوێتە هیو لە ناوچەی نۆم لە باشووری ڕۆژاوای شارەکە.

درێژی کەناراوەکانی ٤٦ کیلۆمەترە، سێ نیمچەدوورگەی گەورەتر لەخۆدەگرێت ئەوانیش نیمچە دوورگەکانی کۆپلی، پاڵجاسارێ و کاکومان.

کەشوهەوا

تالین کەشوهەوای کیشوەری شێداری هەیە، لەگەڵ هاوینێکی مامناوەند و باراناوی، زستانی سارد و بەفراوی.

مانگی شوبات ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی -٣.٦ پلەی سیلیزییە، لە زستاناندا پلەکانی گەرمی لە پلەی بەستندان، بەڵام لە کاتە ئاساییەکاندا بەرز دەبێتەوە بۆ سفر پلەی سیلیزی، ناو بە ناو دەگاتە سەروو ٥ پلەی سیلیزی.

بەفربارین لە وەرزی زستاندا زۆرە بە بەردەوامی هەورە و تیشکی خۆر کەم دەردەکەوێت، لە مانگی کانوونی دووەمدا تەنها ٢٠.٧ کاتژمێر تیشکی خۆر لە دەردەکەوێت، لە مانگی شوباتدا ٥٨.٨ کاتژمێرە.

بەهاران فێنک دەبێت، پلەی بەستن لە مانگەکانی ئازار و نیساندا باوە، بەڵام لە مانگی ئایاردا وردە وردە گەرمتر دەبێت، پاییزانیش تێکڕای پلەی گەرمی ١٢ پلەی سیلیزییە، لە کۆتایی پاییزدا بەفربارین دەستپێدەکاتەوە.

ساڵانە نزیکەی ٧٠٠ ملیمەتر باران دەبارێت، تێکڕای ڕێژەی شێ ٨١٪ـە، خێرایی با ٣.٣ مەترە لە چرکەیەکدا.

دیمۆگرافیای تالین

بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ دانیشتووانی تالین بە ٤٥٢.٠٠٠ کەس خەمڵێندراوە. بەپێی ئاماری ١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ژمارەی دانیشتووانی تالین بە ٤٣٨.٣٤١ کەس خەمڵێندراوە بەمەش بووە ٥٩ـەمین شاری یەکێتی ئەورووپا لە ڕووی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە.

تالین یەکێک بووە لەو ناوچانەی گرنگیەکی پیشەسازی و سەربازی هەبووە لە باکووری ئیستۆنیا لە کاتی داگیرکاری یەکێتیی سۆڤیەتدا، بەهۆی لێشاوی زۆری کۆچبەرانی ڕووسیا و بەشەکانی تری یەکێتیی سۆڤیەت کەمینەیەکی بەرچاو ڕووسی لە شارەکەدا ماون.

دانیشتووانی ڕەسەنی ئیستۆنیا لە پێش جەنگی جیهانیی دووەم زیاتر لە ٨٠٪ـی دانیشتووانیان پێکدەهێنا، بەڵام لە ساڵانی ٢٠٢٠ـدا تەنها نزیکەی ٥٢٪ـیان پێکدەهێنا.

زمانی فەرمی تالین ئیستۆنییە، پاشان ڕووسی، ئۆکرانی، بیلاڕووسی و فینلەندی زمانی کەمینەی دانیشتووانن.

مێژووی شارەکە

یەکەم شوێنەواری ميژوویی کۆمەڵگایەکی بچووکی ماسیگران بوو کە ئێستا ناوەندی شاری تالینە، تەمەنی نزیکە ٥٠٠٠ ساڵە. لە دەوروبەری ساڵی ١٠٥٠ یەکەم قەڵا لە تالین دروستکرا بە ناوی قەڵای تۆمپیا.

وەک بەندەرێکی گرنگ بۆ بازرگانی نێوان بۆڤگۆرد و سکاندیناڤیا بوو، بووە ئامانجێک بۆ فراوانکردنی سوارچاکانی تیۆتۆنی و شانشینی دانیمارک، لە سەردەمی جەنگی خاچپەرستانی باکوور، لە سەرەتای سەدەی ١٣ـدا ئایینی مەسیحی بە زۆر بەسەر دانیشتووانی ناوچەکەدا سەپێندرا. دەسەڵاتی دانیمارک لە تالین و باکووری ئیستۆنیا لە ساڵی ١٢١٩ دەستیپێکرد.

لە ساڵی ١٢٨٥ـدا تالین بە شێوەیەکی بەرچاو بە ڕیڤاڵ ناسرابوو، پاشای دانیمارک ڕیڤاڵی لەگەڵ موڵکەکانی تری زەوی لە باکووری ئیستۆنیا لە ساڵی ١٣٤٦ بە سوارچاکانی تیۆتۆنی فرۆشت. شارەکە ژمارەی دانیشتووانەکەی هەشت هەزار کەس دەبوو، شارەکە قەڵادار بوو و دیواری شاری هەبوو هەروەها ٦٦ تاوەری بەرگری هەبوو.

هەر لە ساڵانی سەرەتای چاکسازی پڕۆتستانتدا، شارەکە گۆڕا بۆ ئایینی لوتێرگەری. لە ساڵی ١٥٦١ـدا ڕیڤاڵ کەوتە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سویدەوە.

لە کاتی جەنگی گەورەی باکووردا، دانیشتووانی تالین کە توشبووی پەتای تاعون بوون لەگەڵ ئیستۆنیای سوید و لیڤۆنیا لە ساڵی ١٧١٠ خۆیان بەدەست تساردۆمی ڕووسیاوەدا، بەڵام دامەزراوە خۆبەڕێوبەرییە ناوخۆییەکان سەربەخۆیی کولتووری و ئابووری خۆیان لەنێو دەسەڵاتی ڕووسیای داگیرکەردا پاراست.

لە ٢٤ـی شوباتی ١٩١٨ـدا جاڕنامەی سەربەخۆیی ئیستۆنیا لە ڕیڤاڵ (تالین) ڕاگەیەندرا. دوای داگیرکاری ئیمپراتۆری ئەڵمانیا تا کۆتایی جەنگی جیهانیی یەکەم لە تشرینی دووەمی ١٩١٨، تالین بوو بە پایتەختی ئیستۆنیای سەربەخۆ.

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا ئیستۆنیا لەلایەن سوپای سوورەوە داگیرکرا، لە ساڵی ١٩٤٠ لکێنرایە یەکێتیی سۆڤیەت، دواتر لە ساڵی ١٩٤١ تا ١٩٤٤ لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە داگیرکرا. لە کاتی داگیرکارییەکانی ئەڵمانیادا تالین چەندین جار لەلایەن هێزی ئاسمانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە بۆردمانکرا و چەندین قوربانی لێکەوتەوە، لە پاش پاشەکشەی نازییەکان لە ئەیلوولی ١٩٤٤ بۆ جارێکی تر لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە داگیرکرا.

لە ساڵی ١٩٩١ نەتەوەی سەربەخۆی ئیستۆنیا دووبارە دامەزرا، تالین لە ٢٠ـی ئابی ١٩٩١ جارێکی تر بووە پایتەختی وڵاتێکی سەربەخۆ. شارۆچکە کۆنەکەی تالین لە ساڵی ١٩٩٧ بووە شوێنێکی میراتی جیهانی. تالین لە ساڵی ٢٠١١ پایتەختی ڕۆشنبیری ئەورووپا بووە.

ئابووری تالین

تالین پایتەختی دارایی و بازرگانی ئیستۆنیایە. شارەکە ئابوورییەکی هەمەچەشنی هەیە بەتایبەتی لە چەند بوارێکی وەکوو تەکنەلۆجیای زانیاری، گەشتیاری، ڕێکخستن و گواستنەوە.

زیاتر لە نیوەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ئیستۆنیا لە تالین بەرهەمدەهێندرێت. چەندین کۆمپانیای تەکنەلۆجی گرنگ لە تالینەوە پەرەیپێدراوە، شارەکە وردە وردە بووە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری ئەورووپا. تالین ساڵانە ٤.٣ ملیۆن سەردانکەر وەردەگرێت، ئەم ڕێژەیە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە.

شارۆچکە دێرینەکەی تالین کە یەکێکە لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ، شوێنێکی سەرەکی گەشتیارییە. هەندێکی تریان بریتین لە مۆزەخانەی دەریایی ئیستۆنیا، باخچەی ئاژەڵانی تالین، پارکی کادریۆرگ و مۆزەخانەی هەوایی کراوەی ئیستۆنیا. زۆربەی سەردانکەران لە ئەورووپاوە دێن، زۆری ژمارەی گەشتیاران بووەتە هۆی بوژاندنەوەی ئابوورییەکەی.

بەندەری سەرنشینانی تالین یەکێکە لە جەنجاڵترین شوێنەکانی گەشتکردن لەسەر دەریای بەڵتیک، لە ساڵی ٢٠١١ـەوە گۆڕانکارییە ئاساییەکانی گەشتکردن بە هاوبەشی لەگەڵ فڕۆکەخانەی تالین ڕێکدەخرێت.

شارەکە بارەگای سەرەکی چەندین کۆمپانیا و ڕێکخراو و بانکی لێیە، وەک کۆمپانیاکانی وزە، گواستنەوەی کارەبای نیشتیمانی و کۆمپانیای گازی سروشتی و چەندانی تر.

هەروەها ئۆفیسی چەندین کۆمپانیا و ڕێکخراوی جیهانیی لێیە، وەکوو کۆمپانیای نورد پول سپۆت کە یەکێکە لە گەورەترین بازاڕی وزەی کارەبای جیهان، هەروەها سکایپ سەنتەری پەرەپێدانی نەرمەکاڵاکانی لە شاری تالیندایە.

بەندەری تالین یەکێکە لە گەورەترین بەندەرەکانی ناوچەی دەریای بەڵتیک. پیشەسازییەکانی تالین بریتین لە دروستکردنی کەشتی، دروستکردنی ئامێر، کانزاکاری، بواری ئەلیکترۆنی و بەرهەمهێنانی قوماش.

دیارترین شوێنە گەشتیارییەکانی تالین

  • شارۆچکەی دێرینی تالین
  • مۆزەخانەی دەریایی ئیستۆنیا
  • تاوەری تەلەڤزیۆنی تالین
  • قەڵای تۆمپیا
  • کادریۆرگ پارک
  • مۆزەخانەی هونەری کومو
  • مۆزەخانەی هەوایی کراوەی ئیستۆنیا


سەرچاوەکان



388 بینین